کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەتاڵایی ئەرک‌وەخۆگری لە حکوومەتی سەرکو‌تدا

05:59 - 1 بانەمەڕ 2720

دەوڵەت بەرزترین نوێنگەی هێز و دەسەڵاتە لە هەر وڵاتێکدا. لە گشتیترین پێناسەدا «دەوڵەت پێکهاتەی هێزێکە کە لە چوارچێوەی جوغرافیایی دیاریکراودا بەسەر خاک و خەڵک و دانیشتووانەکەیدا دەسەڵاتی جێگیری هەیە و ئەرکەکەی پاراستنی ئەمنیەت و نەزمی کۆمەڵگە و بەرژەوەندیی خەڵک و هاووڵاتییانە لە مەترسییە دەرەکییەکان». هاوتەریب لەگەڵ هێز و دەسەڵاتی دەوڵەت، لایەنێکی سەرەکیی بەرژەوەندیی خەڵکیش کە لەو پێناسە گشتییەدا هاتوە، بریتییە لە ئەرک و خزمەتەکانی دەوڵەت بە تایبەت لە بواری ئابووری، ژیان و بژیو و سڵامەتیی خەڵکدا. ئەوە ئەرکی هەر دەوڵەتێکە بە مەبەستی داهاتی زیاتری نیشتمانی و وەبەرهێنانی نێوخۆیی بیر لە گەشەی ئابووریی وڵات بکاتەوە و خەمی لێ بخوا. هەروەها پلان بۆ سەقامگیریی ئابووری بە مەبەستی ڕاگرتنی نرخەکان و پێشگرتن بە هەڵاوسان داڕێژێ و لە تەنیشت ئەوانەشدا بەرنامەی بەڕێ‌وجێی بۆ کارخولقێنی و نەهێشتنی بێکاری و بردنەسەرێی توانای کڕینی خەڵک هەبێ. لە کاتی قەیرانە سروشتی و پێشهاتە چاوەڕوانکراوەکانیشدا بەهۆی ئەوەی بەشی هەرە زۆری ئیمکاناتی مادی و لۆجستیکیی کۆمەڵگە لە پاوانی دەوڵەت‌دایە، چاوەکان هەموو لەسەر ئەرک‌وەخۆگریی دەوڵەت کۆ دەبێتەوە. ئێستا پرسیار ئەمەیە لە ئێران، دەوڵەت هەر لە چوارچێوەی هێز و دەسەڵاتێکدا پێناسە دەکرێ یان ئەرک و بەرپرسایەتییەکیش بۆ خۆی دادەنێ؟ ئەدی خەڵک (وەک هاووڵاتی لە بەرامبەر دەوڵەت) بەو مافانەی خۆیان دەزانن کە نەک هەر چاوەڕوانیی جێبەجێبوونیان لە دەوڵەت هەبێ، بەڵکوو دەسەڵات ناچار بە جێبەجێکردنیان بکەن؟ لێرەدا تایبەت، مەبەست مافەکانی خەڵک و ئەرکی دەوڵەت لە هەلومەرجێکی نەخوازراوی وەک بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنادایە. لە هەموو ماوەی تەمەنی کۆماری ئیسلامییدا سیاسەتەکانی حکوومەت نەک لە پێناو بەرژەوەندیی خەڵک، بەڵکوو تەنیا  لەسەر تەوەری هێزمەندی و درێژکردنەوەی تەمەنی خۆیان بووە، ئەو ئامانجەش کە ناتەبا لەگەڵ نەزمیجیهانی و نەحاوانەوە لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بووە، وای‌کردوە کە لە کاتی سەرهەڵدانی بەڵایەکی وەک کۆرۆنادا حکوومەت کە پێشتریش چەندین ئەزموونی ناسەرکەوتووی لە مودیریەتی قەیرانە سروشتییەکانی وەک بوومەلەزرە و لافاوەکاندا هەبوو؛ نەیتوانیبێ لانی‌کەمی ئیمکاناتی پزشکی و دەرمانی بۆ پاراستنی گیانی خەڵک دەستەبەر کردبێ. هەروەها ئەم سیاسەتە چەوتە وای‌کردوە کە وڵاتی دەوڵەمەندی ئێران بە پاشخانی سەرچاوە سروشتی و ژێرزەوییەکان هێندە هەژار و ئاتاج ببێ کە ئێستا چاولەدەستی وڵاتانی دی و قەزرکردن