کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیشتمان و ڕۆڵەی بەمشووری

00:00 - 16 بانەمەڕ 2720

نیشتمان یا شوێنی نیشتەجێبوون و خاک و وەتەن ئەو شوێنە پیرۆزەیە کە ژیان و مان و نەمانی خەڵک پێوەی بەندە و دانیشتووانی ئەو دەڤەرە ئەرکی پاراستن و دیفاع و پێڕاگەیشتنی لە ئەستۆ دەگرن. نیشتمانی کوردان سەدان ساڵە لەژێر هەڕەشەی دژمنان و داگیرکەراندایە و بە هەر شێوەیەک کە بۆیان لوابێ هروژمیان بۆ هێناوە و چاوی تەماحیان لەسەر هەڵنەبڕیوە. دانیشتووانی نیشتمانی کوردانیش بۆ پاراستنی ئەو خاکە پیرۆزە و بۆ مانەوەی خۆیان و بۆ ئەوەی کە خاکیان داگیر نەکرێ، لە هەموو سات و کاتێکدا بەرەنگاری لەشکر و قشوونی دژمن بوونەتەوە و لە پێناو پاراستنی خاکدا گیانبازییان کردوە و خوێنیان داوە. لەگەڵ ئەوەی کە کوردانی ئەم نیشتمانە هێرشیان نەکردۆتە سەر هیچ گەل و خاکی هیچ هاوسێ و هاوسنوورێک، بەڵام تەماحی هاوسێکان، سیاسەتی دەوڵەتان، خاکی پڕ پیت و بەرەکەت و سروشتی ئەم وڵاتە نەیهێشتوە هیچ کاتێک کورد و نیشتمانەکەی ئارامی بەخۆیەوە ببینێ. لە ڕێگەی پاراستنی خاکدا خەڵکی کورد قوربانیی زۆری داوە و خوێنی زۆری لەبەر ڕۆیشتوە بەڵام نەیهێشتوە ناو و ناسنامەی نیشتمانی کوردان لەسەر هیچ کام لە دژمنەکانی تاپۆ و تۆمار بکرێ. لەگەڵ ئەوەی کە بێ پرسی خۆی و بێ ڕەزامەندی و ڕاپرسی لە خەڵکەکەی خاکەکەی دابەش کراوە، بەڵام کورد نەک هەر دانی بەو دابەشکاری و پێشیلکارییەدا نەهێناوە، بەڵکوو هەمیشە لە مەیدان دابووە بۆ ئەوەی ناسنامەی کورد نەسڕێتەوە و خاک و سەربەخۆیی وڵاتەکەی وەدەست بێنێتەوە. ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەو بەشە لە خاکی کوردانە کە سەدان ساڵە کەوتۆتە بەر هێرشی داگیرکەران و کوردیش لەو ناوچەیە و لەو پارچەیە لە هیچ فیداکاری و گیانبازییەک درێغی نەکردوە. شۆڕشی کورد لەو بەشە بەشێوەی جۆراوجۆر هەر بەردەوام لەسەرپێ و بەپێوە بووە. ئەو ژن و پیاوانەی کە دەستیان چەکی گرتوە بوونەتە قەڵغانی پاراستنی خاک و خەڵکەکەیان و بوونە پێشەنگ و پێشمەرگە و پێناسەی گەلێکی زیندوو و خاوەن کەوشەن و کەرامەت و خوێنی سووریان بەڵگەیە بۆ بست بە بستی ئەم خاکە و ئەم کاروانەش سەدە لە دوای سەدە و نەوە لە دوای نەوە هەر بەردەوام و بەرەو لووتکەی سەربەخۆیی بەڕێوە بووە. ئەگەر چەک بەدەستانی ئەم گەلە لەبەرگی پیرۆزی پێشمەرگایەتیدا توانیویانە ڕەسالەتی مێژوویی خۆیان بەجێ بگەیەنن، لە لایەکی دیکەوە کۆمەڵانی بەرینی خەڵک پشتیوانیان بوون و هەر کەسە و هەر توێژە بەجۆرێک لە جۆرەکان لە پاراستنی خاکی کورداندا هاوکار و پشت و پشتیوان و خاوەن هیممەت و هەڵوێست بوون. هاوکاری و هاوسۆزی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ خۆیان و کوردانی بەشەکانی دیکە و دژبەرانی دەسەڵاتی زاڵ بەسەر ئێڕاندا مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە و هەر لەسەرەتا و دەسپێکی ژیان لەسەر ئەم خاکە کورد  وەک ئەرکێکی ئینسانی، ئەخلاقی و نیشتمانی بە فریا و هانای یەکەوە  چوون و دەرگای دڵ و ماڵەکانیان بەسەر خەڵکی دیکەشدا ئاواڵە بووە و لە کاتی شەڕ و دەربەدەری و کارەسات و ئاوارەییشدا بۆ یەکتر بوونەتە پشت و پەنا. ئەو هەست و شعوورە نیشتمانی و نەتەوەییە تا دێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەشە دەکا و لەم ساڵانەی دواییدا کە دەتوانین ڕاشکاوانە ئاماژە بە حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بکەین کە پێشەنگی ئەو خەباتە مەدنیە بووە، هەر بەردەوام و لەگەشەسەندندایە. دەسپێکی کاری دڵسۆزان لە ئەنجوومەنە مەدەنی، فەرهەنگی و ژینگەپارێزییەکاندا بناخەیەک بوو بۆ هاوپێوەندییەکی بەرینتریی ڕووحی و دەسپێکی شێوەیەکی نوێ لەخەبات لەنێوخۆی وڵات. هەر چەند ئەو کات هێندێک کەس و لایەن گاڵتەیان بەم شێوە خەباتە دەهات و خەباتیان تەنیا لە لوولەی کڵاشینکۆفەکانەوە دەدیت، بەڵام کاریگەریی ئەو شێوە خەباتە وایکرد کە ئەوانیشی بەدوای خۆیدا ڕاکێش کرد و هێنانیە سەر ئەو باوەڕە کە هەر کام لە شێوەکانی خەبات لە دەور و زەمانی خۆیدا  پێویست و کاریگەریی خۆیان لەسەر کۆمەڵگە هەیە و ناکرێ هەموو هێز و پۆتانسێلی خەبات لە یەک شوێن و لەیەک ڕەهەنددا کۆبکەینەوە. لەو کاتەدا کە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لەنێوخۆی وڵات چالاکیان دەکرد و “هەمزە ساردکەیی”ـەکان نیشتمانیان بەخوێن دەڕەنگاند، لە هەمانکاتدا ڕێبەرایەتی ئەم حیزبە شکڵ و شێوەیەکی دیکەی بە خەباتی مەدنی دا و بوو پێشەنگی ئەم کاروانەش کە ئێستا بەرهەم و کاریگەرییەکانی بۆ هەموو لایەک ڕوونە. هەردهەژێنەکەی کرماشان هاوپێوەندییەکی بەربەرینی نەتەوەیی بوو کە باشوور و باکوور و ناوندی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی زیاتر لەیەک نزیک کردەوە و دەتوانین بڵێین کە ڕووحی نەتەوەیی لەنێو کورداندا زیاتر گەشەپێدا و لە هەمانکاتدا دڵی داگیرکەرانی کوردستانی هێنایە لەرزە. دژمنان کە دەمێک بوو لەهەوڵی دروستکردنی دیوارێکدا بوون کە لەسەر بناغەی مەزهەب و زاراوە هەڵیانچنیبوو، بەڵام شعوور و هەستی نەتەوەیی کورد بە حەڕەکەتێک وەک هەردهەژێنەکە تەخت و تاج و قەڵای ئەوانی هەژاند و کورد گوتەنی” ڕیسەکەیان لێ بۆوە خوری”. ئەو هاوپێوەندییە نەتەوەیی و نیشتمانییە لە کاتی هێرشیی مووشەکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ١٧ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوییدا بۆسەر پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان زیاتر خۆی نواند و  مانگرتنی٢١ی خەرمانانیش پەیامێکی بەهێز بوو بۆ یەکگرتوویی کوردان، بۆ هاوپێوەندیی نێوان حیزبە کوردستانییەکان و خەڵک لە ڕۆژهەڵات و سیخورمەیەک بۆ نەیاران و زەبرێکی بەهێز بوو بۆ پلان و پیلان و خەون و خەیاڵەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کوردستان و لەنێو خەڵکی کورددا. بوومەلەرزەکەی قوتوور و سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بۆ جارێکی تر ئینتیمای نەتەوەیی لەنێو کورداندا به خەڵکی جیهان نیشاندا. لە کاتێکدا کە سەرانی ڕێژیم خەریکی تەنز و توانج و پلار بوون لەسەر کۆڕۆنا، خەمخۆرانی نیشتمانی کورد لەبیری هەڵچنینی دیوارێکدا بوون بۆ پێشگیری لە تەشەنەسەندن و هاتنی بۆ کوردستان، لەو کاتەدا کە کاربەدەستانی ڕێژیم بۆ خاتری بەرژەوەندییەکانیان خەریکی شاردنەوەی ئەو دێوەزمەیەدا بوون، دڵسۆزان و نیشتمانپەروەرانی کورد لەسەر بڵیندگۆکان و لە شەقام و کۆڵانەکان داوایان لە خەڵک دەکرد کە لە ماڵەکانیان نەیەنەدەر بۆ ئەوەی گیانیان پارێزراو بێ. ئەوەی لەم کاتە هەستیارەدا جێی بایەخ و سەرنجە، ئەوەیە کە کوردستان بوو بە گۆڕەپانی هاوکاری و هاوخەمی لەگەڵ هەژاران، نەخۆشخانەکان بوونە سەنگەری فیداکاری سپی پۆشانی نیشتمان، دوکتۆر و پەرەستار و کارمەندەکانی نەخۆشخانەکان مایەیان لەخۆیان دانا، تەرکی ماڵ و مناڵیان کرد، گیانی خۆیان خستە مەترسییەوە بۆ ئەوەی مەرگی هاونیشتامانییەکانیان نەبینن و لەو ڕێگەیەدا دەیان سپی پۆشی ماندوونەناس گیانیان لەدەست دا. لە ماڵە دەوڵەمەندان دڵسۆزان بە پووڵ، لە ناوەندە مەدەنییەکان بە قەڵەم و ژینگە پارێزان بە دژەگەنکردنی کۆڵان و شەقامەکان، لاوەکان بە ڕاگرتنی هاتووچۆ و  هەموویان یەک دەنگ هاواریان کرد “ئەی نیشتمان تۆم هەر لەبیرە”. لەوکاتەدا کە بێکار و هەژارەکان ترسی زگی برسی مناڵەکان خەوی زڕاندبوون، دەوڵەمەندەکان بەوپەڕی سەخاوەتەوە بە هانایانەوە چوون و نەیانهێشت خەوی مناڵەکانیان تێکچێ و بەزگی برسییەوە ڕۆژ بکەنەوە. هەر لەم کاتەدا کە کۆڕۆنا خەریکی داگیرکردنی جیهان بوو، کوردانی نیشتمانپەروەر و ئازادیخوازانی تاراوگەش بە خەمی نیشتمانەوە بوون و لە ڕێگەی جۆراوجۆرەوە ئەوەی لە دەستیان هات کردیان. لەڕیگەی هاوکارییەکانیانەوە بەفریای هەژار و نەدار و بێکارەکانەوە چوون و ئەرکی ئەخلاقی و ئینسانی و نیشتمانیی خۆیان بەجێگەیاند. ئەم هاوکاری و هاودەردی و بەیەکەوەبوون و هەرەوەزە کوردانەیە بوونەتە مایەی خۆشحاڵی کوردستانیان و ئەم ڕێچکەیەش ڕۆژ لەدوای ڕۆژە پڕ ڕێبوارتر و ئاوەدانترە و تادێ دەنگدانەوە و ڕەنگدانەوەی ئەو حەڕەکەتە مەدەنی و نەتەوەیی و نیشتمانییە زیاتر گەشە دەکا و پەرە دەسێنێ.