کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لابردنی سزای چەک‌کڕین چ خێرێکی بۆ خەڵکی ئێران تێدایە؟

00:17 - 16 بانەمەڕ 2720

ماوەیەکە و بە دوای هێرشی ڤیرووسی کورۆنا بۆسەر جیهان کە کێبەرکێ سیاسییەکانی خستبوە ژێر کاریگەریی مەترسییەکانی و شەڕ و ململانێکانی تا ڕادەیەک کەم کردبووەوە، دەمەتەقێی کۆماری ئیسلامی و دەوڵەتی ئەمریکا دەستی پێ‌کردوەتەوە. پێنج ساڵ لەمەوبەر و دوای چەند ساڵ مشتوومڕ و وتووێژی نێوان وڵاتانی ٥+١ ، شۆڕای ئەمنیەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە تێکڕای دەنگی هەر ١٥ ئەندامەکەی ڕێککەوتنی نێوان ئەو وڵاتانەی کە بە بەرجام ناوی دەرکرد پەسەند کرد. ئەم ڕێککەوتنە داوای لە ئێران دەکرد کە بۆ هەڵگرتنی تەحریمەکانی سەریان دەبێ نێوەرۆکی ئەو ڕێککەوتننامە بە تەواوی جێبەجێ بکا. یەکێک لە خاڵەکانی بڕیارنامەکەی شۆڕای ئەمنیەت ئەوەیە کە ئێران هیچ چالاکییەک لە بواری سەنعەتی دروستکردنی چەک بە تایبەت ئەو جۆرە چەکانە کە بتوانێ کڵاوەی هەستەیی هەڵبگرێ ناکا کە بە پێچەوانەی نێوەرۆکی ڕێککەوتنەکە بێ. لەگەڵ ئەوەش لە یەکێک لە خاڵەکانی ئەو بڕیارنامەدا هاتوە کە ئێران هەتا ٥ ساڵ مافی کڕین و فرۆشتنی چەکی نەبێ کە ئەم بەشە لە بڕیارەکەی شۆڕای ئەمنیەت پاییزی داهاتوو کۆتایی پێ دێ. دیارە ئەمە تەحریمەکانی یەکیەتیی ئورووپا بۆ چەک فرۆشتن بە ئێران ناگرێتەوە کە ٣ ساڵی دیکە کۆتاییان پێ دێ. لەم پێوەندییەدا دەوڵەتی ئەمریکا سەرەڕای دژکردەوەی وڵاتانی دیکەی شۆڕای ئەمنیەت لە هەوڵ‌دایە ئەو ماوە لە سزاکەی ئێران درێژ بکاتەوە. هەرچەند هەتا ئێستا هەر وەک کاتی بڕیاری ئەمریکا بۆ چوونەدەر لە کۆڕی ٥+١ بە تەنیا بوو، دیسان تاک لایەنە بە دوای ئەو مەسەلەوەیە. دوو ساڵ لەمەوبەر و دوای هەوڵێکی زۆری دیپلۆماسی بۆ ڕازیکردنی شەریکە جیهانی و بە تایبەت ئورووپاییەکانی بۆ پێداچوونەوە بە ڕێککەوتنی بەرجام و سەرنەکەوتنی لەو ڕێگەدا، دەوڵەتی ئەمریکا بڕیاری کشانەوەی لە ڕێککەوتنەکەدا و تاک لایەنە سزای قورسی بەسەر ئێراندا سەپاند. لەم دەورە لە سزاکانی ئەمریکادا کۆماری ئیسلامی لە زۆرترین داهاتەکانی بە تایبەت لە بواری فرۆشتنی نەوتدا بێ‌بەش کرا. تەحریمی بانکەکان و ڕاگرتنی مامەڵەی پووڵی، سزادانی کۆمپانیا بازرگانییەکان و خاوەن سەرمایەکانی بەستراوە بە ڕێژیم و دواجار بە تێرۆریست ناساندنی سپای پاسداران کۆڵەکەی دەسەڵاتی سەرکوتکەرانەی نێوخۆ و دەستدرێژیکەرانەی لە دەرەوەی وڵات، بەشێک لە هەوڵەکانی دەوڵەتی ترامپ بوون بۆ زیاتر فشار خستنە سەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و ئەو جۆرەی دەیڵێن بە مەبەستی گۆڕانی سیاسەتەکانی ڕێژیم بو پێڕەوی کردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و پاراستنی ئەمنیەت و ئاشتی لە جیهاندا. هەوڵدانێک کە هەتا ئێستا وڵامدەر نەبووە و کۆماری ئیسلامی بە پشت بەستن بە برسی ڕاگرتنی خەڵکی ئێران و خزمەتکردنی دەوڵەت و گرووپە تێرۆریستییەکانی ناوچە و باج دان بە هێندێک لە گەورە وڵاتان، لە ملدان بەم داواکارییانە خۆی بواردوە. ئەم جارەشیان کە دەوڵەتی ئەمریکا کەوتوەتە خۆ و بۆ درێژکردنەوەی ماوەی سزای کڕین و فرۆشتنی چەک لەلایەن ئێرانەوە هەوڵ دەدا، کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی وەک ئەوەی