کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تایبەتمەندییەکانی کۆماری لە ڕێژیمی سیاسیی ئێراندا

05:48 - 1 بانەمەڕ 2720

ڕێژیمی سیاسیی ئێران لە نێوان ئۆتۆریتاریزم‌ و تۆتالیتاریزمدا (تایبەتمەندییەکانی کۆماری لە ڕێژیمی سیاسیی ئێراندا) (٢٢_٢)   "هیچ شتێک لەو کۆماره بەهێزتر نییە کە لەودا، یاسا ڕێزی لێ دەگیرێ، نەک بەهۆی ترسەوە، نەک بەهۆی مەنتقەوە، بەڵکوو بە شێوەی ئارەزوومەندانە." مۆنتێسکیۆ   کۆمار ‌وەکوو جۆرێک لە ڕێژیم پێناسە دەکرێ کە لەودا، دەسەڵاتی سیاسی یان دامەزراوە حکوومەتییەکان وەکوو “شتی گشتی” ئەژمار دەکرێن کە خەڵک خاوەنیانە. لە چوارچێوەی کۆماردا، “دەسەڵات بە ناوی هەموو کۆمەڵگەی سیاسییەوە جێبەجێ دەکرێ”. بە پێی ئەو پێناسەیە، کۆمار خۆی لە جۆرەکانی‌ دیکەی ڕێژیمە سیاسییەکان وەکوو پاشایەتی، ئەریستۆکراسی، ئۆتۆکراسی‌ و هتد. جیا دەکاتەوە. یەکێک لە توخمە گرنگەکانی کۆمار، بەشداریی ئازادانەی هاووڵاتییانە لە دەسەڵاتی سیاسییدا، ڕاستەوخۆ لە لایەن خۆیانەوە، یان ناڕاستەوخۆ لە ڕێگەی هەڵبژاردنی نوێنەرەکانیانەوە. هەرچەندە، کۆمار‌ و دێموکراسی لە زمانی ئاساییدا وەکوو دوو چەمکی لێک نیزیک‌ و زۆر جار لە جێگەی یەکتر کەلکیان لێ وەردەگیرێ، بەڵام بەشداریی خەڵک لە دەسەڵات هەمیشە بە واتای سەروەریی خەڵک نییە، چونکە هەندێک کۆمار هەن کە دێموکراتیک نین ‌و هەندێک سیستمی ناکۆماری هەن کە دێموکراتیکن. چونکە ئەگەر دێموکراسی بە پێوەر بگیرێ، ڕێژیمەکان دابەش دەبن بەسەر دێموکراتیک ‌و نادێموکراتیکدا. چەمکی کۆمار کەلکی جۆراوجۆری لێ وەردەگیرێ، وەکوو “کۆماری دێموکراتیک”، “کۆماری گەلی”، “کۆماری مەسیحی”‌و “کۆماری ئیسلامی”. بابەتێکی گرینگی دیکە کە شیاوی باسە، پرەنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانە. بە پێی ئەو پرەنسیپە، حکوومەت بەسەر چەندین دەسەڵاتدا دابەش دەبێ کە لەودا “هەرکام لە دەسەڵاتەکان لە پێوەندی لەگەڵ دەسەڵاتەکانی دیکەدا سەربەخۆن”، ئەوەش بە مەبەستی دوورکەوتنەوە لە زۆرداری، چونکە جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان جۆرێک لە هاوسەنگی لە نێوانیاندا دروست دەکا و هەرکامیان لەبەرامبەر دەستێوەردانی ئەوانیتردا دەپارێزێ‌ و ناهێڵێ هەموو هێز و دەسەڵاتەکان لە دستی یەکێکیاندا کۆ ببێتەوە. جان لاک (١٦٣٢-١٧٠٤) ‌و