کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی سیاسیی ئێران لەنێوان ئۆتۆریتاریزم ‌و تۆتالیتاریزم‌دا

00:08 - 16 بانەمەڕ 2720

ڕێژیمی سیاسیی ئێران لەنێوان ئۆتۆریتاریزم ‌و تۆتالیتاریزم‌دا (کۆمارێکی ئیسلامی) (٢٢_٣) دەستەواژەی “کۆماری ئیسلامیی ئێران” بۆ کۆمارێک بە کار دەبرێ کە بە یاسا و رێساکانی ئایینی ئیسلام‌ و لە نێویشیدا مەزهەبی شیعەی دوازدە ئیمامی چوارچێوەدار کرابێ. لەو کۆمارەدا سەروەری بۆ خەڵک نییە، بەڵکوو بۆ خودایە. نوێنەرایەتیی خوداش لە سەر زەوێ دەدرێ بە وەلی فەقیهـ. لە وتووێژێکدا لەگەڵ رۆژنامەی فاینەنشڵ تایمز، مانگێک بەر لە سەرکەوتنی شۆڕش، خومەینی بەو شێوە کۆماری ئیسلامی پێناسە دەکا:   فاینەنشڵ تایمز: “دونیای ڕۆژئاوا زانیاریی تەواوی لەسەر حکوومەتی ئیسلامی نییە. هێڵە گشتییەکانی سیاسەتی حکوومەتی ئیسلامیمان بۆ ڕوون بکەنەوە” خومەینی: “حکوومەتی ئیسلامی حکوومەتێکە کە لەسەر بنەمای یاساکانی ئیسلام دادەمەزرێ. [...] پێی دەڵێین کۆماری ئیسلامی. کۆمار شێوی حکوومەتەکەیە ‌و ئیسلامیش واتە، نێوەرۆکی سیستەمەکە یاسای ئاسمانی‌ و خودایین.” (وتووێژی فاینەنشڵ تایمز لەگەڵ خومەینی، پاریس، ٨ی ژانویەی ١٩٧٩)   دامەزراندنی کۆمارێک لە سەر بنەمای یاسا و ڕێساکانی ئایینی ئیسلام، هەر لە سەرەتاوە بەرەوڕووی کێشە بوویەوە، چونکە هەر لە رێکخستنی رێفراندۆم‌ و لە ماوەی نووسینەوەی دەستوورەوە، هەندێک لە حیزب‌ و لایەن ‌و ژمارەیەک لە کەسایەتییە ئایینییەکان لە دژی پڕۆژەی خومەینی وەستانەوە، چونکە پێیان‌وابوو کە ئیسلام ‌و سێکۆلاریزم لەگەڵ یەکتر سازگار نین. دژبەرانی پڕۆژەی خومەینی لە دوو جەمسەر پێکهاتبوون: یەکەمیان، ئەو حیزب ‌و لایەن‌ و کەسایەتییانە بوون کە هەر لە سەرتاوە دژی دامەزراندنی کۆمارێکی ئیسلامی بوون. دووهەمیان، هەندێک گرووپ‌ و کەسایەتی ئایینی بوون کە بە شێوەیەکی نەریتی دژی تێکەڵ کردنی ئایین‌ و دەسەڵات بوون‌ و پێیان وابوو کە کەسانی ئایینی نابێ دەسەڵاتی سیاسی بگرنە دەست. یەکەم ڕەشنووسی دەستوور لە لایەن کەسێکەوە بە ناوی حەسەن حەبیبی لە کاتی مانەوەی خومەینی لە پاریس کاری لەسەر کرا. بە گوتەی هاونووسەرانی ڕەشنووسەکە، تێکەڵەیەک لە دەستووری فەڕانسە و دەستووری ڕێژیمی پێشووی ئێران بوو. لەو ڕەشنووسەدا کە نووسینێکی زیاتر سێکۆلار بوو، باسی پڕەنسیپی ویلایەتی فەقیهـ نەکراوە و