کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کرێکار و مافەکانی لە ئێران لە دەیەی پێنجەمی کۆماری ئیسلامییدا

00:18 - 16 بانەمەڕ 2720

چینی کرێکار لە ئێران ڕۆڵی زۆر بنەڕەتییان لە هێنانە سەرکاری کۆماری ئیسلامیی ئێراندا هەبوو. خومەینی توانیبووی بە دروشمگەلی وەک “ئاو و بڕق و هاتوچۆ دەکەینە خۆڕایی” و “هەموو کەس دەکەینە خاوەنی خانووی خۆی” سەرنجی کرێکاران بۆ لای خۆی ڕابکێشێ. بەتایبەت کە زۆر پێش سەرکەوتنی شۆڕش لە ڕێگەی کاسێتەکانیەوە حەدیس و ئایەتی جۆراوجۆری لەسەر پێگەی شایانی ڕێزی کرێکاران دەهێنایەوە کە گوایە چەند ئیمام و ڕابەرێکی ئاینیی شیعەکان کرێکار بوون و شۆڕش هەمووی لە بەرژەوەندیی داهاتووی کرێکاران دەبێ. بەم جۆرە کرێکارەکان بە مانگرتنە سەرتاسەری و بەردەوامەکانیان خومەینییان لە نۆفێل لۆشاتۆی پاریسەوە هێنایەوە ئێران و گەیاندیانە ترۆپکی دەسەڵات، دەسەڵاتێک کە “شا”ی پێشووش نەیبوو. چینی کرێکار زۆر پێش سەرکەوتنی شۆڕش و لە شارە گەورەکاندا ڕێکخراوەی کرێکاریی تایبەتیان دامەزراندبوو. ئەوان بەپێی هەلومەرجی ئەو کات داواکانی خۆیان فۆرموولە کردبوو و ڕێبەرانی شۆڕشیش وادەی جێبەجێبوونی هەموو ئەوانەیان پێدابوون، وەک چاکسازی لە قانوونی کار، نەهێشتنی هەڵاواردنی ڕەگەزی، جێبەجێ‌بوونی کۆنڤانسیۆنەکانی پێوەندیدار بە مافی کرێکاران، مافی پێکهێنانی سەندیکای سەربەخۆی کرێکاری، کەمکردنەوەی سەعاتی کاری حەوتووانە، زیادکردنی مز و حەقدەست و پاداشتی ساڵانەیان. کرێکاران دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران زۆر زوو مزی ئەو پاڵپشتییەیان وەرگرت. هەر لە یەکەم بەهاری تەمەنی کۆماری ئیسلامی و لە خۆپیشاندانەکانی ڕۆژی ١ـی مەی بوو کە ڕێکخراوە کرێکارییەکان کەوتنە بەر شاڵاوی سەرکوت. زۆر زوو “خانە کارگر” کە لەلایەن کۆمەڵێک سەندیکا و شۆڕای کرێکارییەوە دروست کرابوو، کەوتە بەر پەلاماری “حیزبوڵڵایی”ـەکان و بەبیانووی ئەوەی “دژەشۆڕش” دەستیان بەسەردا گرتوە، دەستی بەسەردا گیرا! بەم جۆرە هەتا ئێستاش شەڕ و ملبەملەی کۆمەڵگەی کرێکاری کە داخوازی مافەکانیانن و کۆماری ئیسلامی کە حاشایان لێدەکا، درێژەی هەیە. لە هەموو ماوەی ئەو چوار دەیەدا چینی کرێکار چەوساوەتەوە و هەژارتر بووە، قانوونەکانی پشتیوانی لە مافەکانی یەک لە دوای یەک کاڵتر بوونەوە، توانای کڕینی لە کەمیی داوە و سفرەی ماڵێی بچووک بۆتەوە، مەترسیی دەرکران و بێکاربوونی لەسەر بووە و لە سەرەتاییترین مافی خۆی کە پێکهێنانی ڕێکخراوی کرێکاری بووە بێ‌بەش بووە و؛ هەر چەشنە ناڕەزایەتی و داخوازییەکی کرێکارانیش ئەنگی شێواندنی بیروڕای گشتی و چالاکی لەدژی ئەمنیەتی وڵاتی لێ‌دراوە و هێزەکانی دژی شۆڕشیان بەگژدا کراوە و چالاکانی کرێکاری لەو سۆنگەیەوە سزای قورسی زیندانیان بەسەردا سەپاوە. ڕۆژی جیهانیی کرێکاران ئەمساڵ لە سێبەری قورسی قەیرانێک بەناوی “کۆرۆنا”دا گەیشتێ، قەیرانێک لە دڵی قەیرانی ئابووریی تێک‌تەپیوی ئێراندا کە بەهۆی سزا ئابوورییەکانەوە پێشتریش نووزەی لێ‌بڕابوو، قەیرانێک کە بەپێی پێشبینی و بەراوردە سەرەتاییەکان خەساری بێکاربوونی شەش هەتا حەوت میلیۆن کرێکاری