کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی سیاسیی ئێران لەنێوان ئۆتۆریتاریزم و تۆتالیتاریزمدا

05:30 - 1 جۆزەردان 2720

ڕێژیمی سیاسیی ئێران لەنێوان ئۆتۆریتاریزم ‌و تۆتالیتاریزم‌دا (پێداچونەوەی قانوونی بنەڕەتی بە مەبەستی زیادکردنی دەسەڵاتەکانی وەلی فەقیهـ) (22_4) لە ساڵی ١٣٦٨دا‌ خومەینی دەستی کرد بە پڕۆسەی پێداچوونەوە بە قانوونی بنەڕەتی و داڕشتنەوەی پلەبەندیی دەسەڵاتەکان ‌و نوێکردنەوەی ڕۆڵی وەلی فەقیهـ. بۆ ئەو مەبەستەش، هەر خۆی گرووپێکی بۆ پێداچوونەوەی قانوونی بنەڕەتی دیاری کرد. بۆ چارەسەری کێشەی نێوان دامەزراوە دەوڵەتییەکان، پۆستی سەرۆک‌وەزیران هەڵگیرا‌ و دامەزراوەیەکیتر بە ناوی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەند‌ییەکانی نیزام (مجمع تشخیص مصلحت نظام) بۆ نێوبژیوانی لە نێوان مەجلیس‌ و شوڕای نیگابان دروست کرا (بەپێی قانوونی بنەڕەتی، هیچ یاسایەک بەبێ رەزامەندیی شووڕای نیگابان پەسند ناکرێ‌ و ناخرێتە بواری جێبەجێ کردنەوە). لەبارەی دەسەڵاتەکانی وەلی فەقیهـ، لە پێداچوونەوەکەدا، هەموو دەسەڵاتە نەنووسراوە‌ و کاریزماتیکییەکانی خومەینی لە کۆمەڵگەدا، بە فەرمی بوون بە پڕەنسیپی سەرەکیی قانوونی بنەڕەتیی نوێ. لە ئەنجامدا، بە لابردنی پۆستی سەرۆک‌وەزیران، کێشەکانی پێشووی نێوان سەرکۆمار ‌و سەرۆک‌وەزیران، گوازرانەوە بۆ کێشەی نێوان سەرکۆمار ‌و وەلی فەقیهـ. ئەو کێشانە لە دوای ساڵی ١٣٧٦ـەوە بەڕوونی دەرکەوتن، کاتێک محەممەد خاتەمی بوو بە سەرکۆماری ئێران ‌و بۆ ئەنجامدانی هەندێک گۆڕانکاری بچووک، خۆی لە بەرامبەر بەربەستێکی گەورەی ‌وەکوو وەلی فەقیهـدا بینییەوە. لە قانوونی بنەڕەتیی نوێدا، وەلی فەقیهـ ڕۆڵی سەرەکی لەنێو هەموو دامەزراوە دەوڵەتییەکاندا دەگێڕێ. ئەگەر لە قانوونی بنەڕەتیی پێشووتردا، مەرجەع بوون یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکانی وەلی فەقیهـ بوو بۆ وەدەستگرتنی ئەو پۆستە گرنگە، لە قانوونی بنەڕەتیی نوێدا ئەو مەرجە وەلا نرا (مادەی ١٠٩). یەکێک لە هۆکارەکانی وەلانانی ئەو مەرجە سەرەکییە ئەوە بوو کە، تەنیا مەرجەعی دوای خومەینی بۆ وەرگرتنی پۆستی وەلی فەقیهـ ، ئایەتوڵڵا مونتەزری بوو کە نوسخەیەکی میانەڕەوتری لە ویلایەتی فەقیهـ پێشنیار دەکرد، بەڵام بەهۆی ڕەخنەکانی لە خومەینی ‌و لە