کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمەڵگەی کرێکاری ئێران و ڕۆژێک بەو ناوە

02:54 - 13 بانەمەڕ 2720

یەکی مانگی مەی کە بە ڕۆژی جیهانیی کرێکاران ناودێر کراوە، بیانوویەکە بۆ باس لە دۆخی کرێکاران و هەڵسەنگاندنی ماف و پێگەی کرێکاران لە سیاسەتی ئابووریی وڵاتاندا. ئەگەرچی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئەم ڕۆژە جیهانییەش وەک زۆربەی بۆنە جیهانییەکانی دیکە بەڕەسمی ناناسێ وئەم بەتاڵاییە بە ڕۆژی دەسکرد و بێ‌واتا دیاری دەکا کە لە لایەن خەڵکەوە هیچ کات پێشوازیی لێ ناکرێ بەڵام کۆمەڵگەی کرێکاری لە ئێران بەپێی نەریتی مێژوویی ئەم بۆنەیە بەرز دەنرخێنن. ئێمە لە کاتێکدا یادی ڕۆژی جیهانیی کرێکاران دەکەینەوە، کە کرێکاران لەم وڵاتەدا لە دۆخێکی زۆر ئەستەمدا بەسەر دەبەن. ئەم ڕۆژانە لانی‌کەمی حەقدەستی کرێکارێک بە پێی بڕیاری دەرکراو لە لایەن شۆڕای باڵای کار لە مانگدا بە یەک میلیۆن و ٨٣٥ هەزار تمەن دیاری کراوە کە ناکاتە یەک لە چواری بژیو و تێچووی ژیانی بنەماڵەیەکی کرێکار لە مانگێدا، ئەوەش ئەم بڕە پووڵە نییە کە بە بەراورد لەگەڵ دۆخی قەیراناویی ئابووری بکرێ پێی بژی. بچووک‌بوونەوەی سفرەی بنەماڵە کرێکاران لە حاڵێکدایە لە یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەندی ١ی  ئەسڵی ٤٣، لە بابەت پێویستییەکانی هەر هاووڵاتییەکی ئێرانی دەڵێ: "ماڵ، جلوبەرگ، خۆراک، دەرمان، پاکوخاوێنی، فێرکردن و بارهێنان و پێویستییەکانی پێکهێنانی بنەماڵە بە مافی هەر هاووڵاتییەکی ئێرانی دەزاندرێ" ، کرێکاران لە ئێراندا هەرچەندە زۆرترین ڕۆڵیان لە ئابووریی وڵات و بەرهەمهێناندا هەیە، کەچی کەمترین داهات و دەسکەوتیان لە بەرهەمی ڕەنج و ماندوویەتیی خۆیان پێ دەبڕێ. ئەو حەقدەستەش کە بۆیان دیاری کراوە، سەرەڕای ئەوەی وڵامدەری زۆربەی پێداویستییەکانی ژیانی خۆیان و بنەماڵەکانیان نییە، لە کاتی خۆیدا پێیان نادرێ. لە بارودۆخی ئێستای وڵاتدا بە هۆی کەڵەکە بوونی قەیرانە یەک لە دوای یەکەکان کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ڕەوتی ژیانی خەڵک و بە تایبەت ئەم چینە زەحمەتکێشە داناوە، گوزەرانی ژیانیان ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ بەرەو ئاقارێکی خراپتر دەڕوا و کاربەدەستانی ڕێژیمیش خۆ لەو ڕاستییە لا نادەن و دەڵێن "ئەمساڵ بۆ کرێکاران ساڵێکی مەترسیدار دەبێ، دۆخی کاری ئەم چینە بە هۆی دۆخی کار و باری ژیانیشیان بە هۆی