کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تاوانبارانی سیاسی و سزای "شاربەدەر" کردن

05:40 - 1 بانەمەڕ 2720

تاراندن و شاربەدەر کردنی تاوانبارانی سیاسی (لە ڕوانگەی ڕێژیمە دیکتاتۆرەکانەوە) مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە و لە زۆربەی وڵاتان و لە نێو گەلان بە پێی داب و نەریتی زاڵ بەسەر کۆمەڵگە، ڕۆنانی یاسای داڕێژڕاو لەلایەن دەوڵەتان، شێوازی جۆربەجۆری هەبووە و هەیە. تاراندنەکان زۆر جار بە شێوەی تاکەکەسی و لە هەندێک حاڵەتیشدا بە شێوەی بەکۆمەڵ بەسەر گەلان و ڕێڕەوانی قوتابخانە ئۆلی و ئایینییەکان یان ئەندامانی حیزبەیلی دیار داسەپاوە. لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییدا، تاراندن یان شاربەدەر کردن، یەکێک لەو بڕیارگەلەیە کە حوکمی شەڕ دەگەڵ خوا (محاربە)ی پێ هەڵدەسەنگێنن و “مفسد فی‌الارض” لە بڕگەی ١٩٠ی یاسای سزای ئیسلامییدا هەیە، ئەم ئاستە وەرگێڕاوی “فیقهی” جێ پەسەندی ئیدئۆلۆژیی ئیسلامیی دەسەڵاتداری زاڵە. لەسەر ئەم پرسە، بە گەڕانەوە بۆ فیقهی ئیمامییە و خوێندنەوەی ئیسلامی سیاسی، بەو ئاکامە دەگەین کە شێوازی هەڵسوکەوت دەگەڵ شاربەدەر کراوەکان، ڕێک وەک چۆنیەتیی مامەڵە دەگەڵ بێدین و کافرەکانە. هەتا ئەو ڕادەیەی کە تاکی “تاراو” بۆ هەر شار و مەملەکەتێک بینێرن، بەرەوڕووی ئاستەنگی زۆر دەبێ و؛ هەستان، دانیشتن، تەنات کڕین و فرۆشتن، هاموشۆ و ژن هێنانیشی سنووردار دەکرێ. لە وێژەی ئیسلامی سیاسیی دەسەڵاتی ئێستای ئێراندا، زۆرتر لە شاربەدەر کردن (نفی بلد) بەجێگای تاراندن (تبعید) کەلک وەردەگیرێ. لەڕاستییدا شاربەدەر کردن، میناکێکی پڕ لە توندوتیژیی تاراندنە. لە یاسای سزاکانی ئێران هەتا پێش ساڵی ١٣٩٥ بە کردەوە یاسایەکی داڕێژراو بۆ تاوانی سیاسی بە شێوەیەکی بنچینەیی کە شوناس و توخمی ئەو دەستە لە کردەوانە خۆیا بکا و بیانناسێنێ، نەبووە. کەوابوو سەرجەم ئەو کردەوانەی بەپێچەوانەی چوارچێوەی ئیدئۆلۆژیی حکوومەتی بووە، کەوتۆتە خانەی تاوانە ئەمنیەتییەکان و ئاکامەکەیشی لە بەرچاو گیرانی ئەم جۆرە سزایانەیە. بە ڕوانینێکی دیکە (لەبواری توندی و تۆخیی ئەم کردەوەیە و کاریگەرییەکانی) بە هۆی بوونی هەندێ یاسا بۆ تاوانە سیاسییەکان، لە کلیشەی تاوانە ئەمنیەتییەکان خۆی مەڵاس داوە! بۆ ئەوەی‌کە سەرەدەر لەم باسە بکەین دەبێ بۆ یاسای سزای ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بگەڕێینەوە، کە هەر چەشنە دژایەتییەک لەگەڵ نۆرم و یاسا و فتوا شەرعییەکانی مەزەبی جێگای پەسەندی ئەوان و هەروەها شێوەی حکوومەتدارییان، بە چالاکیی ئەمنیەتی لەدژی خۆیان لێک دەدرێتەوە. ئەم سزایانە لە پێناسەگەلی وەک “محاربە” و “فساد فی الارض” خۆیا دەبن. لە ڕاستییدا لە وەها فەزایەکدا تاوانبارانی سیاسی (دژبەرانی حکوومەت بە هەر ئاست و ڕوانینێک) نەک هەر بە ئەمنیەتی دەکرێن، بەڵکوو بەهۆی ئەوەی‌کە سیستمی زاڵی حکوومەتی ئیدئۆلۆژییەکی مەزەبیی تایبەتە، وەک تاوانباری “ئەمنیەتی_بێدین” (هەرچەند لە دەقی دیاریکراوی یاسا هیچ ئاماژەیەکی پێ‌نەکراوە، بەڵام لە چۆنیەتیی هەڵسوکەوت و لێپرسینەوە و قۆناغەکانی گرتن و دادگە و سەلماندنی تاوان، ئەم پرسە لە لایەن کاربەدەستانی قەزایی بە ئاشکرا دەبینرێ)، دەژمێردرێن. چونکە دژایەتی دەگەڵ نەریتی جێ پەسەندی ئەم ئیدئۆلۆژییە، لە ڕوانگەی دادبەرەکانیان بەمانای شێواندنی تەناهی و ئاسایشی کۆمەڵگە و زەربەلێدان لە حکوومەتی ویلایەتی موتڵەقەی فەقیهە. ئەم کارە جیا لەوەی‌کە تاوانێکی ئەمنیەتییە بەڵکوو لە پێناسەی یاسای بنەڕەتیی ئێستای کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، دژایەتی دەگەڵ ئەو حکوومەتەیە کە خوا بەڵێنی داوە! هەر ئەمەیش وای‌کردوە کە دژایەتییەکان ئەگەر لە چوارچێوەیەکی بەرتەسک و بچووکیشدا بێ، تاکەکان دەکەونە داوی تاوانی گران و سزای قورس و ئەو دژایەتییەش دەگەڵ ئیدئۆلۆژی و بیروبۆچوونی ڕێژیمی حاکم بە واتای دژایەتی دەگەڵ خوا و جێگرەوەکانی لە قەڵەم دەدرێ. هەرچەندە لە فیقهی ئیسلامیی ئیمامییە، تاوانە سیاسییەکان وەک شەڕانشێو و گەندەڵ (بغی) باسی کراوە و لە ڕوانگەی زۆرێک لە تۆرەڤانان (فەقیهـ)، دەئەستۆ پەستانی “محاربە و افساد فی‌الارض” وەک تاوانباری سیاسی (نافەرمانی کردن “باغی”) هەڵەیە، بەڵام خوێنخۆرانی زەمان بەم دهۆ شەرعییە خۆیان لە پێناسەی ڕاست و دروستیی تاوانبارانی سیاسی دەدزنەوە و پێکگرتنی تاوانبارانی سیاسی لە چوارچێوەی سووچبارانی ئەمنیەتی و دەرکردنی بڕیاراتی قورسی شەرعی بە جۆرێک دەیانهەوێ لەمپەر بخەنە بەر هەنگاوی قایمی ئەو کەسانەی بە دوای مافی ڕەوا و سەرەکیی سیاسی و شارۆمەندیی خۆیانن. بە شرۆڤە و شیکاریی بڕیاراتی “محاربە”، بە هاسانی دەتوانین بڵێین کە بۆچی حکوومەت و دەسەڵاتی سیاسی هەوڵێکی ئەوتۆ نادەن بۆ نووسینی یاسای سیاسی هەتا پێش ساڵی ١٣٩٥. بەپێی بڕگەی ١٩٠ی یاسای سزای ئیسلامی چوارچێوە و ڕادەی “محاربە” و “فساد فی الارض” یەکێ لەم چوار حوکمانەیە: 1) کوشتن، 2) سێدارە، 3) سەرەتا پەڕاندنی دەستی ڕاست و دواتر دەستی چەپە، 4) شاربەدەر کردن، کە بۆ بەشی هەرە زۆری تاوانبارانی سیاسی (تاوانبارانی ئەمنیەتی لە ڕوانگەی حکوومەتەوە) ئەگەر حوکمی سێدارە یان هەمان ئێعدام دەرنەچوو، لەخۆگری ژمارە چوار واتە شاربەدەر کردن دەبێ. شاربەدەر کردن بە هۆی ئەوەی‌کە کاریگەرییەکی زۆری هەیە لە سەرجەم لایەنەکانی ژیانی بنەماڵەیی، کۆمەڵایەتی و سیاسیی تاکی تاوانبار، وەک بەکارهێنەرترین جۆری بڕیار و حوکم لە لایەن ناوەندە قەزاییەکان بۆ تاوانبارانی سیاسی دەژمێردرێ. لە سەردەمی تاراندن، دەبێ ئەو کەسە بە بەردەوامی خۆی بە بەرپرسانی دیاریکراو بناسێنێ و نابێ لەو ماوەیەدا کە ئەو حوکمەی بەسەردا سەپاوە ئەو شوێنە بەجێ بێڵێ. بە شێوەیەکی دیکە کەسی شاربەدەر لە چوارچێوەیەکی جوغرافیایی دیار، مەحکوومە بە مانەوە بۆ ماوەیەکی زەمەنیی دیاریکراو. لە لایەکی دیکەوە و دوورکەوتنەوەی تاک لە شار و خزم و کەس و کار و پیشە و کاسبیی خۆی، کاریگەریی