کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بزووتنەوەی کورد لە قۆناغی دوای کۆرۆنادا

05:27 - 1 جۆزەردان 2720

لە نێوان دوو بەرەی دژبەردا هەوڵی سەرکەوتنی بەرەیەک بەسەر بەرەیەکی دیکەدا شتێکی چاوەڕوانکراوە. سروشتییە کە هەردوو لا هەموو هێز و توانای خۆیان بۆ سەرکەوتن بەسەر لایەنەکەی دیکەدا دەخەنە گەڕ و بەپێی بیرکردنەوە و ئازایەتی و هێز و توانای هەردوو لا و زۆر شتی دیکە وەکوو هەڵسەنگاندنی ئابووری، ژئۆپۆلتیکی، کەشوهەوا و تەنانەت بواری دەروونی و ... تاکتیک و ستراتیژی خۆیان دادەڕێژن. بەڵام هەندێ کات هەلومەرج و بارودۆخگەلێکی چاوەڕواننەکراو و لەناکاو دێتە پێشەوە و لێکدانەوەکان دەگۆڕێن و لەوانەیە کاریگەریی ئەرێنێ و نەرێنیش لەسەر تاکتێک و تەنانەت ستراتیژییەکانیش دابنێن. بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد بە هۆی ئەوەیکە وڵاتەکەی لە نێوان چوار وڵاتدا دابەش کراوە و لە باتی دوژمنێک چواردەوری بە دوژمن گیراوە، لەوانەیە لە جیهاندا تەنیا کورد، ئەگینا هیچ نەتەوەیەکی دی لەوەها بارودۆخێکی سەخت و دژواردا  نەبێ. نەتەوەیەک کە چوار دەوڵەت هەوڵی تواندنەوەی بدەن و سیاسەتی سڕینەوەی بگرنە بەر. هەرچەند ئەم بارودۆخە شوێنی لەسەر چەندی و چۆنیی خەباتی نەتەوایەتیی کورد داناوە، بەڵام بەدرێژایی مێژوو ئەم گەلە بۆ سەندنی مافی خۆی لە داگیرکەران نەوەستاوە و لە خەبات و مافخوازیی خۆی بەردەوام بووە. بیگومان دابەشکردنی کوردستان بەرژەوەندییەکانیشی لەنێوان پارچەکانی کوردستاندا دابەش کردوە و زۆر جاریش بەرژەوەندییەکان لە کات و قۆناغی جۆراوجۆردا هاوئاراستە نەبوون، یان لانیکەم دەتوانین بڵێین کە کورد خۆی نەیتوانیوە بەرژەوەندییەکانی یەک بخا. لە لایەکی دیکەشەوە بیر و بیرۆکەی جیاواز کەبەرچاوترینیان بیری چەپی کلاسیک و ئیسلامی سیاسی (شیعە و سوننی) زۆرجار لەبەرانبەر بیری مافخوازانەی هێزە نەتەوەیی و نیشتمانییەکاندا بوونەتە بەربەست. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بیری پێشکەوتووی مافخوازیی نەتەوەیی کە لە سەردەمی کۆماری کوردستان و لەسەر دەستی پێشەوای نەمر، قازی محەممەد دامەزرا و لەلایەن حیزبی دێموکراتەوە نەهادینە کرا؛ هەتا ئێستاش لەگەڵ زۆر هەوراز و نشێوی ڕێگا بەرەوڕوو بووە. ئەم وێژمانە لە بەرانبەر دوژمنە ناوەندگەرا و پاوانخوازە یەک لەدوای یەکەکانی نەتەوەکەماندا (پەهلەوی و کۆماری ئیسلامی) چۆکی دانەداوە. کاتێکیش وەڵامی ئاشتیخوازانەی بە گوولە و ئاسن وەڵام دراوتەوە، کۆڵی نەداوە و تاوی داوەتە چەکی بەرگری و قۆناغگەلی جیاوازی بڕیوە. ئەم بزووتنەوەیە لە ئێستادا خاوەنی ئەزموونی زۆر سەرکەوتن و