کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێعدام، سووڕی بەردەوامی تاوان و توندوتیژی

00:05 - 16 بانەمەڕ 2720

"مافی ژیان لە سەرەوەی هەموو شتێکە. مافی ژیان لایەنی سەرەکیی مافەکانی مرۆڤە. هیچ پێوەندییەک لەنێوان سزای ئێعدام و کەمبوونەوەی ڕێژەی ڕوودانی جەنایەتدا نییە.*" ئێران یەک لەو وڵاتانەیە کە بەپێی ئامارە فەرمی و نێودەوڵەتییەکان لە ڕیزی سەرەوەی ئەو دەسەڵاتانەیە لە جیهاندا کە زیاترین سزای ئێعدامی تێدا دەدرێ و جێبەجێ دەکرێ. لە ئێراندا ئێعدام یاساییە و، هەندێک لەو جورمانەی کە سزای ئێعدامیشیان بەسەردا دەسەپێ و لەم وڵاتەدا دەچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە بریتین لە: جورمە سیاسییەکان، کوشتنی بەئەنقەست، دەستدرێژی، دەستدرێژیی سێکسی بۆسەر منداڵان، جورمە سێکسییەکان لەوانە زینا و لەوات (لە ڕوانگەی دەسەڵاتەوە)، شەڕ لەدژی خوا، هەڵگەڕانەوە لە دین و کڕین و فرۆشی مادە سڕکەرەکان و ... بۆیە لەم باسەشدا لە وشەی ئێعدام کەلک وەردەگیرێ چون شێوەکانی لە نێو بردن زۆرن و تەنیا لەسێدارەدان نییە. لەم دواییانەدا و سەرەڕای ئەوەی کە ئێرانیش یەکێک لەو وڵاتانەیە تووشی بڵاوبوونەوەی بەربڵاوی نەخۆشیی کرۆنا بووە و، هەر بەم بۆنەیەشەوە بە چەندین جار دەسەڵاتی ئەم وڵاتە لە لایەن چالاکانی مەدەنی و هەروەها ڕێکخراوە مەدەنییە نێونەتەوەییەکان بەرەوڕووی داواکاریی بەردانی زیندانییان بۆ پاراستنی سڵامەتییان بووەتەوە، بەڵام نەک لەم بارەوە وڵامدەر نەبووە بەڵکوو هەر لەم ماوەیەدا پتر لە چل کەسی ئێعدام کردوە. دەبێ ئەمەشی لێ زیاد بکرێ کە هەندێک لە ئێعدامەکان لە مانگی ڕەمەزاندا کە مانگێکی حەرامە بەڕێوە چوون. ئەوەش بڵێین هەر لەم ماوەیەدا دوو منداڵ-‌تاوانبار لەسێدارە دراون کە لە کاتی تووشبوونی تاوانەکەیان و دەرچوونی بڕیاری دادگا تەمەنیان خوار هەژدە ساڵ بووە، ئەمە لە کاتێک‌دایە کە ئێران لە ساڵی ٧٢ەوە کۆنڤانسیۆنی مافی منداڵانی ئیمزا کردوە. مەبەستی ئەم بابەتە نەک هێنانەوەی ئامار بەڵکوو شیکارییەک بۆ ئەم جۆرە لە سزایەیە –لێرەدا هەوڵ دراوە زیاتر باس لە تاوانی کوشتن بکرێ- کە توندترین جۆری سزادانە و کەسی تاوانبار یا بێ‌تاوان ژیانی لێ دەستێندرێ. ئێعدامیش وەک هەر دیاردەیەک لایەنگر و دژبەری تایبەت بە خۆی هەیە، کۆنترین لایەنگرانی سزای ئێعدام بە پشبەستن بەم دێڕە کە لە کتێبی “پیرۆز”دا هاتوە –گیان لەبری گیان، چاو لەبری چاو و ددانیش هەروەتر- بەڕێوەچوونەکەیان پێ باش بووە و ماون ئەو کەسانەی وا هەر لەسەر ئەم ڕێبازەشن. ئەمەش نەک خەڵکانێکی ئاسایی بەڵکوو فیلسووفێکی وەک “کانت”ـیش لەسەر ئەم باوەڕە بوو. بەڵگەهێنانەوەی دیکەی لایەنگران ئەوەیە کە پێیان‌وایە ئێعدام دەسکەوتێکی پێشگیرانەی گشتیی لێ‌دەکەوێتەوە کە ئەم ڕوانگەیە نوێترە، چونکوو لە ڕابردوودا ئەم باوەڕە نەبووە کە هەر تاوانێک بیرۆکەیەکی تاوانبارانەی