کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی و کێشەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا

01:06 - 26 خاکەلێوه 2720

کۆماری ئیسلامیی ئێران بە پێی میراتی بەجێ ماو لە کولتووری دەسەڵاتداری لەو وڵاتەدا کە خۆی لە حاشالێکردن و شاردنەوەی کێشە نێوخۆییەکاندا دەرخستوە، بەرامبەر بە هەر کێشەیەک هەڵوێستی پارادۆکسی هەبووە. یەکێک لەو گرفتانەی سیستمی دەسەڵاتداریی نەتەوەی سەردەست هەم لە پێشوودا و هەمیش ئێستا کە لە فۆرمی حکوومەتی تێئۆکراتیکی کۆماری ئیسلامییدا خۆیان لە چارەسەرکردنی دزیوەتەوە، مەسەلەی کورد لەو وڵاتەیە. لە سەردەمی پاشایەتی و ئێستاکەش لە سەردەمی کۆماری ئیسلامییدا لە پەنا حاشالێکردن لە بوونی مەسەلەی کورد لە ئێراندا، هەوڵ دراوە کە لە هەبوونی مەسەلەی کورد لە پارچەکانی تری کوردستان لە گۆشەنیگایەکی ئامرازییانە بۆ پەرەپێدان بە حەوزەی نفووزی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا کەلک وەربگرێ. لە قامووسی سیاسیی کۆماری ئیسلامییدا، مەسەلەی کورد تەنیا گرفتی وڵاتانی عێراق، تورکیە و سووریەیە؛ واتا کێشەی "ئەوان"ـی ترە و لە ئێراندا بە هۆی نزیکایەتیی زمانی و بانگەشەی ئاریایی بوونی فارس و کوردەکان، هیچ کات کێشەیەک بە ناوی "کورد" بوونی نییە. لەو پیلانە ستراتێژییەدا وێڕای پووش بەسەرکردنی پتر لە سەدەیەک خەباتی گەلی کورد لە ئێران بۆ گەیشتن بە مافە سیاسییەکانی، هەوڵ دراوە بە پێچەوانە لە بزووتنەوەکانی کورد لە پارچەکانی تری کوردستان نەک لە ڕووی باوەڕمەندی بە مەسەلەی کورد، بەڵکوو تەنیا بە قازانجی دابینکردنی بەرژەوەندییەکانی ئێران کەلک وەربگیرێ و وەک کارتی گوشاریش لە ناوچەدا یاریی پێوە بکرێ. کۆماری ئیسلامیی ئێران فۆرم و شێوازی نزیکبوونەوە و مامەڵە لەگەڵ بزووتنەوە و پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکانی پارچەکانی تری کوردستانی بە پێوەری جۆراوجۆر فۆرموولە کردوە: لەو پۆلێن بەندییەدا بە دەرەجەی یەکەم ئەو پارتە ئیسلامییە کوردییانە کە دژایەتیی سێکۆلاریزم دەکەن و گرێدراوییەکی ئەوتۆیان بە هێڵی سعوودی و ئیمارات نییە، پتر خراونەتە نێو بازنەی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی و پتر گرینگییان پێ دراوە. بە نیسبەت ڕێکخراوە نەتەوەییەکان تا ئەو جێگەی کە مەترسییان بۆ ئێران نەبێ و هەوڵ بۆ گواستنەوەی هزری نەتەوەیی بۆ نێو کوردانی ئێران نەدەن، لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پێوەندەییان لەگەڵ تەنزیم دەکرێ؛ هەڵبەت بە پێی ئاستی پێوەندییەکانی ئەم پارت و لایەنە سیاسییانە لەگەڵ دوژمنان و ڕکابەرانی کۆماری ئیسلامی وەک ئیسڕائیل، ئەمریکا، سعوودی و ئیمارات ڕەفتاری سیاسیی کاربەدەستانی ئێرانیش ئاڵوگۆڕی بەسەردا دێ. بۆ  وێنە هەرکات بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە عێراق لە حاڵەتی قەتیس‌ماودا بووە لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە بە بیانووی هاوسۆزی تا ئاستێکی دیاریکراو بە ڕواڵەت پاڵپشتی کراوە. بەڵام هەر کاتێک ئەو بزاڤە نەتەوەییە لە عێراق لە ڕێگەی دروستکردنی ڕایەڵەیەکی دیپلۆماسی لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوایی و عەرەبی لە هەوڵی گەشە و پەرەپێدانی جوغرافیای ژێردەستی لە عێراقدا بووە، کەوتوەتە بەر لۆمەی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی و، باشووری کوردستان بە ئیسڕائیلی دووەم شوبهێندراوە. هەنووکەش کە ماڕاتۆنی کێشە و ململانێکانی ئێران و ئەمریکا لە عێراق لە خاڵی کۆتایی نزیک بووەتەوە، دیسان بە پێی جۆری مامەڵەی لایەنە کوردییەکانی عێراق لەگەڵ ئەو بابەتە لەسەر داهاتووی پێوەندییەکانی ئێران و بزووتنەوەی کورد لە باشوور دەتوانین هەڵوێستە بکەین. لە هەمبەر مەسەلەی کورد لە تورکیە و مژاری پەکەکە، کۆماری ئیسلامی هەوڵی داوە باڵانس لە نێوان دەوڵەتی تورکیە و بزاڤی کورد بە تایبەتی پەکەکە ڕابگرێ؛ واتە هەرکات تورکیە لە دژی بەرژەوەندییە ئابووری و ناوچەیی و سیاسییەکانی ئێران هەڵسوکەوتی کردبێ، ئێران وەک لایەنێکی دژە ئێمپریالیزم لە پەکەکە نزیک بووەتەوە و بە پێچەوانە هەر کاتێکیش لە ڕوانگەی کۆماری ئیسلامییەوە پەکەکە لاقی لە بەڕەی خۆی زیاتر ڕاکێشابێ، وەک مەترسییەکی ئەمنی ڕووبەڕووی بووەتەوە. دوابەدوای پەرەئەستانی مەسەلەی کورد لە سووریە لەم ساڵانەی دواییدا، ئێرانییەکان هیچ کات بە پاڵپشتیی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوایی لە کوردانی ئەو وڵاتە لە شەڕ دژی تێرۆریزم ڕازی نەبوون و هەوڵی بەردەوامیان گەڕاندنەوەی کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان بۆ لای دیمەشق و پشتیوانی لە دەوڵەتێکی ناوەندیی بەهێز لە سووریە بووە. داهاتووی پێوەندییەکانی سیستمی خۆبەڕیوەبەڕی لە ڕۆژئاوای کوردستان لەگەڵ ئێران پەیوەستە بە جۆر و ئاستی پێوەندییەکانی دەسەڵاتی خۆجێیی کوردانی ئەو بەشە لە کوردستان لەگەڵ ئەمریکا و سعوودی و ئیمارات. ڕاستییەک کە نابێ حاشای لێ‌بکرێ ئەوەیە کە لە ڕوانگەی کۆماری ئیسلامییەوە، بەهێزبوونی بزووتنەوەی کورد لە سووریە لە پەنا هەرێمی کوردستان لە عێراق، سێناریۆیەکی هەڵبژێردراوی ئاوەزمەندانە بۆ ئێران نییە.