کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەورەیی و شکۆی مرۆڤانە

00:01 - 16 بانەمەڕ 2720

یەکێکی تر لە بنەما و بەڵگەمەندیی مافەکانی مرۆڤ گەورەیی زاتی مرۆڤە و هەربۆیەش لە زۆر بەڵگەی مافەکانی مرۆڤدا پێداگری لەسەر گەورەیی مرۆڤانە کراوە. ڕێز گرتن بە مانای بەرز نرخاندنە و کەڕامەتیش بە مانای سەربەرزی و ڕێزداری، جێگەوپێگەی بەرز و شەرافەت کە بەهۆی ئەو ڕوانگەیە هەر ئینسانێک لێی بێبەش نابێ و لەهەر حاڵەتێکدا ناتوانی لێی بستێنیەوە. کەوابوو هەر جۆرە کردەوەیەک کە گەورەیی مرۆڤ خەوشدار بکات ڕەوشتێکی ناجوامێرانەیە و دەبێ خۆی لێ بوێری. ئەوەی کە لە بەڵگەکانی مافی مرۆڤدا هاتوە لە راستیدا حقوق و ڕێساگەلێکن کە بە مەبەستی پارێزگاری لە گەورەیی و شکۆی مرۆڤ ڕۆنڕاوە، وەک میناک کۆیلە بوون، ئەشکەنجە، هەڵاواردن و دووچاوەکی بەپێچەوانەی شکۆ و گەورەیی ئینسانی تاکە. جا ئێستا ئەو پرسیارە دێتە پێش کە بۆچی و بە چ هۆکارێک مرۆڤ خاوەن وەها گەورەیی و شەرەفێکە؟ دەکرێ ئەم پرسیارە لانیکەم بە دوو ڕوانگە بەرسڤ بدرێتەوە: لەڕووی فەلسەفی و بە جۆرێکی دیکە فەلسەفەی حقووق و لە ڕوانگەی ئۆلی (دینی)یشەوە.   لە ڕوانگەی فەلسەفییەوە ڕوونکاری و پاکانەی مافەکانی مرۆڤ بەپێی بنەماکانی مەزنایەتیی ئینسانی و تایبەتمەندییەکانی سەرەکی بە دوو شێواز پۆلێنبەندی دەکرێن کە لەدرێژەدا باسی دەکەین. ڕوانگەی ئاکاری «کانت» لەهەمبەر مرۆڤ: مانۆیێل کانت فەیلەسووفی ئەڵمانی ڕوانگەی ئاکاری خۆی لەهەمبەر مرۆڤ لەسەر سێ کۆڵەکە دامەزراندوە کە ئاکامی هەرسێک لەو ئەستوونانە ڕێزدانان بە ئینسان و مافەکانیەتی: کۆڵەکەی یەکەم، سەربەست بوونی مرۆڤە؛ واتە مرۆڤ توانایی هەڵاوێژن و بڕیاردانی ئاوەزمەندانەی هەیە. مرۆڤ دەتوانێ تەنیا لەسەر بنچینەی ئاوەزی کردەیی بێخەوش بڕیار بدا؛ یانی تەنیا و تەنیا ئاوەزی کردەیی مرۆڤ بەبێ ئەوەیکە بکەوێتە ژێر کاریگەریی ویستی سەرچاوەگرتوو لە هەڵسەنگاندنی قازانج و زەرەر، حوکم بدا و ئەمر بکا، ئەم «سەربەخۆیی و سەربەستییە» بە شێوەیەکی کورت «سەربەستی ئاوەزی کردەیی بێخەوش واتە توانایی و دەسەڵات» ئەو شتەیە کە کانی بە بایەخەوە باسی دەکا. ئەم بنواشە و پڕەنسیپە بە ڕوانگەی کانت مەرجی ڕواڵەتی هەرجۆرە ئەرکێکی ئاکارییە. یانی هەندێک بڕیارات و دەستوور دەتوانن ئاکاری بن. بە بۆچوونی کانت هەر حوکمێک کە ئەم مەرجە ڕووکەشییەی پەسند بکا دەبێتە حوکمێکی ئاکاری (حکم اخلاقی)، کەوابوو بە باوەری ئەو فەیلەسووفە مەزنە فەرمانی ئاوەزی کردەیی بێخەوش، حوکمێکی ئاکارییە و بایەخی ئەخلاقیشی هەیە. کۆڵەکەی دووهەم، گەورەیی مرۆڤە کە لە سەربەست بوون و ئاوەزمەندی ئەو سەرچاوە دەگرێ، یانی چوونکوو بنیام بوونەوەرێکی هەڵبژێرە(انتخابگر) و سەربەستە کەواتە کەڕامەتی هەیە. بە بۆچوونی «کانت» دەبێ مرۆڤایەتی لەنێو کەسیی خۆتدا بە پیرۆز بزانی و مرۆڤ بەهۆی هەبوونی سەربەستی (سەربەخۆیی خواست) و ئاوەزمەندی، کەرەسە و شت نییە. کۆڵەکەی سێهەم، مرۆڤ بۆخۆی ئامانج و مەبەستە نەک کەرەستە و ئامراز، ئاکاری کانتی لەسەر ئەم بنەمایە دامەزراوە کە لەتەک هەموو مرۆڤەکان وەک یەک و بەرامبەر و بەوپەڕی خود(غایت بالذات)دەبێ هەڵسووکەوت بکرێ نەک بە مینانی کەرەسە و تشت. لە ڕاستیدا لەم بنواشەیە، بە ڕوانینی کانت حوکمی ئاوەزی بێخەوشە و لە ئاکاما بەپێی بنەمای یەکەم حوکمێکی ئەخلاقییە. هەروەها بەپشتبەستن بە بنەماکانی هەوەڵ و دووهەمیش دەتوانین بەو ئاکامە بگەین کە نابێ لەتەک مرۆڤ وەک شت یان کەرەستەیەک هەڵسووکەوت بکرێ، کەوابوو ئینسان کەرەسە نییە بەڵکوو کەسێکە. ئەم ڕاستییە بۆ هێزی هەڵبژاردن و ویستی ئەو دەگەڕێتەوە کەوابوو کەڵک وەرگرتن ئامرازی لە مرۆڤ ئەوە وەک کەرەسەیەکی لێ‌دەکا نەک کەسێک، ئەوەش سەلماوە کە هیچ ئینسانێک پێی خۆش نییە وەک ئامراز و کەرەسەیەک یاری دەگەڵ بکرێ. جا ئێستا با بزانین بە هاوکاری و یارمەتی ئەم سێ کۆڵەکەیە چەندە دەتوانین ئالیکاری مافەکامی مرۆڤ بین؟ لە وڵامدا دەبێ بڵێین، بەپێێ بنەمای یەکەم، مرۆڤ خاوەن سەربەخۆیی خواست و ئیرادەیە، سەربەخۆیی خواست هەمان دەسەڵاتی تەواوی تاکە بەسەر هەڵبژاردنی کامڵ و ڕێکی بایەخە ئاکارییەکان و ئەمەش تەنیا لە چوارچێوەی دەوڵەتی بێلایەن یان لانیکەمی بەئاکام (minimal)بگا و لە ڕاستیدا بەپێی ئەو نیزامە تاک دەبێ لە بەرامبەر هەرجۆرە دەستدرێژی کردنە سەری پارێزراو بێ. بناخەی بەگەورە زانینی مرۆڤ فەرمانمان پێ دەکا کە هەر مرۆڤێک بەبێ لەبەرچاو گرتنی ئەوەیکە کێیە و لە چ ئاستێک دایە، بەبێ مەرج بایەخی بۆ دابنێین نەک بەمەبەستی کەڵک لێ وەرگرتنی وەک کەرەسەیەک؛ چوونکە سەرجەم مرۆڤەکان لەخودی خۆیاندا دوایین ڕادەن و دەتوانن کاروباری خۆیان سەروبەر بکەن، کەوابوو هەرهەموویان لە گەورەییدا بەرامبەرن و وەک ئامانجێک سەیر دەکرێن نەک وەک کەرەسەیەک. بە بۆچوونی کانت دەبێ وەها بجووڵێیەوە کە مرۆڤایەتی چ لە کەسی خۆت و چ لە کەسێکی تر بەردەوام وەک خودتەکووز و ئامانج ببینی و هیچ کاتێکیش وەک ئامراز و کەرەستەیەک بەکاری مەهێنە. بەم خوێندنەوەیە، ڕێزدانان بۆ خواست و داوکارییەکانی تاک کە بوونەوەرێکی ئامانجدار و سەربەخۆیە نەک ئامرازێکی و ئیتر هیچ، ئەمە سەرچاوەی زۆرێک لە مافەکانە، چوونکە بەو ڕوانینە هەموو کەسێک سەربەست و سەربەخۆیە و بۆخۆی بڕیار دەدا چ بکا؛ یان چ نەکات و ئەمەش دەبێتە تایبەتمەندیی ئینسانی و کەسایەتیی خۆیەتی و دەبێ ڕێز بۆ ئەو هەڵوێست و بڕیاراتەی باوەڕی خۆی دابنێین، هەروەها لە زۆربەی جاران ئەگە خواست و بڕیاراتی خۆمان لە سەرووی ڕوانین و بڕیاراتی ئەو دابنێین، لە ڕاستیدا ئەوە وەک کەرەسەیەک چاو لەو کەسە دەکەین نەک مرۆڤێکی سەربەست و ئازاد، سەپاندن و بە ئەستۆ داهێنان یان بێبایەخ چاولێکردنی‌ ڕا و بۆچوون و بڕیاراتی کەسێک، زەوت کردنی ئەو ئازادی و سەربەستییەی تاکە. بەپێی ئەو بۆچوون و بەڵگانەیە کە ماف و ئازادییەکانی سەرەکی لە جۆری مافی مەدەنی و سیاسی شەقڵ دەگرن.