کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یادی یاران

06:02 - 1 بانەمەڕ 2720

پارچە گۆشتێکە دڵی من ڕوو نییە نـــاڵە نــــاڵی من درەنگە زوو نیــــــیــــــــــــە هێمن زۆر زوو ناڵاندی بەڵام خۆی پێی درەنگ بوو، لە ڕاستییشدا درەنگ بوو بۆ نەتەوەیەک کە داوای مافی دەوڵەتداریی دەکرد. گەلی کورد لە پرۆسەی بەنەتەوە بوون و لە ئاکامدا دەسەڵاتداریی کوردی بەجێ مابوو و چەند هەلی ڕەخساوی لەدەست دابوو؛ ئەمەش کاریگەریی خراپی لەسەر بنەماکانی کۆمەڵایەتی، ئابووری، ڕامیاری، دەروونی و کولتووری و هتدی کورد دانابوو. یەکێک لە دیارترین و بەرچاوترین کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەم دواکەوتنە لە بواری کولتووری بە هەموو لق و پۆکانییەوە خۆی دەردەخست. زۆر یەک لە نەتەوەکان بە دیاریکراوی یەهوودییەکان لە ڕێگەی سینەما و هونەرەکانی دیکەی سەردەم بەشێکی زۆر لە ئازارەکانیان بە جیهان ناساندبوو و، سەمپاتیی بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی سەرانسەری جیهانیان بۆ لای خۆیان ڕاکێشابوو. نەتەوەی کورد لەم بوارەشدا بە هۆی نەبوونی دەسەڵاتێکی خۆجێیی و لۆکاڵی‌بوونی هزری کەسایەتییەکانی شتێکی تایبەتی بۆ وتن و نواندن نەبوو؛ تەنانەت لە بواری شێعریشدا کە ماوەیەکی زۆر بوو پێنووسی شاعیران هەست و نەستی کلیشەیی تاکی کوردیان هێنابووە سەر لاپەڕە، بەڵام بە وشەگەلی ڕۆمانتیک و هەستەکیی عەرەبی. باشووری کوردستان بە هۆی ئەوەی لەژێر چاودێریی ڕاستەوخۆی بریتانیاییەکان بوو هەر لەبەر ئەوەش جیهانبینیی ئێلیتەکانی ئەم بەشە لە کوردستان زووتر پێی هەڵگرت، وەک نموونە مامۆستا گۆران لە دوای ئەوەی بە ناچاری و بۆ تێپەڕاندنی ماوەی سەربازییەکەی نێردرایە فەلەستین؛ ئەم گەڕان و بینینی خەڵکانی نوێیە بە شێوەی ڕاستەوخۆ کاریگەر بوو لەسەر جیهانبینی و ڕوانینی ئەم شاعیرە گەورەیەدا. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بابەتەکە جیاواز بوو، بەڵام لەگەڵ دامەزرانی کۆماری کوردستان کۆمەڵێک لە لاوانی بژاردەی ئەم کۆمەڵگە چکۆلەیە دەرفەتی خۆدەرخستنیان بۆ هەڵکەوت؛ پێشەوا قازی محەممەد لەم بوارەدا ڕۆڵی سەرەکیی گێڕا و بە ناردنی پۆلێک لەم کەسانە بۆ دەرەوەی وڵات کەسانی وەک مامۆستا حەسەنی قزڵجی –باوکی چیرۆکنووسیی کوردی- بەرهەم هات. لە ڕووی نێوخۆییەوە دیسان پێشەوا وەک کەسایەتییەکی دووربین بە ڕێگەدان و هاندانی لاوان و دواتر بۆ بزواندنی بەردەوامیی چالاکییەکانیان بە دیاریکراوی نازناوی شاعیری گەلی بە مامۆستایان هەژار و هێمن بەخشی. جارێ هەتا ئێرە دەتوانم بە ڕاشکاوی بڵێم تەنیا گەورەیی پێشەوا لەم بارەوە دەردەکەوێ، کە هەتا چ ڕادەیەک گەورانە و باوکانە دەستی ناز بەسەر لاوانی ئەم گەلەدا بێنێ و سەرەڕای کرچ و کاڵ بوونی شێعرەکانی ئەو سەردەمەیان