کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاوڕێک لە جووڵانەوەی ٤٦_٤٧ لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی

00:12 - 16 بانەمەڕ 2720

مێژووی زارەکی واتە گێڕانەوەی شایەتحاڵەکانی ڕووداوە مێژووییەکان و پەردەلادان لەسەر هەموو ئەو گومان و ناڕوونییانەی لەسەر چۆنیەتیی ڕوودانی ڕووداوەکان هەن، دەورێکی گرینگی هەیە لە پڕکردنەوەی بۆشاییەکانی مێژوونووسی. جووڵانەوەی ساڵەکانی ٤٦-٤٧ وەک وێستگەیەکی گرینگ لە مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازیی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە تایبەت حیزبی دێموکراتی کوردستان، سەرەڕای ئەوەی ماوەیەکی زۆری لە ڕووی مێژووییەوە بەسەردا تێنەپەڕیوە، بەڵام نە تەنیا لایەنە جۆراوجۆرەکانی بە تەواوی نەخراونەتە ڕوو، بەڵکوو جیاوازیی بۆچوون لە مەڕ چۆنیەتیی سەرهەڵدان و ئامانجەکانی ئەو جووڵانەوەیە و هەروەها چارەنووسی ڕێبەرانی لەنێو مێژوونووس و بیرەوەرینووساندا دەبینرێ. ئەحمەد نستانی یەک لەو کادرە تێکۆشەرانەی حیزبە بەشداری ئەم جووڵانەوەیە بووە و بەشێکی زۆر لە ڕووداوەکانی ئەو قۆناغەی بە چاوی خۆی بینیوە یان لە نزیکەوە ئاگاداریان بووە. کاتێک ڕووداوەکانت بۆ دەگێڕێتەوە دەتباتەوە ئەو ساڵانە و جەولەیەکت پێدەکا تا باشتر بتوانی لە دۆخی ئەوکات تێبگەی. نستانی دەڵێ ساڵی ٤٦ ئەو بەشە لە حیزبی دێموکراتی کوردستان بە سەرپەرستیی کاک فایەق بڕیارمان دا لە سەر پێی خۆمان بوەستین و هەر چەشنە بەستراوەییەک ڕەت بکەینەوە

  ساڵی چەند بوویە ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان؟ باسی سەرەتای بوونە پێشمەرگایەتیتمان بۆ بکە؟ ساڵی ١٣٤٢ی هەتاوی لە گوندی نستان لە ڕێگەی کاک سولەیمانی موعینی (فایەق) بوومە ئەندامی حیزب و لە شانەیەکی ٥ کەسیدا سازمان درام کە پێکهاتبوو لە باپیر ئاغای خزری، حەمەسووری مستەفا، حاجی خدری مەحموود، مامەڵا شێخەپوور و من. ساڵێک دواتر و لە مانگی خاکەلێوەی ١٣٤٣ خۆم گەیاندە گوندی سونێ ی باشووری کوردستان و بە ڕەسمی بوومە پێشمەرگە.   لەو سەردەمەدا کە جەنابت هاتیە نێو ڕیزەکانی حیزب، پێکهاتەی ڕێبەریی حیزب چۆن بوو؟ کۆمەڵێک لە ئەندامانی حیزب کە لە ساڵەکانی ٣٧ و ٣٨دا ئاوارەی باشووری کوردستان ببوون، پێکهاتەیەکیان پێک هێنابوو، و بە ناوی حیزبی دێموکراتی کوردستان چالاکییان دەکرد. لەنێو ئەو پێکهاتەیەدا ئەحمەد تۆفیق وەک مەسئوولی یەکەم و سولەیمان موعینی وەک جێگری کاریان دەکرد کە هەڵبەت هەڵبژێردراوی کۆنگرە یان کۆنفڕانس نەبوون، بەڵام بە گشتی لە لایەن ئەندامانی حیزبەوە قەبووڵ کرابوون.   