کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێوەندییەکانی نێوان ئێران و چین

05:27 - 1 بانەمەڕ 2720

پێوەندییەکانی نێوان ئێران و چین ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ لە پەرەسەندن‌دایە، ئەم پەرەسەندنە و تەنانەت ڕاگرتنی پێوەندییەکە بۆ سیاسەتی دەرەوەی ئێران نەک هەر گرینگە بەڵکوو بۆتە بەشێک لە ستراتێژیی درێژخایەنی کۆماری ئیسلامیی ئێران. پێوەندییەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتی چین دەکرێ بە فرەڕەهەند و لە بوارەکانی جۆراوجۆردا سەیر بکرێ وەک ئاڵوگۆڕی بازرگانی و کڕینی کەرستەی سەربازی و تێکنۆلۆژیی بەدەست‌هێنانی ئەم کەرستانە و هاوکاریی چین لەگەڵ ئێران لە بواری بەشی وزە و وزەی ناوکی و دەست‌پێ‌ڕاگەیشتنی تێکنۆلۆژیی کامپیۆتێری و مخابەراتی و سەنعەتی فیلتێری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەخۆ دەگرێ. پێوەندیی نێوان چین و ئێران تەنیا بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران ستراتێژیک نییە و بەڵکوو بۆ چینیش گرینگە، زۆر جار چین لەسەر ئەم بابەتە ڕووبەڕووی گلەیی و گازەندەی ڕۆژئاوا بووەتەوە. هەر بۆیە چین بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا پەنای هێناوەتە بەر پێوەندیی بازرگانی و لەژێر سێبەری ئەم پێوەندییەدا درێژە بە هاوکارییەکانی خۆی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لە بوارەکانی تریشدا دەدا. پێوەندیی نێوان ئەم دوو وڵاتە مێژوویەکی کۆنی هەیە کە دەگەڕێتەوە بۆ ١٤٠ ساڵ پێش زایین و هەتا ئێستا ئەم پێوەندییانە بەردەوام بوون. یەکەم ڕێککەوتنامەی نێوان ئەم دوو وڵاتە لە ساڵی ١٢٩٩ (١٩٢٠) لە ئیتالیا واژۆ کرا، کە ئەم ڕێککەوتننامەیە بە ڕێککەوتنی “مودت” ناوبانگی دەرکرد. لە دوای هاتنە سەر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران و شەڕی نێوان ئێران و عێراق، چین مووشەکی کڕووزی بە ئێران فرۆشت و بەم کارەش یاسای MTCR))ـی پێشیل کرد. لە ساڵی ١٩٨٥ـدا ئەم دوو وڵاتە بە شێوەیەکی نهێنی لەسەر یارمەتیکردنی چین بە ئێران لە بواری پەرەپێدان و دانی زانیاریی پێویست بۆ بەرهەمهێنانی دوو جۆر مووشەکی کڕووز لە جۆری (HY-1 /C-801) و هەروەها لە بواری وزەدا ڕێکەوتن. بە درێژایی شەڕ ئەم دوو وڵاتە پێوەندیی سەربازییان لە نێواندا بوو، لە دوای کۆتایی شەڕ، ئێرانی دوای شەڕێکی هەشت ساڵە بازاڕێکی گەورە و پڕ پیت و بەرەکەت بوو بۆ چین و؛ پێوەندیی نێوان ئەم وڵاتە بواری بازرگانی و ئابووری و سیاسیی بە خۆیەوە گرت. جگە لەم بابەتانە چین کە بە یەکێک لە وڵاتانی بەرهەم‌هێنەری هەرە گەورە لە دنیادا هەژمار دەکرێ، هاتە نێو لیستی کڕیارانی نەوتی ئێران. کە ئەم داخوازییە هەتا ئێستاش هەر بەردەوامە و چین لە ئێستادا تەنیا کڕیاری نەوتی ئێرانە و بە شێوەیەک لە شێوەکان شەریکە بازرگانیی ئێرانە. لەم دواییانەدا باس لە پلانێکی ستراتێژیی ٢٥ ساڵە دەکرێ، کە بناغەکەی لە ساڵی ٢٠١٦ دوای سەردانەکەی “شی جین پینگ” بۆ تاران داڕێژرا. لە کەس شاراوە نییە کە پێوەندیی نێوان ئێران و چین لە هەموو بوارەکاندا بە شێوەیەکی گشتی و بە تایبەتی لە بواری سەربازییدا بێ‌بەربەست و کراوە نییە و زلهێزێکی وەک ئەمریکا بەوردی و بە هەستیارییەوە چاودێریی ئەم پێوەندییانە دەکا، سەرەڕای ئەم چاودێرییە بەڵام پێوەندیی نێوان ئەم دوو وڵاتە ڕۆژ بە ڕۆژ لە پەرەسەندن‌دایە، بە شێوەیەک کە پێش ڕێککەوتننامەی بەرجام وڵاتی ئێران لە پلەی ٥٦ـی ڕیزبەندی