کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شکستی ویلایەتی فەقێ لە دوو ئاستی نێوخۆ و دەرەوە دا!

04:21 - 4 بانەمەڕ 2720

کۆماریی ئیسلامیی ئێران کە نێوی تەواوی رێژیمی هەنووکەیی ئێرانە بەرهەمی ئینقلابی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ هەتاویە، کە لە کەمتر لە دوو مانگ پاش سەرکەوتنی شۆڕش بە بڕیاری خومەینی رێفراندوم بۆ دیاری کردنی جۆری سیستمی سیاسی ئێران بەڕیوە چوو واتە : کۆماریی ئیسلامی: کە دواتر ویلایەتی فەقیهیشێ لێ زیاد کرا، واتە رێبەری رێژیم دەبێتە نوێنەری خودا لە سەر زەوی و خەڵکیش ناچارن وەک بەجێ هێنانی ئەرکی دینی پێڕەوی لە ویلایەتی فەقێ بکەن و دژایەتی لەگەڵ ئەویش واتە شەڕ لەگەڵ خودا. رێفراندۆم بۆ بڕیاردان لەسەر پرس و بابەتگەلی کەلانی وڵاتە کە دەبێ بۆچوونی زۆرینەی خەڵک وەربگیردرێ و بە شێوەی دێموکراتیک بەڕێوە بچێ. پێناسەیەکی کورت لە رێژیمێکی مەزهەبی و دواکەوتوو کرا کە لە نێوەی دووهەمی سەدەی بیستەم دەسەڵات بە دەستەوە دەگرێ و روانگەی تایبەت بە خۆی هەیە لە هەمبەر پرسی کۆمەڵگا ، روانگەیەک کە تا ئێستاشێ لەگەڵ دا بێت نامۆیە بە بایەخە مرۆییەکان. لەم بەرنامەیە هەوڵ دەدەرێ بە کورتیش بووبێت کارکردی کۆماریی ئیسلامی لە دوو رەهەندی نێو خۆ و دەرەوە بخەینە بەر باس. ١_ ئاستی نێوخۆ یان بەڕێوەبەریی وڵات: بابەتی گرنگ کە بووە هۆی رووخانی رێژیمی پاشایەتی لە لایەن خەڵكی ئێرانەوە، نەبوونی ئازادیی سیاسی بووە، بەڵام پرسیاری لەوە گرنگتر ئەوەیە کە داخوا ئازادی سیاسی لە رێژیمێکی مەزهەبی دواکەوتوو دەبێ چ پێناسەیەکی لێ بکرێ؟ کاتێک خومەینی دەڵی کۆماری ئیسلامی یەک وشە نە زیاتر نە کەمتر واتە جگە لەو پێناسەیەی کە خومەینی لە حکوومەتی ئیسلامیی هەیەتی هیچ بۆچوون و واتایەکی مودێڕن لەو حکوومەتە ئیسلامیە جێگەی نیە ، بەڵگەو دێکومێنتیش لە قسەکانی خومەینی هەیە کە بە چ شێوەیەکی توند باسی سەرکوتی بیروڕای جیاواز، ئازادیی سیاسی و چین و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگا دەکا کە لە بواری هزر و ئەندێشەوە لەگەڵ چوارچیوەی ویلایەتی فەقێ لە پارادۆکسدا بێت. یەکدەست نەبوونی پێک‌هاتەی کۆمەڵگای ئێران لە باری نەتەوەیی و جیاوازییەکانی دیکە، هەر لە سەرەتاکانی هاتنەسەر کاری ئەو رێژیمە دەبێتە گەورەترین کۆسپ بۆ خومەینی و رێژیمەکەی کە نەتوانن سیستمی سیاسی و مەزهەبیی دڵخوازیان بە بێ کێشە و پەرچەکردار لە نیوخۆی وڵات جێبەجێ بکەن. وەک هەڵوێستی ژنان لە هەمبەر سیاسەتی دژە ژنی رێژیم و سەپاندنی حجاب و یەکێک لەو کەسانەش کە کاریگەریی زۆرێ هەبوو لە سەپاندنی حجاب، روحانی سەرۆک کۆماریی ئێستای