ساڵانی بەر لە دەسپێکردنی جووڵانەوەی ٤٦-٤٧ ، هاتوچۆ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان چۆن بوو؟ ئایا جەنابت لەو ساڵانەدا گەڕاویەتەوە ڕۆژهەڵات؟ لەو ساڵانەدا پێشمەرگەکانی حیزب بەردەوام دەچوونەوە ناوچە. من چەندین جار لەگەڵ کەریم نستانی، مینەشەم، عەبدول نستانی و ئەحمەد ئاغای سیسێر چوومەتەوە ناوچەکانی کوردستان. ئێمە لە بەهاری ١٣٤٤ کاتێک لەگەڵ دەستەیەک لە پێشمەرگەکانی حیزب بە سەرپەرستیی کاک فایەق لە نێوخۆ بووین، دەوڵەتی پاشایەتیی ئێران فشار بۆ سەرکردایەتیی شۆڕشی باشووری کوردستان دێنێ کە چیدی هاوکاریی حیزبی دێموکراتی کوردستان نەکا. بۆ ئەو مەبەستە داوا لە ئەحمەد تۆفیق کرابوو سەردانی بارەگای بارزانی بکا. لەوێ بە ئەحمەد تۆفیق دەگوترێ کە ڕێژێمی پاشایەتی داوای تەحویل‌دانەوەیانی کردوە بەڵام سەرکردایەتیی شۆڕش قەبووڵی نەکردوە. هەروەها پێی ڕاگەیەنرابوو کە دەبێ حیزبی دێموکرات چالاکییەکانی ڕابگرێ و بنکە و بارەگاکانی کۆ بکاتەوە و خۆیان لە پارتی دێموکراتدا ئیدغام بکەن، داواش کرابوو ئەو پێشمەرگانەی کە لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن بەپەلە بگەڕێنەوە باشووری کوردستان. ئێمە  ماوەی دوو مانگ دەبوو لە ناوچە بووین. لە گوندی پانەسەری مەنگوڕایەتی بووین کە کاک فایەق پێی گوتین کاک مەلا حەسەنی ڕەستگار لە عێڕاقەوە هاتووە و پەیامێکی پێیە. کاک مەلا حەسەن باسی مەسەلەی ئەحمەد تۆفیق و گواستنەوەی بۆ بارزان و داوای سەرکردایەتیی شۆڕشی باشووری کرد بۆ گەڕانەوەمان بۆ باشوور. بەناچاری گەڕاینەوە و کەوتینە دۆخێکی زۆر خراپەوە، بنکەی سونێ مان گواستەوە بۆ سەنگەسەر. ئەوە ئاخیر سەفەرمان بوو بۆ ڕۆژهەڵات پێش دەسپێکی شۆڕشی ٤٦-٤٧.   شۆڕشی ٤٦_٤٧ چۆنی دەست پێکرد؟ دوای ئەوەی ئەحمەد تۆفیق دوور خرایەوە بۆ بارزان، کاک فایەق بوو بە کەسی یەکەمی حیزبی دێموکراتی کوردستان. کاک فایەق سەردانی مەکتەبی سیاسیی پارتی دێموکراتی کوردستانی کرد کە من، کەریم نستانی، عەبدوڵڵا موعینی، ساڵح لاجانی و برایم فات وەک پێشمەرگە هاوڕێیەتیمان کرد. مەکتەبی سیاسی دوو پێشنیاریان بە کاک فایەق کردبوو؛ یان دەبێ ئیدغام بن لەگەڵ پێشمەرگەکانی پارتی یان بڕۆن بۆ بێتواتێ و لەوێ دانیشن و هاتوچۆی کوردستانی ئێران مەکەن. کاک فایەق پێیان دەڵێ دەگەڕێمەوە سەنگەسەر، لەگەڵ هاوڕێیان کۆبوونەوە دەگرم و ئاگادارتان دەکەمەوە. گەڕاینەوە سەنگەسەر و کاک فایەق کۆبوونەوەی