ئەم نازناوە گەورەیان پێ‌ببەخشێ. (ڕۆڵی پێشەوا قازی محەممەد لە دروستکردنی کەسایەتیی بژاردە بە تایبەت لە بەستێنی ئەدەبیی گەلی کورددا، پێویستە لە بابەتێکی تایبەتدا شیکاریی بۆ بکرێ). لە دوای ڕووخانی کۆمار و ئاوارە بوونی بەشێکی بەرچاو لەم کەسانە بۆ نموونە مامۆستا هێمن، وەرزێکی نوێ لە دنیای هونەر و ژیانی تایبەتییان دەستی پێ‌کرد. هێمنی بەروپشت ئەتڵەس بە هۆی دەردەکوردەوە ئاوارەیی، برسیەتی و دەردی دووریی زۆری چێشت، بەڵام هیچ کام لەم ئازار و ناسۆرانە شلوێیان نەکرد و بەڕاستی هەتاکوو دوا پشوو ڕێبواری ڕاستەقینەی ڕێگەی “عیشق” و “ئازادی” بوو. ئەو ئاشقی گەلەکەی بوو، ئەو نازناوەی پێشەوا لێی نابوو بە دڵنیاییەوە لەگەڵ گەورەیی پێ‌بەخشین قەرزباریشی کردبوو و بۆیەش هیچ کات لە ڕێگەی خۆشەویستییەکەی لای نەدا؛ لەو کاتەدا کە دەیهەوێ بڕوا و سەر پێوە نێ لەگەڵ زام و دەرد و ئێش و بێ‌هیواییەکانی، سۆزی بۆ چڵکی یەخەی کرێکار، کەفی سەر شانی جووتێر، ناڵەی نیوە زیندووان، هەناسەی ساردی ئاواران، ڕووناکبیرانی ئەشکەنجەدراو، داوێنی تیتۆڵ تیتۆڵ و ئانیشکی پینەکراوی زەحمەت‌کێشان، نووکەی بێوەژنان و زیڕەی منداڵان و هانکەی ماندووان، کتێب و دەفتەرەکانی کە دڕاون، دڵۆپی خوێنی لاوان و تکەی فرمێسکی کچانی نەتەوەکەی ڕای‌دەچڵەکێنێ و وەبیری دێنێتەوە کە شاعیری گەلەکەیەتی و بەخۆدا دێتەوە و ئاسۆی ڕوونمان لە دوورەدەستێکەوە نیشان دەدا. جیاکردنەوەی هێمنی ئاشق و ئازادیخواز ئەستەمە، هێمن ئاشقی ئازادی بوو و ئازادیی بۆ ئاشق بوون و دەربڕینی ئیشقەکەی و گەیشتن بەو ئیشقە خۆش دەویست. شێعرەکانی بانگەوازی هەموو توێژەکان بوو و هاوکات هەموو ئەو توێژانەی دەکردە بەردەنگ و ئامۆژگاریی تایبەتی بۆیان هەبوو. پاڵە و کرێکار، شێخ و مەلا و ئاغا و میر، کیژ و کوڕی شوان و گاوان، خوێندکاران و لاوان و منداڵان و ... ئەو پێی وابوو کە میرزاکانی سەردەم ببنە ڕووناکبیر و چینی چەوساوەیان وریا کردەوە ئەو کات ماڵی میر و مەزن و خوونکار دەشێوێ. وەک خۆی هیچ کات لە ئاگادارکردنەوەی گەلەکەی دەستی هەڵ‌نەگرت و بەردەوام هەوڵی پێشخستنیانی دا و کیژانی ئەم نیشتمانەی هان دا پەچە بدڕێنن و دەرکەی بێ‌دەرکان بشکێنن و بچنە مەدرەسە، چونکە دەردی کوردەواریی لە نەخوێندندا دەبینی و پێی وا بوو تەنیا چارەکەشی خوێندنە و هەر خوێندنە. هێمن تەنانەت لەو کاتەشدا کە گومانی لەوەدا بوو کە هەیە یان نییە پێی وابوو کوردی بەندیی بەیانی نەورۆزە و کێلی گۆڕی شەهیدێکی ون‌ناوە، ئەو کە گەیشتبووە لووتکەی هونەر و گۆڕەپانێک لە فیداکاری بوو بە چاوپۆشی لە هەموو گەورەییەکانی و بەو پەڕی خاکی‌بوونەوە خۆی تەنیا بە خاکی بەرپێی تێکۆشەرێکی کورد دەزانی. لەو سەردەمەدا کە کوردی‌ نووسین و ئاخاوتن بە کوردی حەرام بوو، ئەگەرچی تووشی ڕەنجەڕۆیی و