ئەمڕۆکە زۆربەی وڵاتانی جیهان لە بواری پێکهاتەی گرووپگەلی زمانی، مەزهەبی و نەتەوەیی، دۆخێکی وێکنەچوویان هەیە، بوونی چەند نەتەوە لە هەر وڵاتێک هۆکاری خوڵقاندنی کۆمەڵێ پرسیاری بنەماییە سەبارەت بە سیاسەت دانانی ئەو حکوومەتە لە هەمبەر پرسی ئەو نەتەوە جیاوازانە، یان بە واتایەکی دیکە جۆراوجۆری نەتەوەیی دیاردەیەکی جیهانییە.
تەنیا لە ١٤ وڵاتی دنیا کەمایەتی نەتەوەیی حەشیمەتی بەرچاویان نیە، و ٤٪ حەشیمەتی دنیا لە وڵاتانێک دەژین کە تەنیا پێکهاتەی دانیشتوانی یەک نەتەوەیین، وڵاتی ئێرانیش یەکێک لەو وڵاتانەیە کە لە چەند نەتەوە پێک هاتووەو هەر نەتەوەیەک تایبەتمەندیی خۆی هەیە.
لە ساڵی ١٣٠٤ی هەتاوی لە ئێران، کە بۆ یەکەم جارلە مێژووی ئەم وڵاتە، دەوڵەتی مۆدێڕنی ئێرانی دروست دەبێ تا ئێستاشی لەگەڵ دا بێت حکوومەتە ناوەندییەکان بە بنەماڵەی پەهلەوی و رێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە، هەرگیز بەرنامەیەکی سیاسی و ئاشتیخوازانەیان بۆ چارەسەری کێشەی نەتەوەیی لە ئێران دا نەبووە.
رەزاشا یان پەهلەوی یەکەم کە چوارچێوەو جەوهەری دەسەڵاتەکەی بە چاولێکەری لە ئاتاتورک لە تورکیەی نوێ، دامەزراند بوو، سیاسەتی " حذف فیزیکی" و هەروەها ئاسمیلاسیۆن یان تواندنەوەی نەتەوە غەیر فارسەکانی کردبووە سیاسەتی فەرمی، وەک سەرکوتی بێ بەزەییانەی بزووتنەوە نەتەوەییەکانی کورد و عەرەبی ئەحواز.
کە باس لە حکوومەتداری و چەمکگەلی دیکەی پێوەندیدار بە دەسەڵات و کۆمەڵگاوە دەکرێ، بێ گومان پێویست دەکا شێوەی بە کردەیی کردنی ئەو چەمکانە زیاتر شرۆڤە و ئانالیز بکرێن.
یەکەم حکوومەتی مۆدێڕنی ئێرانی کە لە ساڵی ١٣٠٤ی هەتاوی پێک دێ، هەڵقوڵاو یان ویستی کۆمەڵگای ئەو کاتی ئێرانی نەبووە، بەڵکوو بەرهەمی هەلومەجێکی نائاسایی نێوخۆیی، ناوچەیی و جیهانی بووە، بە تایبەت دەستێوەردانی راستەوخۆی دەوڵەتی بریتانیا لە ئێران، دەبێتە هۆکاری ئەسڵی بە دەسەڵات گەیشتنی رەزاخان.
رەزاخان یان پەهلەوی یەکەم و کەڵک وەرگرتن لە چەمکە مۆدێڕنەکان
جوغرافیای سەرهەڵدانی چەمک و واتا مۆدێڕنەکان، ئورووپا یان رۆژاوا بووە، کاتی لە وڵاتانی رۆهەڵاتی تەنانەت تا ئێستاشی لەگەڵ دا بێت، هێندێک چەمک وەک دێموکراسی، زۆرینە و کەمینە، مافی مرۆڤ و مافی نەتەوەیی و زۆر بابەتی دیکەی مۆدێڕن،بە کردەیی کراون تێکەڵ بە بەستەری فەرهەنگی ئەو وڵات یان کۆمەڵگایانە کراون و لە مەیدانی کردەوە دا تەنیا فۆڕم یان شكڵی ئەو چەمکە ماوەتەوە، یان بە واتایەکی دیکە کولتووری نەریتی ئەو وڵاتانە شکستی بە پڕۆسەی بەمۆدێڕن کردن هێناوە.
رەزاخانیش بە کەرەستەی مۆدێڕنی ئەو سەردەمە و پشتیوانی راستەوخۆی بریتانیا دەسەڵاتی خۆی سەپاند بەڵام هەرگیز، بابەتگەلێ دیکەی سەردەمیانە وەک مافی مرۆڤ ماف مافی دیاریکردنی چارەنووس نەتەنیا رەچاو نەکران، بەڵکوو هەوڵی رەزاخان یەکدەست کردنی کۆمەڵگای ئەو کاتی ئێران بووە، واتە بە فەرمی ناسینی هێماکانی نەتەوەی فارس کە بە زۆرەملێ کران بە هێمای نەتەوەیی بۆ هەموو خەڵکی ئێران بە تایبەت زمان فارسی و لایەنی مێژوویی ئێرانییەکان.
ساڵی ١٣٠٤ی هەتاوی تا ١٣٢٠ی هەتاوی رەزاشا دەسەڵاتداریەتی ئێران دەکا، هەر ئەو وڵاتانەی کە هێنایانە سەرکار لاشیان برد!
