سەرەتا بۆ باسکردن لە سزایەک بەناوی لەسێدارەدان لە کوردستان و لەلایەن ڕژیمێکی سەرەڕۆی وەک ئێران کە تا سەر ئێسقان دژە کوردە باسێکی کورت لەسەر لەسێدارە دان و شێوازەکانی لە ئێران و هەموو ئەو هۆکار و بەهانانەی کە ڕژیم کوردیان پێ لە سێدارە دەدات یا دەبنەهۆکار بۆ پەلکێشکردنی خەڵکی کورد بۆ گرتوخانەکای ئێران و دواتر لە سێدارەدانیان باس دەکەم.
لە سێدارەدان بە پێی هەموو پێوەرێک پێشێلکردنی مافی ژیانە،پێشلکردنی سەرەتایی ترین مافی هەر مرۆڤێکە کە وەک مەرگێکی لەپێشدا دیاریکراو، بە حوکمی دادگا و واژۆی کەسێک کە ناوی قازی یە کۆتایی بە سەرەتایی ترین مافی هەر مرۆڤێک کە ژیانە دێنێ، هەربۆیەش داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ پێداگری زۆر لەسەر ئەوە دەکەن کە دەبێ حوکمی لە سێدارەدان بە حوکمێکی دیکەی بۆ نموونە وەک بەندکرانی درێژخایەن گۆڕانی پێ بکرێ.
لێرەدا و لە درێژەی ئەو نووسراوەیەدا ئێمە باس لە ئێران دەکەین کە یەکێک لە بەرزترین ئامارەکانی لە سێدارەدان لە ئاستی دونیادا لەخۆی دەگرێ و بەبەردەوامیش یەکێک لەو وڵاتانەی دونیا بووە کە وەکوو چڵەپۆپە و پێشەنگی لەسێدارەدان و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ هەمیشە چاوی ڕەخنە و گلەیی ناوەندە جیهانییەکانی مافی مرۆڤ و چالاکوانانی ئەو بوارەی لەسەر بووە.
ئەوەی کە لە ئێران وەک بنەمای سەرەکی بۆ کەسێک تا ڕوبەڕووی حوکمی لە سێدارەدان ببێتەوە تەماشای دەکرێ ، ئەو بنەما ئیسلامی ، ئایینی و مەزهەبیەیە کە خۆیان ئاماژەی پێدەدەن و لە زۆربەی هەر زۆری دادگایی کردن و سەپاندنی حوکمەکاندا فێقهی ئیسلامی و ئەو مافانەی لەوێدا بۆ مرۆڤ دەستنیشان کراون دەکەن بە بنەمای سزادانی مرۆڤ و چاکی و خەراپی کردارەکانی بەپێی یاسا فێقهیەکان هەڵدەسەنگێنن.
هەروەک خۆیان ئاماژەی پێدەدەن لە سێدارەدان لە فێقهی ئیسلامی و مافەکاندا بریتی یە لە سزای مەرگ لەلایەن دادگا و قازی یەوە بۆ ئەو کەسانەی تووشی هەڵە یا جورمێکی تایبەت دەبن .
ماکە و سەرچاوەی حوکمەکانی لە سێدارەدان لە ئێران جۆرێک لە سێدارەدانە کە پێی دەگوترێ ئیعدام یا لەسێدارەدانی تەعزیری کە ئەویش بەو جۆرە لە سزادان دەگوترێ کە لە شەرعی فێقهی دا ئەندازەی بۆ دیاری نەکراوە و قازی بە پێی هێندێک بەرژەوەندی ، ڕادە و چەند و چۆنی سزاکە دیاری دەکا بەو مانایە دەبێتە کوشتنی کەسێک بە پێی ئەو بەژوەندیانەی کە قازی بڕیاری لەسەر دەدات.
سەرچاوەی سەرەکی حوکمەکانی فێقهی ئیسلامی کە ئێران پێڕەوەی دەکات لە قورئانەوە دێن و لە زۆر شوێن خۆیان ئاماژەیان بەو سەرچاوانەی قورئان داوە کە باس لە ئیعدام واتا لە سێدارەدان و جۆرەکانی دەکەن کە لە خوارەوە ئاماژە بە چەند نموونەیەک دەدرێ:
- لە داردان و هەڵواسین کە لە ئایەتی ٧١ی سورەی تەها و ئایەی ١٢٤ی سورەی ئێعراف ئاماژەی پێکراوە .
- ڕجم کردن یا ئەوەی کە بەناوی بەردبارانکردن ناسراوە کە زۆرتر ئەو کەسانە لە ژن و پیاو دەگرێتەوە تووشی زینا بووبن.
- سووتاندن یە خستنە ناو ئاگر جۆرێکی دیکە لە سزای مەرگە کە لە قورئاندا ئاماژەی پێکراوە کە نموونەی هەرە بەرچاویان حەزرەتی ئیبراهیم بوو کە خرایە ناو ئاگر و لە سورەی ئەنبیادا ئاماژەی پێدراوە.