کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خامنەیی، ماندووی ململانێ و دۆڕاوی هاوکێشەکان

05:42 - 1 جۆزەردان 2720

پەیامە کورت و پڕ واتاکەی خامنەیی لەمەڕ ئاشتیخوازبوونی ئیمامی دووەمی شیعەکان لە تویتێر، ڕاڤەی جۆراوجۆری لێ‌کەوەتەوە. لایەنگرانی گرێیان دا بە باوەڕی دینییەوە و لە خانەی ئیدئۆلۆژییدا تەفسیریان کرد و، لەم دەلاقەوە دەیانەوێ ئەگەر ئاڵوگۆڕێک لە سیاسەتی نێودەوڵەتیی ئێراندا دروست بێ، ئەمە بکەن بە پاساوێک بۆ ئەوەی کوڵی دڵی شەڕخوازانەی لایەنگرانی خۆیان دامرکێننەوە. بەپێچەوانەی ئەم هەڵێنجانە ئیدئۆلۆژیکە، ئەم تویتەی خامنەیی، لە لایەن دژبەرانی کۆماری ئیسلامی و چاودێرانی ڕووداوەکانی ئێران و ناوچەکە، وەک پاشەکشەیەکی کۆماری ئیسلامی لە بەرامبەر گوشارەکانی ئەمریکا لێک درایەوە. بە سەرنجدان بەوەی کە کۆماری ئیسلامی لەسەر ئیدئۆلۆژی بنیات نراوە، کاربەدەستانی حکوومەت و لە سەرووی هەمووانەوە خامنەیی، زۆر جار بۆ گەیاندنی مەبەستەکانیان لە زمان ئایینی کەلک وەردەگرن و لەم ڕێگاوە لانی‌کەم هەوڵ دەدەن قەناعەت بە لایەنگرانی خۆیان بهێنن. ئەوەی لەم نێوانەدا زیاتر جێی سەرنجە ئاماژەکانی پشت تویتەی خامنەییە کە وەک “نرمش قهرمانانە”ی دووەم دێتە ئەژمار. ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ ساڵی 2015، دەبینین ئەو کاتیش خامنەیی پەسنی سیاسەتەکانی ئیمامی دووەمی شیعەکانی کرد بە هێنانە ئارای چەمکی “نرمش قهرمانانە” دەستی گرووپی دانوستانکاری ئێرانی بۆ وتووێژ لەسەر دۆسییەی ناوکیی ئەو وڵاتە لەگەڵ ئەمریکا ئاوەڵا کرد و دوای ئەمەش بوو کە ڕەوتی دانوستانەکان خێرا چوونە پێشەوە و لە ئەنجامدا ڕێککەوتنی!! لێکەوتەوە. بە لە بەرچاو گرتنی ئەو دۆخەی ئێرانی تێکەوتوە، دەکرێ ئەمەش هەمان “نرمش قهرمانانە”ی دووەم بێ و پاشگەزبوونەوە بێ لەوەی کە نزیک ساڵێک لەمەوبەر ئامادە نەبوو لە ڕێگای سەرۆک وەزیرانی ژاپۆنەوە وڵامی پەیامی دۆناڵد ترامپ بداتەوە. ڕووداوەکانی چەند مانگی ڕابردوو و بە تایبەتی دوای کوشتنی قاسم سلێمانی دەری دەخەن ئێران دۆڕاوی هاوكێشەکانە لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست و باڵانسی هێز لەدژی بەرژەوەندییەکانی ئێرانە، بە تایبەتی لە عێراق کە لە چەند مانگی ڕابردوودا ئاڵوگۆڕەکان تەواو پێچەوانەی ویستی ئێران بوون. لە لایەکی دیکەوە، سەرهەڵدانی چەند پرسێکی دیکە کە هاوکات بوو لەگەڵ تویتەکەی خامنەیی، بەڵگەن بۆ ئەوەی بێژین کە کۆماری ئیسلامی لە ئەنجامدا کۆڵی بە گوشارەکانی ئەمریکا دا و پەیامەکەی خامنەییش، بە واتای تەسلیم‌ بوونی ئێران لە بەرامبەر ئەمریکادا بوو. هەروەها، نامەکەی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ٢٠ـی بانەمەڕ و دەربڕینی ئامادەیی ئێران بۆ گەڕانەوە بۆسەر مێزی دانوستان لەسەر ڕێککەوتنی وڵاتەکەی لەگەڵ وڵاتانی ١+٥، پێکهاتنی حکوومەتی عێراق دوای چەند مانگ ململانێ، هاتنە ئارای پرسی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان لە نێوان ئێران و ئەمریکا، کشانەوەی سیستمی بەرگریی موشەکیی ئەمریکا لە سعوودییە و ... ئەمانە هەموو ئاماژەن بۆ کۆمەڵێک ئاڵوگۆڕی نوێ لە سیاسەتی نێودەوڵەتی و ناوچەیی ئێراندا. گوشارە پەیتا پەیتاکانی ئەمریکا بۆسەر ئێران، کوشتنی قاسم سلێمانی، قەیرانە نێوخۆییەکانی ئێران و شکستە سەربازی و ئەمنییەکانیان لە سووریە، وای کرد کە باڵانسی هێز لەدژی ئێران بگۆڕدرێ و لە ئەنجامدا ئەم وڵاتە وەک دۆڕاوی هاوکێشەکان مل بۆ دانوستان لەگەڵ ئەمریکا بدات. جیا لەم خوێندەنەوەیە، لێکدانەوەیەکی دیکەش ئەتوانێ ئەوە بێ کە بێژین خامنەیی ماندوو بووە لە ململانێ لەگەڵ ئەمریکا لە ناوچەکە. هەموومان وتارە توندەکانی خامنەییمان لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا لەدژی ئەمریکا لە بیر ماوە. لە ڕەدکردنەوەی وڵامی پەیامەکەی ترامپ کە بە ناوبژیوانیی سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن بوو، ئەمریکا بە هیچ شێوەیەک جێگەی متمانە نییە، وتووێژ لەگەڵ ئەمریکا وەک ژەهر وایە و ... ئەمانە کاکڵەی بەشێک لە قسەکانی خامنەیی بوون لەدژی ئەمریکا. تەنانەت ساڵێک و چەند ڕۆژ لەمەو بەر خامنەیی لە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەت ڕایگەیاند کە خەڵکی ئێران لەدژی گوشارەکانی ئەمریکا دەوەستنەوە و لەم ململانێیەدا ئەمریکا پاشەکشە دەکا و ئەوان دەیبەنەوە. ساڵێک دوای ئەم بانگەشەیەی خامنەیی ئەوەی لە دنیای واقیعییدا دەبینین، تەواو پێچەوانەیە و کۆماری ئیسلامی لە ئەنجامدا خەریکە کۆڵ دەدا. ٢٥ـی بانەمەڕی پارەکە بوو کە خامنەیی وتووێژی لەگەڵ ئەمریکا بە ژەهر لەقەڵەم دا، ئەمساڵیش لە ١٩ی بانەمەڕدا تەواو پێچەوانەی ئەو دەم لە تویتێکدا بە پشتبەستن بە ئاشتیخوازبوونی ئیمامی دووەمی شێعەکان، داکۆکی لە وتووێژ و چارەسەری ئاشتیخوازانە دەکا. ئەم وەرسووڕانەی خامنەیی دەکرێ نیشانەی ئەوە بێ کە لە ململانێ لەگەڵ ئەمریکا ماندوو بووە و ئەگەر بە شێوەی چەند مانگی ڕابردوو درێژە بە ململانێ بدات، ئەوا نەتەنیا هیچ دەستکەوتێکی نابێ، بەڵکوو ڕەنگە قاسم سلێمانییەکانی دیکەشی لەسەر دابنێ. تەنانەت، لەم بارەوە پارلمانتارێکی دەوڵەتی یاسا کە لە هێڵێ بەرژەوەندییەکانی ئێران‌دان، ڕایگەیاند ئێران لە ململانێ لەگەڵ ئەمریکا لە عێراق ماندوو بووە و ئەم جارە ئەمریکا لە ئاستی هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراقدا باڵادەستە. بە کورتی، خامنەیی لە هاوكێشە ناوچەییەکاندا بەرامبەر بە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دۆڕاوە و هەروەها ئەنجامی ململانێیەکانی یەک ساڵی ڕابردووی ئێران لەگەڵ ئەمریکا تەواو پێچەوانەی چاوەڕانییەکانی بوون. بۆیە، لەم ڕێگاوە ڕایگەیاند کە لە درێژەدان بەم ڕێگایە بێ‌ئاکامە، ماندووە و لە بە ژەهر زانینی وتووێژ، پەژیوانە.