لە پشتە و دەبێ کۆنترۆڵ بکرێ. لە قۆناغی دواتردا لەسەر ئەو باوەڕەن کە کۆمەڵگە پێویستی بە ئاسایشێکی سەقامگیر هەیە و ئەمەش تەنیا لە ڕێگەی بەردەوامیی ئێعدامەوە دەستەبەر دەکرێ و؛ دوایین بەڵگەهێنانەوەی ئەم کەسانەش ئەوەیە کە تێچووی ماڵیی ئێعدام کەمترە. بەڵگەی یەکەم ڕوانگەیەکی سەردەمی بەردینەکانە و جێگەیەکی لە سیستمی یاسایی مۆدێرندا نییە، لەوێدا تەنیا ڕووداوەکە پێوەرە نەوەک دۆخی ڕوودانی ئەو ڕووداوە و، ئەمەش هەڵوێستێکی تۆڵەستێنانەیە و جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ شێوازی تۆڵەکردنەوەی مرۆڤە سەرەتاییەکاندا نییە. بە تایبەتی نابێ ئەم خاڵە گرینگە لە بەرچاو نەگرین کە لە حاڵەتی کوشتندا دۆخێکی زۆر تایبەت لە ئارادایە و بە دڵنیاییەوە مەرجی پێویست لە هەندێک حاڵەتدا دەروونێکی بێ‌بەزەیی نییە و ڕەنگە هەر کەسێک لە دۆخێکی وادا کە مێشکی لەکار بکەوێ و لە باری دەروونییەوە شتێکی دەرەکی هانی بدا تووشی هەمان دژکردەوە بێتەوە. ئەوەش بڵێین کە باس لە کوشتن دەکرێ، لێرەدا تەنیا کوژراو بۆی هەیە تۆڵە بکاتەوە و ئەویش مردوە، لە ڕاستییدا کەسانی دی بەدوای دادپەروەرییەوە نین و دەکرێ بڵێین گرێ دەروونییەکانیان بەو تۆڵەیە دەکەنەوە. بۆ ئەوەی کە دەڵێن دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی لادانە کۆمەڵایەتییەکانیش نموونەی دژبەمە زۆرە و لە ڕاستییدا دەتوانین بڵێین ڕێک بە پێچەوانەیە، بەرچاوترین شایەدی ئەم ئیدعایە دۆخی نالەباری کۆمەڵگەی ئێران و ڕێژەی بەرزی زیندانییانی تاوانە کۆمەڵایەتییەکانی ئەم وڵاتەیە. بە دەردی ڤیکتۆر هۆگۆ نووسەری فەڕانسەیی: ئایا پێتان وایە لە ئێعدامدا پەندێک هەیە؟ بۆچی؟ لەبەر ئەو شتەی فێرمان دەکا؟ مەگەر بەم پەندە چی فێری خەڵک دەکرێ؟ ئەوەی کە نابێ بکوژن؟ ئەم وانەیە بە کوشتن فێری خەڵک دەکەن؟ بە درێژایی ئەم ساڵانە کە لە ئێران بە چەندین جار باندی تاوانبارانی کۆمەڵایەتی گیراون و پاشان ئێعدام کراون، هیچ کام لەم هەوڵانە نەبووەتە هۆی ئەوەی دەسکەوتێکی بەرهەست ببیندرێ و ئەمنیەت و ئاسایشی کۆمەڵگەی لێ بەرهەم بێ و، ڕێک بە پێچەوانەشەوە درێژەی ئەم هەوڵانە خۆی نیشاندەری ئەوەیە کە ئەم جۆرە کەسانە لە کۆمەڵگەدا زاون و زیادیان کردوە، دەنا هەر لە یەکەم تاقمی ئێعدام کراوەوە بنەبڕ دەبوون. ناکرێ ئاماژەش بەوە نەکەین کە زۆربەی ئەم تاوانانە لە لایەن منداڵانی هەژاری کۆمەڵگەوە ڕوو دەدا و بە جۆرێک دەتوانین بڵێین تۆڵەیەکی گشتییە و بێجگە لەمەش کەسانی پەراوێزخراو بە ئێعدامی هەندێک کەس دەیانهەوێ بکەونە کانوونی سەرنجەکانەوە و لەو پەراوێزییە هەرچەندە بە تێچووی گیانیشیان بێ بێنە دەرەوە و بچنە نێو دەقی سەرنجەکانەوە. بۆ وڵامی ئەو مەنتقە کە تێچووی کەمی ماڵیی ئێعدام دەکاتە پێوەر دەتوانین بڵێین ڕوانگەیەکی نائەخلاقییە و ڕەنگە وەک ئەوە وابێ کە پیر و بەساڵاچووانی کۆمەڵگەیەک پاکتاو بکرێن بەو