مۆنتێسکیۆ (١٦٨٩-١٧٥٥) دوو لەو بیرمەندە سیاسییانەن کە پەرەیان بە پرەنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان داوە. بۆ مۆنتێسکیۆ کۆمار دوو شێوەی هەیە: کۆماری ئەریستۆکراتیک کە لەودا هێزی سەروەری هیی بەشێک لە خەڵکە‌ و کۆماری دێمۆکراتیک کە لەودا سەروەری هیی تەواوی خەڵکە. مۆنتێسکیۆ پێی‌وایە کە باشترین ڕێژیمی سیاسی، ئەو ڕێژیمە سیاسییەیە کە لەودا دەسەڵاتەکان جیا کرابنەوە و جیاکردنەوەکەش لەسەر بنەمای یاسا بێ کە ڕێگر بێ لەوەی حکوومەت بە مەیلی خۆی هەڵسوکەوت بکا. هەر بۆیە ئەو لەسەر ئەو بڕوایەیە کە ڕێژیمی پاشایەتییش دەتوانێ باشترین سیستم بێ، ئەگەر دەسەڵاتەکانی پاشا چوارچێوەدار بن ‌و لەگەڵ دامەزراوەکانی‌ دیکە بەش بکرێن. مۆنتێسکیۆ دەسەڵاتەکان بەو شێوەیە لێک جیا دەکاتەوە: دەسەڵاتی یاسادانان، دەسەڵاتی بەڕێوەبردن‌ و دەسەڵاتی دادوەری. ئەرکی دەسەڵاتەکانی بەڕێوەبردن‌ و دادوەری دەبێ کورت بکرێتەوە بۆ جێبەجێکردنی یاسا. تێکەڵ نەکردنی هیچکام لە دەسەڵاتەکان لەگەڵ یەکتر ‌و دابەشکردنی دەسەڵاتی یاسادانان بە سەر دوو دامەزراوەدا (وەکوو مەجلیس ‌و سێنا)، دوو لەو پرەنسیپانەن کە بۆ مۆنتێسکیۆ گرنگن. لە دوای شۆڕشی ١٣٥٧ـەوە، ڕێژیمی سیاسیی ئێران لە نێو دەستووری بنەڕەتیی وڵاتدا وەکوو “کۆماری ئیسلامیی ئێران” پێناسە کراوە، کۆمارێک کە ئیلهامی لە کۆماری پێنجەمی فەڕانسە وەرگرتوە، بەڵام بە ڕێسا مەزهەبییەکان چوارچێوەدار کراوە. شۆڕشی ١٣٥٧ کۆتایی مێژوویەکی دوور و درێژی ڕێژیمی پاشایەتی لە ئێران بوو. ئەو شۆڕشە بە مەبەستی ڕووخاندنی ڕێژیمی پاشایەتی‌ و دامەزراندنی دەسەڵاتێکی خەڵکیی هاتە کایەوە، چونکە شای ئێران ڕەوایی لە نێو کۆمەڵگەدا لەدەست دابوو، ئەوەش بە هۆی ئەو ڕێفۆرم ‌و گۆڕانکارییانەی شا بوو کە ‌وەکوو “بە ڕۆژئاوا کراو” ‌و سەرمایەداری ناسرابوون، ئەوەش لە کۆمەڵگەیەکی نەریتی ‌و لەژێر کاریگەریی ئایدییاکانی “چەپی ئیسلامی”‌ و دژە ئیمپێریالیستیی سەردەمی شەڕی سارد بوو. لە نێو تەواوی بزووتنەوە و گرووپە سیاسییە جیاوازەکانی بەشدار لە شۆڕش، تەنیا مەزهەبییەکان بوون کە بەرهەمی شۆڕشیان هەڵگرتەوە. دوای بە ئەنجام گەیشتنی شۆڕش، هەوڵدانێکی زۆر لە لایەن هەندێک حیزب ‌و لایەنی چەپ‌ و ڕاستەوە هەبوو بۆ ئەوەی کۆمارێکی نائیسلامی دابمەزرێ، بەڵام مەزهەبییەکان کێشە