بۆ گرتین و بابەتەکەی بە پێشمەرگەکان ڕاگەیاند و گوتی: “سێ ڕێگامان لەبەر دەمە؛ یان ببینە پێشمەرگەی پارتی، یان دانیشین و ژیانی خۆمان بکەین یان وەک پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان بمێنینەوە و بچینە بێتواتێ. من خۆم بە دۆستی پارتی دەزانم، بەڵام نابمە پێشمەرگەی پارتی و دەچمە بێتواتێ. هەر کەس دەیهەوێ وەک پێشمەرگەی حیزب بمێنێتەوە با لەگەڵ من بێتە بێتواتێ.” پێشمەرگەکان دابەش بوون؛ هەندێکیان بڕیاریاندا ببنە پێشمەرگەی پارتی، هیندێک گوتیان کار و کاسبی دەکەین و بەشێکیش کە زۆرینە بوون بڕیاریان دا وەک پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات بمێننەوە. ڕۆژی دواتر من، عەبدوڵڵا موعینی، کەریم نستانی و برایمی فاتمێ لەگەڵ کاک فایەق چووینە سەرکەپکان بۆ ماڵی هەباس ئاغای مامەند ئاغا، کە زۆر بە گەرمی پێشوازی لێ‌کردین. پاشان هەباس ئاغا دوو پێشمەرگەی لەگەڵ خستین بۆ لای عەلی شەعبان. کە چووینە بێتواتێ، کاک عەلی شەعبان گوتی: “لەوانەیە ماوەیەکی دیکە دەوڵەتی عێڕاق هێرش بکاتە سەر بێتواتە و بیگرێتەوە، بۆیە لە دۆڵەڕەقێ شوێنتان بۆ دیاری دەکەین.” لە گوندی بەردانگێ لە دۆڵەڕەقێ جێگیر بووین. وەزعی ماڵیمان زۆر خراپ بوو، هەر چەندە هەباس ئاغاش یارمەتیی دەکردین. ماوەی ساڵێک دەبوو لەوێ بووین، لە ڕەشەممەی ١٣٤٥ی هەتاوی من و کەریم نستانی ئیجازەمان وەرگرت بچین سەردانی مینەشەم بکەین کە ماڵەکەی لە گوندی هێرۆی باشووری کوردستان بوو. کە چووینە لای خاڵە مینە، گوتی: “با سەرێکی لای سیسێر و نستان بدەینەوە، جەولەیەک دەکەین و دەگەڕێینەوە.” بەو جۆرە بوو ئێمە چووینەوە ڕۆژهەڵات. دوای ڕۆیشتنەوەی ئێمە، عەلی شەعبان نامەیەک بۆ کاک فایەق دەنێرێ و ئاگاداری دەکاتەوە بە زووترین کات سەردانی بارەگای بارزانی بکا. کاک فایەق لەگەڵ مەلا قادر لاچینی و عەبدوڵڵای موعینی کە ئەندامی چاوەدێریی بەرز بوون، کۆ دەبێتەوە و پاش لێکدانەوەی بارودۆخەکە ساغ دەبنەوە کە کاک فایەق نەچێتە بارەگای بارزانی. بەو شێوەیە دەبێ خۆیان کۆ دەکەنەوە و بە کێوەڕەشدا سەر دەکەون و بە دەشتی سەنگەسەردا دێنە گۆڕەشێری سەر سنووری عێڕاق و ئێران. ئەوکات ئێمە لەگەڵ مینەشەم و کەریم نستانی لە گوندی سیسێر بووین، خەبەریان پێداین کاک فایەق لەگەڵ ٥٠ پێشمەرگە لە ناوچەی خاڵەبادە. دوایە لە ماڵی حەمەدی وەستا لە دۆڵەتوو یەکترمان گرتەوە. کاک فایەق بە مەشوەرەت لەگەڵ مینەشەم و مەلا قادر لاچینی و عەبدوڵڵا موعینی بڕیاریان دا جەولەیەکی ناوچەی بۆکان و