کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوای هەڵە گەورە سەربازییەکانی ئەم دواییانە، تاران دەیهەوێ خۆی بوێر نیشان بدا

05:29 - 1 جۆزەردان 2720

واشینگتۆن تایمز – بێن وۆلفگانگ چەند حەوتوو لەمەوپێش دوای بەڕێکردنی یەکەم مانگی دەستکردی سەبازی، ئێران سەرنجی دنیای بۆ لای خۆی ڕاکێشا، بەڵام هێزە سەربازییەکانی هێشتا ئازاری ئەو هەڵە مەزنانە دەچێژن کە هێمای کۆماری ئیسلامی، کە زۆر وشیارانە هەوڵی داوە وەک دەسەڵاتێکی مەزنی ناوچە خۆی بنوێنێ، خەوشدار دەکەن. کوژرانی 19 ئێرانی بە تەقەی مووشەکی خۆیان لە ڕۆژی دووشەممە، دووپاتبوونەوەی هەمان نموونەیە کە هێزی سەربازیی تاران چوار مانگ لەمەپێش شەرمەزارانە فڕۆکەیەکی مەدەنییان خستە خوار و ١٧٦ کەسیان کوشت. ئەو دوو هەڵە کوشندە بەتوندی پێچەوانەی خۆ وەسفکردنی ئێران وەک وڵاتێک کە هاوشانی دژبەرەکانی لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست، وەک ئیسڕائیل و عەرەبستانی سعوودییە، باسی ئەوەش ناکەین کە دەڵێ بەرپەرچی هەر هێرشێکی ئەمریکا بۆ سەر وڵاتەکەیان دەدەنەوە. ئەوە ڕاستە کە ڕێبەرانی ئێران حەز ناکەن ددان بەوەدا بنێن، هەندێک لێکۆڵەر هۆشداری دەدەن کە ئێران لەوانەیە هەوڵ بدا بۆ پەردەپۆش کردنی هەڵە پڕ تێچووە سەربازییەکانی، عەرەبستانی سعوودی یا ئەمریکا تاوانبار بکا. دەستدرێژیی سەربازیی ئێران بە هەمان شێوە دەتوانێ لەوەوە سەرچاوە بگرێ کە ڕێبەران لە تاران بیانهەوێ ناکارامەیی خۆیان لە بەرامبەر بڵاوبوونەوەی کۆڤید-١٩ بشارنەوە، چونکە لە سەرانسەی خۆرهەڵاتی ناڤین وڵاتان، ئێرانیان بە بڵاوکردنەوەی ئەو پەتایە تاوانبار کردوە چونکە خەڵکی نەخۆش کە لەوێ ڕایان کردوە نەخۆشییەکەیان لە ئەفغانستان، پاکستان و وڵاتانی نزیکی ئێران بڵاو کردۆتەوە. جەیمز فیلیپس، توێژەرێکی پلەبەرزی سیاسەتی خۆرهەڵاتی ناوین لە هەریتەیج فاوندەیشن گوتی: “ئەوە ڕێژیمێکی زۆر ئیدئۆلۆژیکە، پێم‌وایە ئەگەری زۆرە کە ئێران بیهەوێ کاردانەوەی لەسەر نیشانە ئاشکراکانی ناکارامەیی بە بردنە سەری ئاستی تەبلیغات نیشان بدا تا ئەو بەڵگانەی کە دەریدەخەن کە بەڕاستی ئێران هێندەش خاوەن دەسەڵات و کاریگەر نییە کە بۆخۆی بانگەشەی بۆ دەکا.” ڕێزدار فیلیپس لە وتووێژێکدا لەگەڵ واشینگتۆن تایمز لە ڕۆژی سێشەممە گوتی: “زۆر وێدەچێ سینگ بێنێتە پێش و بگەڕێتەوە سەر هەمان قسە پڕوپووچە ئیدئۆلۆژیکەکانی پێشوو. ڕێژیم دەزانێ هێزی سەبازییەکەی لاوازە بەڵام هەوڵ دەدا بە گوتنی ئەوە ‘ئێمە زیاتر لە ئێوەی خۆرئاوایی هەستیار ئامادەی قوربانی دانین’ تۆڵەی خۆی بکاتەوە.” هەڵە سەربازییە کوشندەکانی ئێران زۆربەیان بە چەکی بەرهەمی نێوخۆیی قەوماون و لە کاتێک‌دایە کە بەڕیوەبەرایەتیی ترامپ هەوڵ دەدا ئابلۆقەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەمەڕ فرۆشتنی چەکوچۆڵی بیانی بە تاران، بە تایبەت