لە جیاتی وەلی فەقیهـ، سەرکۆمار بەرپرسی یەکەمی وڵاتە و دەسەڵاتی جێبەجێکردن لە سەرکۆمار‌ و سەرۆک‌وەزیران پێک‌هاتوە. کەسانی ئایینی تەنیا لە رێگەی پاڕلمانەوە بۆ هەندێک لە دامودەزگا دەوڵەتییەکان دەستنیشان دەکرێن. پۆستە هەتاهەتایی‌یەکانی شوڕای نیگابان دراوە بە شارەزایانی ئایینی. هیچ پۆستێک لە دەسەڵاتی دادوەری بۆ کەسانی ئایینی دیاری نەکراوە. بەپێی ئەو ڕەشنووسە، ڕێژیمی سیاسیی ئێران ڕێژیمێکی پارڵمانی‌ و خەڵکییە کە لەودا دەسەڵاتی ئایینی لەژێر کۆنتڕۆڵی دەسەڵاتی خەڵکی دایە و ڕەهەندی ئایینی تەنیا ڕەهەندێکی سیمبۆلیکە لە بواری یاساداناندا. بڵاوکردنەوەی ئەو ڕەشنووسەی دەستوور، قۆناغی یەکەم لە پلان‌ و سێناریۆی خومەینی ‌و هاوڕێکانی بوو بە مەبەستی وەدەستهێنانی پشتیوانیی خەڵکی ئێران ‌و هەروەها ڕای گشتیی جیهانی. قۆناغی دووهەمی پڕۆژەی خومەینی، گواستنەوە و پەسندکردنی بیرۆکەی کۆمارێکی ئیسلامی بوو لە لایەن خەڵک‌ و لایەنە دیارەکانەوە.  قۆناغی سێهەمی پڕۆژەکەش، پێداچوونەوە و گۆڕانکاری لە ڕەشنووسەکەدا بوو، بە مەبەستی جێگۆڕکێی سیفەتی سێکۆلاری دەستوور بە ئایین، کە لەلایەن کۆڕی شارەزایانی دەستوورەوە ئەنجام دەدرا (مەجلیسی خوبرەگانی یاسای بنەڕەتی گرووپێکی ٤٠ کەسی بوون کە زۆرینەیان شوێنکەوتووی خومەینی بوون). لە ئەنجامدا، بیرۆکەی ویلایەتی فەقیهـ کە لەلایەن خومەینییەوە داڕێژرابوویەوە و پەرەی پێدرابوو، دەبێتە پڕەنسیپی بنەڕەتیی نوسخەی نوێی دەستوور، پڕەنسیپێک کە خومەینی دەباتە سەرووی هەموو دەسەڵاتەکانی‌ دیکە و دەیکا بە گەورەترین ڕێبەری ئایینی شیعە یان وەلی فەقیهـ. هەر لە یەکەم کاتژمێرەکانی پێداچوونەوەی ڕەشنووسی دەستوور، خومەینی نامەیەک ئاراستەی کۆڕی شارەزایانی دەستوور دەکا:   [...] “ زانایانی ئایینی بەشداری کۆڕی شارەزایانی دەستوور، ئەگەر پێیان‌وایە مادەیەکی دەستوور دژی ئیسلامە، دەبێ بەئاشکرا ڕایبگەیەنن، نابێ ترسیان لە مشتومڕی ڕۆژنامە و نووسەرە بەڕۆژئاوابووەکان هەبێ، کە خۆیان ‌وەکوو دۆڕاو دەبینن” [...] خومەینی، شاری قوم ، ٢٩ی ئووتی ١٩٧٩   نوسخەی نوێی دەستوور لە دێسامبری ١٩٨٠دا پەسند کرا، کە لەودا ڕێژیمی سیاسیی ئێران وەکوو کۆماری ئیسلامیی ئێران ناسێندراوە، ڕێژیمێکی سیاسی لەسەر بنەمای یەکتاپەرستی (تاک‌خودایی)، دەسەڵاتی خودا، سەروەریی خودا‌ و پەیڕەوی لە خودا(١). بە گوێرەی ئەو دەستوورە