کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"نون خ" وەک خۆی

05:24 - 1 جۆزەردان 2720

بڵاوبوونەوەی مەجموعەی دوویەمی درامای “نون خ”  لە دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامییەوە ئەم جارە و جیاوازتر لە ساڵی ٩٨ کە بەشی یەکەمی ئەو درامایە بڵاوکرایەوە، نێوەڕۆک و لایەنە جیاجیاکانی کەوتە بەر باس و شرۆڤەی بۆ کرا. بەشی هەرەزۆری ئەو سەرنجدان و هەڵسەنگاندنانە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە چوار دەیەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و هەبوونی سانسۆرێکی ڕەش بەسەر میدیا و ڕاگەیاندنەکانیدا دەرکەوتنی کورد چ وەکوو تاک و چ لە باری جۆراجۆر وەکوو مێژوو، هونەر، کولتوور و ... هەموو کات بە ستەمێکی ناڕەوا و بەشێوەیەکی پلانداڕێژراو نیشان دراوە. گەر بمانهەوێ بە کورتی ئاماژەی پێ‌بدەین پێویستە ئاوڕێک لە سیاسەتی هونەری و سینەمایی کۆماری ئیسلامی (بە ناوی دیفاعی موقەدەس) بدەینەوە کە لە دەیەی ٦٠ـی هەتاوی بەچڕی هەموو جومگە هونەرییەکانی وەکوو ئەدەبیات، شانۆ، سینەما و ... گرتە بەر و گەیشتە ئاستێک کە  لە دەورانی ئیسلاحاتدا هەر لە لایەن خودی کاربەدەستانی ڕێژیمەوە ڕەخنەی لێ گیرا. لەو سەروبەندە هەتا فیلمەکانی “شور شیرین” بە دەرهێنەریی جەواد ئەردەکانی (١٣٨٨) و فیلمی “چ” بە دەرهێنەریی ئیبراهیم حاتەمی‌کیا (١٣٩٢) هەموو کات کوردستان لە ڕوانگەی دەسەڵاتەوە بە شوێنی ئاژاوەنانەوە و خەڵکی کوردیان بە دوو دەستە پۆلێنبەندی کردوە. دەستەیەک کە خەڵکی سڤیل و ئاسایین کە سەروماڵیان دەکەنە قوربانیی جمهووریی ئیسلامی و چەوساوەی دەستی بە گوتەی خۆیان (ضد ئینقلاب)ـن و پاسدار و چەکداری ڕێژیم بە هێزێکی خەڵکی و ڕزگاریدەر نیشان دەدرێ. دوای گەشەی ڕاگەیاندنەکان و بە تایبەتی کەناڵە ئاسمانییەکان و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان ئەو شێوە سیاسەتە نەیتوانی زیاتر لەوە دەوام بێنێ لە کاتێکدا هەر لە نێو دەسەڵاتدا ٨ ساڵەی شەڕی ئێران و عێراق دەنگی ڕەخنەگرانەی لێ بەرز بووەوە. پاش لاوازبوونی ئەو شێوە نواندن و نیشاندانی خەڵکانی غەیرەفارس بە تایبەتی کورد کە هەموو کات بۆ حکوومەتە ناوەندییەکان سەرئێشە بووە و بە تێبینیی سیاسی و ئەمنییەوە لە ڕاگەیاندنەکان باسیان کراوە. لە پرۆژەی درێژخایەنی فەرهەنگی و خۆسەپێنەری ناوەند، کە لە چوارچێوەی جوغرافیای ئێران و مرۆڤی ئێرانی_شێعە سەرچاوە دەگرێ  هەموو هەوڵە فەرهەنگییەکانی ناوەند ئەوەیە کە لە هەر ڕێگایەکەوە بۆی بلوێ گەلانی دیکەی نێو ئەو جوغرافیایە بە شارۆمەندی ڕەدە دوو نیشان بدرێ و نموونەی وا لە دەیان سریاڵ و فیلمی کورت و درێژی سینەمایی کە لە فیلتێری کۆماری ئیسلامییەوە ڕەت بووە دەبیندرێ. کاتی خۆی ڕەخنەگرانی فیلمی “کاتێ بۆ مەستیی ئەسپەکان” کە زۆربەیان “قەڵەم بەمز” و سەر بە دەسەڵات بوون، دەیانگوت بەهمەن قوبادی بە فیتی دژبەرانی ڕێژیم دەیهەوێ بڵێ خەڵکی کورد لە سیستمی کۆماری ئیسلامییدا خەڵکێکی هەژارکەوتوو و چەوساوەن! ئەمە کورتەیەک بوو لە بنەما و ئەساسی چۆنیەتیی نیشاندانی خەڵکی کورد لە میدیاکانی کۆماری ئیسلامی کە خەڵکی کورد لە فیلمەکانی* “گلها و گلولەها”، “هراس” و “کانی مانگا” بوغزێکی خنکێنەریان لە گەروودایە. لە تازەترین درامایەک کە بەرهەمی کەناڵی یەکی دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامییە و “نون خ”ی ناوە، دیسانەکە کوردستان و خەڵکی کورد چ وەکوو لۆکەیشن و چ وەکوو بابەتی فیلم و تا کاراکتەر و دەرهێنەر لە نێو میدیای نێوخۆ و دەرەوەی وڵاتیش خوێندنەوەی جۆراوجۆری بۆ کرا. “نون خ” یازدەیەمین بەرهەمی ئەکتەر و دەرهێنەری کۆمیکی کورد “سەعید ئاقاخانی”یە کە خەڵکی شاری بیجاڕە و نیشتەجێی تارانە. زۆربەی ڕەخنەگرانی بەشی یەکی “نون خ”  باس لەوە دەکەن کە ناوەندە فەرهەنگییەکانی ڕێژیم کە لەژێر چاودێریی ناوەندە ئەمنییەکاندا کاروباری خۆی بەڕێوە دەبەن دیسانەکە بە کەلکوەرگرتن لە جوغرافیای کوردستان درێژە بە پرۆسەی سووکایەتیکردن بە کورد دەدەن. لەو درامایەدا خەڵکی کورد بە کۆمەڵێک مرۆڤی ساویلکە، پارەپەرست، گاڵتەجاڕ، شپرز و گوندی (بەمانای دواکەتوو) و ... پیشان دەدرێ و ئەوە بووەتە هەوێنی تەوس و تەنزێکی بێ‌بنەما کە دوای بڵاوبوونەوەی چەند ئاڵقە زۆربەی خەڵکی کوردی تۆراند. هەر بۆیە دەرهێنەری ئەو بەرهەمە کە گوایە هەستی بەو شکست و خەسارە کردبوو، هەموو هەوڵی خۆی و ستافی ئەو درامایەی وەگەڕ خست هەتا لە وەرزی دووهەمی “نون خ” دا تا ڕادەیەک قەرەبووی ئەو خەسارە بکاتەوە. خەسارەکەش بۆ رێژیم پشت‌تێکردنی بینەری کوردە لە تەلەڤیزیۆنی ڕێژیم کە بە میلیارد میلیارد هەزینەی بۆ دەکەن هەتا لەو ڕێگایەوە بۆمبارانی فەرهەنگیی خەڵکی کورد بکەن. وەرزی دووهەمی ئەو سریاڵە لە چەند خاڵدا، دەکرێ زیاتر سەرنج بدرێتێ: یەکەم لەو درامایەدا باس لە شوینێکی گرینگ لە کوردستان دەکرێ، بەڵام  ڕوون نییە کوێیە و چ شارێکە لەوێدا. باس لە خەڵکی شار دەکا بەڵام بە لۆکەیشن و فەزایەکی گوندییە کە هەر زوو دەنگی کۆمەڵگەی کوردی بەرز کردەوە. بەڵام ئەوەی‌کە بۆ وردبوونەوەی زیاتر خودی دەسەڵاتیش ناچار بووە و لە هێندێک شوێن یان مل بە هەبوونی کۆمەڵێک تایبەتمەندیی کولتووریی کورد بدەن یان بە جۆرێک بۆ سەرنجڕاکێشانی بینەر چاوپۆشی لە ڕوانگەی دەرهێنەرەکەی بکەن. بەکارهێنانی دەنگی کەڵە هونەرمەندانی کورد وەکوو سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی، حەسەن زیرەک، مەزهەری خالقی، ناسری ڕەزازی، شەهاب جەزایری، حشمەتوڵڵا لوڕنژاد هەتا حوسێن سەفامەنش کە لە ڕوانگەی جۆراوجۆرەوە تەتەڵە کرا. بەشێک لەسەر ئەو باوەڕەن کە دیسان ناوەندە ئەمنی و فەرهەنگییەکانی ڕێژیم لە پیلانێکی دیکەدا ویستیان بە ئیزندان بە بڵاوبوونەوەی دەنگی ئەو هونەرمەندانە بە تایبەتی ڕەزازیی شۆڕشگێڕ بڵێن کە پیرۆزییەکانی ئێوە تا ئاست تەوس و تەنزێکی فڕوفیشاڵ بۆ ئێمە نزمە و لە لایەکی دیکەش خەڵکی کورد و بینەرانی ئەو سریاڵە تووشی سەرسووڕمان بکەن. بەڵام بە ڕای قەڵەمبەدەستانی دیکە، کورد لە سیستمی کۆماری ئیسلامی و ناسیۆنالیزمی کوردی دوای چوار دەیە نە تەنیا نەتوێنراوەتەوە، بەڵکوو بە هۆی خەباتی فرەچەشن و هەروەها هەبوونی ماس میدیا چیی تر دەسەڵات ناتوانێ بە ڕوانگەی دەیەی ٦٠ـەوە سەیری کورد و فەرهەنگ و هونەری کوردی بکا. بێ‌گومان کوردبوونی دەرهێنەر و بەشێکی بەرچاو لە ستافی ئەو سێریاڵە لە بەکارهێنانی مووسیقییەکی جوان و ڕازاوە و ڕەسەنی کوردی بێ‌کاریگەر نەبووە، بەڵام ڕەخنەی ئەوەش دەگیردرێ کە نەدەبوو سامانی بەنرخی مووسیقیی کوردی لە تەنزێکی بێ‌نرخ بە مەبەستی مووسیقیی مەتن و دەقدا بڵاو بکرێتەوە. لە گەنگەشە و هەڵسەنگاندی ئەو سێریاڵە بەشێکی دیکە باس لەوە دەکەن کە دەرکەوتنی کورد و هێما کوردییەکان لەو سێریاڵە ئەویش لە دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی شتێکی نوێیە و نابێ بە دەمارگرژییەوە سەیری بکرێ و دنیای تەنز بێ‌سنوورە! لە بەرامبەر ئەو قسانەشدا وڵام هەیە کە  ئەساسەن کێشە نییە کە لەو سێریاڵە تەنزەدا کورد بووەتە سووژە، بەڵکوو پرسیار ئەمەیە کە بۆچی لە سەرجەم سریاڵی هاوشێوەدا مرۆڤی فارس بە تایبەتی بە بنزاراوەی فارسیی تارانی، مرۆڤێکی باڵادەست و فەرهەنگ بەرزترە و سەروگەردنێک لە خەڵکانی دیکە سەرترە؟ ئایا ئەوە ناڕاستەوخۆ باس لە سیکلی دەسەڵاتداریی فارس لە ئێران ناکا؟ یا بە جۆرێک بانگەشە بۆ سانترالێزمێکی فەرهەنگی و زمانی ناکا؟ ئایا خەڵکانی غەیرەفارس بە تایبەتی کورد زیاتر تووشی خۆبەکەم زانین ناکا؟ هەروەها ئەگەریش ئاسایی بێ، لەگەڵ شۆخی کردن بە خەڵکی کورد بە تێچووی میلیاردی، با جارێکیش لە ئاستێکی کەمیشدا بووبێ فیلم یان بەرهەمێکی سەنگین و ڕەنگین لەسەر مێژوو، فەرهەنگ، هونەر و شۆڕش و کەسایەتییەکانی کوردیش بەبێ چەواشەکاری ساز بکرێ. بەڵام وا دیارە ئەگەر زەمانێک ناوەندە ئەمنی و فەرهەنگییەکان کوردیان بە مرۆڤێکی دڕندە و سەربڕ باس دەکرد، ئێستاکە سەربەرزی و ڕووسووریی ئەو گەلە چەوساوە لە گەمارۆی دەسەڵاتدا نەماوە، هەر بۆیە ناتوانن وەکوو جاران بە ویستی خۆیان پێناسە بۆ خەڵکی کورد بکەن. بۆیەش جاروبار لە سریاڵ‌گەلێک وەکوو “نون خ” ناتوانن بەتەواوی مافی فەرهەنگی و هونەری و مێژوویی کورد پێشێل بکەن. چون ئەوانیش بەو قەناعەتە گەیشتوون کە چیتر تەنانەت خەڵکی خۆیان بڕوایان پێ ناکا و  دروشمە دژەکوردەکانیش ڕۆژ بە ڕۆژ سواوتر دەبن. ئەمەش بەجۆرێک دەتوانین ئاوای کورت بکەینەوە یەکەم مانەوە و بەردەوامی کوردە لە خەباتی فەرهەنگی و سیاسی و لە لایەکی دیکەش کۆمەڵگەی بژاردە و نوخبەی کوردیش کاریگەرییەکی پۆزتیڤیان لەسەر ئەو ڕەوتە داناوە. ئەگەر لە پارتێکی ئەو سێریاڵەدا کورد مرۆڤێکی هەڕەمەکی و ساویلکە و بەدوورە لە شارستانییەت، بەڵام لە ئاڵقەیەکی دیکەدا جوامێریی خەڵکی کورد نەشاردراوەتەوە. خاڵێکی دیکە