هیچ کێشەیەکی دیکەیان نەبێ و خەڵکی لێقەوماوی ئێران تەنیا چاویان لەوە بێ کە داخۆ بۆ هەڕاجکردنی بەشێکی دیکە لە سەرمایەی وڵاتەکەیان لە کوێ چەکی تازە بۆ بەهێز نیشاندانی دەسەڵاتی ڕێژیم دەکڕن، کەوتوونەتە خۆ و هاتوهاواریان ساز کردوە. لەم پێوەندییەدا دوای ئەوەی پۆمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە هەر کارێکمان لەدەست بێ دەیکەین بۆ ئەوەی تەحریمەکانی سەر کڕین و فرۆشتنی چەک لەلایەن ئێرانەوە لە جێی خۆیدا بمێنێ و درێژبکرێتەوە و یەکێک لە ڕێگەکانی گەڕانەوە بۆ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە، عەلی ڕەبیعی وتەبێژی دەوڵەتی ڕۆحانی هاتە سەر خەت و وەک هەمیشە دەستی کرد بە هەڕەشەکردن کە ئەگەر ئەم کارە بکرێ کۆماری ئیسلامی بەرپەرچدانەوەی توندی دەبێ. لە کەس شاراوە نییە کە لە هەموو ئەو ساڵانەدا کە کۆماری ئیسلامی بە هۆی سیاسەتی شەڕفرۆشانەیەوە و لە ڕێگەی دەستوەردان لە کاروباری وڵاتانی ناوچە و بە تایبەت لە ڕێگەی دروستکردن و پڕچەککردنی گرووپە تێرۆریستییەکان لە وڵاتانی دوور و نزیک بۆ هەڕەشە لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی و بەفیڕۆدانی دەیان میلیارد دۆلار لە سەرمایەی وڵاتی ئێران بۆ وەڕێخستنی ئاژاوە و نائەمنی لە ناوچە و تەنانەت بە هۆی کردەوە تێرۆریستییەکانی لە وڵاتانی دووری جیهانیشدا، نە تەنیا هیچ دەسکەوتێکی نەبووە بەڵکوو ئەم ڕێژیمە و سیاسەتەکانی ڕۆژ لە ڕۆژ زیاتر ماڵوێرانیی بۆ خەڵکی ئێران بە دوای خۆیدا هێناوە. ئێرانێک کە ئێستا لەبەر چارەسەری هێرشی کورۆنادا داماوە و ڕێژیم بە هۆی ناکارامەیی لە بەرنامەڕێژیی ڕووبەڕوو بوونەوەی قەیرانەکان و وەرشکستەبوونی دارایی و ئابووری و بێخەمەییان لە لەنێو چوونی بە کۆمەڵی خەڵک، دەستەوەستان ماوە، داخۆ دەبێ خەمی ئەوەی بێ لە کوێ چەک دەکڕێ؟ کاتێک لە وڵاتدا ڕێژەی هەڵاوسان بەردەوام بەرز دەبێتەوە، داهاتی خەڵک ڕوو لە کزییە و ڕێژەی بێکاری بە چەند میلیۆن دەچێتە سەرێ بەبێ ئەوەی هیچ پلان و بەرنامەیەک بۆ چارەسەری لە بەردەستدا بێ، لاچوونی مەنعی کڕینی چەک چ خێرێک بە خەڵکی ئێران دەگەیەنێ کە بەرپرسانی ڕێژیم ئەوەندە بە پەرۆشەوەن بۆی و هەڕەشەی هەڵوێستی مەترسیدار دەکەن. ئەمە هەمان سیاسەتە کە لە تەواوی ساڵانی دەسەڵاتدارییدا لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە، بە مەبەستی چەواشەکاری و گەورەکردنەوەی کێشە دەرەکییەکان و لەبیر بردنەوەی قەیرانە نێوخۆییەکان پێڕەو کراوە. بەڵام بە دڵنیاییەوە ئێرانی ئێستا و خەڵکە چاوکراوەکەی وەک ساڵانی ڕابردوو فریوی ئەم هاتوهاوارەیان ناخۆن و بە چاوبەستراوەیی وەدوای هەڵڵاسازکردنی ڕێبەرانی ڕێژیمێک ناکەون کە هەموو ماڵ و ژیانی بە تاڵان بردوون. خەڵک دەزانن کە نابێ متمانە بە ڕێبەرانێک بکەن کە جگە لە پاراستنی دەسەڵات و بەرژەوەندییە تاکەکەسی و مافیاییەکانیان بیر لە هیچ شتێکی دیکە ناکەنەوە کە پێوەندیی بە ژیان و داهاتووی خەڵک و وڵاتەکەیانەوە بێ. خەڵک ئێستا بیر لە داهاتوویەک دەکەنەوە کە بە دوور لە درۆ و ساختەکاریی ڕێبەران، وڵاتێکی ئاوەدان و ژیانێکی شەرافەتمەندانە و ئینسانیی تێدا بنیاد بنێنەوە و ئەوەش دەزانن کە ئەم ئاواتە تەنیا بە گۆڕانێک وەدی دێ کە دەستی هەموو ئەو تاوانبار و درۆزنانە لە دەسەڵاتداری کورت بکاتەوە. ***