رێژیمە. کۆمەڵگای ئێران هەر بەو شێوە کە باسکرا لە باری پێکهاتەی حەشیمەتیەوە یەکدەست نیە و ئەو جوغرافیایە واتە ئێران بە سەر ٦ نەتەوە دا دابەش دەکرێ، دەستبەر کردنی مافی ئینسانی و نەتەوەیی ٥ نەتەوەی غەیری فارسیش، بە شێوەی یاسایی و فەرمی لە یاسای بنەڕەتی رێژیم پێشل دەکرێت، واتە تەنیا هێما مەزهەبی و نەتەوەییەکانی نەتەوەی باڵادەست دەبنە هێمای فەرمی وڵات وەک زمانی فارسی و مەزهەبی شێعە. رەچاو کردنی وەها سیاسەتێکی فەرمیش لە لایەن رێژیمەوە، دەبێتە هۆی پەرچەکرداری نەتەوەکانی دیکەی کۆمەڵگای ئێران و رێژیمی تازە بە دەسەڵات گەیشتوو لە لایەن بزاڤە نەتەوەییەکان لەگەڵ دوو پرس و کیشەی گرنگ بەرەو روو دەبێتەوە. ١_ کێشەی ئەمنیەتی لەو ناوچەگەلە بە تایبەتی لە کوردستان ٢_ کێشەی رەوایی ئەو قەیران و کەلێنە نێوخۆیانە کە لەگەڵ هاتنە سەر کاری رێژیم و تەنانەت پێش ئەوانیش لە کۆمەڵگای ئێران بوونێ هەبووە هە رهەموو بەرهەمی سیستمی سیاسی زاڵ بە سەر وڵاتە، چۆنکە کەسانێک ئەو سیستمە بەڕێوە دەبەن کە خوێندنەوەی تایبەتی مەزهەبییان بۆ هەموو پرسەکانی کۆمەڵگا هەیە، بۆ نموونە وتەکانی خامنەیی رێبەری رێژیم لەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنا کە دەڵێ پیلانی ئامریکایە بۆ زەربەلێدان لە خەڵکی ئێران، کەچی تا کاتی ئامادەکردنی ئەم بەرنامەیە کە رۆژانی کۆتایی مانگی خاکەلێوەیە بە سەدان هەزار لە خەڵكی وڵاتی ئامریکا توشی فایرۆسی کۆرۆنا بوونە. یان ئەگەر بە کورتی باسی پلانی رێبەرانی رێژیم بۆ چارەسەری ئەو قەیرانە نێوخۆییانە بکەین دوو بابەت دەبنە شابەیتی بەرنامەو قسەکانیان. ١_ روانگەی مەزهەبی بۆ کێشەکان ٢_ قەیران و کێشەکان پیلانی ئامریکایە دژ بە وڵات و خەڵکی ئێران. سیاسەتی ویلایەتی فەقێ لە ئاستی دەرەوە: ورد بوونەوە لە دروشمەکانی خومەینی لە سەرەتای ئینقلابی ٥٧ ئەو ئاکامە بە دەستەوە دەدا کە بڕیاری داوە وەک رێژیمێکی ئینقلابی لە ئاستی نێوخۆ و دەرەوە هەڵس و کەوت بکا وەک : ناردنەدەرەوەی شۆرش یان نە شرقی نە غربی جمهوری اسلامی. وەک نموونەی هەڵس و کەوتی رێژیم کە دوور بووە لە هەموو عورف و عادەتێکی دیپڵوماسی یان یاسا نێونەتەوەییەکان، داگیرکردنی باڵوێزخانەی ئامریکا و بە بارمەتەگرتنی کارمەندانی باڵوێزخانەی ئامریکا لە ١٣ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی. وڵاتێکی دەرەکێ کە یەکەم دروشمی خومەینی تێدا بە کردەیی کرا وڵاتی عێراق بوو بە ڕێبەریی سەدام حوسێن، خومەینی بە ئاشکرا و بە فەرمی داوای راپەڕینێ لە هێزە سەربازییەکانی عێراق و خەڵکی شیعە مەزهەب لە باشووری عێراق دەکرد و ئەو سیاسەتەی خومەینی بوو بە بیانووی هەڵگێرسانی شەڕێکی