لە ئێراندا لێ‌دەکەوێتەوە. ڕۆژی “یەکی مەی”ـی ئەمساڵ لە حاڵێکدا تێپەڕی کە لە ئاوسانی ئابووریی سەروو سەتا ٤٠ی ئێستادا مزی کرێکاران تەنیا سەتا ١٥ زیادی کردوە، حەقدەستێک کە جیا لە لێدانی زۆر خەرجیی پێویست، بەو حاڵەش بەشی یەک لەسێی مانگێکیان ناکا. ناڕەزایەتییەکانیش بەداخەوە هەتا ئێستا دادی نەداون، بەڵام ئەوانی لە داخوازیی مافەکانیان شێلگیر کردوە؛ وەک چۆن لە ساڵی ڕابردوودا لانی‌کەم ٣٥٧ کۆبوونەوە و مانگرتنی کرێکاری ڕوویان داوە. خۆ ئەگەرچی زۆربەی ئەو خۆپیشاندان و مانگرتنانە یان سەرکوت کراون یان بە دانی وادە و بەڵێن بڵاوەیان پێ‌کراوە، بەڵام ئاسۆی ڕوونی خەباتی مافخوازیی کرێکارانی ڕوونتر کردوە. چوار دەیە سیاسەتی ناکارامەی ئابووری کە سێبەری قورسی لێکەوتەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئێران لەسەر بووە، ئابووریی ڕانتی، سپاردنی کارخانە و کۆمپانیاکان بە کەرتی تایبەت _بەڵام بە شێوەی سەقەت و مانەوەیان لە پاوانی دەوڵەتییەکاندا_ وای‌کردوە لە لایەک قەیرانی بێکاری ببێتە سەرەکیترین کێشەی کۆمەڵگەی ئێران و لەولاش سەرمایەی ئابووری و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگەش سووک و بەلاش بەتاڵان ببرێن. سندووقی نێونەتەوەیی دراویش ڕایگەیاندوە کە هەڵدانی ئابووریی ئێران _سەرەڕای دروشمە بەباق و بریقەکانی ساڵانەی خامنەیی_ بۆ سێهەم ساڵی یەک لە دوای یەک خوار سیفر و لە هەڵدێرانی بەردەوام‌دایە. ڕاگیرانی هەناردەی نەوت و دابەزینی سەرسووڕهێنی نرخی نەوت ئەویش بۆ ئابووریی بەستراوەی ئێران بە نەوت چەند فاکتەری دیکەن کە هیندەی دیکە لەسەر ئابووریی سیس و نابووتی وڵات کاریگەریی ڕاستەوخۆیان هەیە و ئەوە کرێکارانن کە لە ڕیزی پێشەوەی زیاندیتووانی ئەو بارودۆخەن. بەڵام کێشەکانی کۆمەڵگەی کرێکاری نە یەک و دوون و نە هەر ئەوانەن. جیا لە مەسەلەی کەمیی مز و مووچە، بەدەر لە گرانی و لەکەمیدانی توانای کڕینیان و، لەولای کێشەی نیشتەجێ‌بوون؛ ئەوە گرێبەستەکانی کارە کە وای‌کردوە کرێکاران کەمترین ئەمنیەتی ڕاگرتن و مانەوەیان لەسەر کارەکانیانە. زۆر لە خاوەنکارەکان کرێکارەکانیان یان بە گرێبەستی کاتی و یان تەنانەت بە گرێبەستی سپی دادەمەزرێنن. بەوەش ئەم کرێکارانە کە بەشی زۆری کۆمەڵگەی کرێکاریی ئێران پێکدێنن هیچ قانوونێکی دامەزران و ئەوەی پێی دەڵێن “مەزایای کرێکاری” نایانگرێتەوە. هەروەها هەلومەرجی کار و چەندی و چۆنیی مز و حەقدەستەکانیان هەمووی بەسراوەتەوە بە ویست و سەلیقەی خاوەنکار. خۆ بێتوو لەسەر کاریش دەربکرێن چونکی گرێبەستێکی ڕەسمییان لە نێواندا نییە، بیمەی بێکارییان نادرێتێ؛ یان ئەگەر تووشی ڕووداوی کار بن و خاوەنکار نەیەوێ تێچووی دەرمان و پەککەوتنیان بدا و زیانەکەیان بۆ قەرەبوو بکاتەوە، ناتوانن شکایەت بکەن و پێوشوێنی مافەکانیان کەون. هەڵاواردنی ڕەگەزی کێشەیەکی دیکەی کۆمەڵگەی کرێکاریی ئێرانە. خاوەنکارەکان زۆربەیان بۆ دامەزران پیاوان وەپێش دەدەن و لە کاتی کەمکردنەوەی هێزی کاریشیان ئەوە ژنانن کە وەپێش دەدرێن. ژنان و بەتایبەتی ژنانی سەرپەرستی خێزان _کە بەداخەوە لە سۆنگەی قەیرانە کۆمەڵایەتییەکانی ڕۆژ بە