لە لایەن ڕووسیە و چینەوە درێژ بکاتەوە. جارێ ماوە ئاشکرا بێ ئاخۆ هەڵەکان دەبنە هۆی بەهێزتر بوونی داوای واشینگتۆن. هێندێک لێکۆڵەر پێیان وایە ڕووداوەکانی ئەم دواییانە جەخت لەسەر هۆکارهێناوەی بەڕێوەبەرایەتی دەکەن و ئێران نە تەنیا ئەکتەرێکی نابەرپرسیارە، بەڵکوو لە ڕاستییدا تاران ناتوانێ کۆنترۆڵی هێزی سەربازیی خۆیشی بکا. کاربەدەستانی پلەبەرزی بەڕێوەبەرایەتیی ترامپ حەوتووی ڕابردوو هۆشدارییان دا بە ڕووسیە، چین یا هەر وڵاتێک کە بیهەوێ پێش بە درێژکرانەوەی ئابلۆقەی سەر چەکوچۆڵ بگرێ، وڵاتە یەکگرتووەکان بەتەمای کاراکردنەوەی “سیاسەتی پەلەپیتکە”یە واتە ئابلۆقەی جیهانی لەسەر ئێران کە وەک بەشێک لە ڕێککەوتنی سەردەمی ئۆباما لەمەڕ بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران هەڵگیران. سەرۆک کۆمار ترامپ ساڵی ٢٠١٨ لەو ڕێککەوتنە هاتەدەر، ئەگەرچی واژۆکەرانی دیکە، لەنێویاندا هاوپەیمانی سەرەکیی ئەمریکا لە ئورووپا، هەوڵیان داوە بیپارێزن. گرژییەکانی نێوان وڵاتە یەکگرتووەکان و ئێران دوای کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنەکە بەردەوام لە بەرزبوونەوەدا بووە، سەرەتای ئەمساڵ تا نزیکی شەڕ چوو، دوای ئەوەی کە میلیشیا بەکرێگیراوەکانی ئێران لە عێراق هێزە ئەمریکاییەکانیان کردە ئامانج و واشینگتۆن بە هێرشێکی ئاسمانی جوابی دایەوە و ژێنێڕاڵی پلەبەرزی ئێرانی قاسم سولەیمانیی کوشت. ئێران بە هێرشی موشەکی بۆ سەر هێزەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان لە بنکەی عەینولئەسەد هەوڵی دا تۆڵەی سولەیمانی بکاتەوە. دەرزەنێک هێزی سەربازیی ئەمریکا لە کاتی هێرشەکەدا تووشی شڵەژانی مێشک بوون. ئەو کات، دەوڵەتی ئێران لانی‌کەم لە لایەن هاووڵاتییانەوە پشتیوانیی لێ کرا، چونکە زۆر لەوان لە بە ئامانجگیران و کوژرانی سولەیمانی لە لایەن وڵاتە یەکگرتووەکانەوە تووڕە بوون. بەڵام ئەو پشتیوانییە کاتێک ئاشکرا بوو سپای ئێران بە هەڵە فڕۆکەی ئوکراینی، تەنیا چەند کاتژمێر دوای هێرش بۆ سەر هێزە ئەمریکاییەکان لە عێراق، خستبووە خوارێ، خێرا لە نێو چوو. لە کۆتاییدا ڕیبەرانی ئێران دوای ناڕەزایەتییە پەرەئەستێنە نێوخۆییەکان، داوای لێبوردنیان کرد. هەڵەی تازە کە ئەم حەوتووە ڕووی دا کوژراوی کەمتری بەدواوە بوو، بەڵام لەوانەیە شەرمەزارییەکی مەزنتر بێ بۆ تاران. ڕۆژی دووشەممە لە کاتی ڕاهێنان لە کەنداوی عوممان، پاپۆڕی ئێرانی بە هەڵە مووشەکێکی بە پاپۆڕێکی پشتیوانی خۆیانەوە نا. تەلەفزیۆنی ئێران لە زمان هێزی دەریایی گوتی: “ڕووداوەکە لە باشووری ئێران، لە بەندەری جاسک لەسەر کەنداوی عوممان لە کاتێکدا کە هێزی دەریایی ئێران دوانیوەڕۆی یەکشەممە خەریکی ڕاهێنان بوو ڕووی دا، لەو ڕووداوەدا ١٩ مەلەوان کوژران و ١٥ی دیکەش بریندار بوون.” هێرشە هەڵەکە بۆ سەر هێزی خۆیان لە کاتێکی هەستیار بۆ تاران