ماڵوێرانکەر کە دوای شەڕی ئامریکا و ڤێتنام، درێژترین شەڕ لە سەدەی بیستەم بوو. ئەو شێوە سیاسەت داڕشتنە تایبەت بە سیستمێکی دێموکراتیک نیە، چونکە حکوومەتێک کە خۆی بە حکوومەتی خەڵکی بزانێ بێ گومان لە جیاتی قەیران خوڵقاندن بۆ خەڵک، بیر لە ئاسایش و ئەمنیەت و دابین کردنی ژیانی ئارام بۆ هاووڵاتییانی دەکا. قوناغێکی دیکەی حکوومەتداریی رێژیم کە لەم بەرنامەیە وەک شکستی مەلاکانی ئێران لە ئاستی ناوچەیی تاوتوێ دەکرێ درێژەی قەیران خولقاندنی ئەو رێژیمە و پشتیوانی لە حکومەتە دیکتاتوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناڤینە. کۆماری ئیسلامی کە لەئاستی نیوخۆ لەگەڵ ئەو گشتە قەیرانە بەرەوڕوویە، گەرەکیەتی بە قەیران خولقاندنی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناڤین، فەزایەک دروست بکا کە خەڵک لە هەمبەر دۆخی هەنووکەیی هیچ ناڕەزایەتییەکیان نەبێ، نموونە بەشداریی راستەوخۆ لە شەڕی نێوخۆیی سوریە و پشتیوانی لە بەشار ئەسەد و بەشدار بوون لە کوشتاری سەدان هەزار خەڵکی بێ تاوانی سوریە کە دژ بە رێژیمی بەشار ئەسەد چەند ساڵە راپەڕیون و بەشداریی لە شەڕی نێوخۆیی چەندین وڵاتی دیکەی ئەم ناوچەیە، واتە شەرێ نیابەتی ئێران و عەرەبستان. ئەو قەیران خوڵقاندنەی رێژیم لە رۆژهەڵاتی ناڤین، تەنیا بەشداریی لە کوشتاری خەڵکی ئەو وڵاتانە نیە بەڵکوو بۆ رێژیم و بۆ خەڵکی ئێرانیش هەم تێچووی گیانی هەبووە هەم هەزینەی ماددی بە تایبەت هەزینەی گیانی، واتە شکست بۆ رێژیمی ئاخوندی لە ئاستی دەرەوەش ئاکام: بۆ چی رێژیم هەم ئاستی نێۆ خو واتە بەڕێوەبەریی وڵات و هەمیش لە ئاستی ناوچەیی لەتەک شکست بەرەوڕوو بووە. مەسەلەی ئابووری هەر وڵاتێک بێ گومان پێوەندیی راستەوخۆی بە سیاسەتی دەرەکی ئەو رێژیمەوە هەیە، کۆماری ئیسلامی سیاسەتی دەرەکی دیارە کە چیە واتە قەیران خوڵقاندن و پشتیوانی لە رێژیم و گرووپە تێروریستییەکان لەم ناوچەیە، کە ئەویش هەزینەیەکی زۆرێ لە بواری ماڵیەوە پێویستە، ئەو هەزینەیەش کە رێژیم سیاسەتی ناردنەدەرەوەی شۆڕشێ پێ جێبەجێ دەکا، دەکرا و دەیتوانی سەرفی ژیانی خەڵکی هەژاری ئێران بکرێ. بە وتەی هێندێک لە کۆمەڵناسانی ئێرانی، زیاتر لە ٢٠ ملیۆن خەڵکی پەراوێزنشین کە لە شوێنە هەژارەکانی شارەکانی ئێران دەژین، لەم وڵاتەو بۆ ئەو قوناغە بوونەتە بە یەکێک لە گەورەترین مەترسییەکانی سەر رێژیم. شکست لە ئاستی سیاسەتی ناوچەیی و هاوکات کێشەی ئابووری کۆمەڵگای گەیاندووتە ئاستێک، کە شەقامەکانی ئێران بوونەتە گۆڕەپانی رووبەرووبوونەوەی خەڵک و رێژیم، ڕووبەرووبوونەوەیەک کە دروشمی ئەسڵی و سەرەکی خەڵک" رووخانی سیستمی ویلایەتی فەقێ لە ئێرانە.