لە سندووقی نێودەوڵەتیی دراو بێ. وەک باس کرا مافی سڵامەتی، یەکێک لە مافە بنەڕەتییەکانی هاووڵاتی و دابینکردنی ئەو مافە یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی دەوڵەت و دەسەڵاتی سیاسییشە. بەڵام چونکی لە ئێران بەرژەوەندیی خەڵک و دەسەڵاتی سیاسی لە یەک خانەدا جێ ‌ناگرن، بینیمان کە حکوومەت بە بەسیاسی ‌کردنی کۆرۆنا و شێوەی بیرکردنەوەیان، یارمەتیی ڕێکخراوی پزشکانی بێ‌سنوور و، هەروەها داوای یارمەتیی ئەمریکا و چەند وڵاتێکی دیکەی ڕەت کردەوە؛ لە حاڵێکدا ئەو یارمەتییانە دەیانتوانی گیانی سەدان کەس لەوانەی بە هۆی ئەم نەخۆشییە گیانیان لەدەست داوە لە مردن ڕزگار بکا. یان لە کاتی وادا وڵاتانی دژبەر هەوڵ دەدەن ئاستی گرژی و ئاڵۆزیی پێوەندییەکانیان دابەزێنن، بەڵام کۆماری ئیسلامیی ئێران بەجێی قۆستنەوەی ئەم هەلە بۆ ئاسایی‌کردنەوەی پێوەندییەکانی، بە جموجۆڵی گوماناویی هێزەکانی سپای پاسداران لە نیزیک ناوگانی ئەمریکا لە ئاوەکانی کەنداو هەوڵی ورووژاندنیان دەدەن! ئێستا کە چەند مانگێک بەسەر بڵاوبوونەوەی کۆرۆنادا تێ‌دەپەڕێ، پرسیارە کە دەوڵەتان چییان بۆ خەڵکی وڵاتەکانیان کردوە و ئێران چۆن لەو تاقیکارییە هاتۆتە دەری؟ وڵاتانی دەوڵەمەند کۆمەڵێک ڕێکاریان بۆ بەزاندنی کۆرۆنا گرتە بەر، وەک تەرخانکردنی دراو بۆ ڕێگری لە هەرەسهێنانی کەرتی وەبەرهێنان، کەمکردنەوەی بەهرە و قازانجی بانکەکان و یارمەتی دانی کاروکاسبییە بچووکەکان؛ هەروەها دەسگرتنی ئەو کەسانەی بە هۆی ئەو قەیرانەوە سەرچاوەی داهاتیان لەدەست داوە. بۆ نموونە ئەمریکا وەک زلهێزترین وڵاتی دنیا دوو تریلیۆن دۆلاری بەبەر ئابووریی وڵاتدا کردوە و دووسەد میلیارد دۆلاریش پارەی نەغد بە پێی سەری خێزان دەخاتە حسێبی بانکیی خەڵکەوە. هەروەها بانکەکانیش بۆ ئەوەی کار و کاسبیی خەڵک ڕانەگیرێ، هەموو قازانجەکانیان لە پێدانی قەرز گەیاندۆتە ڕادەی سفر. دەوڵەتی ژاپۆن پڕۆژەی پێدانی قەرزی بەبێ قازانجی بۆ ماوەی ساڵێک خستوەتە بەردەم خەڵک. بریتانیا ٤٠٠ میلیارد دۆلاری بۆ پشتیوانی لە کار و پڕۆژە بچووکە ئابوورییەکان تەرخان کردوە، لە تەنیشت ئەوەش بۆ سێ مانگ دانەوەی قەرزی بانکەکانی دوا خستوە و باج و پیتاکی لەسەر زۆرێک لە خزمەتگوزارییەکان هەڵگرتوە. یەکیەتیی ئورووپاش ٢٠٠ میلیارد یۆرۆی وەک یارمەتیی بێ‌بەرامبەر بۆ خەڵکی وڵاتانی ئەم کۆنسێپتە لە بەرچاو گرتوە. ئیتالیا کە زۆرترین خەساری ئینسانیی کۆرۆنای بەرکەوتوە و لە بارودۆخی قەرەنتینەی تەواودایە، ٤٥ میلیارد دۆلاری بۆ پشتیوانی لە فەرمانبەرانی حکوومەت و کۆمپانیا و کەرتی وەبەرهێنان تەرخان کردوە. هەروەها بڕە پارەیەکی زۆری بۆ بەشی بێهداشت و دەرمانی وڵاتەکەی تەرخان کردوە و وێڕای زیادکردنی یارمەتییەکانی قۆناغی