ڕووی دا، کە لەم چەند حەوتووی دواییدا جارێکی دیکە بووە هۆی ورووژاندنی وڵاتە یەکگرتووەکان، کاتێک بەلەمەکانی سپای پاسداران مانگی ڕابردوو پاپۆڕە شەڕکەرەکانی ئەمریکایان جاڕز کرد کە خەریکی ڕاهێنان لە ئاوە نێونەتەوەییەکاندا بوون. دۆناڵد ترامپ جوابی ورووژاندنەکانی دایەوە و بڕیاری دا کە: “تەقە لە هەر بەلەمێکی تۆپداری ئێرانی بکەن” وا هەڕەشە لە پاپۆڕەکانی ئەمریکا دەکەن. دوای شەڕەنگێزییەکانی پێشووی ئێران، سەرۆک کۆمار ترامپ گوتی: “ئێران هەڵەی کردوە و ڕەنگبێ توانایی کۆنترۆڵی هێزی سەربازیی خۆی نەبێ.” مانگی ژووئەنی ڕابردوو، دوای خستنە خوارەوەی فڕۆکەیەکی بێ‌فڕۆکەوانی وڵاتە یەکگرتووەکان لە ئاوە نێونەتەوەییەکاندا لە لایەن ئێرانەوە، ڕێزدار ترامپ گوتی: “ئەگەری زۆرە کە کاربەدەستە پلەبەرزەکانی ئێران لە تاران فەرمانی ئەو هێرشەیان واژۆ نەکردبێ.” ئەو کاتی سەرۆک‌کۆمار گوتی: “بۆم دژوارە باوەڕ بکەم کە ئەوە بە ئانقەست بووە.” هێندێک لێکۆڵەر دەڵێن ئەگەری هەڵەی ئەوتۆ هەیە و هێزی سەربازیی ئێران لەگەڵ کەموکووڕیی زۆر بەرەوڕووە. ئابلۆقە ئابوورییەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، ئابووریی ئێرانی تێک شکاندوە و هەروەها پەتای ڤیرووسی کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت هێندەی دیکەش بۆتە بەربەست لە دەسڕاگەیشتنی دەوڵەتی ئێران بە سەرچاوەی دارایی. بە بۆچوونی لێکۆڵەران، ئاکامی ئەو فاکتەرانە بووەتە هۆی تەرخانکردنی پارەی کەمتر لە لایەن تارانەوە بۆ چەکوچۆڵ و ڕاهێنان و بەرزبوونەوەی ئەگەری هەڵەی کوشندە. ڕێزدار فیلیپس گوتی، “هێزی سەربازیی ئاسایی زۆر بەهێز نییە، باش ڕاهێنانی نەکردوە و پؤشتەو پەرداخ نییە. پێموایە ئەوان لە کارەکاندا پەلە دەکەن. بەپەلە کەڵک لە سیستەمی چەکوچۆڵ وەردەگرن بەبێ تاقیکاریی پێویست. بەشێکی زۆر لە مووشەکەکانیان بە باشی کار ناکەن. ڕووداوی نەخوازراوی زۆر لە هێندێک لە بنکە موشەکییەکانیاندا ڕوو دەدەن و خەڵک بە تەقینەوە دەکوژرێن. پێموانییە ئەوان بەو شێوەی لە ناوهێزە سەربازییە خۆرئاواییەکاندا باوە، تا ئەو ئاستە لە ڕێوشوێنە ئەمنییەتییەکان ئاگاداربن یا تاقیکاریی بکەن کە.” لەگەڵ ئەوەشدا، ئێران سەلماندوویەتی کە دەتوانێ زیان بگەیەنێ. جگە لە هێرش بۆ سەر بنکەی عەین ئەلئەسەد و خستنە خوارەوەی درۆنە ئەمریکاییەکە لە هاوینی ڕابردوودا، کاربەدەستانی وڵاتە یەکگرتووەکان، عەڕەبستان و ئوروپا ئێرانیان بەوە تاوانبار کردوە کە بەرپرسی هێرشی موشەکیی و زیانگەیاندن بە کێڵگەی سەرەکیی نەوت لەناوخۆی عەڕەبستانی سعودی لە ساڵی ٢٠١٩ بووە. ئێران بەهەمان شێوە نیشانی داوە کە توانایی هەیەڕ پاپۆڕی بازرگانی کە هاتوووچۆی کەنارەکانی دەکەن ڕاگرێ. بۆ وێنە، مانگی جولای ڕابردوو، ئێران پاپۆڕێکی نەوتگهەڵگری بریتانیایی ڕاگرت و سەرنشینەکانی بۆ ماوەی چەند ڕۆژ بە بارمتە گرتن.