باسی زمانی دەق و تێکستی ئەو بەرهەمەیە کە بەتوندی لە لایەن نووسەران و قەڵەمبەدەستانی کوردەوە ڕەخنەی لێ‌گیرا. وەکوو باس کرا شوێنی سازکردنی ئەو بەرهەمە نیزیک شاری دینەوەری دێرین لە کرماشانی زێڕینە کە هەموو کات ئەو پارێزگایە شوێنێکی هەستیار بووە بۆ حکوومەتەکان و یەکێک لەو ڕێگایە کە دەسەڵات هەوڵی زۆری بۆی داوە بواری زمان و کولتوورە. ناوەندە فەرهەنگی و ئەمنییەکانی ڕێژیم زۆر باش دەزانن لە سایەی ڕەشی زمانی هێژمۆنیخوازی فارسییدا دەتوانن هەرچەشنە چرۆی سەرهەڵدان و مافویستیی گەلی کورد لەو بەشە گرینگە لە کوردستان سیس و ژاکاو بکەن. بۆیە بەوردی و پلانداڕێژراو کاری بۆ دەکەن و هەوڵی سەرەکییان ئەوەیە هەموو کات سنوورێکی زمانەوانی لە نێوان کرماشان و ناوچەی ئەردەڵان و بە تایبەتی موکریان وەکوو ناوەندێکی گرینگ بۆ سیاسەتی کورد  ساز بکەن. بێ‌گومان “زمان” لەو سریاڵەش هێڵی سووڕی ڕێژیمە و زمانی ناوچەی دینەوەر و کرماشان تەنیا تا ئاست “گیان” وتنێک بێ‌گیان کراوە. ئەگەر بە شێوەی هەڵسەنگاندن باسی “نون خ” بکەین نە تەنیا لە ڕەهەندی هێرشبەرانەوە دەبێ باس لە خاڵە بەرچاوەکانی ئەو سریاڵەش بکەین. لە بیرمان نەچێ ئەو سریاڵە وەکوو زۆربەی چالاکییەکانی دیکە لە سێبەری دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییدا ساز کراوە. هەر بۆیە نابێ نیشانە بەهێزەکانیشی نادیدە بگیردرێ. یەکەم لە چەند سکانس لەو سریاڵە کە باس لە بوومەلەرزەی کرماشان دەکرێ بۆ نواندنی بەشێکی چووکە لە نەهامەتییەکانی ئەو کارەساتە ئەو دراما تەنزە پاڵ بە تراژدیاوە دەدا و بە ئاوازی دڵهەژێنی “بێ‌براری بێ‌براری بێ‌براری کوشتمی” خەمساردی و خۆدزینەوەی بەرپرسانی نابەرپرس باس دەکرێ! باس کردن لە بەهێزی و جێگەی متمانەیی ڕێکخراوە مەدەنییەکان کە لە کارەساتی بوومەلەرزەی کرماشان کە شاکارێکیان نواند لە مرۆڤایەتی و نیشتماندۆستی لە چەند سکانسی ئەو سریاڵە نیشان لەوەیە کە  خۆبەڕێوەبەریی خەڵکی کورد و پێشەنگایەتیی کوردستان لە چالاکیی مەدەنی و ڕێکخراوەکانی “مردم نهاد” بووەتە  ئەمری واقیع و حاشاهەڵنەگرە و ڕاست ئەمەش بە زیانی دەسەڵاتی تۆتالیتێری کۆماری ئیسلامییە. کاریگەریی بژاردەی کورد و هەوڵدان بۆ باشتر دەرکەوتن و جوانتر نیشاندانی کوردستان بە پێی ئیمکان و ئیزنی دەسەڵات دەتوانێ وەکوو هەوڵێکی باش سەیر بکرێ و جێگەی خۆیەتی کە شێوەی هەڵوێست گرتن بەرانبەر بە بژاردەی کوردی نێوخۆی وڵات و تەنانەت نێو دامودەزگای ڕێژیم بە جۆرێک نەبێ کە بە دوودەستی بخرێنە باوەشی حاکمیەتەوە. دەبێ هەڵسوکەوت و ڕەفتاری فەرهەنگی و هونەری و سیاسیی بژاردەی کورد بە وردی و بەدوور لە هێرش کردن و ناوزڕاندن هەڵسەنگێندرێ و پێیان بگوترێ کە دەسەڵاتەکان دێن و دەچن ئەوەی کە بە جوانی لە ئاوێنەی مێژوودا دەمێنێتەوە. دەروەستبوون بە خەڵک و کەرامەتی هونەری و مرۆڤایەتی و نیشتماندۆستییە و ئەو نیشتمانەش بەشی ئەوانیشی بۆ خزمەت تێ‌دایە. ***