مەهاباد و پیرانشار بکەین بۆ پەیوەندی نوێکردنەوە لەگەڵ کۆمیتە و شانەکانی حیزبی. جەولەکە دوو مانگی خایاند و لەلایەن خەڵکەوە پێشوازییەکی گەرممان لێکرا. دوای جەولەکە گەڕاینەوە ناوچەی ئاڵوەتان و ئالیمەران و سەری گۆمێ. لە گوندی ئەحمەد بریو بوین، کاک فایەق پێی ڕاگەیاندین کە هیندێک لە برادەران لە عێڕاق گەڕاونەتەوە، کە بریتی بوون لە مەلا حەسەن ڕەستگار، مەلا ئاوارە، مەلا ڕەسووڵ پیشنەماز، حەمەدەمینی سیڕاجی، سمایل شەریفزادە و سەید ڕەسوڵی ورچان. ئەو برادەرانە لە لایەن سەرکردایەتیی شۆڕشی باشوورەوە نێردرابوون تا داوا لە کاک فایەق بکەن بگەڕێتەوە دۆڵەڕەقێ لە باشووری کوردستان. دوای ئەوەی فایەق ئەو داوایەی ڕەت کردەوە، مامۆستا ئاوارە، سمایل شەریفزادە، حەمەدەمینی سیڕاجی و مەلا ڕەسووڵی پیشنەماز بڕیاریان دا لەگەڵمان بمێننەوە. دەتوانین بڵێین ئەوە سەرەتای دەسپێکردنی جووڵانەوەی ٤٦-٤٧ بوو.   دوای ئەوەی بڕیارتان دا لە ڕۆژهەڵات بمێننەوەو نەگەڕێنەوە باشوور، کارەکانتان چۆن ڕێکخست بۆ بەردەوام بوون لەو حەڕەکەتە؟ لە گەلاوێژی ١٣٤٦ لە گوندی کۆڵەسەی خوارێی ناوچەی سەردەشت کۆبوونەوەیەک گیرا و بەو شێوەیە تەقسیمی کار کرا: کاک فایەق وەک سەرپەرستی گشتی دیاری کرا، مامۆستا  مەلا ئاوارە بۆ ناوچەی ئالان و سوێسنایەتیی سەردەشت ڕاسپێردرا کە مەلا ڕەحیمی لۆمانی و هەڵمەت هاوکاری بوون. (دواتر هەڵمەت خۆی تەحویل دایەوە.) حەمەدەمین سیڕاجی وەک بەرپرسی پەیوەندییەکان ئەرکی بۆ دیاری کرا، کە زیاتر لای مامۆستا ئاوارە دەمایەوە. مینەشەم بۆ ناوچەی گەورکایەتیی سەردەشت دیاری کرا کە من و کەریم نستانی هاوکاری بووین. مەلا قادری لاچینی بۆ شنۆ و پیرانشار ڕاسپێردران و ساڵح لاجانی وەک هاوکار لەگەڵیان بوو. عەبدوڵڵا موعینی بۆ ناوچەی مەهاباد و بۆکان دیاری کرا و سەید فەتاح نیزامی و کەریم ڕەشاش هاوڕێیەتیان دەکرد. سمایلی شەریفزادە لە ناوچەی بانە ئەرکی بۆ دیاری کرا کە هەر یەک لە میرزا محەممەد شاتمانی و عەلی عەوڵاکولی وەک هاوکاری دیاری کران. دوای ئەوەی کارەکان بەو شێوەیە دابەش کران، هەرکام لە هاوڕێیان بەرەو ناوچەکان وەڕێ کەوتن. ئێمە لەگەڵ کاک فایەق و کاک سمایل شەریفزادە چووینە ناوچەی بانە بۆ ناساندنی کاک سمایل بە خەڵک و ئەندامانی حیزب. دوای ٢٠ ڕۆژ مانەوە لە ناوچەی بانە، لەگەڵ کاک فایەق و خاڵە مینەشەم و کەریم نستانی و ژمارەیەک لە هاوڕێیانی دیکە گەڕاینەوە ناوچەی گەورکایەتی و سیسێر و نستان. کۆتاییەکانی پاییزی ١٣٤٦ی هەتاوی هەموو تیمەکان لە گوندی پاشبەرد