لیستی دیپلۆماسیی بەرگری (دیپلماسی دفاعی)ـی وڵاتی چیندا بوو، بەڵام دوای بەرجام ئێران گەیشتە پلەی ٢٣ـی ئەم ڕیزبەندییە. سەردانی یەک لە دوای یەکی بەرپرسانی پلە بەرزی سەربازیی هەر دووک وڵات گرینگیی ئاستی پێوەندییەکانی ئەم بوارە دەسەلمێنن. بەڵام چین لەم پێوەندییەدا بێ‌کێشە نییە. جگە لە بەربەستەکانی ئەمریکا، چین وەک فرۆشیارێکی چەک، تەنیا فوکووسی نەکردۆتە سەر بازاڕی ئێران و دەبێ هاوسەنگیی هێز لە ناوچەکەدا بە گشتی و لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە تایبەتی ڕابگرێ و متمانەی وڵاتانی عەرەبیی کەنداویش لەدەست نەدا. بۆ وڵاتێکی وەک چین ڕیسک کردن لەم بوارەدا زۆر ئاسان نییە و وێ‌دەچێ کە هاوکاریی نێوان ئەم دوو وڵاتە لە داهاتوودا تووشی کۆمەڵێک گرفت ببێتەوە، گرینگترین بابەت لەم بوارەدا ناکۆکیی نێوان تاران و واشینگتۆن و وڵاتانی ناوچە کە هەمیشە هەڵگری پەیامێکە بۆ وڵاتانی بەهێزی ڕۆژهەڵات وەک چین و ڕووسیە کە ئێران ئاڵتێرناتیڤی زۆری لە بەردەستدا نییە و لە کاتی تەنگانەدا هێزی دانوستانی لاواز دەبێ و جگە لە چین و ڕووسیە بژاردەیەکی دیکەی بۆ نامێنێتەوە و بە ناچار دەبێ درێژە بەم پێوەندییانە بدا. جگە لەم بابەتە خاڵێکی تر کە ئاستی پێوەندییەکان دیاری دەکات ئەوەیە کە وڵاتێکی وەک چین ٩١%ی نەوتی پێویستی خۆی لە ڕێگەی گەرووی هورموزەوە دابین دەکا و ئەمنیەت و ئاسایشی خەلیج و گەرووی هورموزیش بۆ چین لە ئەمریکا کەم‌بایەختر نییە و ناکرێ وڵاتێکی وەک ئێران وا پڕچەک بکرێ کە بۆ دواڕۆژی چین ببێتە مەترسی و هەڕەشە بێ بۆسەر بەرژەوەندییەکانی خۆی لە ناوچەکەدا. سەرەڕای ئەمانە چین بە باشی هەستی بە گرینگیی ئێران کردوە لە بواری بازرگانی و هەڵکەوتەی ژێئۆپۆلێتیکیەوە. هەر لەبەر ئەم دوو هۆکارەش ئاستی پێوەندییەکانی خۆی سنووردار کردوە و ئەم دوو خاڵە بەهێزەی ئێرانی وەک مەترسییەکیش بۆ خۆی سەیر دەکات و ئاستی پێوەندییەکانی سنووردار کردوە. دژایەتیی چین بۆ بە ئەندام بوونی ئێران لە ڕێکخراوی هاوکاریی شانگهای نموونەی بەرچاوی ئەم بابەتەیە. هۆکاری سەرەکیی ڕەدکردنەوەی داوای کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ئەمە دەگەڕێتەوە کە ئێران تەنیا بۆ خۆ پڕچەک کردن دەتوانێ پشت بە ڕووسیە و چین ببەستێ، لە کاتێکدا کە وڵاتانی عەرەبیی کەنداو بە تایبەتی ئیمارات و عەرەبستان ئاپشێنی زیاتر لە ئێرانیان لە بەردەست‌دایە و ئەم هەنگاوانەش دەتوانێ ناوچەکە تووشی ئاڵۆزیی زیاتر بکا و هاوسەنگیی هێز نەک هەر تێکبچێ بەڵکوو هەر لە نێوی بەرێ و ئێران بەرەو سەرەڕۆیی زیاتر و وڵاتانی کەنداویش تووشی پەرچەکردار بکاتەوە. چین وەک ئەندامێکی شۆڕای ئەمنیەت گرینگیەکی تایبەتی بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران هەیە. لە ئێستادا وەک بە تەنیا کڕیاری نەوتی ئێران دادەنرێ و بەو پێناسانەی کە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی باسی دەکەن شەریکی بازرگانیی ئێرانە، ئەم گرینگییە بە ڕوونی دیارە بە جۆرێک کە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لە لێدوانێکی خۆیدا لە ٢٩/١١/٩٦ پێوەندیی ڕۆژهەڵاتی بە پێویستتر لە ڕۆژئاوا زانی، ئەمە لە کاتێک‌دایە کە خومەینی هێڵی سیاسەتی لەسەر بناغەی دروشمی (نە شرقی نە غربی) بنیاد نابوو. ئەمەش بڵێین چین کە ئەندامی شۆڕای ئەمنیەتە و مافی ڤێتۆی هەیە هیچ کاتێک نەک بڕیارنامەکانی ئەم شۆڕایەی بەدژی ئێران ڤێتۆ نەکردوە بەڵکوو دەنگی مەنفیشی بە بڕیارنامەکان