هۆیەی کە توانای هیچ بەرهەمهێنانێکیان نییە و لە کەلک کەوتوون. دەنا سیستمی دەسەڵاتی وڵامدەر و بەرپرس لە بەرامبەر گیانی دانیشتووانی وڵاتەکەی، خۆی بە ئەرکدار دەزانێ ئەگەر تاوانباریشی تێدا بێ. بۆ کۆتایی هێنان بەم بەشەی بابەتەکە توێژینەوەیەکی زانستی لە خوارەوە دێنمە بەر باس: لە ئاکامی توێژینەوەیەکی زانستیی ورد کە لە ساڵی ٢٠١٢ لە (American Economic Review)‌دا بڵاو بۆوە، دەرخەری ئەم ڕاستییەیە کە سزای ئێعدام نەیتوانیوە تاوان کەم بکاتەوە. لەم ڕاپرسی و توێژینەوەیە کە لەگەڵ شارەزایانی کۆمەڵگەی تاوان‌ناسییدا بەڕێوە چووە نیشان دەدا تەنیا ٥٪ی ئەم کەسانە پێیان وا بووە سزای ئێعدام دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی کوشتن و  ٨٨٪ی ئەوان ڕێک بە پێچەوانەوە بیریان کردوەتەوە. هەر لەم توێژینەوەیەدا زۆربەی شارەزایان لەسەر ئەم بڕوایە بوون کە باس و مشتومڕ لەسەر سزای ئێعدام، وشیاریی یاسادانەران و جێبەجێ‌کەرانی یاسا لە گرتنەبەری ڕێکاری کاریگەر کە دەبێتە هۆی دابەزینی تاوان بە خۆوە سەرقاڵ دەکا و لە ئەسڵی بابەتەکە لادەدەن. ڕێکاری وەک بەرنامەگەلی پشتیوانی لە منداڵان لە تەمەنی کەمدا، قوتابخانە و فێرگەکان، فێرکاریی پیشەیی، داهێنانی وەک “دەرمانی توندوتیژی” (Cure Violence) لەدژی توندوتیژیی باندە تاوانکارییەکان و بەرنامەی وەک “بوونە پیاو” (Becoming a Man) بۆ ئەو لاو و نۆلاوانەی وا لەژێر مەترسیی و هەڕەشەدان. لێرە بە کورتی ئاماژە بە هەندێک کاریگەریی نەرێنیی ئێعدام لەسەر لایەنی دەروونیی کەسوکاری ئەو کەسە دەکەین کە ئێعدام کراوە. ئێعدامی کەسێک کە تاوانێکی کردوە بە تایبەتی لە زۆربەی حاڵەتەکاندا نائیرادی دەکرێن و هیچ کام لە ئەندامانی بنەماڵە دەستیان تێدا نەبووە، بەڵام سێبەری ڕەشی کاریگەریی ئەم کوشتنە هەتا هەتایە بەسەر ئەو بنەماڵەیەدا زاڵە. خۆ ئەگەریش کوشتنێک یان چەند دانە کوشتن بەئەنقەست و بە ئامانجێکی لەپێشدا دیاریکراو کرابێ ئەوە دیسان ئێعدام ناتوانێ چارەسەر بێ بۆ ئەو کەسە چونکوو لە ڕاستییدا کەسی وا پێویستی بە نەخۆشخانەیە زیاتر هەتا زیندان و سزای ئێعدام. ئێعدام بە گشتی و ئێعدامێک کە لە بەرچاوی جەماوەری خەڵکدا دەکرێ، کارتێکەریی خراپی لەسەر تاک بە تاکی کۆمەڵگە دەبێ، یەکێک لەم کاریگەرییە نەرێنییانە چاندنی تووی ڕق و قین و توندوتیژییە ئەمە بە تایبەت لەسەر بنەماڵەی ئێعدامکراو زۆر ڕاستە. زۆربەی ئەندامانی ئەو بنەماڵەیە لە دوای ئەوە ناچنەوە سەر ڕەوتی ئاسایی ژیان و بیرۆکەی تۆڵە –چ دەروونی چ کرداری- لە مێشکیاندا دروست دەبێ. لەم پێوەندییەدا منداڵانێک کە باوک یا دایکیان ئێعدام دەکرێ زۆرترین زەبری دەروونییان لێ دەکەوێ و ڕەنگە بە دڵنیاییەوە بتوانین بڵێین هیچ کاتیش قەرەبوو نابێتەوە؛ لەوانە دەتوانین ئاماژە بە کەمیی باوەڕبەخۆیی، هەستی شەرم لە خۆ و ئەوانی‌دی، درۆکردن لە بارەی دۆخی ئارایی، نەتوانینی