کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشەوا قازی گاندی و ماندێللای کورد

00:07 - 16 بانەمەڕ 2720

لە مێژووی هەموو نەتەوەکان، هەن ئەو مرۆڤانەی بەهۆی تایبەتمەندیی کەسایەتی و هەڵوێست و بڕیاریان لە بەرامبەر چارەنووسی گەلەکەیان دەبنە هێما و شوناسی نەتەوەیان و شانازیی مرۆڤایەتی. گاندی بە هۆی گرتنەبەری سیاسەتی بەدوور لە توندوتیژی دژی کلۆنیالیزم توانی بەرپەرچی داگیرکاریی بریتانیا بداتەوە و ئێستا بووەتە بیرۆکە و مێتۆدی خەباتێکی سەردەمیانە و بەم بۆنەیەوە جێگەی ڕێزی خەڵکانی دنیایە و بەتایبەتی لای هێندییەکان کە ڕزگارکەریان بووە، زۆر خۆشەویستە. لە ئافریقای باشووریش، ماندێللا بە هۆی سیاسەتی دژە ئاپارتایدی سپی‌پێستەکان و خەباتێکی لە پێشدا چەکداری و دواتر مەدەنی، شکستی بەم سیاسەتە ڕاسیستییە هێنا و ئافریقای باشووری بەرەو دێموکراسی برد و بە هۆی خەباتی بێ‌وچانی سەرۆک ماندێللا بۆ ئاشتی و پێکەوەژیان، هەم گەلەکەی لە پاکتاوکردن ڕزگار کرد و هەمیش ئەم جۆرە خەباتە کرا بە پێناسەیەک لە خۆڕاگری بۆ هەموو گەلانی مافویست و ئازادیخواز. لە مێژووی کوردانیش گەلێک زۆرن ئەو مرۆڤانەی بەهۆی گرتنە بەری سیاسەتی ئوسوولی و گیان بەختکردنیان هەردەم بە زیندوویی ماونەتەوە و ئاکار و ڕەوشتیان بۆتە قوتابخانەیەک بۆ ڕزگاری و ئازادی .پێشەوا قازی محەممەد یەکێک لەو ڕێبەرە کاریزماتیکانەی ڕۆژهەڵاتی ناڤینە کە بە هۆی هەڵوێست و بڕیارەکانی لە بەرامبەر چارەنووسی گەلەکەی ڵای هەموو ئەو مرۆڤانەی بە جۆرێک ناسیویانە بە زیندوویی و گەورەیی دەمێنێتەوە. پاش ئەوەی پەیوەست بوو بە کۆمەڵەی ژێکافەوە بە هۆی ئەوەی خاوەنی کەسایەتییەکی پێگەیشتوو و تێگەیشتوو و کاریزما بوو، هەر زوو توانی کاریگەریی خۆی لەسەر هەموو ئەندامانی کۆمەڵەی ژێکاف دابنێ و لە ماوەیەکی کورتدا ببێتە بەرپرسی یەکەمی ئەو ڕێکخراوەیە. پاشان بە تێگەیشتوویی لە سیاسەتی ئەو کاتی ڕێژیمی پاشایەتی و سیاسەتی جیهانی و هاتنی دوو زلهێزی وەک سۆڤیەت و بریتانیا بۆ ئێران و، نەمانی دەسەڵاتی پاشایەتی لە زۆریەک لە ناوچەکانی ئێران و کوردستان بڕیاری بۆ ئاشکراکردن و بەرفراوانکردنی کۆمەڵەی ژێکاف و دامەزراندنی یەکەم حیزبی مودێڕنی سیاسی بە مانیفێستێکی کوردستانی و خاوەن بەرپرسیارەتی و شوناسی نەتەوەیی دا. هەر بۆیە لە ٢٥ی گەلاوێژی ١٣٢٤ی هەتاویدا حیزبی دێموکراتی کوردستانی وەک حیزبێکی  نەتەوەیی و خەباتکار بۆ شوناسخوازی ڕاگەیاند و، توانی هەموو چین و توێژەکانی جڤاکی کوردستان لە هەموو ئایین و ئایینزاکان و زاراوە جیاوازەکان لە هەموو جوغرافیای کوردستان تێدا بەشدار بکات و، بە مەبەستی پڕکردنەوەی بۆشایی سیاسیی کورد بڕیاری ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کۆماری کوردستانی لە ٢ی ڕێبەنداندا. بەم شێوەیە یەکەم دەوڵەتی کوردی لەسەر دەستی پێشەوا قازی لە شاری مەهاباد وەدی دێ. بە هەڵوێست و کرداری پێداگرانەی لەسەر پرسی