کۆ بووینەوە. لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیار درا کاک فایەق سەفەری عێڕاق بکا و دوای گەڕانەوەی کاک فایەق کۆنفڕانس بگرین و ڕێبەرایەتییەک هەڵبژیرین بۆوەی سەرپەرستیی جووڵانەوەکە بکا. تا گەڕانەوەی کاک فایەق، مامۆستا ئاوارە وەک سەرپەرستی گشتی دیاری کرا. لەو کۆبوونەوەیەدا چەندین پێشنیار سەبارەت بە سەفەرەکەی کاک فایەق کرا کە بریتی بوون لە: _ هەوڵ بدا پەیوەندی بە پارتی دێموکراتی کوردستان بکاو چاوی بە سەرۆک بارزانی بکەوێ. _ هەوڵ بدا لە ڕێگای حیزبی شیوعی عێڕاقەوە پەیوەندی بە حیزبی توودەوە بگرێ. _ هەوڵ بدا لە ڕێگای عەبدولڕەحمانی زەبیحیەوە چاوی بە برایم ئەحمەد و جەلال تاڵەبانی بکەوێ. کاک فایەق بەرەو باشوور وەڕێ کەوت و تیمەکان گەڕانەوە ناوچەکانی خۆیان. خاڵە مینەشەم پێشنیاری کرد تیمەکەی ئێمە و تیمەکەی کاک عەبدوڵڵا موعینی ئەو زستانە بە یەکەوە بین.   پێم خۆشە باسی کاک سمایل شەریفزادە بکەی کە لە زانکۆوە هاتبوو و لە ڕێبەرە دیارەکانی ئەو جووڵانەوەیە بوو؟ کاک سمایل کوڕێکی بەتوانا و لێهاتوو بوو، لەنێو خەڵکدا زۆر خۆشەویست بوو بەتایبەت لە ناوچەی بانە. لە ماوەیەکی کورتدا توانیبووی تەشکیلاتێکی مونەززەم دروست بکا. خەڵکی ناوچەی بانە هاوکاریی باشیان دەکرد. ئەوکات سوپای دانش لە گوندەکان هەبوون کە فارس و تورک بوون و لە مەدرەسەکان مامۆستا بوون، خەڵک لێیان بەگومان بوون کە پەیوەندیان لەگەڵ ساواک هەبێ، بەڵام کاک سمایل زۆربەیانی بۆ لای خۆی ڕاکێشابوو. بەداخەوە دوژمنانی کورد و کوردستان چاویان بەرایی نفووز و خۆشەویستیی کاک سمایلیان نەدەدا و زۆر ناجوامێرانە شەهیدیان کرد.   ئەو کاتەی کاک سمایل شەهید بوو ئێوە لەکوێ بوون و چۆن ئاگادار بوون؟ ئێمە دە ڕۆژێک بوو بە مەئموورییەتێک چووبووینە ناوچەی بانە و لای کاک سمایل و تیمەکەی مابووینەوە. ئەو ئێوارەیەی کە بە نیازی گەڕانەوە بۆ ناوچەی گەورکایەتی بووین، سەعات چواری دوانیوەڕۆ دەنگی دوو تەقەی تفەنگ هات. گوتیان کوێخا شەریف بوو. خاڵە مینەشەم بە کاک سمایلی گوت بانگی بکە بزانە بۆ تەقەی کردوە. کوێخا شەریف بە کاک سمایلی گوت تفەنگەکەم تاقی کردۆتەوە، لە دەرزییەکەی نیگەران بووم. کوێخا شەریف بە دوو قەد فیشەکدان و بڕنوویەک لە کوردستانی عێڕاق گەڕابۆوە و داوای کردبوو ببێتە پێشمەرگە. لە کاتی گەڕانەوەمان بۆ ناوچەی سیسێر و نستان، خاڵە مینەشەم و کاک عەبدوڵڵا موعینی بە کاک سمایلیان گوت کوێخا شەریف وەرمەگرە وەک پێشمەرگە. کاک سمایل گوتی بۆ ناوچەی سەرشیوی سەقز