نوێیە، لە کۆماری ئیسلامیدا، دەسەڵاتی سیاسی‌ و دەسەڵاتی ئایینی تێکهەڵکێش کراون‌ و ڕێبەری ئایینی ‌وەکوو نوێنەری دەسەڵاتی خودا لەسەر زەوی دیاری کراوە. یاسا و ڕێساکانی کۆمار بە یاسا و ڕێساکانی مەزهەبی شیعە چوارچێوەدار کراون. بۆ دامەزراندنی خەلافەت لە ئیسلامی سیاسیی نەریتیدا، سێ سەرچاوە بە بنەما دەگیرێن: قورئان ‌و پێغەمبەر‌ و شەریعەت، بەڵام خومەینی مۆدێلێکی نوێی تایبەتی لە ئیسلامی سیاسی تیۆریزە کرد، ئیسلامێکی سیاسی لەسەر بنەمای ویلایەتی فەقیهـ. پڕەنسیپێک کە ڕێگە دەدا فەقیهێکی شیعە دەوڵەتێک بە تەنیا بەڕێوە ببا . خومەینی‌ و شوێنکەوتووەکانی نەک تەنیا خۆیان‌ و بیرۆکەکانیان بە سەر دەستوور‌و دامەزراوە دەوڵەتییەکاندا سەپاند، بەڵکوو تەواوی دژبەر‌ و نەیاری بیرۆکەکانی خۆیانیشیان لەنێو برد. فاکتەرەکانی سەرکەوتنی خومەینی لە سەپاندنی ئایدۆلۆژیاکەی‌ و دامەزراندنی دەوڵەتێکی مەزهەبی جۆراوجۆرن: یەکەم، ڕکابەرەکانی خومەینی بەسەر گرووپی جیاوازدا دابەش ببوون، کەچی لایەنگرەکانی خومەینی لە دەوری یەک ئایدۆلۆژیا کۆ ببوونەوە و گرووپێکی کۆنکرێتیان پێک هێنابوو. دووهەم، خومەینی بەهۆی گوتارەکانیەوە لە بەرژەوەندیی جەماوەر‌ و بەتایبەتی چینی هەژار، ببوو بە کەسایەتی‌یەکی کاریزماتیک. سێهەم، هەبوونی تۆڕێکی ئایینی کە لە نێو کۆمەڵگەدا ڕیشەی میژوویی ‌و نەریتی هەبوو. چوارەم، شەڕی ئێران‌ و عێراق وایکرد کە ئێرانییەکان لە دەوری بەرپرس ‌و ڕێبەرانی ئێران کۆ ببنەوە، کەسانی نەتەوەیی‌ بۆ پاراستنی یەکپارچەیی خاکی ئێران‌ لە دژی هێرشی دەوڵەتێکی عەڕەبی ‌و مەزهەبییەکانیش بۆ پاراستنی مەزهەبەکەیان لە بەرامبەر هێرشی دەولەتێکی سوننی.   جێگیرکردنی دەستووری بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی دەستووری بنەڕەتیی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩دا پەسند کرا و لە ساڵی ١٩٨٩دا گۆڕانکاری تێدا کرا. کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دوو جۆرە دامەزراوە پێک هاتوە: یەکەمیان، دامەزراوە هەڵبژێردراوەکانن وەکوو پاڕلمان ‌و سەرکۆمار کە ئیلهامی لە کۆماری پێنجەمی فەڕانسە وەرگرتوە. دووهەمیان، دامەزراوە مەزهەبی ‌و ناهەڵبژێردراوەکانن کە زاڵن بە سەر دامەزراوە هەڵبژێردراوەکاندا. ڕەوایی دامەزراوە مەزهەبییەکان گرێدراوی پڕەنسیپی ویلایەتی فەقیهە‌ و لە ماوی دەرنەکەوتنی