کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەماڵ کەریمی: ئامادەیی تەواومان بۆ یەکگرتنەوە هەیە

14:59 - 31 بانەمەڕ 2720

کەماڵ کەریمی، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە پێوەندی لەگەڵ پرسی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکاندا ڕایگەیاند ئەگەر ئیرادەی یەکبوون هەبێ، حیزبی دێموکراتی کوردستان ئامادەیە. کەماڵ کەریمی کە بەرپرسی هەیئەتی وتووێژی حیزبی دێموکرات بۆ پرسی یەکگرتنەوەیە، لە وتووێژێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی "ڕووداو" ڕایگەیاند کە پرسی یەکگرتنەوەی دوو لایەنی دێموکرات لە هەموو ساڵانی ڕابردوودا بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستان گرینگ بووە و دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە بەردەوامی بەخەمیەوە بووە بۆ ئەوەی بتوانێ بە ئەنجامی بگەیەنێ.  حیزبی دێموکراتی کوردستان لەو پێوەندییەدا گەڵاڵەیەکی پەسندکراوی کۆمیتەی ناوەندیی هەیە و هەوڵی داوە لە چوارچێوەی ئەم گەڵاڵەیەدا هەنگاو بۆ یەکبوونەوە هەڵگرێ، ئەگەرچی لە ئێستادا کۆمەڵە کۆسپێک لەبەردەم ئەم پڕۆسەیەدا دروست بوون. ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئاشکرای کرد کە هەم دوای کۆنگرەی ١٦ی حدکا و هەم زستانی ڕابردوو، و دوای کۆنگرەی ١٧ی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لەگەڵ شاندی حدکا و شەخسی کاک مستەفا هیجری، وەک لێپرسراوی گشتیی حدکا دانیشتن کراوە بۆ ئەوەی ڕێگەیەک بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان بدۆزینەوە. بەڵام تا ئێستا وەڵاممان لە هاوڕێیانی حدکاوە پێ نەگەیشتوە. بەرپرسی شاندی دانوستانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەگەڵ حدکا ڕایگەیاند ئەگەر ئیرادەیەکی پتەو بۆ یەکبوونەوە هەبێ، دەکرێ بنچینەیەکی قایمی داڕێژراو بۆ یەکیەتیی ڕیزەکانی حیزب و بەردەوامی خەباتی سیاسیی حیزبەکەمان دابندرێ. چاوەڕوانی بەرحەقی خەڵک و ئەزموونەکانی ڕابردوو پێمان دەڵێن کە دەبێ بە دەستنیشانکردنی هۆکارە سەرەکییەکانی دابڕان، بناغەیەکی پتەو بۆ دروستکردنەوەی حیزبی دێموکراتی یەکگرتوو دابنێین. کەماڵ کەریمی لە پێوەندی لەگەڵ کاتی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان ڕایگەیاند کە پرسی دەستپێکردنەوەی وتووێژەکان هەم زەروورەتی خەباتی سیاسی و هەم ئەرکی سەرشانی دێموکراتەکانە. ئێمە پتر لە دوو مانگ لەوە پێش سەردانی کاک مستەفا هیجری، لێپرسراوی گشتیی حدکامان کردوە و ئەو باسانەمان لەو کۆبوونەوەیەدا کردوە و ئامادەیی حیزبی دێموکراتی کوردستانمان بۆ ئەو بابەتە گرینگە ڕاگەیاندوە، ئێمە ئامادەیی تەواومان بۆ ئەو ئەرکە هەیە، بەڵام هەتا ئێستا لەلایەن هاوڕێیانی حدکاوە وەڵاممان بۆ نەهاتۆتەوە. ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە درێژەی وتووێژەکەیدا نەیشاردەوە کە پێکهاتەی نوێی حدکا هۆکاری کەوتنەوەی ساردی‌وسڕی لە دانیشتنەکانی یەکگرتنەوەدا بووە، بەڵام ئەگەر دوو لایەن بە ئیرادە و شێلگیرییەوە و بە لەبەرچاوگرتنی وەڵامدانەوە بەو ئەرکە مێژووییە بێنە پێشێ، دەکرێ ئەم کۆسپەش لەسەر ڕێی یەکبوونەوە هەڵبگیرێ. بەڕێزیان پێی لەسەر ئەوە داگرت زەروورەتی مێژوویی، گۆڕانکارییەکان لە ناوچە و ئێران و پێویستیی پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە یەکخستنی وزەی خەباتگێریی هێزە سیاسییەکان دەخوازێ کە دوو لایەنی حیزبی دێموکرات زیاتر لەوەندەی تا ئێستا بیریان لێ‌کردۆتەوە بە خەمی یەکگرتنەوە بن. ئێمە پێمان‌وایە داهاتووی حیزبی دێموکرات لە مەیدانی سیاسیی کوردستان و ئێراندا بەستراوەتەوە بە یەکگرتنەوەی دوو لایەنی دێموکرات. ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە بەشی کۆتایی وتووێژەکەیدا ڕایگەیاند کە حیزبی دێموکراتی کوردستان "نا"ی بۆ هیچ کارێکی کردەنیی هاوبەش لەگەڵ حدکا لەپێناو هاوکاری و یەکگرتنەوەدا نییە و پێمان‌وایە ئەگەر بتوانین یادی یوبیلی ئەڵماسی حیزبی دێموکرات لە 25ی گەلاوێژدا پێکەوە بگرین، کارێکی زۆر باشمان کردوە.