کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمەڵگەی مەدەنی و دەسەڵات کامیان گوشارن بۆسەر کامیان؟

22:30 - 30 خاکەلێوه 2720

بناغە و بنچینەکانی کۆمەڵگەی ئازاد و دێموکراتیک لە ئازادیی نووسین و ڕادەربڕینەوە سەرچاوە دەگرێ و، بە پەروەردەی شیاو و زانستییانە وردە وردە خەڵک بەرەو ئاستی بیرکردنەوەی ئازاد و ماف و ئازادییە تاکەکەسییەکان هان دەدرێن و چرۆی کۆمەڵگەیەکی ئازاد لە بیری ئازادیی تاکەکەسەوە بنچینەکەی دادەڕێژرێ و لەو وڵاتانەدا کە بیرکردنەوە و ئازادیی ڕادەربڕین لە گەشەکردن‌دایە؛ بێگومان ژیانی تاکەکان گرینگیی تایبەتی پێ‌دەدرێ و پێوەری ژیان بەردەوام لە گۆڕانێکی ئەرێنی‌دایە. بەڵام ئەگەر سەرنجەکەمان بخەینە سەر وڵاتە دواکەوتووەکان و لێی ورد بینەوە دەبینین کە یەک پێوەر لە نێوانیاندا هاوبەشە و ئەویش بەرتەسککردنەوەی جیهانبینی و ڕوانینی تاکەکانی کۆمەڵگەیە و، ژیانی تاکەکان و کۆمەڵگەش هیچ گرینگییەکی نابێ و ئەوە تەنیا خواست و ڕوانینی دەسەڵاتە کە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەخرێتە مێشکی تاکەکانی ئەو وڵاتەوە و، دەبێتە چوارچێوەی بیرکردنەوەی ئەو خەڵکە، هەرچەند هەوڵی دەربازبوونیشی بدرێ. بەڵام زۆر دژوارە دەرچوون لە هەموو تەڵە و داوەکانی سیستماتیکی دەسەڵات هەر بۆیە هەندێ کاتیش دەبینین خەڵکەکەش بەبێ ئەوەی‌کە بیانهەوێ تووشی داوێک دەبن و هەرچەند خۆشیان پێیان وابێ خەریکی دەربازبوونی خۆیان و کۆمەڵگەن بەڵام لە بازنەیەکدا بە دەوری خۆیاندا دەخولێنەوە. هیچ پێوەرێکی نێونەتەوەیی، جیهانی، زانستی و مرۆڤانە لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییدا نییە کە گۆڕانکاریی نەرێنیی بەسەردا نەهاتبێ و بێ‌گومان قورساییەکەشی ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەکەوێتە سەر شانی خەڵکی ئەم وڵاتە و، بە دڵنیاییەوە بەشێکی زۆری خەڵکیش هەر زۆر زوو ڕادێن لەگەڵ بارودۆخ و دەیکەن بە پێوەری ژیان و لە خولانەوەیەکی واشدا دەژین کە خۆشیان هەستی پێ‌ناکەن. هەربۆیە نابێ بە پێوەری وڵاتێکی پێشکەوتوو بڕوانینە وڵاتێکی دواکەوتوو و جووڵانەوەکانمان لەو ڕاستایەدا ڕێک‌بخەین و چاوەڕوانی پێشکەوتن و گەیشتن بە ئامانجەکانمان بین بەبێ بنچینە سەرەتاییەکانی کۆمەڵگەی ئازاد. دیارە لێرەدا مەبەست کار و چالاکیی مەدەنی و ڕێکخراوەییە لەژێر دەسەڵاتێکی دواکەوتووی مەزهەبی وەکوو کۆماری ئیسلامییدا کە هەموو هەوڵێکی بۆ ئەوەیە  مرۆڤەکان بە پێوەری مرۆڤی ١٤٠٠ ساڵ پێش بجووڵێنەوە و پەروەردەی کۆمەڵگەکەشی هەر لەو ئاستەدا بەرنامە بۆ داڕشتوە و، بە دڵنیاییەوە کاریگەریی نەرێنییشی لەسەر تاک بە تاکی کۆمەڵگەی ئێران داناوە و دەرچوون لەم کارەساتە و لەژێر کاریگەریی ئەم دەسەڵاتەدا ئاسان نابێ؛ هەر بۆیە دەبێ زۆر ورد و ژیرانە هەنگاوەکانمان بگوازینەوە و نەکەوینە تەڵە و داوە چێندراوەکانی کۆماری ئیسلامی. هەروەک گشتمان ئاگادارین کۆمەڵگەی مەدەنی لە ئێران و بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان  لەم دواییانەدا و پاش بوومەلەرزەکەی کرماشان و بەهاناوە نەچوونی دەسەڵات، لەو بۆشاییەدا دروست بوو کە پێویستیی خەڵک بە یارمەتی و نەبوونی دەسەڵاتێکی وڵامدەر لە ناوچە کوردییەکاندا و هەروەها پێشینەی دزی و گەندەڵیی ئەو حکوومەت و دەسەڵاتە،  خەڵک بە گشتی و چالاکانی مەدەنی بە تایبەتیی هان دا بۆ زیاتر خۆنواندن و ئەرکی حکوومەت وەئەستۆی خۆگرتن و سەرەڕای ئابوورییەکی لاوازی خەڵکی کورد مایە دانان لە هەموو پێداویستی و کەرەستەی بەردەست بۆ یارمەتیی خوشک و براکانی خۆیان زیاتر زەق کرایەوە. لە لافاوەکەی لوڕستان و هێنانی قەیرانی کۆرۆنا لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە وای لێ‌هاتوە کە کۆماری ئیسلامی سەرەڕای ئەرکی دەسەڵات و لەبەردەست‌ بوونی سەروەت و سامانێکی زۆری ئەم وڵاتە، خۆی لە هەموو شتێک گێل بکا و ئەرکی سەرشانی خۆی بخاتە سەر شان و پیلی خەڵکێک کە بۆ بژێوی ڕۆژانەیان داماون و بێکاری و بێ‌پارەیی تەنگی پێ‌هەڵچنیون. وێڕای دەستخۆشی لە هەموو چالاکانی مەدەنی و بە تایبەت دوکتور و پەرستارە خۆشەویستە ماندوویی‌نەناسەکان، دەبێ ئێمە بە جێگەی ئەوەی‌کە بەردەوام لە خۆمان و خەڵکەکەمان مایە دابنێین بتوانین داخوازییەکانمان ڕوو بە دەسەڵات پەرە پێ‌بدەین. دەبێ نووکی داواکاری و داخوازییمان بەرەو دەسەڵاتێک بێ کە بە پێی هەموو پێوەر و یاساکانی خۆیشی ئەرکی  پێ‌ڕاگەیشتن بە خەڵکی ژێر دەسەڵاتی خۆی بە تایبەت لە کاتی قەیران و لێقەوماندا لە ئەستۆیە، نابێ ئێمە کاری دەسەڵات ئاسان بکەین و ئەویش لە گوێی گادا بخەوێ و سەروەت و سامانی ئەم وڵاتە خەرجی تێرۆریزم و کوشتنی ڕۆڵەکانی ئەم خەڵکە بکا، دەبێ خەڵکەکەمان فێر بکەین بۆ داخوازییەکانیان بێنە مەیدان و ببنە گوشار لەسەر دەسەڵات و خێڵی دز و گەندەڵ ناچار بە جێبەجێکردنی  پێویستی و داخوازییەکانمان بکەین.