نەرێنیی دەروونی بۆ خۆی و ئەندامانی بنەماڵەکەی ساز دەکا. هەمیسان بە سنووردار بوونی هاموشۆی تاراو و غەوارەبوونی بەو ژینگەیە، جۆرێک هەستی دەرکردن نەک هەر لەئالی حکومەتییەوە بەڵکوو لەلایەن کۆمەڵگە و هەنێک جار تەنانەت خزم و کەسیش، تاک بەسەر یەکدا دەڕووخێنێ. بە گوتەیەکی زۆر ساکار، قڕانگەیەک پڕ لە ڕەنج و جەزرەبە و ئازاری ڕەوانی و مادی بەسەریدا دەشکێتەوە و لەم کاتەدا کەسی تاوانبار (لە ڕوانگەی حکوومەت) بە جێگای دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەکی ڕاست بۆ ڕوونبوونەوەی مافەیلی کۆمەڵایەتی و سیاسی و بنەڕەتیی تاکی کۆمەڵگە، دەبێ دەگەڵ ئارێش و گرفتی بەرەنجامی تاراندن ململانێ بکا. لەو ڕەوشەدا، تاک بەتەواوەتی لە پێداویستییەکان و چالاکییەکانی گرینگی خۆی دوور دەکەوێتەوە و سزا دەدرێ. ئەمەش وا دەکا باقیی چالاکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەوەیان بچێتە مێشکی کە ئەوانیش چارەنووسێکی لەوە باشتریان نابێ، هەڵبەت ئەگەر حوکمی ئێعدامیان بەسەردا نەسەپێ، لە شاربەدەرکردن کە لایەنی چڕی تاراندنە، دەتوانن تاوانبار ڕەوانەی زیندان بکەن. هەموو ئەو هەڵسوکەوتانەی توندی یاسا بۆ تاوانبارانی سیاسی کە دەکەونە خانەی تاوانبارانی سیاسی و بە پێی بنەماکانی ئیسلامی سیاسی کە لەونی “محارب” و “افساد فی الارض” بەخۆوە دەگرن، دەستی ئەو ڕێژیمە نگریسە ئاوەڵا دەکا بۆ ئەوەی‌کە هەرچی پێی‌خۆش بێ بەسەریان بێنێ و بانگەشەی ئەمەش بکا کە لە بەندیخانەکاندا هیچ کەس بە تاوانی سیاسی زیندانی نەکراوە و تاقە یەک زیندانی سیاسییشمان نییە! بەڵام دوای تێپەڕینی 38 ساڵ لە تەمەنی پڕ لە نەگبەتیی ئەم دەسەڵاتە بەهەر شێوەیەک بێ، ساڵی 1395ـی هەتاوی لەبەر کەمکردنەوەی گوشارە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان، تاوانە سیاسییەکانی بە فەرمی ناسیوە و یاسایەکی لە شەش بڕگە بۆ پەسەند کردوە. بە هەڵسەنگاندنی ئەم خاڵە یاساییانە بە ڕوونی دەردەکەوێ کە پەسەندکردنی تەنیا لایەنی ڕواڵەتی هەیە، چونکە نەبوونی هیچ ڕەشنووسێک لە پێناسە و ناساندنی تاوانە سیاسییەکان و سپاردنی هەڵسەنگاندنی ئەو لە ئەستۆی دادسەرا یان دادگەیەک کە فایلەکەی تێدا وەگەڕ خراوە، دەستی دادوەر و کاربەدەستانی داد ئاوەڵا دەکاتەوە هەتا بە سانایی تاوانبارانی سیاسی بخەنە نێو بەندی سووچبارانی ئەمنیەتی و دادگاییان بکەن، کەسی سیاسی مافی بوونی پارێزەری نییە و دادگایی کردنەکەشی بە بەشداریی دەستەی یاریدەدەر بەڕێوە ناچێ. دەبێ ئەم خاڵەمان لەبەر چاو بێ کە ئەم پێناسە لێڵە لە یاسای پەسەندکراو لەو تاوانانە ئەم جۆرە باس کراوە کە، تاوانبار دەبێ بە مەبەستی چاکسازیی کاروباری سیاسی و بە ئاقاری یارمەتی دان بە بەرژەوەندییەکانی سیاسی وڵات وەها تاوانێکی کردبێ، جگە لەمە تشتێکی دی بەدەر لە تاوانی محاربە و افساد فی الارض (تاوانگەلی سیاسی) و سزاگەلی سێدارە و شاربەدەر کردن (لە سزا شەرعییەکانی سووچباری ئەمنیەتی) چاوەڕێیان ناکا. ***