سەرکوتی ناڕازیان لە لایەن ناوەندی دەسەڵاتەوە، پەڕاوێز خرا و لە ماڵەکەی خۆیدا زیندانی کرا. لەبەر ئەوەی دوای مونتەزری هیچ مەرجەعێک کاندیدی پۆستی ڕێبەری نەبوو، تەنیا رێگەچارە ئەوە بوو کە گۆڕانکاری لە مادەی ١٠٩دا بکرێ‌ و مەرجی مەرجەعبوون لە قانوونی بنەرەتیدا لا ببرێ. هەمووی ئەو ڕووداوانە لە کاتێکدا ڕووی دەدا کە عەلی خامەنەیی سەرکۆمار ‌و عەلی ئەکبەر هاشمی ڕەفسەنجانی سەرۆکی مەجلیس بوو. بەپێی ئەو ڤیدیۆیەی کە ساڵی ٢٠١٨ لە کۆبوونەوەی نهێنیی کۆڕی شارەزایانی ڕێبەری (مجلس خبرگان رهبری) بەر لە ڕێفراندۆمی پێداچوونەوەی قانوونی بنەڕەتی لە ٦ی گەلاوێژی ١٣٦٨دا بڵاو بوویەوە، عەلی خامنەیی بە شێوەیەکی کاتی ‌و تا ئەنجامدانی ڕێفراندۆم لە لایەن کۆڕی شارەزایانی ڕێبەری ‌وەکوو ڕێبەر دیاری دەکرێ، لەبەر ئەوەی ناوبراو هەموو مەرجەکانی بوون بە ڕێبەری تێدا نەبووە. لە کۆبوونەوەکەدا بەشێکی زۆر لە بەشداربووان دژایەتیی خۆیان بۆ کاندیدبوونی خامنەیی ڕادەگەیەنن، چونکە پێیان‌وایە خامنەیی لە پلەبەندیی ئایینی شیعەدا خاوەن ڕای تایبەت بە خۆی نییە. لە کۆبوونەوەکەدا، عەلی خامنەیی پێی‌وایە ئەگەر ببێ بە ڕێبەر، دەسەڵاتەکانی زۆر کەمن‌ و بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە پێویستە دەسەڵاتەکانی لە بواری یاساییەوە زیاد بکرێن. هەر بۆیە، لە کۆبوونەوەکەدا دەڵێ: “هەندێک لە ئەندامان لەو کۆبوونەوەیەدا ڕێبەربوونی من پەسند ناکەن، کەوابوو چلۆن ببمە ڕێبەر، کاتێک خەڵکانێک منیان لە لا پەسند نەبێ ‌و گوێم لێ نەگرن؟”. ڕەفسەنجانی، جێگری سەرۆکی کۆرەکە کە لە کۆبوونەوەکەدا ڕۆڵی سەرۆکی دەگێڕا، دەڵێ: خامنەیی دەتوانێ لە داهاتوودا خۆی پێ بگەیەنێ ‌و ببێ بە کەسێکی لێهاتوو. بە سێناریۆیەکی پێشتر پلان بۆ داڕێژڕاو و زیرەکیی ڕەفسەنجانی لە کۆبوونەوەکەدا، خامنەیی ‌وەکوو ڕێبەری کاتیی کۆماری ئیسلامی دەستنیشان دەکرێ. کۆبوونەوەی کۆڕی شارەزایانی ڕێبەری بۆ دووبارە دەستنیشانکردنەوەی خامەنەیی ‌وەکوو ڕێبەری هەتاهەتایی، مانگێک دواتر ‌و چەند ڕۆژێک دوای ئەوە بەسترا کە گۆڕانکاری لە دەستووردا بە قازانجی وەلی فەقیهـ‌ و زیادکردنی دەسەڵاتەکانی کرا‌ و بە خستە ڕێفراندۆم پەسند کرا. ئەو ڕووداوانە نیشاندەری ئەوەن کە خامنەیی ‌و ڕەفسەنجانی هاوکات لەگەڵ گۆڕانکارییەکان لە دەستووردا بە قازانجی وەلی