سیاسەتی پەهلەوی دووهەم لە هەمبەر پرسی نەتەوەیی لە ئێران
پەهلەوی دووهەمیش میراتگر و جێگرەوەی تاج و تەختێک بوو کە لەسەر بنەمای ناسیونالیزمی ئێرانی دامەزرابوو، واتە ناسیونالیزمێکی هێرشبەرانە!
دەسەڵاتی پەهلەوی هەر بەو جۆرەی کە ئاماژەی پێدرا، چۆنکە هەڵقوڵاوی کۆمەڵگای ئێران، بە تایبەت نەتەوە بندەستەکان نەبوو، بێ گومان زۆر ئاساییە کە خەڵکی غەیری فارسیش بە هۆی ستەمی نەتەوایەتی کە بە شێوەی سیستماتیک لە لایەن حکوومەتەوە بەڕێوە دەچوو، لە دەرفەتێک دەگەڕان بۆ رزگار بوون لە دەسەڵاتی ناوەندگەرا.
لاوازی دەسەڵاتی ناوەندی لە ئێران و داگیرکردنی ئەو وڵاتە لە لایەن وڵاتانی یەکیەتیی سۆڤیەتی پێشوو، ئامریکا و بریتانیا تا رادەیەک فەزایەکی ئازادانەی بۆ خەڵک رەخساندبووتا بتوانن بیرۆکەی ئازایی نەتەوەیی خۆیان بە کردەیی بکەن.
ساڵەکانی یەکەمی هاتنەسەر کاری پەهلەوی دووهەم هاوکاتە لەگەڵ دامەزراندنی دەسەڵاتی خۆجێی لە بەشێک لە کوردستان و ئازەربایجان.
حەمەرەزاشای پەهلەویش وەک باوکێ واتە رەزاشا نە تەنیا ئامادە نەبوو، حکوومەتی کورد و تورکی ئازەری لەو سەردەمە بە فەرمی بناسێت بەڵکوو بە هێزی سەربازی ئەو دوو دەسەڵاتەی لە ناو برد.
رووخانی کۆماری کوردستان و کۆماری ئازەربایجان لە لایەن پەهلەوی دووهەمەوە دەبێ وەک رووبەرووبوونەوەی دوو هزری دێموکراتیک و داگیرکەر پێناسە بکرێ.
هەر بەو شێوەیە کە کوترا، بنەمای سەرهەڵدانی نەتەوەخوازی ئێرانی، یەکدەست کردنی کۆمەلگای ئێرانی بووە، واتە بە فەرمی ناسینی هێماکانی نەتەوەی فارس وەک هێمای گشتی بۆ خەڵکی ئێران، هەر چەند دەبێ ئەو راستییەش بگوترێ کە توخمەکانی فۆڕم گرتنی ناسیونالیزمی ئێرانی بەشێکی بەرچاوی بێ بنەماو ئەفسانە بووە هەر بۆیە وەها ناسیونالیزمێک بۆ حەوانەوە نابێ چونکە ناسیونالیزمێکی هێرشبەرانەیە.
یەکەم رووبەڕووبوونەوەی دوو فۆڕمی سیاسی مۆدێڕن لە مێژووی ئێران وکوردستان،کۆماری کوردستان و دەسەڵاتی پەهلەوی دووهەم بووە، ناسیونالیزمی ئێرانی لەو سەردەمە تەنیا زمانی پێوەندی لەگەڵ کورد سەرکوت بووە، هەر بۆیە رووخانی کۆماری کوردستان لە لایەن حەمەرەزاشاوە دەبێتە بنەمای شکڵ گرتنی روانگەی ئەمنیەتی دەسەڵاتە ناوەندییەکانی ئێران لەهەمبەر پرسی نەتەوەیی و بە تایبەت پرسی کورد تا ئێستاشی لەگەڵ دا بێت.
کە وابوو سیاسەتی پەهلەوی یەکەم لە ماوەی ٣٧ ساڵ حکوومەتداریی خۆی دا لە هەمبەر پرسی نەتەوەکانی ئێران، روانگەیەکی بە تەواوەتی ئەمنیەتی بووە.
- کۆماری ئیسلامی ئێران و پرسی نەتەوەیی
- ئەگەر بنەماڵەی پەهلەوی بە باب و بە کوڕەوە، لەسەر بنەمای ناسیونالیزمی ئێرانی بوون کە کۆڵەکەکانێ"باستان گرایی" و "ئێرانی بوون" بوو، ئەوە رێژیمی کۆماری ئیسلامی لایەنی مەزهەبیشی لێ زیاد کرد بە تایبەت لە کاتی شەڕی ئێران وعێراق دا. پرسیارێکی گرنگ کە دەبێ پێوەندی نەتەوەکانی ئێران لەگەڵ تاران یا دەسەڵاتی ناوەندیی لە سەر بنەماێ ئەو پرسیارە شرۆڤە بکرێ ئەوەیە، کە بۆ لە هەر قوناغێکی مێژوویی، دەسەڵات لە تاران لاواز بووە یان گۆڕانکاریی سیاسی کراوە، پرسی نەتەوە بندەستەکان لە ئێران بە رۆژەڤ کراوە؟