ڕۆژ ئەژماریان زیاتر دەبێ_ نەک دەرفەتی وەک‌یەک بۆ خۆدیتنەوەیان لە بازاڕی کاردا نییە، بەڵکوو لە ئەگەری دامەزرانیشدا ناچار بە ماوەی کاری زیاتر و مزی کەمتر دەکرێن. خۆ ئەگەر ئاوڕێکیش لە کوردستان بدەینەوە، بەسەر هەندێ دیاردەی دیکەشدا دەکەوین. جیا لە هاوبەشیی مەینەتی و بێ‌مافیی چینی کرێکار لە هەموو ئێران، بەڵام چوار دەیە سیاسەتی پەرەنەسەندنی ئابووری و بەئەمنیەتی‌کردنی کوردستان دۆخێکی جیاوازتری بۆ کرێکاران لە کوردستان خوڵقاندوە. ئەوەش لە حاڵێک‌دایە هەر چوار پارێزگاکەی کوردستان لەسەر سنووری وڵاتانی عێراق و هەرێمی کوردستان، تورکیە و ئازەربایجان هەڵکەوتوون، بەڵام بەهۆی ڕوانینی ئەمنیەتیی کوردستان نەکراوە بە ناوچەی ئازادی ئابووری و ئەو دەرفەتە گرینگەی لێ ئەستێندراوەتەوە. هاوکات لە ساڵدا چەند جار بە هۆی داخستنی ئەو کەمە دەروازە سنوورییەش کە بە شێوەی سنووردار ڕێی بۆ کۆڵبەریی قانوونی ئاوەڵا کردوە، ئەم دەرفەتەش لە خەڵکی هەژاری ئەم ناوچەیە دەستێنن و پەرە بە بێکاریی زیاتر لەو ناوچانە دەدەن. هەروەها لە کوردستان سەرەڕای بێکاریی زۆر سەرووتر لە نێونجیی بێکاریی وڵات، بەڵام بە هۆی کەمیی کارگە و کارخانەکان حەشیمەتی کرێکارانی ڕەسمیی خاوەن گرێبەست زۆر کەمن. زۆرینەی حەشیمەتی کرێکار لە ئێران لە یەکە بچووکەکانی دەرەوەی بازنەی قانوونەکانی کار و کەرتی بیناسازییدا سەرقاڵن، یان بە پیشە ساختە (کاذب)ـەکانی وەک دەستگێڕییەوە خەریکن، یان لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستاندا ڕوویان لە کۆڵبەری کردوە. کێشەی سەرەکیی ئەو کرێکارانەش ئەوەیە کە ژمارەیەکی یەکجار کەم لەوان بیمەی دابینکردنی کۆمەڵایەتییان هەیە و لە ئەگەری بێکاربوون یان تووشبوون بە ڕووداوی کاردا لە هەموو مافێکیان بێ‌بەشن. بەڵام سەرباری هەموو ئەو بەشمەینەتی و نەهامەتییانە چینی کرێکار کۆڵیان نەداوە و بەشی سەرەکیی هەیکەلی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی لە ئێران پێک‌دێنن. ناڕەزایەتییە کرێکارییەکان کە پێشتر لە یەکە بچووکەکانی بەرهەمهێناندا ڕوویان دەدا، ئێستا کارگە و کارخانە زەبەلاحەکانیشی گرتۆتەوە و تەنانەت هاوپشتیی یەکتریش دەکەن و؛ ئەوەش کە نیشانی وشیاری و پێگەیشتوویی چینی کرێکارە، ڕوخسارێکی تەواو سیاسی و مافخوازانە بە ناڕەزایەتییەکان دەدەن. بێ‌گومان هاوبەشیی بزووتنەوەی کرێکاری لە بزووتنەوە سەرانسەرییەکاندا و فازی نوێی ناڕەزایەتیی کۆمەڵگەی کرێکاری لە قۆناغی پاش‌کۆرۆنادا کۆماری ئیسلامیی بەرەوڕووی بارودۆخێکی زۆر دژوار دەکا. کاکڵی باسەکە ئەوەیە سەرەڕای ئەوەی بەرپرسانی حکوومەتی و کاربەدەستانی دەوڵەتییش، دان بە شپرزەیی بارودۆخی کرێکاران و پەرەسەندنی هەژاری و بێکاری لە وڵاتدا دەنێن، بەڵام ئیرادەیەک بۆ ئاوڕدانەوە لە مافی کرێکاران و لاکردنەوە لە دۆخی نالەباری ئەوان لەگۆڕێدا نییە. نە باسێک لە بووژانەوەی ئابووریی وڵات و هەلی کاری هەیە و نە بردنەسەرێی مز و حەقدەستی کرێکاران کە هەمیشە لەژێر هێڵی هەژارییەوە بووە. ئەمەش واتای بەردەوامیی ناڕەزایەتیی کرێکاران و بەشداریی زیاتریان لە بزووتنەوە ئێعترازییەکانی سەرانسەری‌دایە.