ئیمام مەهدی ‌وەکوو نوێنەری خودا لە سەر زەوی، وەلی فەقیهـ وەکوو جێگرەوەی مەهدی، دەوڵەتی ئیسلامی بەڕێوە دەبا(٢). وەلی فەقیهـ  بۆ بەڕێوەبردنی ئەو پۆستە، پێویستە پلەی مەرجەعی هەبێ (مەرجەع لە ئایینی شیعەدا کەسێکە کە شوێنکەوتووی هەن‌و دەتوانێ شیکردنەوەو واتاکردنەوەی تایبەت بە خۆی لە نووسینەکانی ئیسلام هەبێ). نوسخەی کۆتایی دەستوور لە ڕێگەی ڕێفراندۆمێک لە ٢‌و ٣ی دێسامبەری ١٩٧٩دا بە دەنگی زیاتر لە ٩٩ لە سەدی خەڵکی ئێران پەسند کرا. لە پێشەکیی دەستووردا، هەم دەستوور‌ و هەم شۆڕش ‌و هەم خەڵکی ئێران بە ئیسلامی ئەژمار کراون. مەزهەبی شیعەی دوازدە ئیمامی، ‌وەکوو ئایینی فەرمیی وڵات دیاری کراوە ‌و کەمینە ئایینیەکانی دیکە و مەزهەب ‌و لکەکانی دیکەی ئیسلام‌ و تەنانەت لکەکانی دیکەی شیعەش وەلا نراون.  بە گوتەی خومەینی، مەرجەع ڕۆڵی پێغەمبەری ئیسلام‌و جێنشینەکەی عەلی دەگێڕێ(٣). بەپێی دەستوور، دین دەبێتە بنەمای هەموو شتێک، یاسا، ماف، دادوەری، چوارچێوەی کۆمەڵگە، ڕەفتاری تاکەکان ‌و بنەمای دامەزرواوە دەوڵەتییەکان. جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان لە کۆماری ئیسلامیدا ناڕوونە، لە بەر ئەوەی خاڵی دژ بەیەک لەنێوان ئایدۆلۆژیای ویلایەتی فەقیهـ‌و دەستووری بنەڕەتیدا هەن. خومەینی لە کتێبەکەیدا بە ناوی ویلایەتی فەقیهـ کە لە ساڵی ١٩٧١دا بڵاوی کردۆتەوە، دەستوور، کۆمار ‌و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان ڕەت دەکاتەوە، چونکە پێی‌وایە ئەو چەمکانە هی دەوڵەتێکی سێکۆلار‌ و نامەزهەبین کە لەسەر بنەمای یاسا زەوینییەکان دامەزراوە‌ و لەلایەن مرۆڤەکانەوە داهێنراوە، لە کاتێکدا، لە دەوڵەتێکی ئیسلامیدا، یاسا ئاسمانی‌یەکان چوارچێوەی دامەزراوە دەوڵەتییەکان دیاری دەکەن. پڕەنسیپی جیا کردنەوەی دەسەڵاتەکان لە دەستووری ئێراندا دژایەتی لەگەڵ پڕەنسیپی ویلایەتی فەقیهـ‌دا هەیە، چونکە وەلی فەقیهـ لە بەرامبەر هیچکام لە دەسەڵاتەکانی دیکەدا بەرپرسیار نییە و ڕەواییەکی ئاسمانی پێ بەخشراوە. کاراکتەری تێکهەڵکێش کردنی کۆماری‌ و ئیسلامی لە دەستووری بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیدا بەرهەمی ڕوانگەی کردەگەرێتی‌ و پراگماتیکی خومەینییە، چونکە ئەو دەیزانی کە ئێرانییەکان ڕێژیمی پاشایەتییان بۆ ئەوە نەڕووخاندوە کە ڕێژیمێکی دیکەی ‌وەکوو ئەو لەژێر دەسەڵاتی