نەداوە. حەسەن ڕۆحانی لە پووشپەڕی ١٣٩٧ لە وڵامی ئەوەدا کە دروشمی (نە شرقی نە غربی) پەراوێز خراوە! ڕایگەیاند کە ئێمە نە تەسلیمی ڕۆژاوا بووین نە ڕۆژهەڵاتیش، ئەم دروشمە بە مانای ئەوە نییە کە ئێمە نابێ هیچ جۆرە پێوەندییەکمان هەبێ لەگەڵ ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵات. ئەوەی هەتا ئێستا لە سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ڕووی داوە وەلابردنێکی ئاگایانەی ڕۆژئاوا بووە و پەنابردنێک بۆ باوەشی ڕۆژهەڵات. سیاسەتی چەوت و پڕ لە هەڵەی ئێران و دەستێوەردانەکانی ئێران لە کاروباری نێوخۆی دراوسێکانی و ئاژاوەگێڕی وای لە کۆماری ئیسلامی کردوە کە سەربەخۆیی خۆی لەدەست بدا. نموونەش بۆ نەمانی ئەم سەربەخۆییە، لێدوانەکانی ئەم چەند ڕۆژەی ڕابردووی باڵوێزی چین بوو لە تاران بەرامبەر بە وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ئێران و بەرپرسی هێڵی فڕۆکەوانیی ماهان کە بە شێوەیەکی هەڕەشەیی داوای لێ‌کردن کە ڕێز لە وڵاتی چین بگرن و، هەر زۆر زوو بەرپرسانی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی داوای لێبوردنیان لە چین کرد و تەنانەت باسی لێکۆڵینەوەشیان کرد لە کیانووش جەهانپوور بۆ ئەوەی دەستی پشتی پەردەی ئەم کارە ئاشکرا بکەن. ئەمە لە کاتێک‌دایە کە دەزگای دیپلۆماسیی ئێران پشتیوانیی لە وتەکانی “چانگ هووا” باڵوێزی چین لە تاران و سەرکۆنەی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی خۆیان کرد. بە ئاوڕدانەوەیەکی خێرا لە ئاستی پێوەندییەکانی نێوان ئێران و چین بۆمان دەردەکەوێ کە پێوەندییەکی بەرژەوندیخوازانەیە لە هەموو بوارەکاندا بەو جیاوازییە کە ئێران لە ڕووی ناچارییەوە دەبێ بە هەر شێوەیەک بێ ئاستی پێوەندییەکانی خۆی لەگەڵ چین درێژە پێ‌بدا، جا بە هەر نرخێک بێ تەنانەت ئەگەر ڕێژەی سڵامەتی و تەندروستیی دانیشتووانی خۆیشی بخاتە مەترسییەوە و، بەکردەوە ئەمەی سەلماندوە کە ئەگەر لە سەرەتاوە بە پارێزەوە رووبەرووی پەتای کرۆنا ببانەوە و هاتوچۆکانی خۆیان لەگەڵ چین کە سەرچاوەی ئەم پەتا کوشندەیەیە کەم کردباوە، لەوانە بوو ئێستا خەڵکی ئێران و تەنانەت چەندین وڵاتی دراوسێی ئێرانیش تووشی ئەم قەیرانە نەبووبانەوە، هەر ئەمەش یانی بە هەر نرخێک بێ ئێران خوازیاری ڕاگرتنی ئەم پێوەندییەیە و لە هەمان کاتدا چین پێوەندییەکی ئاسایی لەگەڵ ئێران هەیە وەک پێوەندییەکانی تری، بە شێوەیەک کە ڕێژەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئەم دوو وڵاتە کە نزیک بە ٣٧ میلیارد دۆلارە تەنیا ٨%ی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی چینە، بەڵام چین لە بواری وزەدا بەکارهێنەرە و ئێران بەرهەم‌هێنەرە (نەوت و گاز) و بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی چین، ئێران تەنیا سەرچاوەیەک نییە کە چین پشتی پێ‌بەستبێ. کێشیەکی دیکە کە بەرۆکی ئێرانی گرتوە شێوەی پێدانی ئەم پووڵەیە کە چین دەبێ بیدا بە ئێران، بۆیە لەم بوارەشدا کە کێشە هەیە، چین بەرهەمەکانی خۆی بە کوالێتییەکی کە خۆی دیاریی دەکا دەدا بە ئێران و بژاردەکانی بەردەم ئێران زۆر نین. لە کۆتاییدا بۆ هەموو کەس ڕوونە مەبەستی دەوڵەتێکی بێ‌دەسەڵات کە پێش بە هاتنی پزشکانی بێ‌سنوور دەگرێ و بە چاوی سیخوڕ و جاسووس سەیریان دەکا، بەڵام لە هەمان کاتدا ڕێگەی داوە بە چینییەکان کە خەت و نیشان بۆ بەرپرسانی ئێرانی بکێشن و تەنانەت هاتوچۆی ئێرانییەکانیان بۆ چین قەدەغە کردوە.   ***