فەقیهــ، خۆیان سەرۆکایەتیی کۆمار‌ و مەجلیس‌یان لە دەستدا بوو‌ و بەربەستێکی ئەوتۆیان لە پێش نەبوو بۆ ئەوەی خامنەیی ببێ بە ڕێبەرێک کە دەسەڵاتی تەواوی بە سەر هەموو شتێکدا هەبێ، هەر بۆیەش خامنەیی ڕێبەربوون بە شێوەی پێشوتری لە لا پەسند نەبوو تا ئەو کاتەی گۆڕانکارییەکان لە بەرژەوەندی ئەودا کران (هەر لەو مانگەدا ڕەفسەنجانی بوو بە سەرکۆماری ئێران). بە گوێرەی بەدواداچوونێک کە لە لایەن موحسێن کەدیوەر، مامۆستای زانستە ئیسلامییەکانەوە کراوە، هەندێک لە بەشداربووانی کۆبوونەوەی کۆڕی شارەزایانی ڕێبەری، لە سەر ئەو بڕوایەن کە خامنەیی بەپێی پلان‌ و سێناریۆیەک لە لایەن ڕەفسەنجانییەوە، ‌وەکوو ڕێبەری کۆماری ئیسلامی بە سەر خەڵکدا سەپێندرا. مشتومڕ لە سەر چۆنیەتیی دەستنیشانکردنی خامنەیی بۆ پۆستی ڕێبەری، تا ئێستاش بەردەوامە و زۆر جار لایەنە ناکۆکەکانی نێو کۆماری ئیسلامی ‌وەکوو ئامرازێک لە دژی یەکتر بە کاری دەهێنن، بۆ نموونە ٢٠ی بەفرانباری ١٣٩٧، حەسەن ڕووحانی لە نێو قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە “بەبێ ڕەفسەنجانی کەس نەیدەزانی بۆ دەستنیشانکردنی پۆستی ڕێبەری چ شتێک ڕووی دەدا”.  ئەوەیکە شایانی باسە لە پێداچوونەوەی دەستورر لە ساڵی ١٣٦٨دا، ناڕوونیی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانە. داڕشتنەوەیک کە لەودا دەسەڵاتەکانی وەلی فەقیهـ بە شێوەیەکی یاسایی ‌و فەرمی بە سەر هەموو دامەزراوەیەکی دەوڵەتی ‌و نادەوڵەتیدا سەپێندراوە.   جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان بە ناڕوونی بەپێی مادەی ٥٧ی قانوونی بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، دەسەڵاتی ئایینی لە لایەن وەلی فەقیهەوە نوێنەرایەتیی دەکرێ ‌و لە سەرووی هەر سێ دەسەڵاتی یاسادانان، جێبەجێ‌کردن‌و دادوەرییە. “مادەی ٥٧ : دەسەڵاتەکان لە کۆماری ئیسلامیدا ئەوانەن: دەسەڵاتی یاسادانان، دەسەڵاتی جێبەجێ‌کردن ‌و دەسەڵاتی دادوەری کە لە ژێر دەسەڵاتی وەلی فەقیهـ‌ و ڕێبەرایەتیی ئوممەت*، سازگار لەگەڵ مادەکانی دیکەی دەستووردا کار دەکەن. ئەو دەسەڵاتانە هەر کامیان لە بەرامبەر ئەوانیتردا سەربەخۆیە.”   