بەکەڵکە. دوای ماوەیەک لە گەڕانەوەمان، هەواڵمان پێ گەیشت کاک سمایل و هاوڕێیانی لە دارێنەی بانە شەهید بوون. هەر زوو دوو کەسمان نارد بۆ دارێنە. کاتێ گەڕانەوە بەو شێوەیە باسی ڕووداوەکەیان کرد؛ کاک سمایل و هاوڕێیانی شەو لە ماڵێک دەمێننەوە، کوێخا شەریف سەعات ٢ی شەو نیگەهبان بووە، تفەنگێکی لە باسکی کاک سمایل داوە و هەڵاتوە بۆ گوندی سیاومە و خۆی تەحویلی پاسگای ژاندارمەری داوەتەوە و گوتوویە سمایلی شەریفزادەم کوشتوە. بەیانییەکەی ژاندارمە دەوروبەری گوندی دارێنە دەگرن، بەداخەوە ئەوانیش لە نێوان پەڕشە و دارێنە دەبن کە ژاندارمەکان پێوشوێنیان هەڵدەگرن و شەهیدیان دەکەن. ئەو پێشمەرگانەش لەگەڵ کاک سمایل شەهید بوون: عەلی عەبدوڵڵاکۆلی، میرزا محەممەدی شاتمانی (محەممەدی ئەستێ مەنگوڕ) و حوسێنی ڕەحمان ڕابی مەنیجەڵانی.   بەو پێیەی جەنابت بەشداری هەموو ئەو ماوەیە بووی کە جووڵانەوەکە بەردەوام بوو، زانیاریی تەواوت لە سەر کات و شوێنی شەهیدبوونی شەهیدانی ئەو جووڵانەوە هەیە. تکایە باسی ئەو بابەتەمان بۆ بکە؟ ئیزنم پێ بدە لە پێشدا سەری ڕێز و نەوازش بۆ هەموو شەهیدانی کورد و کوردستان دانەوێنم بە تایبەت شەهیدانی ئەو جووڵانەوەیە. کاک سولەیمانی موعینی کە سەرپەرستی یەکەمی ئەو جووڵانەوەیە بوو، هەموو دەزانین کە بەسەرهاتی شەهیدبوونەکەی چۆن بووە. سەرکردایەتیی شۆڕش لە باشوور شەهیدیان کرد و ئەوە ڕووداوێکی زۆر ناخۆش بوو لە مێژووی پێوەندیی بزووتنەوەی کورد لە نێوان بەشەکانی کوردستان. حەسەن خاتوون و حاجی خاڵەمەڕی لە چیای گوێزەکوێری نستان شەهید کران. سەید فەتاح نیزامی و عەلیە کەڵە لە چیای حاجی کیمی ناوچەی بۆکان، مراد شیرێژ و ئەحمەد عەلی عەجەم لە هەوارەکانی خەرپاپی لە بەری مێرگانی پیرانشار، مەلا مەحموودی زەنگەنە و محەممەدە چووکەڵە لە گوندی بەیرەمی ناوچەی مەهاباد، هەروەها هەروەک ئاماژەم پێکرد سمایلی شەریفزادە، میرزا محەممەدی شاتمانی، عەلی عەوڵا گوڵی و حوسێنی ڕەحمان ڕابی لە نێوان دارینە و پەڕشە لە ناوچەی بانە شەهید بوون. محەممەدی ڕەسووڵ مەڕە لە سەرشیوی ناوچەی سوێسنایەتیی سەردەشت، مامۆستا ئاوارە و ڕەحمانی وەتمان چاوشین و مەلا کەچە بەهۆی پیلانێکی سازمانی ئەمن لە گوندی دیواڵانی ناوچەی سوێسنایەتی ی سەردەشت بەدیل گیران و دواتر ئێعدام کران. ساڵح لاجانی، حەمەدەمین شیرێژ، سولەیمانی کەقەشان، عەبدوڵڵای بایزە قنجە و حەمەسووری دۆڵەتوو لە باشوورەوە تەحویلی دەوڵەتی پاشایەتی درانەوە و لە شاری ورمێ ئیعدام کران. هەروەها بە پێویستی