کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەهاری خوێناویی سنە

01:25 - 22 بانەمەڕ 2720

"هانا ئارنت" هزرڤان و فەیلەسووفی بە ناوبانگی ئاڵمانی وتەیەکی هەیە کە دەڵێ: "مرۆڤ بە ئازادی لە دایک بووە و دەبێ بە ئازادیش بژی" لە کۆمەڵگەیەکی مرۆییش ئەگەر سیستمە سیاسییەکەی بیهەوێ کەرامەتی تاک تاکی مرۆڤەکان بپارێزێ، دەبێ ئەو وتەیەی هانا ئارنت وەک بەهایەکی مرۆیی بکاتە کۆڵەکەی ئیدارەی کۆمەڵگاکە. کۆمەڵگایەک دەیهەوێ بە دڵی خۆی بژی، دەیهەوێ ئازاد و سەربەست بێت، دەیهەوێ بۆ خۆی حاکمی وڵات و خاکی خۆی بێت، بەڵام لەو کاتەی کە دنیا دابەشکراوە، ئەو ئاواتە بۆ زۆرێک، لە دڵاندا قەتیس ماوە. مێژوو پڕە لە خەبات بۆ ئەو ئاواتە، پڕە لە داستان وئەفسانەی خۆڕاگری  وقارەمانەتی و شەڕ، پڕە لە خوێن وکوشت وبڕ و قەڵاچۆ کردنی ئەو خەڵکانەی ویستوویانە داوای مافی ڕەوای خۆیان بکەن، پڕە لە برسیەتی و هەژاری و دەربەدەری ئەو کەسانەی کە خەباتیان کردوە، ئێمەی کوردیش لەو یاساگەلە بەدەرنین، نە یەکەمین و نە دوایین کاروانین کە دەبێ بە ئامانج و مەنزڵی خۆی بگا. ئێمەی کورد، گوڵەسوورێکی چووکە لە نێو باخێکی هەزار گوڵی هەزار پەڕداین. هیچ دەسەڵاتدارێکی زاڵم بە پێ خۆشبوونی خۆی دەسەڵات بەرنادا، مرۆڤ وایە، بەڵام ئەوە هیچ کات نەبۆتە هۆی لەنێوچوونی ئاواتەکان، ئەو ئاواتانە ژیلەمۆیەکن ،کە بە بایەک دەگەشێنەوە. شارێک بەرگری لە کەرامەتی خۆی کردوە، بەبێ پشتیوانی و داخوازی مەزڵوومانە لەم و لەو، منەتی بە کەس نەبووە، شارێک لە چرکەیەکی مێژوویی دا ویستی بە دڵی خۆی بێت تاوانەکەشی دا. پاش ئینقلابی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی، رۆژهەڵاتی کوردستان بە هۆی رابردووی خەباتی نەتەوەیی بە دژی دەسەڵاتی پاشایاتی کە بە شێوەی ئۆرگانیک لە لایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە بەڕێوە دەچوو، لە هەمبەر رێژیمی تازە بە دەسەڵات گەیشتوو توانی هەڵوێستی لۆژیکی و سیاسیانەی خۆی هەبێ کە تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت دەبێ وەک دەسکەوتی سیاسی و مێژوویی کورد لە قەڵەم بدرێ. ڕاوەستانی بزاڤی نەتەوەیی کورد لەو قۆناغە لە هەمبەر ڕێژیمی خومەینی ، لە ١٢ی بانەمەڕ واتە بایکۆتی بەشداری کردن لە هەڵبژاردن یان گشتپرسی بۆ دیاریکردنی جۆری سیستمی سیاسی وڵات، وەک هێڵێکی جیاکردنەوەی ئەو بزاڤە لە زۆر لایەنی سیاسی ئێرانی و کوردستانی لە "هەڵوێست و بڕیاری سیاسی" لە قەڵەم دەدرێ. بایکۆتی ئەو گشتپرسییە، پێوەندی کورد و رێژیمی خومەینی دەچێتە  فازێکی دیکە، واتە کورد ئامادە نەبوو سیستمێکی سیاسی قبووڵ بکا کە هێشتا جەوهەر و نێوەرۆکەکەی بۆ خەڵک نامۆ بوو، هەر بۆیە خومەینیش لە دەرفەتێک دەگەڕا تا تۆڵەی ئەو بایکۆت کردنە لە خەڵكی کوردستان و هێزە سیاسییەکانیان بکاتەوە، هەر بۆیە لە ڕۆژژمێری ڕووداوەکانی سەرەتای ئینقلابی ٥٧ دا دەبینین، کە ڕێژیم بە خوڵقاندنی ڕووداوی خوێناوی لە کوردستان، ئامادە نییە نە تەنیا دان بە مافەکانی کورد دا بنێ بەڵکوو ڕق و قینی خۆی گەیاندە لوتکە، واتە دەرکردنی فتوای جیهاد بە دژ گەلی کورد، دەرکردنی فتوای جیهادیش واتاکەی دیارە، ئەویش بە کافر زانینی خەڵکی کورد بوو. لە ساڵەکانی سەرەتای ئینقلاب سێ ڕەوتی سیاسی و فکری لە شاری سنە چالاکییان هەبووە: ١_ ڕەوتی چەپ، کە کۆمەڵە نوێنەرایەتیی دەکرد. ٢_ ڕەوتی دینی، کە جەریانی "مەکتەب