و دووبەرەکیی نێوان ئەو لایەنانەیان قۆستەوە بۆ ئەوەی خەڵکی ئێران لە دەوری خۆیان تەیار بکەن‌ و مۆدێلی خۆیان واتە کۆماری ئیسلامییان بە سەردا بسەپێنن. بە پێی دەستووری بنەڕەتیی ئێران، کۆماری ئیسلامی لە دوو دەسەڵاتی بنەڕەتی  پێک هاتوە، دەسەڵاتێکی خەڵکی‌ و دەسەڵاتێکی ئایینی. هەر سێ دەسەڵاتی یاسادانان، جێبەجێ‌کردن‌ و دادوەری بەڕواڵەت لێک جیا کراونەتەوە، بەڵام بە کردەوە، لەژێر کۆنترۆڵی دەسەڵاتی ئایینی‌دان. وەلی فەقیهـ کە نوێنەرایەتیی دەسەڵاتی ئایینی دەکا، دەسەڵاتێکی بێ‌سنووری پێ‌دراوە‌ و دەستێوەردان لە هەموو دامەزراوەیەکی دەوڵەتی‌ و نادەوڵەتییدا دەکا.   کۆماری ئیسلامی کۆماری ئیسلامی چەند مانگێک دوای شۆڕشی 1357 و دوای ڕووخانی دەسەڵاتی بنەماڵەی پەهلەوی دامەزرا. نووسینەوە و جێگیر کردنی دەستووری کۆماری ئیسلامی، بە هەندێک قۆناغی پڕ لە شەڕ و کێشە لە نێوان گرووپە مەزهەبییەکان ‌و گرووپە نامەزهەبییەکاندا تێپەڕیوە. لایەنێکیان بۆ دامەزراندنی کۆمارێکی ئیسلامی ‌و لایەنەکەی دیکەیان بۆ دامەزراندنی کۆمارێکی نائیسلامی. بەڵام لە کۆتاییدا، مەزهەبییەکان سەرکەوتن. لە ساڵی 1368ـدا، بە هۆی کێشەی نێوان دامەزراوەکانی کۆماری ئیسلامی، دەستووری بنەڕەتی گۆڕانکاریی تێدا کرا. گۆڕانکارییەک کە دەسەڵاتەکانی وەلی فەقیهی هێندەی دیکە زیاد کرد و دەسەڵاتی تەواوی پێ‌بەخشی.   لە پاشایەتییەوە بۆ کۆمار “تیێری کۆڤیل” پێی ‌وایە، بەر لە شۆڕشی 1357، دوو جاری دیکە لە ئێران شۆڕش ڕووی داوە: یەکەمیان، لە ساڵی ١٩٠٦ (1285ـی هەتاوی) لە سەردەمی موزەفەرەددین شای قاجاردا، کاتێک ئێران (وڵاتی فارس) بۆ یەکەم جار بوو بە خاوەن دەستوورێکی بنەڕەتی. دووهەمیان، لە ساڵی ١٩٥١ (ڕەشەمەی 1329ی هەتاوی)ـدا، کاتێک بۆ یەکەم جار پیشەسازیی نەوتی ئێران لەلایەن محەممەد موسەدیق، سەرۆک‌وەزیرانی ئەو کاتی ئێرانەوە بەنەتەوەیی کرا. موسەدیق بۆ یەکەم جار کۆمپانییەکی نەوتی بە ئەسڵ داگیرکەری (کۆمپانی نەوتی بریتانیا) لە وڵاتێکی جیهانی سێهەمدا بە نەتەوەیی کرد. هەموو جار کە شۆڕشێک لە ئێران ڕووی داوە، بەرەو دەسەڵاتێکی نادێموکرات‌ و ڕێژیمێکی سەرکوتکەر گەڕاوەتەوە. شۆڕشی ١٩٠٦، کێشەی نێوخۆیی ‌و دەستێوەردانی دەرەکی بەدوای خۆیدا هێنا کە بووە هۆی بە دەسەڵات گەیشتنی بنەماڵەی پەهلەوی لە ساڵی 1304ی هەتاوییدا. لە