دەزانم ناوی ئەو شەهیدانەش بێنم کە لە ساڵانی پێش جووڵانەوەی ٤٦-٤٧ هەر یەکە و بە پیلانێک شەهید بوون؛ باپیر شکاک، مەلا سمایل، ڕەزا، فیرووز و ناجی لە ناوچەی باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان شەهید کران. مەلا ڕەحیمی مەریجەڵانی لە ناوچەی ناودەشتی باشووری کوردستان بێسەروشوێن کرا، خەلیل شەوباش لە ناوچەی قەسرێ (باشووری کوردستان) بێسەروشوێن کرا.   مینەشەم و کاک عەبدوڵڵای موعینی کە لە کادرە دیارەکانی ئەو جووڵانەوەیە بوون، لە جەولەیەکدا کە لە ناوچەکانی مەهاباد و بۆکان کردیان لەگەڵ پێشمەرگەیەکی دیکە شەهید کران. جەنابیشت بەشداری ئەو جەولەیە بووی، دەکرێ باسی چۆنیەتیی شەهیدبوونیان بکەی؟ مانگی گەلاوێژی ١٣٤٧ی هەتاوی بوو، دوو ڕۆژ بوو لە هاوینەهەواری مەیدان چۆغە بووین. کاک سەلاحی موهتەدی و چەند کەسێکی دیکە لە مەهاباد و بۆکان نامەیەکیان ناردبوو و باسی ئەوەیان کردبوو کە لەگەڵ جەمعێک دەیانهەوێ بێنە نێو جووڵانەوەکەوە. باسیان لەوەش کردبوو کە پێمان خۆشە چاومان پێتان بکەوێ و هیندێک ڕاو بۆچوونمان هەیە لەگەڵتانی باس بکەین. پێشنیاریان کردبوو چاوپێکەوتنەکە لە گوندی زەمبیل یان کوێستانی حاجی کیمی بۆکان بێ. دوای حەوتوویەک ئێمە بەرەو ناوچەی بۆکان وەڕێ کەوتین و چووینە کوێستانی حاجی کیمی. لە ڕۆژی دووەمی مانەوەماندا کاک سەلاحی موهتەدی و ئەو هاوڕێیانەی قەرار بوو بێن، هاتنە کوێستانی حاجی کیمی و لەگەڵ مینەشەم و عەبدوڵڵای موعینی کۆبوونەوە. ئێمە ئەوانمان نەدیت. بڕیار درابوو ئێمە بگەڕێینەوە بۆ کوێستانەکانی گەورکایەتی و ئەوانیش بچنەوە برادەرەکانیان ببینن و خۆیان ئامادە بکەن و بێنە کوێستانەکانی گەورکایەتی و پەیوەست بن بە ئێمەوە. دوای گەڕانەوەیان، ئێمە بەرەو قالوێ ی سەرێ وەڕێ کەوتین. سەعات دووی شەو گەیشتینە قالوێ و دوای نان و چا خواردن، من و عەزیز ئەحمەد و جەماعەتێکی حەوت هەشت کەسی بەرەو شوێنێک لە نێوان باراوێ و قالوێ وەڕێ کەوتین. چووینە مەزرایەک لە خوار مووچەیەک کە پێیان دەگوت مووچەی کەوا زەرد. خاوەن مەزراکە لەوێ بوون، شوێنی حەسانەوەی خۆیان بۆ چۆل کردین. دوای ئێمە مینەشەم و کاک عەبدوڵڵاش گەیشتنە لامان. خاڵە مینە گوتی: “ئەحمەد! ئێوە هەر لێرە وەمێنن و ئێمەش دەچینە مووچەی سەرووتر واتە مووچەی کەوازەرد. ئێستا ئێمە نیگەهبان دادەنێین تا نیوەڕۆیە و دوانیوەڕۆش ئێوە نیگەهبان دابنێن.” مینەشەم و کاک عەبدوڵڵا دوو نەفەریان بۆ نیگەهبانی ناردبووە بەرزاییەکانی نێوان باراوێ و قالوێ. تاوهەڵاتی بەیانی بوو تەقەی