قورئان" نوێنەرایەتی دەکرد. ٣_ ڕەوتی نەتەوەیی: کە پێناسەی نەتەوەیی لە پرسی کورد هەبوو و لەو قوناغە تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت حیزبی دیموکرات نوێنەرایەتی ئەو ڕەوتە فکرییە دەکا. ئەو سێ ڕەوت یان لایەنی سیاسییە چۆن و تا چەند لەو قۆناغە، خزمەتیان بە پرسی نەتەوەیی کردوە، قەزاوەت  بۆ ئێستا و نەسڵەکانی داهاتوو بە بەڵگە و دێکیۆمێنتی سیاسی و مێژوویی سەبارەت بەو ڕووداوە دەسپێرین. ڕێژیمی خومەینی لەگەڵ سڕینەوەی نەیارانی خۆی لە نێوخۆ، ناردنە دەرەوەی شۆڕشی ٥٧ی کردبوو بە یەکێک لە سیاسەتە ئەسڵی و فەرمییەکانی خۆی، بۆ نموونە خومەینی بۆ خۆی زۆر بە ئاشکرا داوای لە هێزە سەربازییەکانی عێراق و خەڵکی باشووری عێراق دەکرد کە دژ بە دەسەڵاتی سەدام حوسێن ڕاپەڕن، هەر بۆیە ئەو دەستێوەردان و هاندانی خەڵكی عێراق بۆ دژایەتی کردنی سەدام، بیانووی هێرشی سەربازی  بۆ سەر وڵاتی ئێران دایە سەدام سەرۆک کۆماری ئەو کاتی وڵاتی عێراق. هاوکات کە خومەینی داوای ڕاپەڕینی دژ بە سەدام لە خەڵکی عێراق دەکرد، واتە بەهاری ساڵی ١٣٥٩ی هەتاوی، هێشتا شەڕی ئێران و عێراق دەستی پێنەکردبوو، بەڵام هێزە سەربازییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ژێر نێوی پاراستنی سنورەکانی ڕۆژئاوای ئێران دەیانهەویست بە شاری سنە دا تێپەڕن، بەڵام نییەتی ڕاستەقینەی ئەوان داگیرکردنی شاری سنە بوو. بزاڤی کوردیش ئەو کاتە، ئاگاداری نیەت و پیلانی ڕێژیم بوون، حیزبی دێموکراتی کوردستان زۆر هەوڵی دا کە پیش بە دەسپێکی شەڕ و وێران بوونی شارەکانی کوردستان بگرێ، دۆخی سیاسی ئەو کاتی شاری سنەش بە جۆرێک بوو کە گوتاری چەپ و ئایینی لە گوتاری نەتەوەیی بەهێزتر بوونە، بەڵام ئەوە ڕێژیم وهێندێک لایەنی دیکە بەستەری شەڕییان لە شاری سنە خۆش کردبوو، کە شەڕیش دەست پێ‌دەکا  بە پێی بەڵگە مێژووییەکان حیزبی دێموکراتی کوردستان، قورسایی شەڕەکەی دەکەوێتە سەر شان و بە هەموو هێزەوە بۆ ماوەی ٢٤ ڕۆژ بەرگری لە شاری سنە دەکا، حیزبی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەوەی شار لەوە زیاتر لە لایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمەوە وێران نەبێت ناچار دەبێ وەک دوایین حیزبی سیاسی لە شاری سنە بێتە دەرەوە. سەپاندنی ئەو شەڕە خوێناوییە بە سەر کورد و ڕێکخراوە کوردییەکان، لە کاتێک دایە، کە بە داخەوە یەکڕیزییەکی پتەوی وەها لە نێوان هێزە کوردییەکان دا نەبووە، تا بە شێوەیەکی باشتر و زیاتر بتوانن دەسکەوتە سیاسییەکانی کورد بپارێزن، یان بە واتایەکی دیکە ئەگەر خاوەن گوتارێکی هاوبەش بان دەکرا و دەیانتوانی ئاڕاستەیەکی دیکە بە ڕەوتی ڕووداوەکان بدەن کە لەودا ڕێژیم زیاتر زەرەرمەند بێت، نەک کورد و بزاڤەکەی! کە باس لە خەباتی گەلێکی ژێردەست دەکرێ، دەبێ بە شێوەیەکی دیکە، چەمکی شکست شرۆڤە یان ئانالیز بکرێ، شکست بۆ مرۆڤ ئەو کاتەیە کە دوای کەوتن، تاقەت و توانای هەستانەوەی نەبێ، بەڵام بۆ بزاڤی نەتەوەیی کورد، کەوتن یان لاوازبوون بە واتای تێکشکان نییە، بەڵکوو گوتاری زاڵ و شۆڕشگێڕیی قۆناغی هەنووکەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان گوتاری نەتەوەییە،خەباتی ڕاستەقینەش بۆ چارەسەری پرسی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەبێتە هێڵی جیاکردنەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە حیزب و ڕێکخراوەکانی دیکە.