ڕوونکردنەوە لەسەر ئەو دۆخەی تێیدان، تووڕەیی، بێ‌مەیل بوون بە خواردن، پەنا بردنە بەر سیگار و خواردنەوە ئەلکولییەکان و هەندێک جار مادە سڕکەرەکانیش، نەمانی هۆگری بە کایە و خوێندن، بێخەوی و نەمانی هۆش و ... بکەین و هەروەها لە ڕووی ئاکاریشەوە لەگەڵ هەندێک کێشەی وەک؛ جنێودان (بە خۆ و بە کەسانی تر)، تووڕەیی لە کرداردا، شەڕ کردن، گۆشەنشینی و ... بەرەوڕوو دەبنەوە. ئەمە بەشێکی کورت بوو لەو کاریگەرییە خراپانە کە دەتوانێ زۆر زیاتر و فرەڕەهەندتریش بێ و کار بکاتە سەر زۆربەی بوارەکانی ئابووری، کۆمەڵایەتی، کولتووری و هیی تری ئەو کەسانە. لەم بەشەشدا کورتەیەک لە ڕۆمانی “گێلۆکە”** لە نووسینی داستایێڤسکی کە لەسەر حاڵەتی دەروونیی کەسی ئێعدامییە دێنمەوە بۆ ئەوەی قورسایی ئەم جەنایەتە زیاتر دەربکەوێ -وەک لە هاوڕێیەکم بیست کە چووبوو تەرمی “شایان سەعیدپوور”ی دیبوو دەیگوت: “هەموو لێوی هەڵدڕابوو و خوێناوی بوو، ئەوەندە لە ترسی گیانی لێوی خۆی گەستبوو.”- : “کاتێک کەسێک بە ئەشکەنجە دەکوژن، ڕەنج و ئازاری برینەکان جەستەییە و، ئەم ئازارە جەستەییە مرۆڤ لە ئازاری دەروونی بێ‌ئاگا دەکا، بە جۆرێک کە هەتا دەمرێ تەنیا ئازارێک کەوا دەیچێژێ هەر لەو برینانەیە. لە کاتێکدا دەردی سەر باری هەموو دەردەکان، ئەو ئازارەی وا کەس بەرگەی ناگرێ هیی برین نییە بەڵکوو لەوەدایە کە تۆ دەزانی و بە دڵنیاییشەوە دەزانی کە کاتژمێرێکی تر، لە دوای دە خولەکی تر، لە دوای نیو خولەکی تر، لە دوای هەر ئێستا، هەر لەم ساتەدا گیانت لە لەشت دەردەچێ و ئیتر مرۆڤ نی و هیچ ئەملا و ئەولایەکیشی نییە؛ گەورەترین دەرد ئەوەیە بەبێ ئەملاوئەولایە. سزای ئێعدام بە تاوانی مرۆڤکوژی، بە سەدان قات ترسێنەرتر لە خودی مرۆڤکوژییە. کوژرانی بە بڕیاری دادگا ئەوەندە ترسێنەرە کەوا هەر لەگەڵ کوژران بەدەستی تاوانبارێکەوە بەراورد ناکرێ.” لە کۆتاییدا بڵێم لە دوای ئێعدامی “شایان سەعیدپوور” و “مەجید ئیسماعیل‌زادە” کە منداڵ‌-تاوانبار بوون و هەندێک لە ئێعدامەکانی دیکەی ئەم دواییانەش کە زۆربەیان بە تاوانی کوشتنی بەئەنقەست بوو، لەبەر ئەوە ئەم بابەتە بەم ئاراستەدا چوو. دەنا نابێ ئەوە لە بیر بکەین کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئێعدامی دژبەرانی سیاسیی خۆیدا دەستێکی باڵای هەیە و بە تەنیا بە تاوانە کۆمەڵایەتییەکان دانەکەوتوە و، کوردستان لەم بارەیەوە هەر لە سەردەمی حاکم شەرعیی خەڵخاڵییەوە هەتا ئێستا تێچوویەکی زۆر گرانی داوە و تەنیا بە پێی ئامارەکانی حیزبەکانی دێموکرات و کۆمەڵە ٢٣٠٠ ئەندام و پێشمەرگەی ئەم حیزبانە بە تۆمەتی “ئەمنیەتی” –پرسی کوردستان پرسێکی سیاسیی نییە بە لای حکوومەتەوە و بەردەوام بە چاوێکی ئەمنیەتی سەیری کوردستان و پرسە نەتەوەییەکەی کراوە- لەدار دراون. *** * شکیب قرطباوی؛ وەزیری دادی پێشووی لوبنان ** بەرامبەر بە وشەی “ابله” لە فارسییدا