کەسێک جێی بگرێتەوە. هەر بەو مەبەستەشە کە دەستووری ئێران ڕەهەندی کۆماریش لە خۆ دەگرێ کە لە دوو دەسەڵاتی جێبەجێ‌کردن ‌و یاسادانان پێک‌هاتوە و بە دەسەڵاتی خەڵکی ناسراون. بەپێی دەستووری بنەڕەتیی ئەوکاتی ئێران، کۆماری ئیسلامی سیستەمێکە کە لەودا دەسەڵاتی جێبەجێ‌کردن دەسەڵاتێکی دوو سەرە، کە پێک‌هاتوە لە سەرکۆمار‌ و سەرۆکوەزیران. سەرکۆمار لە لایەن خەڵکەوە هەڵدەبژێردرێ ‌و سەرۆکوەزیران دەستنیشان دەکا. دەستنیشان کردن ‌و لابردنی وەزیرەکان لە لایەن سەرۆکوەزیرانەوە، دەبێ رەزامەندی سەرکۆماریشی لەگەڵ بێ(٤). لەگەڵ ئەوەشدا کە بەپێێ دەستوور، سەرکۆمار دەسەڵاتی زۆری پێدارون، بەڵام لە کردەوەدا دەسەڵاتەکانی بەردەوام پێشێل دەکران، چونکە سەرۆکوەزیران، هەندێک لە وەزیرەکان‌ و بەشێک لە دامەزراوە دەوڵەتییەکان لە ژێر کۆنتڕۆڵی سەرکۆمار چووبوونە دەرەوە‌ و خومەینی ‌و دامەزراوە هەڵنەبژێردراوەکان ڕاستەوخۆ دەستێوەردانیان تیدا دەکردن. زۆرێک لە وەزیر ‌و بەرپرسەکان بەسەر کابینەدا دەسەپێندران ‌و سەرکۆمار دەسەڵاتی لەکار لادانیانی نەبوو. لە لایەک کێشەی نێوان سەرکۆمار‌و سەرۆکوەزیران، لە لایەکی ‌دیکە، کێشەی نێوان پارڵمان ‌و شوڕای نیگابان بە کردەوە دەستووری بنەڕەتی خستبووە پەڕاوێزەوە‌ و سیستەمی سیاسیی گەیاندبووە بنبەست. ئەوە وایکرد کە دەستووری بنەڕەتی لە ساڵی ١٩٨٩دا گۆڕانکاری تێدا بکرێ. *** بن‌نووس: ١) دەستووری بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی ئێران، ٣ی دیسامبەری ١٩٧٩، فەسڵی یەکەم، مادەی دووهەم، پێداچوونەوە لە ٢٨ی جولای ١٩٨٩. ٢) بە پێی نەریتی ئایینی شیعە، ئیمام مەهدی دوازدەهەمین ئیمامی شیعەکان، دوای لەدایکبوونی دیار نەماوە‌ و ڕۆژێک دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بە سەر جیهاندا حکوومەت بکا. هەر بۆیە، هیچ کەس ڕەوایی ئەوەی پێ نەدراوە بەر لە دەرکەوتنەوەی مەهدی جێگای ئەو بگرێتەوە. هەندێک لە کەسایەتییە ئایینیەکانی شیعە (مراجع) لە سەر ئەو بنەمای دژایەتی خومەینی ‌و پڕەنسیپی ویلایەتی فەقیهـ دەکەن. ٣) بەپێی ئایینی شیعە، ئیمام عەلی ئامۆزای پێغەمبەری ئیسلام، یەکەم جێنشینی پێغەمبەرە، بەڵام بە پێی ئایینی سوونە، ئیمام عەلی چوارەمین خەلیفەی ئیسلامە. ئەو بابەتە هۆکاری زۆرێک شەڕەکانی نێوان شیعەو سوننی بووە. ٤) مادەی ١٢٤ی دەستووری بنەڕەتیی ١٩٧٩ی ئێران.