کورد کاریگەریی لەسەر کەسایەتییە سیاسی و سەربازییەکانی ڕووس، بریتانیا و ئێرانیەکان داناوە. هاوکاتیش بە پێگە کۆمەڵایەتی و سیاسییە گرینگ و شوێندانەرەکەی لە ئاستی کوردستاندا هەیبووە توانای ڕاکێشانی سەرنجی دۆست و دوژمنانی کوردی بۆ سەر دۆزی نەتەوەکەمان هەبووە و، توانیویەتی سیاسەت و بڕیاریان بۆ ئەو لایەنە ڕاکێشێ کە مەبەستی بووە. بۆیە پێشەوا گەر لە ڕووی کەسایەتییەوە خاوەنی ئەم تایبەتمەندییە بەرچاوانە بووە و توانیویەتی شوێندانەر بێ لەسەر تاکی کورد و کەسایەتییە بیانییەکان، لە ڕووی سیاسییشەوە سەرەڕای دامەزراندنی حیزبی دێموکرات و ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان، شێوازێک لە ئایدییا و خەباتی سیاسی و مەدەنیی ناتوندوتیژانە لە پێشەوا قازیدا هەیە کە لە گاندی و ماندێللاشدا بەرچاو دەکەوت. پێشەوا قازییش بەو خۆشەویستییەی بۆ هاونیشتمانییانی هەیبوو، سەرەڕای ئەوەی کە خاوەن دەوڵەت و چەکوچۆڵ و هێزی مرۆیی گیان لەسەر دەستیش بوو، بەڵام بە باشی ناخی دەسەڵاتدارانی پاشایەتیی دەناسی کە بێ‌بەزەیین بەرامبەر بە خەڵکی کورد و دەوڵەتی دێموکراتیکی کوردستان و خودی کەسایەتیی پێشەواش، دیسان بە تێگەیشتنی لەم ئەسڵە “کە لە سیاسەتدا دیپلۆماسی براوەی یەکەم و کۆتایی شەڕ و ئاشتییە”، دەچێتە تاران و وتووێژ لەگەڵ سەرانی ڕێژیم لەسەر مافی گەلی کورد دەکا و بە هەموو پێوەرەکان بە قەناعەتیان دەگەیەنێ کە ئەم دەوڵەتە دێموکراتیکەی کوردستان و ئەقڵیەتی بەڕێوەبەرییەکەی، مەترسی و هەڕەشە بۆ سەر ڕێژیم نییە. بەڵام سوێندخۆرانی دیکتاتۆریی پاشایەتی کە سیاسەتی یەک دەوڵەت، یەک نەتەوە و یەک زمان و خاکیان پەیڕەو دەکرد، لە ژێرەوە دوژمنایەتیی خۆیان لە دڵدا ڕاگرت و دواتریش ئەم ڕقەیان ڕشت. دروستە حەزرەتی پێشەوا بە جەستە لە نێوماندا نەماوە بەڵام بە دڵنیاییەوە بیر و ئەندێشەکانی زیندووە و دامەزراندنی دەوڵەتی دێموکراتیکی کوردستان وەک ستراتێژیی دواڕۆژی حیزبی دێموکراتی کوردستان، زیندووکردنەوەی کۆمارەکەی پێشەوا قازییە. لە بەستێنی نێوخۆییشدا بە گرتنە بەری خەباتی مەدەنی و ناتوندوتیژانە بە ئیلهام وەرگرتن لە پێشەوا قازی لە لایەن ڕێکخراوە مەدەنییەکانی کۆمەڵگەی کوردستان، ڕێبازی پڕهیوا و ئاشتیخوازانەی پێشەوا بۆتە سەمبولی بەرخۆدانی ڕێکخراوە مەدەنییەکان و ڕێبازی پڕسەروەریی پێشەوا قازی بە شێوەی سیاسی و مەدەنی بۆ دامەزراندنی کۆماری دێموکراتیکی کوردستان وەک چرای هیوای هەر تاکێکی وریا و تێگەیشتووی کورد درێژە پێ‌دەدەن. لە کۆتاییدا باش وایە فەرموودەکەی پێشەوا قازی لە کاتی دادگایی کردنی دووبارە بکرێتەوە: “باش بزانن هەر دڵۆپە خوێنێکی من هەزاران قازی محەممەدی لێ دروست دەبێ. “ ئێستاش هەموو ڕۆڵەکانی کوردستان، تێکڕا دەڵێین: “ئێمە پێشەوا قازیین بۆ ڕزگاری و ئازادی” و تاکوو لەسەر گۆڕی پیرۆزی پێشەوا قازی و هەموو شەهیدان گوڵە شلێرە نەڕوێنین، دەست لە خەبات و ڕێبازی پێشەوا هەڵناگرین.