حەسرەت و دەرد بوو لە سۆنگەی کورد بوونیەوە بەڵام قەت نەبەزی و بە بانگێکی بەرز هاواری دەکرد کوردم ئەمن. لە خۆشترین ساتەکانیشیدا نیشتمانی داگیرکراوی خۆی لە بیر نەکرد و خەمی لە ڕزگارییەکەی دەخوارد؛ هێمن گلەییەکی ئاسایی لە بێ‌وەفایی یارەکەی ناکا و پێی سەیرە کە بەڵێن دەشکێنێ، ئەخر پێی وایە لە نێو کورددا پەیمان شکاندن نەبووە. بۆ هێمن نیشتمان ماشقەی سەرەکیی بوو و ئەوانی دی لاوەکی بوون. سیزێف‌ئاسا دەرد و ڕەنجی کوردبوونی لە کۆڵ نا و بەرەو بەرزترین لووتکەکان هەڵکشا و ئەم ڕێگەیەی بڕی هەتا عیشق و ئازادیی نیشتمانەکەی ئاوێتەی یەکتر کرد. داستایێڤسکی دەڵێ: “هەموو دڵەڕاوکێی ژیانم ئەوەیە نەوەک شیاوی ئازارەکانم نەبم.” گەورەکان دەزانن ڕێگەی گەیشتن بەو گەورەییە بە ئازارستاندا تێ‌دەپەڕێ، ئەگەر وا نەبێ یان کەسەکە شیاوی چێشتنی ئەو ئازارە نەبووە یان ئازارەکەی بەخۆڕایی بووە؛ نیچەش دەڵێ: “ئەو شتەی نەمکوژێ بەهێزترم دەکا.” هێمنی ئاوارە و دوورە وەتەن هەر بە هۆی دەردە کوردەوە گا لە دەشتێکی گەرمەسێر و جاری واش بووە لە کوێستانەکان قۆنداغە تفەنگێکی کردووەتە سەرین و سارد و گەرمیی ڕۆژگار نەماوە نەیچێژێ. هێمن کە ئێستا لە کەناری سەربەرزییدا پاپۆڕی شکاوی لەنگەری خستوە، ئەم سەرکەوتنەی بەرهەمی ئەوەیە کە لەو دەریا تۆفانییەدا گێژی خواردوە و پێچ و خول دراوە بەڵام ساتێ هەدا دانی نەبووە و بە خۆی گوتوە دەبێ ببزوێ، دەبێ بکشێ، نابێ وچان لێ‌بدا. ئەو بڕیاری دابوو کە بگاتە ئاسۆ و بۆ ئەم مەبەستەش باڵی گرتبۆوە هەرچەندە ڕێگەی پڕ لە کەند و لەند و هەڵدێر و گەو بوو بەڵام هەرگیز پاڵی بە شەیتانەوە نەدا و بەرەو تاریکی نەخشا. یادی یاران و وڵاتی خەو و خواردنی لێ حەرام کردبوو، ئەم دەردی دووری و وشیارییە هێنابوویە ناڵەیەک کە نەی‌ـیش نەیکردبوو، شیوەنی ئینسانی و گڕووی بۆ یەکسانی و گەلێکی حاشالێکراو ئەوکی گرتبوو، بۆیە بەڵێنی دابوو کە دێت و دێت و ... ئەو کە کورد بوو پەیمانی نەشکاند، هات وەکوو سروەی بەیانانی بەهار، هات و سەلماندی هەر پەری سەرکەوت و دێوەزمە بەزی؛ نەشگلا و هات و تەنانەت بە کەنفتییش ژیانی تەرخانی زمانی گەلەکەی و خاکی نیشتمانەکەی کرد. ئێمەی کە چەند نەوە دوای ئەو بووین، فێری کوردی بیرکردنەوە و کوردی نووسین و کوردانە ئاشقی ئازادی بوون کرد. لە دوای خۆ تەرخان کردن و فیداکاریی هێمنەکان بۆمان دەرکەوتوە کە ئەم گەلەش دەتوانێ هونەری هەبێ و لە ئاستێکی بەرزیشدا خۆی بنوێنێ و لەم ڕێگەیەوە خۆی بە جیهان پێشکەش بکا، لەم بابەتەدا نابێ ڕۆڵی سەرەکی و گرینگی کۆماری کوردستان و پێشەوا لەبەر چاو نەگیرێ کە باوەڕبەخۆیی بە ئێمە (وەک نەتەوەی کورد) بەخشی. هێمن بۆ نەتەوەیەک گەورەیە بەڵام تەواو نییە، ماتەوزەی هەزاران هێمنی دیکەمان تێ‌دایە ئەگەر لێبڕاوانە ئاشقی ئازادی بین.