کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکخراوی لاوان هەر ڕێکخراوێکی سادە نەبوو، بەڵکوو ئیرادەیەکی ئینقلابی و نەتەوەیی بوو

23:00 - 21 خاکەلێوه 2720

پێشەوا عەلیپوور: ئیمە پێمان وایە قۆناغی لاوی، قەرزە لەسەر شانمان و دەبێ ئەو قەرزە بە تیکۆشان بە خاک و خەڵک بدەینەوە... ڕۆژی ٢٢ی خاکەلێوە، ساڵوەگەری دامەزرانی ڕێکخراوی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، ئەم ڕێکخراوەیە کە مێژوویەکی دوورودرێژی لە خەبات و تێکۆشاندا هەیە، توانیویەتی وەک توێژێکی چالاک کاریگەریی بەربڵاوی لەسەر بزووتنەوەی مافخوازیی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هەبێ. لە یادی ئەم ڕۆژە مێژووییەدا ماڵپەڕی "کوردستان و کورد" وتووێژێکی لەگەڵ پێشەوا عەلیپوور سکرتێری گشتیی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێک هێناوە. ١- یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەکێک لەو ڕێکخراوانەیە کە مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە و بە مێژووی ڕزگاریخوازیی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەستراوەتەوە، دەکرێ سەرەتا بە ئاوڕدانەوەیەک لە ڕابردوو باسێک لە مێژووی دامەزرانی یەکیەتیی لاوان بکەن؟ یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە ساڵی ١٣٢٢ بەناوی سازمانی جەوانانی کورد لە شاری مەهاباد لەلایەن پۆلێک جەوان و ڕۆشنبیری ئەو سەردەم بە ئیلهام وەرگرتن لە لاوانی کۆمۆنیستی شۆڕەوی دامەزرا، تەنیا ڕێکخراوێکی سادەی لاوان نەبوو، بەڵکوو ئیرادەیەکی ئینقلابی و نەتەوەیی بوو کە خەونی گەورەی ڕزگاریی هەبوو و تێ‌دەکۆشا لەو مەیدانەدا لاوان لەگەڵ پرسە نەتەوەییەکان ئاشنا بکا و هاوکات بە مەبەستی پێشەنگایەتیی خەباتی نەتەوەیی پەروەردەیان بکا. لەو نێوەدا تووشی تەنگ و چەڵەمەش هاتووە، لە قۆناغێکدا سازمانی جەوانانی کورد تێکۆشانی خۆی تێکەڵ بە کۆمەڵەی ژێ کاف دەکات و ئیتر لەو سەردەم تا ئێستاش بەشێکی دانەبڕاوی تێکۆشانی حیزبی دێموکراتە لەنێو لاواندا و شانبەشانی ئەو حیزبە بۆ ڕزگاری خەبات دەکا و لە جەریانی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی بۆسەر خەڵک و هەروەها حیزبی دێموکرات، ئەندامانی ئەم ڕێکخراوەیە داکۆکیکاری خاک و خەڵک بوون و تێچووشیان داوە.  ٢- توێژی لاوان بە هۆی تایبەتمەندیی قۆناغیی تەمەنیان دینامیکترین و ڕادیکاڵترین توێژی کۆمەڵگەن، زۆرترین توانای بردنە ژێر پرسیار و گۆڕانخوازییان هەیە، بە ڕای ئێوە لاوان لە ئێران و بە تایبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستان تا چەند توانیویانە لەم چوارچێوەیەدا خۆیان پێناسە بکەن؟ هەروەک ئاماژەتان پێکرد لاوان توێژێکی ئەکتیڤ و هێزیکی تایبەتن لە گۆڕانکارییەکاندا و بە دڵنیاییەوە بە درێژایی مێژوو لاوان دەوریان هەبووە لە ئاڵوگۆڕە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا، نموونەی بەرچاوی ئەم کاریگەرییەی لاوان لە دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان دەر دەکەوێ کە ڕێبەرانی کۆمار لەسێدارە دەدرێن، بەڵام ئەوە لاوانی گۆشکراوی بیری کۆمارن دێن و جارێکی دیکە سازمان و ئۆرگانیزمی حیزبی دروست دەکەنەوە و درێژە بە تێکۆشان دەدەن، لە قۆناغێکی دیکەدا ئەوە هەر لاوانن کە بە وەڕێخستنی بزووتنەوەی چەکدارانەی ٤٦-٤٧ فەزای سیاسیی ڕۆژهەڵات لە پەسیڤ بوون دەرباز دەکەن و ماوەی ١٨ مانگ گۆمی مەندی ڕۆژهەڵاتی ناڤین دەشڵەقێنن. بە درێژایی تەمەنی کۆماری ئیسلامییش لاوانی کورد لە هەموو سەنگەرەکاندا پێشمەرگانە ڕووبەڕووی کۆماری ئیسلامی وەستاونەتەوە و بە ژینگەپارێزی و زمانپارێزی ناسنامەی کوردیان پاراستوە؛ کەواتە توانیویانە خۆیان پێناسە بکەن و لە بەهێزکردنی هۆوییەتدا باش چوونەتە پێشێ تا ئەو جێیە کە تازە کەس نەتەوەی کوردی لە ڕۆژهەڵات پێ ئینکار نەکرێ. ٣- دەگوترێ لاوان وەک توێژێکی چالاک و پڕ ئێنێرژی کە دەتوانن زۆرترین کاریگەرییان لەسەر گۆڕانکارییەکان هەبێ، بەڵام جموجۆڵ و چالاکیی لاوان لە ئاستی پێویست و چاوەڕوانییەکان نییە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئایا ئێوەش وا بیر دەکەنەوە، ئەگەر بەم جۆرەیە بۆچی؟ ئەمڕۆکە لاوان لە ڕۆژهەڵات بە پێکهێنانی کەمپەینی جۆراوجۆر توانیویانە لە ئاست سانسۆری میدیایی دەسەڵاتی ناوەندگەرا بوەستنەوە، ئەوەتا دەبینین پەتای کۆرۆنا کە تەواوی دنیای داگرتووە و ئێرانیش وەک وڵاتێکی دواکەوتوو لە کەرتی تەندروستی، کوردستانی هەڵاواردووە؛ ئەوە لاوانی کوردن کە ڕووبەڕووی هەڵاواردنی نەتەوەییش بوونەوە و هەروەها دەستیان داوەتە دەستی یەک بۆ پاراستنی ژیانی هاونیشتمانییان و شەقامەکان پاکژ دەکەنەوە و هەڵمەتی هۆشیاری بۆ خۆپارێزی لە کۆرۆنا بەڕێوە دەبەن، لە هەمان کاتدا لە ڕێگەی کەمپەینەکانەوە یارمەتیی خەڵکی کەم‌داهات و بێ‌داهات دەدەن. ئەمە زەقترین تێکۆشانی لاوانی کوردە لەم سەردەمەدا کە دەوڵەتان بەدەست پەتای کۆرۆناوە دەناڵێنن. ٤- ئێوە وەک ڕێکخراوێک کە خاوەن مێژوویەکی دەیان ساڵەن، چەندە توانیوتانە لە پێوەندی لەگەڵ لاوان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان شوێندانەر بن و چییتان بۆ لاوان لە کوردستان کردوە؟ ئێمە لە یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تێ‌کۆشاوین لە ڕێگەی دەزگای میدیایی و دنیای مەجازییەوە لاوانی کورد ئاشنا بکەین بە خەباتی خۆمان و هەروەها لە ڕێگەی تەشکیلاتەوە هاندەر و پاڵپشتی ئەو ناسیۆنالیزمە مەدەنییە بین کە شکڵی گرتوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و نووکە ڕمبەکەشی بەدڵنیاییەوە لاوانن. ٥- ئێوە وەک یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تا چەند توانیوتانە پرسی لاوانی کورد بە تایبەت لاوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە ساڵانە ڕووبەڕووی چەندین کێشە و گرفت و زوڵم و زۆری لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێران دەبنەوە بگەیەننە کۆڕ و کۆبوونەوە و ڕێکخراوە جیهانییەکان ؟ ئایا تا چەند پەیامەکەیان وەرگرتوە؟ لاوانی کورد لە ڕۆژهەڵات لە جەریانی خەباتی خۆیاندا تووشی تەنگ و چەڵەمە دەبنەوە و ئەمەش دەچێتە خانەی نرخ بۆ ئازادی، بەڵام ئەو ئاماژانەی ئێمە لە هەڵاواردنی نەتەوەیی و ڕوانینی ئەمنیەتیی ناوەند بۆسەر کوردستانی دەبینین و لاوانی کوردی تووشی کەند و کۆسپی زیاتر کردوە، بێ‌گومان ئەرک دەخاتە سەر شانی ئێمە. ئێمە بە ئەرکی خۆمان زانیوە ببینە دەنگی لاوانی کورد لە کۆڕ و کۆمەڵە نێونەتەوەییەکاندا و هەوڵمان داوە پرسی کۆڵبەران و قوربانییانی مین و مەوادی موخەدیر کە سیستماتیک بەسەر جەوانانی کورددا دەسەپێنرێ بهێنینە گۆڕێ، کەیسی مافی مرۆڤ و زیندانییانی سیاسی و دۆخی ژنانیش ئەو پرسانەن کە لێیان خافڵ نەبووین و لە هەر مەیدانێکی نێونەتەوەیی بۆمان کرابێ هێناومانەتە گۆڕێ و نوێترینیان ناردنی قەتعنامەیەکە لە لایەن یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ کۆنگرەی داهاتووی لاوانی ئینتێرناسیۆنال سۆسیالیست کە لەوێ زیاتر باسی ڕەوشی کورد و لاوانی کورد لە ئێران دەکرێت و بەخۆشییەوە تا ئێستا پشتیوانی و ئیجماعێکی نێونەتەوەیی لاوانی وڵاتانی دیکەی لەسەرە و ئەوان هەنگاوێکیش لە ئێمە زیاتر داوای پشتیوانی بۆ لاوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن و لەم بارەوە داوای چاودێری و بەدواداچوونی ڕاستەوخۆی نەتەوە یەکگرتووەکان کراوە بۆ پرسەکانی کورد و لاوانی کورد.   ٦- پێتان وایە لاوان بۆ زیاتر کاریگەری و شوێندانەرییان لە کۆمەڵگە دەبێ چیی بکەن و هەروەها ئێوە وەک ڕێکخراوی لاوان لەم پێوندییەدا چ ئەرکێکتان لەسەر شانە؟ ئیمە پێمان وایە قۆناغی لاوی، قەرزە لەسەر شانمان و دەبێ ئەو قەرزە بە تیکۆشان بە خاک و خەڵک بدەینەوە و لاوانی ڕۆژهەڵات کەمیان لەخۆ مایە دانەناوە و لەم بارەوە بۆ لێ فێربوون دەبن و توانیویانە کاریگەرییان هەبێ لەسەر گەشەی شعووری نەتەوەیی و ئاگاهیی نەتەوەیی، ئێمەش بەڵێن دەدەین تێ‌بکۆشین لە پێناو بەنێونەتەوەیی کردنی تێکۆشان و بەنێونەتەوەیی کردنی ڕەنج و مەینەتییەکانیان.