کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سووچی گەمارۆکانە یان بێ‌کیفایەتی و گەندەڵیی خۆیان؟

22:58 - 15 خاکەلێوه 2720

سێ مانگ دوای بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی کۆرۆنا دەرکەوت کە دردی سەرەکی لە ئێران ئەم پەتایە نییە، بگرە حکومەتێکە کە هەر لەجێ‌دا بۆخۆی هێشتی کۆنتڕۆڵی ئەم نەخۆشییەی لە دەست بترازێ، ئەوەش وایکردوە کە تا نووسینی ئەم دێڕانە بەپێی ئامارە ڕەسمییەکانی وەزارەتی بێهداشتی ئێران، کۆرۆنا نیزیک بە ٧٥ هەزار کەسی لەم وڵاتە لە نەخۆشخانەکان خستبێ و گیانی زیاتر لە ٥ هەزار کەسیش ئەستاندبێ. بەردەوامیی گەمارۆکانی ئەمریکا، ڕاگیرانی بازرگانی لەگەڵ وڵاتان بەتایبەت عێڕاق وەک گەورەترین شەریکە مەعامەلە لەگەڵ ئێران، لەکیس‌چوونی زیاتر لە ١٠ میلیارد دۆلار لە داهاتی توریسم و گەشتیاریی شوێنە ئاینییەکان و دابەزینی زیاتر لە سەتا ٣٠ی بەرهەمهێنانی پاکنەکراوی نێوخۆیی ئاماژە بۆ ڕاستییەکی تاڵن: قووڵبوونەوەی قەیرانی ئابووری، دابەزینی زیاتری توانای کڕینی خەڵک و چوونەسەرێی زیاتری ئاماری مردنەکان بەهۆی پەتای کۆرۆناوە. لەو بارودۆخەدا حکوومەتی ئێران پتر لەوەی لە خەمی مان و ژیانی خەڵکدا بێ، "کۆرۆنا" بە نێعمەت و بەرەکەتێکی یەزدانی دەبینێ و هەوڵێکی دیپلۆماسیی بەرینی وەڕێ خستوە بۆوەی بە هەڵخڕاندنی بیروڕای گشتیی جیهانی و بەبیانووی بەربەرەکانی لەگەڵ کۆرۆنا، گەمارۆکانی سەر خۆی لاببا. بەڵام ئاخۆ هۆکاری پەرەسەندنی کۆرۆنا لە ئێران و سەرتربوونی ئەژماری مردنەکان لەم وڵاتە لە چاو وڵاتانی دی گەمارۆکانی سەر ئێرانن یان گەندەڵیی سیستمی ئیداری و بێ‌کیفایەتی و نادەروەست‌بوونی بەڕێوەبەران و کاربەدەستانی ئەم وڵاتە؟ چۆنە ئێران بە بیانووی ئەوەی گەمارۆکان ڕێیان لە پرسی چارەسەر و پێڕاگەیشتن بە نەخۆشەکانی کۆرۆنا لە وڵات گرتوە، داوای لابردنیان دەکەن؛ بەڵام ڕێگە لە بەرنامە پزیشکی و خزمەتە دەرمانییەکانی ڕێکخراوی پزیشکانی بێ‌سنوور لە پێڕاگەیشتن بە توشبووانی کۆرۆنا لە نێوخۆی وڵاتدا دەگرن؟ کۆماری ئیسلامی کە چاوی لە گۆڕانی سیاسەتی وڵاتانی دی، بەتایبەت ئەمریکا و ئورووپا لەسەر خۆیەتی _بە دیاریکراوی هەڵگرتنی گەمارۆکان_، ئەدی بۆ خۆی چ گۆڕانکارییەکی لە سیاسەتی توندئاژۆ و ڕەفتاری دوژمنکارانەی بەنیسبەت بەرژەوەندییەکانی ئەم لایەنانە کردوە هەتا ئەم چاوەڕوانییەی لێیان هەبێ؟ ئاخۆ گەمارۆکان بوونە هۆی ڕەگداکوتانی کۆرۆنا لە ئێران یان شاردنەوەی لە لایەن حکوومەت بۆ ماوەی زیاتر لە مانگێگ لەبەر هەڵبژاردنەکان و خۆپیشاندانەکانی ٢٢ی ڕێبەندان؟ تەشەنەکردنی کۆرۆنا لە وڵات سووچی گەمارۆکان بوو، یان بێ‌کیفایەتی ئەوان لە ئیدارەکردنی ئەم قەیرانەدا بە ڕێگەدان بە بەردەوامیی ڕێوڕەسمە ئایینییەکان و قەرەنتینە نەکردنی شارەکان، بەتایبەت شاری قوم وەک سەرچاوەی سەرەکیی بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایە؟ ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی دەڵێن دراو و سەرچاوەی ماڵیی پێویست بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ کۆرۆنایان لەبەردەستدا نییە و چاویان لەوەیە گەمارۆکانیان لەسەر لابچێ، باشە ئەگەر وایە بۆچی ئامادە نین ڕێککەوتننامە نێونەتەوەییەکانی وەک "ئێف ئەی تی ئێف" ئیمزا بکەن بۆوەی دەرگا داخراوەکانیان بەڕوودا بکرێتەوە؟ ئەدی سەدان میلیارد دۆلار داهاتی ئێران لە فرۆشی نەوت و هەناردەکانی وڵات لەکوێن؟ ئەو سەدان بنیاتی ئابووری و ماڵییەی سەربە بەیتی ڕێبەری و دامودەزگا دەوڵەتی و ئەمنیەتی و نیزامییەکانی وڵات کە چوار دەیەیە هەموو جومگە ئابوورییەکانی وڵاتیان پاوان کردوە و ماڵیاتیش نادەن لەکوێی ئەم هاوکێشەیەدا جێ دەگرن، بۆ دەست لە باخەڵی ئەوان ڕۆناکەن؟ مەگەر دوای بەرجام کە بە میلیارد دۆلار ڕادەستی ئێران کرایەوە، چەند لەو دراوە خەرجی ژێرخانی ئابووریی وڵات و ئارێشەکانی کۆمەڵگە کرا، چەندەی خەمی خەڵک سووک کرد و مەگەر هەمووی خەرجی بەرنامە نیزامی و ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم و چالاکییەکانی سپای پاسداران نەکرا؟ پێش ئەویش خەڵک و کۆمەڵگەی جیهانیش لەبیریانە کە دوای بوومەلەرزەکەی شاری "بەم" دەیان هەزار خێوەت و پەتۆ بۆ زیاندیتووانی بوومەلەرزە درانە کۆماری ئیسلامی، بەڵام بەشی هەرە زۆریان خرانە بازاڕەکانەوە. خەڵک لە هیچ کوێی هاوکێشەکانی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیدا نییە، وەک چۆن دەبنین ئێستاش قوربانیانی بوومەلەرزە و لافاوەکانی ئەم ساڵانەی دوایی لە خێوەت و کانتینێرەکاندا دەژین، کەچی سەرەڕای داوای دەوڵەت لە خامنەیی بۆ هەڵگرتنی بڕە پارەیەک لە سندووقی گەشەی نیشتمانی؛ ئاوڕ لەو خەم و دەردەی خەڵک نەدرایەوە. بێگومان لابردنی گەمارۆکانی سەر حکوومەت و دەسکەوتنی داهاتی زیاتر ئاخۆ دەچێتە گیرفانی سپای پاسداران یان خەرجی دەرد و مەرگی خەڵک دەکرێ، مەگەر هەم خەڵکی ئێران و هەم لایەنە بیانییەکان ئەمەیان ئەزموون نەکردوە؟ پاشان، چۆنە خامنەیی لە سندووقی گەشەی نیشتمانیی وڵات بڕی دوو میلیارد و ٥٠٠ میلیون دۆلار (ساڵی ١٣٩٧) بۆ بەرنامە نیزامی و شەرەنگیزییەکانی حکوومەتەکەی لە ناوچە تەرخان دەکا، یان دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی (١٣٩٨) بە دیاریکراوی  ٢٠٠ میلیون یۆرۆ دەخاتە حسێبی سپای پاسداران؛ بەڵام لەو کاتە ئەستەم و قەیرانەدا کە بەرۆکی خەڵکی وڵاتی گرتوە بۆ دراوەکانی ئەم سندووقە ناگەڕێتەوە؟ ئەم بارودۆخە تاوانی گەمارۆکانە یان دەرەنجامی گەندەڵیی تا ملان هاتووی کاربەدەستانی حکوومەت؟ مەگەر ساڵی ڕابردوو سەعید نمەکی، وەزیری بێهداشت لە زمانی دەرنەپەڕی کە ئەو زیاتر لە یەک میلیارد دۆلار دراوەی بۆ کڕین و هاوردەی داودەرمان تەرخان کرابوو ون بووە و کەس بە سۆراغی نازانێ؟ ئایا هۆکارەکانی بێکاری، وەستانی ئابووری، داخرانی کارخانە و ڕاوەستانی بەرهەمهێنان، کەمایەسیی داودەرمان و کەرەستەی پزیشکی، سیاسەتەکانی ئەمریکایە لەهەمبەر ئێران؛ یان بێ‌کیفایەتی و گەندەڵ‌پیشەیی کاربەدستانی ئەو ڕێژیمە کە سەرەڕای ژێرخانی ئابووریی پتەوی ئێرانی سەردەمی پاشایەتی و چوار دەیە داهاتی زۆروزەوەندی نەوت، لەبەر دزی‌وفزی و تاڵان و بڕۆ نەیانویستوە و وێ ڕانەگەیشتوون ئاوڕێک لە بارودۆخی وڵات بدەنەوە؟ ئەوەی کۆماری ئیسلامی لە هەڵمەتی بەربڵاوی لابردنی گەمارۆکاندا لێی دەگەڕێ، تۆ بڵێی کەس نەزانی بە بارمتەگرتنی خەڵک و دۆخی کۆرۆنایە تەنیا بە مەبەستی دەسخستنی دراوی زیاتر، ئەویش بۆ قەرەبووکردنەوەی کورتیهێنانی بودجەی ٩٩ و بەرنامە نیزامی و ئەمنیەتییەکانی دیکەیەتی. ڕوون و ئاشکرایە کە مەبەستی حکوومەت لەو هەڵمەتە _هەڵگرتنی گەمارۆکان_ ئاخنینی گیرفانی خۆیەتی، نەک بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ کۆرۆنا و وەڵامدانەوەی خەم و پێداویستیەکانی خەڵک و تێپەڕین لەم قەیرانە. ئەگەر وا نییە، چۆنە ئێستاش لە بڵاوکردنەوەی ئامار و ڕاستییەکانی زیان و قوربانییەکانی کۆرۆنا خۆ دەبوێرن؟ ئەگەر کۆرۆنا بەو مەترسییە گەورە دەزانن چۆنە ئیزنیان دا لە ڕۆژانی نەورۆزدا پتر لە چەند میلیون کەس سەردانی مەشهەد و شارەکانی باکووری ئێران بکەن و هیچ بڕیارێکی مەنعی هاتوچۆیان نەدا؟ چۆنە هەتا گوشاری کارناسان، خەڵک، کۆڕ و کۆمەڵە مەدەنی و کەرتی پزیشکیی وڵات نەگەیشتە ئەوپەڕی خۆی ئامادە نەبوون ڕێ لە هاتوچۆی گشتیی خەڵک بگرن؟ چۆنە بەجێی سپاردنی ئەم ئەرکە بە وەزارەتی بێهداشت و نێوخۆ دەیان گرووپی هاوتەریب لەژێر ناوی جۆراوجۆری "ستاد" و "قەرارگا" و "بەسیج" دروست کراون کە بە هەموویان نەیانتوانیوە بڕیارێکی شیاویان هەبێ و ڕێوشوێنێکی دروست بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم پەتایە بگرنە بەر؟ چۆنە نەک هیج بایەخێک بە کاری پڕبایەخی ڕێکخراوە و کۆمەڵە مەدنییە خەڵکییەکان نادەن، بگرە لە زۆر شوێن _بۆ نموونە کوردستان_ کێشە و ئاستەنگیشیان بۆ دروست دەکەن؟ چۆنە لە بارودۆخی قەیراناویی ئێستا یارمەتیی ١٠٠ میلیون دۆلاریی ئەمریکا ڕەت دەکەنەوە و لەولاش لە ڕێگەی وڵاتی سویسەوە کیتی دەرکەوتنی نەخۆشیی کۆرۆنا بۆ خەڵکی "موستەزعەف" و بێ‌ئەنوای! ئەمریکا دەنێرن؟ گاڵتەجاڕی شەڕ و دوژمنایەتیی "جندۆکەکان" لە زمان خامنەیی لەهەڵ کۆماری ئیسلامی و، پاشان "طب اسلامی"، "ڕۆنی وەنەوشە"، "خاک و خۆڵی کەربەلا و شارە مەزهەبییەکانی دی" و "عەتری پێغەمبەر"یش با لەولا بوەستێ کە چ سووکایەتییەک بوو بە عەقڵ و کەرامەتی خەڵکی ئەم وڵاتە. بۆیە بەلەبەرچاوگرتنی هەموو ئەو شتانەی باس کران، بۆ بەشی هەرە زۆری خەڵکی ئێران و بارودۆخی ژیان و گوزەرانیان، ئێران چ گەمارۆی لەسەر بێ و چ گەمارۆی لەسەر هەڵگیرێ، فەڕق ناکا. چونکی بەشی هەرە زۆری سەروەت و سامانی وڵات لە پاوانی مافیا و تاقمی دەسەڵاتدایە. کارنامەی چوار دەیەش دەسەڵاتی ئەم ڕێژیمە جێی شک و گومانی بۆ هیچ کەس و لایەنێک نەهێشتۆتەوە کە ئەوەی بۆ کۆماری ئیسلامی گرینگ و لەپێشە خزمەتکردن و پێڕاگەیشتن بە خەڵک نییە، بەڵکوو چەندی‌وچۆنیی سەرکوتی ناڕەزایەتی و مافخوازیی ئەوانە. هەروەها ئەم هەوڵانەی دەزگای دیپلۆماسیی کۆماری ئیسلامیش وێناچێ دەسکەوتی شایانی سەرنجی بۆ ڕێژیم هەبێ، چونکی پەرەسەندنی گرژی و ئاڵۆزییە زارەکییەکانی کاربەدەستانی تاران و کۆشکی سپی و، سزا ئابوورییە نوێیەکانی ئەم ماوەیەی ئەمریکا لەدژی ئێران پێمان دەڵێن هەوڵی ئێران بۆ لابردن یان تەنانەت سووک‌کردنی گەمارۆکان ئاو دەبێژنگ کردنە.