ماوەی شەڕی دووهەمی جیهانی لە ساڵی ١٩٤١ـدا، هەر ‌وەکوو لە ماوەی شەڕی یەکەمی جیهانییدا، ئێران بێ‌لایەنیی خۆی بە نیسبەت هەردوو بەرەی شەڕ ڕاگەیاند، بەڵام هێرشی ڕووسەکان ‌و بریتانییەکان بە مەبەستی کۆنترۆڵ کردنی پیشەسازیی نەوت لەدژی بەرژەوەندییەکانی ئاڵمان، بوو بە هۆی ئەوەی ئێران لە نێوان ئەو دوو زلهێزەدا دابەش بێ. ڕەزا پەهلەوی، شای ئێران لەژێر گوشاری بریتانییەکان، دەسەڵاتی ڕادەستی کوڕەکەی، محەممەدڕەزا پەهلەوی کرد. لە ساڵی 1329ـدا، سەرۆکوەزیران محەممەد موسەدیق توانی بە دەنگی زۆرینەی پارلمان، نەوتی ئێران بە نەتەوەیی بکا. بەڵام ‌وەکوو ساڵی 1304، کێشەی نێوخۆیی‌ و دەستێوەردانی دەرەکی وای کرد کە دەسەڵاتێکی ئۆتۆریتەر دووبارە دابمەزرێتەوە. ساڵی 1332، محەممەدڕەزا شا هەوڵ دەدا حکوومەتی موسەدیق هەڵ‌بوەشێنێتەوە، بەڵام هەوڵەکەی شکست دێنێ ‌و ناچار دەبێ خۆی وڵات جێ بهێڵێ. لە هەمان ساڵدا بەهۆی کودەتایەک کە لەلایەن بریتانیا لەدژی موسەدیق ڕێک خرابوو، شا دەگەڕێتەوە سەر دەسەڵات ‌و دەست بە هەندێک ڕێفۆرم ‌و گۆڕانکاریی دەکا. دابەشکردنی زەوی‌ و زاری خاوەن زەوییە گەورەکان‌ و مافی دەنگدانی ژنان، دوو لەو گۆڕانکارییە بنەڕەتییانەن کە لە لایەن شاوە بەڕێوە چوون. گۆڕانکارییەکی گرنگی دیکە، “سووڕانەوە بەرەوە لائیک‌بوون” بوو بە مەبەستی گۆڕینی کولتووری ئیسلامی‌ و جێگیرکردنی کولتووری پێش ئیسلام لە نێو کۆمەڵگەدا. ئەو ڕێ‌وشوێنە لائیکییانە بوونە هۆی تووڕەبوونی مەرجەع ‌و کەسایەتییە ئایینییەکان، کە لایەن ڕوحوڵڵا خومەینییەوە ڕێبەرایەتی دەکران. ساڵی 1342، خومەینی ئێرانی جێ‌هێشت ‌و ڕووی کردە عێراق ‌و دواتر فەڕانسە. ساڵی 1354، محەممەدڕەزا شا حیزبێکی بەناوی “رستاخیز” (هەستانەوە) بە مەبەستی بەهێزکردنی دەسەڵاتی خۆی دامەزراند، بەڵام شا ئیتر پشتیوانیی بەشێکی زۆری کۆمەڵگەی ئیرانی نەمابوو. لە کۆتایی ساڵەکانی 1349دا، خومەینی لە تاراوگەوە بوو بە ڕێبەری ئۆپۆزیسیۆنی دژە پاشایەتی. خۆپێشاندان‌ و گرژییەکان لە دژی ڕێژیمی پاشایەتی بە رۆیشتنی محەممەدڕەزا شا لە 26ـی بەفرانباری 1357 کۆتایی پێهات. خومەینی لە 12ی ڕێبەندانی 1357 گەڕایەوە ئێران‌ و لە 22ی ڕێبەندان کۆتایی ڕێژیمی پاشایەتیی ڕاگەیاند. دوو فاکتەری سیاسی ‌و کۆمەڵایەتی هۆکاری سەرەکیی ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتین: فاکتەری یەکەم، ئۆتۆریتاریزمی شایە، چونکە لە لایەک، شا هەوڵی دەدا بە شێوە‌یەکی زۆرەملێیانە ئێران مۆدێرنیزە بکا و بە گوشار‌ و سەرکوت کۆمەڵگە ناچار بکا گوێڕایەڵی بڕیارەکانی ئەو بن. ئەو شێوە لە مۆدێرنیزە کە لە لایەن کۆمەڵگەی نەریتی‌ و مەزهەبیی ئێرانەوە ڕەت کرایەوە، شای ناچار کرد زیاتر لە جاران پەنا بۆ سەرکوتی ناڕازییان بەرێ. لە لایەکی‌ دیکە، نزیکایەتیی شا لە ڕۆژئاوا، دژایەتیی ناسیۆنالیستەکان، ئیسلامییەکان ‌و چەپەکانی لێ‌کەوتەوە. ئەوەش وای کرد شا پلە بە پلە ڕەوایی خۆی لەدەست بدا. فاکتەری دووهەم، دەرکەوتنی خێرای پڕۆلیتاریای دوای شەڕی دووهەمی جیهانی لە ئێران بوو، چونکە ئێران ئەو کاتە بە‌شاریبوونێکی خێرای بە خۆیەوە دەبینی (گەورە بوونی شارەکان بە هۆی هاتنی خەڵکی دێهاتەکان بەرەو شار بۆ کارکردن لە کارگە و کارخانەکان). دەرکەوتنی پڕۆلیتاریای بەئەسڵ دێهاتی ناسازگار بوو لەگەڵ ئەو مۆدێرنیزە، شا دەیسەپاند بەسەر کۆمەڵگەی ئێراندا. ئەو پڕۆلیتاریایە زیاتر بە گوتاری مەلاکان هەستیار بوو تا بە گوتاری مارکسیستەکان، هەر بۆیەش پشتیوانیی لە خومەینی دەکرد. شۆڕشی 1357، نە لە ئەنجامی جووڵانەوەیەکی بە ئیسلامیکردنی کۆمەڵگە هاتە کایەوە، نە کۆڕایی ‌و هاوڕایی‌یەک بوو لە دەوری پرۆژەی خومەینی. لەو سەردەمەدا کۆمەڵگەی ئێران دژکردەوەی بەو شێوە لە سێکۆلاریزە‌ ‌و مۆدێرنیزەی ئێران لە لایەن شاوە نیشان دا (بۆ نموونە، قەدەغە کردنی سەرپۆشی ژنان ‌و دەستێوەردانی وڵاتانی زلهێز، بوو بەهۆی بەرگریی کۆمەڵگە لە بەرامبەر شادا.). لە ساڵەکانی 1349دا هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیمی پاشایەتی وەکوو ئیسلامییەکان، ناسیۆنالیستەکان، چەپەکان ‌و چەندین گرووپی دیکە بەردەوام ڕوویان لە زیادبوون دەکرد و خۆیان لەدژی شا تەیار دەکرد. یەکەم بەشداریی بەهێزی مەزهەبییەکان لە خۆپیشاندانەکاندا، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1356، کاتێک خوێندکارانی خوێندنگەی ئایینیی شاری قوم لەدژی وتارێکی یەکێک لە ڕۆژنامەکان کە پێیان‌وابوو سووکایەتیی بە خومەینی ‌و مەزهەبییەکان کردوە، هاتنە سەر شەقام. دوای ئەوە، جووڵانەوەکانی دژی شا، لە ڕێکخستنەوە بوون بە جەماوەری، چونکە مەزهەبییەکان لەگەڵ نامەزهەبی ‌و سێکۆلارەکان چوونە بەرەیەکەوە. هەندێک