بێکاری، هەموو باج و ماڵیات و دانەوەی قەرزە بانکییەکانی ڕاگرتوە. بەگشتی هەموو دەوڵەتان بە پێی توانا و زەرفییەتی خۆیان هەوڵیان ‌داوە ئەو بارگرانییە لەسەر شانی خەڵک سووک بکەن و لەم قەیرانە خۆ قوتار بکەن، چ بە یارمەتیی کەرتی وەبەرهێنان، چ بە یارمەتیی نەغدیی ڕاستەوخۆی خەڵک، بەخشینی ماڵیات؛ یان هەڵگرتنی قەرز و قازانجی بانکی و ڕێگەی جۆراوجۆری دی. بەڵام لە ئێران هەتا ئێستا خەسار و زیانەکان نەک بەرەوڕووی دەوڵەت، بەڵکوو تەنیا لەسەر شانی خەڵک بووە. لە ئێران دەوڵەت نە تاقە تمەنێکی یارمەتیی کەرتی وەبەرهێنان کردوە، نە قازانجی بانکەکان کەمی کردوە، نە یارمەتیی نەغدیی خەڵک کراوە، نە باج و ماڵیات و دانەوەی قەرزەکان ڕاگیراوە، نە تەنانەت دانەوەی قەبزی برق و گاز و ئاوی هاووڵاتی دواخراوە. لە حاڵێکدا هەر بۆ نموونە جەک دۆرسی، خاوەنی کۆمپانیای تویتێر یەک میلیارد دۆلار (یەک لە چواری هەموو سەرمایەی خۆی)ـی بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ کۆرۆنا تەرخان دەکا و دەیداتە وڵاتان، خامنەیی نەک ئامادە نەبووە دەست بۆ تاقە تمەنێک لەو پتر لە ١٠٠ میلیارد دۆلارەی لە خەڵکی ئێرانی بەتاڵان بردوە ببا، یان کەمێک سەری کیسەی بنیاتە ماڵییەکانی سەربە خۆی شل بکا کە بارن بەسەر شانی خەڵکەوە؛ تازە دوای ١١ ڕۆژ درەنگ خستن ئامادە بوو یەک میلیارد یۆرۆ لە “سندووقی پەرەپێدانی نیشتمانی” بدرێتە دەوڵەت کە ئەویش ڕوون نییە بەبیانووی بەربەرەکانی لەگەڵ کۆرۆنا خەرجی چی دەکرێ؟ لە ئێران حکوومەت نەک هیچ هاوکارییەکی خەڵکی نەکردوە، بگرە کۆسپی لە بەردەم هەوڵی ڕێکخراوە مەدەنییەکان و کەمپەینەکانی بەهاناوە چوونی خەڵکی هەژاریش دروست کردوە. هاوکات گەندەڵییەکان درێژەیان بووە و چەند ڕۆژ پێش لە ئێستا بوو کە لەقاودرا بڕی ٤ میلیارد و ٨٠٠ میلیۆن دۆلار دراوی دەوڵەتی کە بۆ هاوردەی کاڵا و شمەک بە کەسانی حەقیقی و لایەنە حقووقییەکان درابوو، هیچ شتێکی پێ نەکڕدراوە و لەو بارودۆخەدا کە دەکرا دەردێک لە خەڵکی سووک بکا حەپەلووش کراوە! سەر باری ئەوەش کۆماری ئیسلامی هەتا ئێستاش هەوڵ دەدا بیزنس بەو بارودۆخەوە بکا و بە بیانووی کۆرۆنا و کردنە قەڵغانی خەڵک گوشاری گەمارۆکان لەسەر خۆی لابدا و داوای ٥ میلیارد دۆلار قەرزیش لە سندووقی نێودەوڵەتیی دراو دەکا کە تا ئێستا بە هۆی بێ‌متمانەیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێگرییەکانی ئەمریکاوە هەوڵەکانی بێ‌ئاکام بوون. کۆرۆنا و لێکەوتەکانی ئەو ڕاستییەی دەرخستەوە کە پێکهاتەی دەسەڵات و بەڕێوەبەری لە ئێران پێویستیی بە گۆڕانکاریی بنەڕەتییە، گۆڕانکارییەک لە لە قۆناغی دواکۆرۆنادا تەنیا بە تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی وەک حکوومەتی سەرکوت دێتە دی.