دەسەڵاتی ئایینی دوو سەرچاوەی دەسەڵاتی ئایینی لە کۆماری ئیسلامیدا، وەلی فەقیهـ‌ و کۆڕی شارەزایانی ڕێبەرین. بەپێی قانوونی بنەڕەتی، وەلی فەقیهـ یان ڕێبەر لەژێر چاودێریی کۆڕی شارەزایان‌دایە ‌و لە ئەگەری مردن یان ناکارابوونی ڕێبەر، کەسێکی دیکە لە لایەن کۆڕی شارەزایانەوە بۆ ئەو پۆستە دەستنیشان دەکرێ.   ئـ. کۆڕی شارەزایانی رێبەری (مجلس خبرگان رهبری) کۆڕی شارەزایانی ڕێبەری دامەزراوەیەکی ئایینییە کە ساڵی ١٣٦٢ دامەزراوە و لە کۆمەڵێک فەقیهـ پێک هاتوە. ئەرکی سەرەکیی ئەو دامەزراوەیە دەستنیشانکردن‌ و لابردنی ڕێبەری کۆماری ئیسلامییە. دوای شۆڕشی ١٣٥٧، ئەو دامەزراوەیە وەکوو کۆڕی دامەزرێنەران هاتە کایەوە، بەڵام هەر زوو لە لایەن خومەینییەوە دژایەتی کرا، چونکە پێی‌وابوو کە کۆڕی دامەزرێنەران دامەزراوەیەکی ڕۆژئاوایییە نەک ئیسلامی. بە پێی مادەی ١١١ی قانوونی بنەرەتی، کۆڕی شارەزایان سەربەخۆترین دامەزراوەی وڵاتە، چونکە هەر خۆی یاسا و رێساکانی خۆی پەسند دەکا. ئەگەر وەلی فەقیهـ، یەکێک لە مەرجەکانی ئاماژەپێکراو لە مادەکانی ٥‌و ١٠٩ی قانوونی بنەرەتی پێشێل بکا، لە پۆستەکەی دوور دەخرێتەوە. ئەندامانی کۆڕی شارەزایان لە ٨٨ کەس پێکهاتوون ‌و لە لایەن خەڵکەوە هەڵدەبژێڕدرێن. (بەپێی ئامارەکان، بە کەمترین رێژەی بەشداری خەڵک ناسراوە). کاندیدەکان دەبێ لە لایەن شوڕای نیگابانەوە کە خۆی لەژێر کۆنتڕۆڵی وەلی فەقیهـ‌ دایە، پەسند بکرێن. کەوابوو، ڕێبەری ئێستا کاندیدەکانی کۆڕی شارەزایان دەستنیشان دەکا. کورسییەکانی کۆڕی شارەزایان بەپێی پارێزگا ‌و بەپێی ڕێژەی دانیشتووانی هەر پارێزگایەک دابەش کراون (یەک کورسی بۆ نیزیکەی میلیۆنێک کەس). کۆڕی شارەزایان هەر شەش مانگ جارێک کۆبوونەوەیەکی نهێنی دەگرێ ‌و لە گرنگترین چالاکییەکانی، ئامادە کردنی لیستەیەک لەو کەسانەیە، کە لە ئەگەری مردنی ڕێبەری ئێستا یان لە سەر کار لادرانی، شیاوی بوون بە رێبەرن. تا ئێستا هیچ ڕێبەرێک لە سەر کار لا نەدراوە‌ و لە بەر ئەوەش کە هەموو کۆبوونەوەکان بە نەهێنی بەڕێوە دەچن، تا ئێستا هیچکام لە بڕیارەکان‌ و کردەوەکانی ڕێبەر بەئاشکرا لێپرسینەوەیان لێ نەکراوە. هەر چەندە بە شێوەی تیۆری، ژنانیش (مجتهده) شیاوی بوون بە ئەندامی کۆڕی شارەزایانن، بەڵام بە بیانووی ئەوەی مەرجەکانی فەقیهـ بوونیان تێدا نییە، بەردەوام لە لایەن شورای نیگابانەوە ڕەت دەکرێنەوە. *** * ئوممەت بە تەواوی کۆمەڵگەی موسوڵمانان دەگوترێ‌ و سنوورەکانی دەوڵەت لە بەرچاو ناگرێ.