هەڵاوسانەوە، لەژێر هەڕەشە و مەترسی‌دایە. هەروەها یەکەمین دڵەڕاوکێی کرێکاران "بێکار بوون" و "دەرکردن لەسەر کار" دەبێ. بەم پێیە ناشێ ساڵی بەردەمیشمان ئاسۆیەکی ڕوونی بۆ ئەم بەش‌مەینەتانە تێدا بێ بە جۆرێک ئەم مەترسییە هەر زۆر زوو گەیشتۆتە ناوچە هەژارەکانی ئێران و لە قەیرانی کۆرۆنا و لە نەبوونی بەرپرسایەتیی حکوومەتدا کەم نین ئەو بنەماڵە کرێکارییانەی بۆ نانی شەوێ‌یان داماون. لە کەس شاراوا نییە کە بڵاوبوونەوەی ئیران‌داگیری پەتای کۆرۆنا لە سایەی بێ‌مودیریەتی و سیاسەتی نەزانکارانە و هاوکات بەرژەوەندیخوازانەی قووچەکی دەسەڵاتیش وایکردوە کە بەر لە هەموو چین و توێژێک کرێکاران سڵامەتی و خۆشبژیوییان لە ساڵانی ڕابردوو زیاتر سێبەری تاریکیی بەسەردا بکشێ. وەک باس دەکرێ ئەمساڵ کە لەلایەن خامنەییە بە ساڵی "جهش تولید" ناودێر کراوە! لە نێوان دوو هەتا 6 میلیۆن کرێکار بەهۆی ڕاوەستانی ئابووری و قەیران لە کەرتی بەرهەمهێنان‌دا کارەکانیان لەدەست دەدەن و لە داهاتووشدا بە میلیۆن کەسی دی مۆتەکەی "بێکار بوون" و "دەرکردن لەسەر کار" لەسەر شانیان هەست پێ‌دەکەن. لە بەندی ٢ی مادەی ٤٣ـشدا ئاماژە بەوە کراوە، بۆ ئەو کەسانەی توانایی کاریان هەیە بەڵام کاریان دەست نەکەوتوە، دەوڵەت دەتوانێ لە ڕێگەی ئاسانکاری و هەروەها پێدانی قەرزی بێ قازانجی بانکەکان یارمەتیی ئەوان بدا بۆ دۆزینەوەی کار. ساڵانە بە بیانووی جۆراوجۆر بە هەزاران کرێکار کارەکانیان لەدەست دەدەن، بە تایبەت ئەو کرێکارانەی کە ڕۆژکارن و بە شوێن خاوەنکارێکەوە عەوداڵن تا بتوانن لانی‌کەم بژیوی ژیانی ڕۆژێکی خۆیان و بنەماڵەکانیان دابین بکەن، لە لایەکی تریشەوە ئەو کرێکارانەی کە کرێکاری وەرزین و لە وەرزی سەرمادا بێکار دەمێننەوە. بانکەکانیش کە یەکێکی تر لە ئامرازەکانی یارمەتیی دەوڵەتە بۆ چینی هەژاری کۆمەڵگە لە دانی قەرز بە کرێکارانێک کە بێکارن و یا ئەمنیەتی کاریان هەمیشە لەژێر هەڕەشەدایە، خۆ دەبوێرن. لێرەدا دەکرێ بپرسین ئاخۆ دەوڵەت لەم بارەوە تا چەند توانیویەتی ئەرکی خۆی بەجێ بێنێ و تا چەند لەو کاتانەدا دەرگایەکی بە ڕووی کرێکاراندا کردۆتەوە؟ کرێکاران لە ئێران بێجگە لە هەڵاواردنی ڕەگەزی، مەترسیی بێکاری و مووچەی کەم و دواخراو لەگەڵ کۆمەڵێک گێرە و کێشەی دیکەش بەرەوڕوون کە بەرچاوترینی ئەوانە بریتین لە نەبوونی ئەمنیەتی کار، ئامارەکان دەڵێن لە ساڵدا زیاتر لە 20 هەزار کەس دەبنە قوربانیی ڕوودای کار و دابین نەکردنی ئەمنیەتی گیانیی کرێکاران لە لایەن کارفەرماکانەوە یەکێکی تر لە کێشەکانی بەردەم ئەم چینەیە. ساڵانە ئاماری دژبە یەک لەسەر ڕێژەی قوربانیانی ڕووداوی کار لە ئێران بڵاو دەبێتەوە و ئامارە دەوڵەتییەکان تەنیا باس لە ڕووداوی کاری ئەو کرێکارانە دەکا کە بە فەرمی ناویان لە وەزارەتی کاردا نووسرابێ؛ بەڵام ئێمە دەزانین زۆرینەی کرێکاران لە ئێران بیمە نین و لە هیچ جێگایەکیش ناویان تۆمار نەکراوە. ئەو شوێنانەی کە لەم پێوەندییەدا ئامارەکان ڕادەگەیەنن بریتین لە وەزارەتی کار، ڕێکخراوی دابین‌کردنی کۆمەڵایەتی و پزشکیی قانوونی، بۆ نموونە لە ساڵی ٩٦ ڕاپۆرتی تایبەتی وەزارەتی کار کۆی ڕووداوەکانی بە ٩٩٩٦ حاڵەت تۆمار کردبوو، بەڵام تەئمین ئیجتماعی ١٨ هەزار و ٨٧٦ حاڵەت واتە دوو قاتی ئامارەکەی سەرەوە و ئیدارەی گشتیی چاودێریی وەزارەتی کاریش هەر لەو ساڵەدا ئاماری ١٠٦٩٧ کەسی ڕاگەیاندبوو. ئەم دۆخە لە کوردستان ڕەهەندێکی تر لەخۆی دەگرێ کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵک داناوە کە  بەرچاوترینیان بەهۆی نەبوونی دەرفەتی کار بە ناچاری ڕوودەکەنە کۆڵبەری و ڕۆژانە بە سەدان کەس بە پێیان ناوچە شاخاوییەکانی سنوورەکان دەبڕن و بارێکی قورس لە کۆڵ دەنێن، بەڵام بەم حاڵەش ڕووبەڕووی کەمینی هێزە چەکدارەکان. بۆ نموونە ژمارەی ئەم کۆڵبەرانەی لە ماوەی ساڵی ڕابردوو (١٣٩٨ی هەتاوی)دا بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆ، تەقینەوەی مین، بەربوونەوە لە بەرزایی لە سۆنگەی ڕاوەدوونان و هەروەها ڕەق‌هەڵاتن لە سەرما گیانیان لە دەست داوە و بریندار بوون؛ ٢٤٠ کەس بووە. لەو ٢٤٠ کەسە ٧٣ کەسیان کوژراون و ١٦٧ کەسیش بریندار بوون. بۆ ئەمانەش نەک حەقدەست و بیمەی بێکاری نییە بەڵکوو بە مافیای کەلوپەلی قاچاخ ناویان دەبەن. یەکێکی تر لە کێشەکانی بەردەم کرێکاران لە ئێران نەبوونی ڕێکخراوێکی سێنفیی سەربەخۆیە کە ئەمەش ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی زەوت کرانی ماف و داواکارییەکانیان. ڕێکخراوە سێنفییەکان دەبێ سەربەخۆ، ئازادانە و لە لایەن خودی کرێکارانەوە و بەدوور لە گوشاری حکوومەتی، بەرتەسک کردنەوە و ڕەخنە تێکردن و چاودێریی کارفەرما و دەوڵەتەوە بەڕێوە بچێ. بەڵام ئەو ڕێکخراوە کرێکارییانە کە لەژێر چاودێری و دەسەڵاتی دەوڵەت و کارفەرمادا بەڕێوە دەچن لە باشترین حاڵەتیشدا ناتوانن نوێنەرێکی باش و بە ئینساف بن بۆ کرێکاران  کە ئەمە بە تایبەت لە کاتە گرینگەکانی وەک دیاریکردنی حەقدەست و گۆڕانی