دەسڕێژی تفەنگ هات. کە هاتینە دەر، دیتمان نیروویەکی زۆری جاش و ژاندارم و ئەڕتەشی لە باراوێ ڕا هاتبوون و ئەو بەرزاییانەیان گرتبوون کە نیگەهبانەکانی لێ‌بوون. بەداخەوە نیگەهبانەکان خەویان لێکەوتبوو، بە تەقەکە وەخەبەر هاتبوون و بەرەو لای ئێمە هاتنە خوارێ. بەشێک لە هێزەکە بەرەو مووچەی کەوازەرد ڕۆیشتبوون. کاک عەبدوڵڵا و خاڵە مینەشەم بە ئومێدی ئەوەی نیگەهبانیان هەیە بێ خەیاڵ بوون. هێزەکان دەوری مەزراکەیان گرت. کاتێک کاک عەبدوڵڵا و خاڵە مینە دێنە دەرێ، دەکەونە بەر دەسڕێژی گولڵە. حاجی خاڵەمەر و حوسێن خاتوون و ڕەحیم کەپەکەندی و حەسەن خوڕخوڕەیی لە جاش و ژاندارمەکان ڕادەپەڕن و تەقەیان لێدەکەن و پاشەکشەیان پێدەکەن بۆ دیوی باراوێ. کاتێک ئێمە هاتینە دەرێ، دیتمان گولڵە وە زەویەکانی ئەوبەری ئێمە دەکەوتن. شوێنەکەمان قووڵ بوو بەڵام بەرزاییەکی بە تەنیشتەوە بوو. بەرەو بەرزاییەکە سەرکەوتین، بەرزاییەکە قایم بوو و بە سەر هێزەکەدا زاڵ بووین. تەقەمان لێکردن و پاشەکشەمان پێکردن بەرەو دیوی باراوێدا. بەڵام هەر بە ماوەیەکی کەم دواتر هێزێکی کۆمەکی گەورەی زەمینی لەگەڵ کۆپتەر بە فریای جاش و ژاندارمەکان هاتن. شەڕ تا تاریکایی شەو بەردەوام بوو. بەداخەوە ئەوکات هیچ کەرەسەیەکی پەیوەندی نەبوو، بۆیە ئەو دوو تیمە ئاگاداری یەکتر نەبووین. تاریکانی ئێوارێ ئێمە شۆڕ بووینەوە بە دیوی یاڕاڵی و کورانێ‌دا و هاتینە گوندی کووران. ئێمە پێمان‌وابوو هەموویان شەهید بوون. دوو کەسمان نارد بۆ قالوێ. کاتێک دەچنە ئەوێ، لە ڕێگا تووشی حوسێن خاتوون و حاجی خاڵەمەڕ و ڕەحیم کەپەکەندی (کە بە سووکی بریندار ببوو) ببوون. کە هاتنەوە گوتیان کاک عەبدوڵڵا موعینی شەهید بووە و خاڵە مینەشەم بریندار بووە و ئەویش دواتر شەهید بووە. هەروەها حەسەن خوڕخوڕەیی بەدیل گیرابوو. نەیانتوانیبوو تەرمی شەهیدەکان لەگەڵ خۆیان بێنن و بەداخەوە تەرمەکان کەوتبوونە دەستی ژاندارمەکان. شەهید بوونی خاڵە مینەشەم و کاک عەبدوڵڵای موعینی کە هەر دووکیان سەرپەرستی ئەو دوو تیمە بوون، زەبرێکی قورس و گەورە بوو.  دواتر حەسەن خوڕخوڕەیی ئێعدام کرا و تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوو.   دیارە گوێ گرتن لە قسەکانی جەنابت مرۆڤ تینووتر دەکا و پرسیاری زیاترت لێ بکا، بەڵام بەداخەوە دەرفەتەکە لەوە زیاتر ئیزنمان پێ نادا. سپاس بۆ بەشداریتان لەو دیمانەیەدا. سپاس بۆ ئێوەش بۆ ڕەخساندنی ئەو دەرفەتە. هیوادارم ئەو قۆناغە لە مێژووی حیزبی دێمۆکڕات کاری زیاتری لە سەر بکرێ.