کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی نەزانی و هەوڵدان بۆ بە زنجیرکێشانی پێتەختی کۆماری کوردستان

02:01 - 30 بانەمەڕ 2720

ماوەی چەند ساڵێکە بە هۆی ڕێژیمی دواکەوتووی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەرچی زیاتر قفڵ و قەڕازە بەسەر مەهاباد، پێتەختی کۆمارە جوانەمەرگەکەی کوردستاندا دەکێشرێ . ماوەی سێ ساڵێکە شارەکەم دەنگی لاوازە یان نییە، زۆر کەس زۆریان پێ سەیرە ئاخۆ بۆچی وایە؟! مەهاباد لە سەد ساڵی دواییدا بە تایبەت لە ٧٥ ساڵەکەی تەمەنی کۆمەڵەی ژێکاف (ژیانەوەی کورد) و حیزبی مۆدێرنی کوردی، حیزبی دێموکراتی کوردستان حەشری بە دوژمنانی کورد کردوە . پێویستە دەست بخەینە سەر چەند خاڵێک: دامەزرانی کۆمەڵەی ژێکاف کۆمەڵەیەکی نیشتیمانی و پڕ لە هەستی کوردایەتی کە ٣ ساڵ تەمەنی هەبوو. ئەم جار لەسەر ئەو بناغەیە حیزبی خۆشەویستی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، حیزبی دێموکراتی کوردستان دامەزرا کە پێتەختی کۆماری پڕ لە شانازیی کوردستان؛ مەهاباد بوو. کۆماری پڕ سەروەریی کورد تەنیا ١١ مانگی خایاند بەڵام، هەتا کورد هەبێ گەورەیی و شانازییەکانی لە بیر ناکا. مامۆستایەکی ڕۆژئاوای کوردستان گوتی هەزاران کەس ناوی کچی خۆیان ناوە مەهاباد لەبەر گەورەیی ئەو پێتەختەی کورد و شانازییەکانی ئەم شارە. کۆمار نەماوە، بەڵام خەباتی نهێنی و ئاشکرا بۆ درێژەدانی ڕێگا و ڕێبازی کۆمار و دێموکرات بە شێوەی جۆراوجۆر هەتا ئێستاش هەر هەیە و درێژە دەدرێ. لەساڵەکانی ١٣٣٨ـەوە گرتنی ئازادیخوازانی دێموکرات بە گشتی و مەهاباد بە تایبەتی بە شێوەیەکی چڕوپڕ و زۆر دەستی پێ کردوە، سەدان کەس کەوتنە زیندانەکان، دەبێ بگوترێ کورد بۆ گیران و ئەشکەنجە و ئازار زۆربەی کاتەکان لە ئێران لە ڕیزی سەرەوە بووە و پشکی شێری زیندانەکانی لە سەردەمی دوو ڕێژیمی پاشایەتی و ئیسلامیی ئێراندا وەبەر کەوتوە . قارەمانەکانی وەک عەزیز یۆسفی و غەنی بلووریان و سەدانی دیکە گیراوانی ئەم سەردەمە و دواتریش پەروەردەی ئەم شارەن، ئەم جار بۆ جووڵانەوەی ٤٧-٤٦ دیسان مەهاباد سەرتۆپە. بە هەڵاتنی شای خائین دیسان مەهاباد دەبێتەوە ناوەندی سیاسەت و ناوەندی ڕێبەریی دێموکرات هەر ئەو شارە دەبێ کە چەند هەزار ئازادیخوازی دیکەش بە حیزبە سیاسییەکانی ئێرانەوە بارگە و بنکەیان لەو شارە دەخەن و کوردستان دەبێتە سەنگەری ئازادیی ئێران! شای خائین سەرۆک‌کۆماری زۆر خۆشەویستی کوردستان، پێشەوا قازی محەممەدی وێڕای هاوڕێیانی لە ١٠ی خاکەلێوەی ١٣٢٦ لەسێدارە دەدا. بە خەیاڵی خۆی سزای ڕێبەرانی کوردی داوە، لە کتێبێکی مێژووییدا هاتوە شای ئێران جارێک دێتە مەهاباد و شەو بە شوێنێکدا بە ماشین دەڕۆن لە گەڕانەوەدا دەبینن کە دارێک هەڵاوەسراوە و تەنافێکی پێدا شۆڕ بۆتەوە و وەک سێدارە بۆ هەڵاوەسینی کەسێک، شا بە هاوڕێیانی دەڵێ ببینن، ئەوە خەڵکی ئەم شارە مەبەستیان لە سێدارەدانی پێشەوایە بۆ دیتنی ئێمە ئەوەیان هەڵاوەسیوە. ڕێژیمی شا پاش جووڵانەوەی ٤٧-٤٦ دیسان ئەو هەڵەی دووپات کردەوە و زۆربەی شەهیدانی ئەم جووڵانەوەی لە شارەکانی ناوەندی کوردستان بە تایبەت لە مەهاباد هەڵاوەسی، بەڵام نەیوێرا تەرمی کاک سولەیمان موعینی (کاک فایەق) هەڵاوەسێ و پێیان گوتبوو ئەگەر ئەو کارە بکا زەرەر دەکا! چ لە کاتی ڕێژیمی پاشایەتی و بەتایبەتی لە ٤٠ ساڵەی ڕێژیمی نگریسی کۆماری سێدارە قەت نەیانهێشتوە تەنانەت خەڵک بە پارەی خۆیشیان سەرمایەگوزاریی گەورە بکەن وەک تۆڵە کردنەوە لە ئەوان و ئیزن نەدرێ ئەو شارە ئاوەدانی و پێشکەوتنی زۆر بە خۆیەوە ببینێ ! مامۆستا حەسەن‌زادە دەڵێ: "لەسەر میوانداری و کوردپەروەریی ئەو شارە ئەوەندە دەڵێم لە ڕۆژی ئاشکرابوونی خەباتی حیزبی دێموکرات لە ئیستادیۆمی مەهاباد _کە دەڵێن ١٠٠ هەزار کەس بەشدار بوو زۆر زیاتر و پێم وایە هەتا ١٣٠ هەزاریش دەبوو_ چونکە هەم لە قەراغی مەیدان و لە شەقامی دەرەوەی مەیدان بە هەزاران کەس ڕاوەستابوون وگوێیان لە پەیامەکانی حیزب دەگرت و لە ماوەی ١٥ خولەکدا هەموو میوانەکانی شارەکانی کوردستان کە لە ماکۆوە هەتا ئیلام هاتبوون دابەش کران، ٦ کەسێک مابوو کە دوو بنەماڵەی مەهابادی کێشەیان بوو و هەر کامیان دەیانویست هەموویان بەرنەوە ماڵە خۆیان و میوانەکانیش دەیانویست بەیەکەوە بن و من گوتم کاکە دابەشی بکەن و بە تەلەفوون بەیەکەوە لە پێوەندییدا بن." ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی مەهاباد و خەڵکی مەهاباد و نیشتمانپەرورەیی ئەو شارە دەزانێ و بە قەولی زۆر کەس ڕێژیم وەک سەری مارەکە حیسابی بۆ دەکا، ئەگەر لە ماوەی ٤٠ ساڵ نەیتوانیوە کاریگەریی زۆر لەسەر ئەو شارە دابنێ ئەو زەخت و فشارەی هەتا هاتوە زیاتر کردوە. بۆ زۆر ساڵ خۆپیشاندان و مانگرتن لە ساڵڕۆژی تێرۆری دوکتور قاسملوو بەڕێوە دەچوو و زۆر بۆنەی دیکە وەک شەهیدکرانی شوانە، بە سەرۆک‌کۆمار بوونی مام جەلال و ... مەهاباد پێشڕەو بووە و خۆی دەستی پێ‌دەکرد و دوایە هەموو شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی دەگرتەوە . لە شەڕی سێ مانگەدا کاک هەژاری جاویدفەڕ و کاک کەماڵ دەباغی و کاک عومەر قازی بە شار ڕادەگەیشتن و دەیان شەڕ لە مەهاباد ڕووی دا، لەگەڵ شانازی بۆ هەموو پێشمەرگەکانی کوردستان و سەری نەوازش‌دانانم بۆ هەموو شەهیدەکانیان ئەوە مەهاباد بوو کە بە شکاندنی دەیان تانک و ماشینی جەنگیی ڕێژیم وەک ئیستالینگرادی یەکیەتیی سۆڤیەتی لێ هاتبوو. زۆر هێلیکۆپتێری لە شاروێران و جارێک لە مەنگوڕانی مەهاباد کەوتوە و بە کەوتنی ئەو ‌هێلیکۆپتێرانە و شکانی دەیان تانک، بردنەوەی زۆر ماشینی کۆمپرێسیی پڕ لە لاشە و کەلاکەکانی بەکرێگیراوانی بوو کە ڕێژیم ناوی شەڕی شاروێرانی نا کەربەلای دارەلەک . حیزبی دێموکراتی کوردستان نزیک بە ٦٠٠٠ هەزار شەهیدی پێشمەرگەی هەیە کە نزیک بە نیوەی هیی ئەم شارە و گوندەکانیەتی، ئەگەر مەهاباد ئەمڕۆ بەو