لە حیزب‌ و گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆنی دژی شا، بۆ تەیارکردنی هەرچی زیاتری کۆمەڵگە دەستەوداوێنی مەزهەبییەکان بوون، بەڵام لە کۆتاییدا، مەزهەبییەکان بەرهەمی شۆڕشیان هەڵگرتەوە. خومەینی لە ماوەی مانەوەی لە پاریس، هەوڵی دەدا لە لایەک، ئۆپۆزیسیۆنی دژی شا ڕازی بکا و لەگەڵیان ڕێک بکەوێ ‌و لە لایەکی دیکە، هەوڵی دەدا لە ڕێگای کاریگەری خستنە سەر میدیاکانەوە، وێنەیەکی باش لە خۆی ‌و مەزهەبییەکان پیشانی وڵاتانی جیهان بدا و خۆی وەکوو کەسێکی پێشکەوتنخواز لەدژی ڕێژیمێکی ئۆتۆریتێر بناسێنێ. خومەینی لە بەرامبەر میدیاکاندا بەڵێنی بە هەموو لایەک دەدا کە کەسێکی ئازادیخوازە و هەوڵ دەدا دێموکراسی‌ و مافەکانی مرۆڤ بۆ خەڵکی ئێران بهێنێتە دی. ئەو بڕوای بە گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن هێنابوو کە وەکوو کەسایەتییەکی ئایینی، جگە لە تەیارکردنی خەڵک بۆ ڕووخاندنی ڕێژیمی پاشایەتی هیچ ڕۆڵێکی دیکەی نییە ‌و لە داهاتووشدا بە تەمای گەیشتن بە دەسەڵات نییە. هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی دوای سەرکەوتنی شۆڕشەوە، مەزهەبییەکان خۆیان بەسەر مەیدانی سیاسەتدا دەسەپێنن. خومەینی بە کەلکوەرگرتن لەو ڕەواییەی کە حیزب‌ و گرووپەکانی دیکە لە ماوەی شۆڕشدا پێیان بەخشیبوو، بوو بە ڕێبەری سیاسی ‌و ئایینی. دوو حەوتوو دوای سەرکەوتنی شۆڕش، خومەینی حیزبێک بە ناوی “حیزبی کۆماری ئیسلامی” دادەمەزرێنێ ‌و بەر لە نووسینەوەی دەستوور، ڕێفراندۆمێک لە ١٠ و ١١ی خاکەلێوەی ١٣٥٨ـیدا ڕێک دەخا و دوو بژاردەی “بەڵێ ‌و نەخێر بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران” دەخرێتە بەر دەم خەڵکی ئێران، بەبێ ئەوەی هیچ زانیارییەک لەسەر دەستووری نوێی ئێران بە خەڵک بدرێ. مەزهەبییەکان وایان بڕوا بە خەڵک هێنابوو کە بژاردەی “نەخێر” لە ڕێفراندۆمدا، واتە گەڕانەوە بۆ ڕێژیمی پاشایەتی. هەر بۆیە لەگەڵ ئەوەشدا کە چەندین حیزب‌ و لایەن داوایان کرد کە ڕێفراندۆم بایکۆت بکرێ، بەڵام ترساندنی خەڵک لە گەڕانەوە بۆ ڕێژیمی پاشایەتی وای کرد کە بەبێ ئەوەی بزانن نێوەرۆکی کۆماری ئیسلامی لە داهاتوودا چلۆن دەبێ، دەنگی پێ بدەن‌ و لە ئەنجامدا ڕاگەیەندرا کە سەتا ٩٨ــی بەشداران لە ڕێفڕاندۆمەکە دەنگی “بەڵێ”ـیان بە کۆماری ئیسلامی داوە.