ئایین‌نامە کرێکارییەکان بەرچاو بووە و بیندراوە. قانوونەکانی وڵات و دامەزراوە حکوومییەکان و خاوەنکار و سەرمایەدارەکانیش هیچ کات لە بەرژەوەندیی کرێکاران و چینی هەژار و کەم‌داهات نین و سپای پاسداران و کاربەدەستانی وڵاتیش، کە دەستیان بەسەر هەموو سەرمایەی وڵاتدا گرتوە و هەر چەشنە ناڕەزایەتی‌دەربڕینێکی کرێکاران بۆ داواکردنی مافەکانیان، بە توندی سەرکوت دەکەن. هەڵاواردنی ڕەگەزیش ڕەهەندێکی دیکەی مەینەتییەکانی کۆمەڵگەی کرێکارییە. ڕێکخراوی چاوەدێریی مافی مرۆڤ لە ڕاپۆرتی ئەمساڵیدا ئێرانی لەڕووی هەڵاواردنی ڕەگەزییەوە لە نێوان ١٤٥ وڵاتدا، لە ڕیزی ١٤١ەمین وڵاتدا دانابوو. بەشداریی ئابووری بە یەکێک لە خاڵە بەرچاوەکانی نابەرابەریی بۆ ژنان لە ئێران دادەنرێ، ڕێژەی بەشداریی ژنان لە پۆستە دیارە حکوومییەکان و، لە کەرتی تایبەتدا بە بەراورد لەگەڵ ڕێژەی ژنان لە کۆمەڵگەدا، پشکێکی زۆر کەمە . بە پێی مادەی ٧٥ی یاساکانی کار، ژنان لە ئەنجامدانی کارە مەترسیدارەکان، هەڵگرتنی باری زیاتر لە ڕادەبەدر بەبێ یارمەتی کردن لە ئامێرە بارهەڵگرەکان مەنع کراون، بەڵام لە زۆربەی کاتدا ئەم یاسایە پشت گوێ دەخرێ. لە مادەی ٧٦ی ئەو یاسایەشدا هاتوە کە ژنان ئیزنی ۹٠ڕۆژ مەرەخەسیی بەمز و حەقدەستیان لەکاتی منداڵ بوونیان هەیە، بەڵام لە مەیدانی واقعدا خاوەن کارەکان ئەو ژنانەی کە منداڵی چکۆلەیان هەیە ناگرنە خۆ، یان کە دەزانن ژنێک سکی هەیە لە کار دووری دەخەنەوە. ژنان زیاتر لە ٥٠ لە سەدی دەرچووانی زانکۆ پێکدێنن، کەچی کەمتر لە سەدا ١٧ی ژنان دەتوانن خۆیان لە بازاڕی کاردا ببیننەوە. لەلایەکی دیکەشەوە كرێكارانی ژن  لە ئێران هەرزانترین هێزی كارن، چونكە زۆربەی ژنان لە کەرتی تایبەت و دەوڵەتیشدا لە کارگەی بچووکی کەمتر لە ١٠ کەسیدا کار دەکەن، ئەو شوێنانەش قانوونی کار و پاڵپشتییەكی یاسایی نایانگرێتەوە. ژنان بە حەقدەستێكی زۆر كەم دادەمەزرێن و مۆتەکەی بێکاری ئەویش لە نەبوونی بیمە و دابینکردنی کۆمەڵایەتی هەمیشە بەسەریانەوەیە، لەبەر ئەوەش کە زۆربەی ژنان  بێ هیچ گرێبەستێكی قانوونی كار دەكەن، لە ئەگەری ڕوودانی هەر ڕووداوێكی نەخوازراو یان بێكاربوون بەبێ وەرگرتنی هیچ مافێك و بەدەستی بەتاڵ بەرەو ماڵەكانیان دەنێردرێنەوە. دوا وتە و بە پێی ئەو فاکتانەی لە سەرەوە باس کران، کرێکاران و توێژی زەحمەتکێش و کەم‌داهاتی کۆمەڵگە لە بارودۆخێکی زۆر تاقەت‌پڕووکێن‌دا دەژین و لەم ساڵدا دەبێ گەورەترین شەڕی ژیانیان بۆ مانەوە بکەن.