ناسیاوییەی ڕێژیم لەسەر نەتەوەیی بوونی خەڵکەکەی، زووتر پڕ دەکرێ لە بەکرێگراوان و زۆر بە توندی ئەمنیەتی دەکرێ و جار و بار تەواو ڕێگای خۆپیشاندانیان لێ دەگیرێ، ئەوە مەهابادییەکان شانازی دەکەن بەوەی سنە، مەریوان، سەقز، بانە و جوانڕۆ و زۆربەی شارەکان دەبنە ناوەندی بەهێزی بەربەرەکانی لەگەڵ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران . بەشداری کۆنگرەی ٥ـی حیزبی دێموکرات بووم و شاهیدم کە لە کۆنگرەی ٥ و هەروەها لە کۆنگرەی ٤ی حیزبیش زیاتر لە نیوەی ئەندامانی ڕێبەرایەتیی خەڵكی ئەم شارە بوون کە هەوڵی بە زنجیرکێشانی دەکرێ و وەک لە سەرەوە باس کرا و بۆ شەهید دانیش ئەم شارە پشکی شێری وەبەر کەوتوە . ڕێژیم لە گۆڕستانی شەهیدان و لە کێلەکانی شاعیران و نیشتمانپەورەانی کورد و پێشەوا قازی و هاوڕێیانی زراوی چووە و زۆر جار کێلیان شكێنراوە، یان هەوڵ دراوە بە بەهانەی جوانکردنی گۆڕستانی بداغ سوڵتان لە ڕێگای شۆڕای شار ڕوخساری کێلەکانی شاعیران و گەورە هونەرمەند و نووسەران بگۆڕن، بەڵام لەگەڵ گۆڕین نەیانوێراوە تەواو بیشێوێنن. بە هەزاران کەس لە شار و گوندەکانی چوار پارچەی کوردستان کە دێنە مەهاباد دەچنە سەر گۆڕی شەهیدان و کۆچکردووەکان و وێنەی یادگاری دەگرن . مامۆستا هەژار موکریانی دەڵێ : ئەی مەهاباد گوڵــــــــی سەرتۆپـــی زەوی زیاتر لە هەر شۆخی وەبەر دڵ دەکەوی لــــــــە چ جـــــێ ناوی مـــەهــــــاباد بێنـــــــی بۆ هەمـــــــــوو چـــــــــاوان بەرز دەنــــوێنی لە لایەکی دیکە مامۆستا هەژار ئارەزوو دەکا کە مرد لە مەهاباد بنێژرێ: سەرخڕێ زۆرتری هەموویان بەشی تۆم کۆرپــــەیــــەکی خــــڕکــــــەڵـــە باوشـی تۆم هێمن موکریانی پاش نەمانی کۆماری کوردستان لە شێعری شەو و شەیتان زۆر بە سۆز و حەسرەتەوە باسی مەهاباد و کۆمار و خەڵکی ئەم شارە دەکا! حوسێن عەلی بە دەنگە ناسکەکەی دەڵێ: ئەم جار دەچمە شاری مەهاباد/ ئەو دارەی قازی و سەیفیان پێدا کرد/ جەمهوورییەکی کوردیان پێ لابرد عەدنان کەریم زۆر بە سۆزەوە گۆرانی بەسەر مەهاباددا هەڵدەڵێ: مەهاباد شاری شێعر و گۆرانی مەلا غەفوور دەباغی (حافز مەهابادی) لە شێعرێکیدا دەڵێ: کانگەی شەرەف و غیرەت و ویژدانە مەهاباد چاوگەی کەرەم و هیممەتی مەردانە مەهاباد جێی حورمەت و ڕێــزگرتنی میوانـــــە مەهاباد بووژێنەرەوەی ڕووت و هـــــەژارانــــە مەهاباد ئامادەی خــــزمـەت بە غەریبـــانــــــــە مەهاباد مامۆستا خالید حیسامی (هیدی): شارەکەم بەندی دڵم، ئەی باغی من ڕەوڕەوی ســـــاوایـەتیـم، سابڵاغی من دڵ بە هیـــــوات لێدەدا، لانـــکــی دڵی تۆ لە وەرزی یاریی منـــدا، سەرجڵی لە کۆتاییدا دەڵێم ڕێژیم خەیاڵی خاوە و بە هەڵە چووە، ناتوانێ و سەرکەوتوو نابێ. شاری خەبات و قوربانی دان و شێعر و گۆرانی بە سەدان هەنگاوی گەورەی نیشتمانیی شێلگیرانە درێژە بە خەباتی سەربەرزانەی خۆی بۆ ئازادی و سەفەرازی کورد و کوردستان دەدا .