شکانە و بە دەیان هەزار لە باشترین ڕۆڵەکانی کردوەتە قوربانی. هۆکار بێ یان پاساو دەیان ساڵە حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات بە ئازادی لەنێو خاک و خەڵکی خۆیاندا نین و ئەمەش خەساریشی یەکجار زۆر بووە،  هەروەها شێوەی خەباتەکەش گۆڕانی بەسەردا هاتوە؛ بەڵام ئەمانە نەبوونە کۆسپ بۆ ئەوەی مەیدان چۆڵ بکەن. ئەم حیزبانە _ دیارترینیان حیزبی دێموکراتی کوردستان_ بە ڕاگرتنی ئالای خەبات و مافخوازی هەروا جیگای هیوا و هومێدی خەڵکی کوردستانن. هاوکات کاریگەری و شوێنی زۆر گرینگیان لەسەر ڕەفتاری سیاسیی خەڵک داناوە. ڕەفتاری سیاسی، ئەخلاق، بیرکردنەوە و هەڵسوکەوت و بڕیارگەلێک کە ئەم خەڵکە لە خەڵکانی بەشەکانی دیکەی ئێران و تەنانەت پارچەکانی دیکەی کوردستانیش جیا دەکاتەوە. نموونە ڕەفتاری خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کاتی ڕووداوە سیاسی و نەتەوەییە چارەنووسسازەکان لە بەشەکانی دیکەی کوردستانیش کە پلەیەکی بەرزیان لە شعووری سیاسی و نەتەوەیی نواندوە. یان لە کاتی قەیرانە سروشتییەکاندا کە بەهۆی کەمتەرخەمی یان بێ‌مودیرییەتی و بێ‌موبالاتیی حکوومەتدا نموونەیەکی بەرزیان لە ئیرادەی خۆبەڕێوەبەری پیشان داوە، خۆبەڕێوەبەری لەنێو دڵی حکوومەتێکدا کە دەیان ساڵە هەوڵی ئاسیمیلە و تواندنەوەیان دەدا. ڕووداوەکانی نێو دڵی بوومەلەرزەکەی کرماشان و کۆرۆنا لە کوردستان، دوو نموونەی بەرچاو لەو خۆبەڕێوەبەرییەن. بێگومان ئەمەش کاریگەریی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی بەردەوامیی خەباتی مافخوازانەی گەل و بزووتنەوەی سیاسیی کوردە کە حیزبی دێموکراتی کوردستان لە جەمسەرە سەرەکییەکانیەتی. بەو پێیە قۆناغی دوای کۆرۆنا دەتوانێ بۆ بزووتنەوەی سیاسیی کورد دەرفەتێکی باش هەروەها چارەنووسسازیش بێ. بزووتنەوەی کورد بە خۆڕێکخستنەوە، بە تەبایی و هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی و کاری هاوبەش لە پڕۆژەیەکی تۆکمەی یەکانگیردا دەتوانێ بەرگژەی زۆر جیدی بۆ کۆماری ئیسلامی لە کوردستان دروست بکا. بەتایبەت کە دوای قۆناغی دوای کۆرۆنا بۆ کۆماری ئیسلامیش بە سەرنجدان بە داڕمانی ئابووریی وڵات و پاشکەشەی بەناچاری ڕێژیم لە زۆر ستاتوی لە ناوچەدا، سەخت و دژوارە. بۆیە ڕۆژانێکی هەستیار و چارەنووسساز لەبەردەم بزووتنەوەی مافخوازیی کورد و جووڵانەوەی ناڕەزایەتیی گشتی لە ئاستی ئێران‌دایە. بزووتنەوەی سیاسیی کورد دەبێ مەترسییەکانی سەر بزاوتی نەتەوەییش ببینێ و بێتوو لە ئێستاوە بە خەمی ئەو بابەتە گرینگەوە نەبێ، دوور نییە لە داهاتوو خەسار و زیانێکی قورس بەر ڕەوتی شوناسخوازی و نەتەوەیی کورد بکەوێ.