کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاڵای قاچاخ لەسەر پشتی پاپۆر و مەرگ بە کۆڵی کۆڵبەرانی کوردەوە

05:44 - 1 جۆزەردان 2720

گەندەڵی و خوێنڕشتن دوو پێناسەی سەرەکی بۆ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامین کە لە ماوەی ٤١ ساڵە تەمەنی ئەم دەسەڵاتەدا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ باشتر و ڕوونتر ڕووی ڕاستەقینەی ئەم ڕێژیمەیان بۆ خەڵکی ئێران و جیهان دەرخستوە. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کە بناغەی دەسەڵاتەکەی لەسەر خوێنە، لە چەند بواری دیکەشدا تەڕاتێن دەکا، وەک گەندەڵی، هەناردەی تێرۆر، تڕانزیتی مادەی هۆشبەر و قۆرغکردنی هەناردە و هاوردەی کاڵا لە پاوانی ناوەندە ئەمنیەتی و نیزامییەکانیدا. مەبەستی ئەم نووسینە ڕاوەستانێکە لەسەر ئەم بەشەی دوایی، واتە پاوانکردنی زۆربەی هاوردەکان، بەتایبەت هاوردەی ئەو کاڵاگەلەی بێتوو لایەنێکی دی و لە خاڵێکی سنووریی ناڕەسمییەوە هاوردە بکرێ، بەرچەسپی کاڵای قاچاغی لێ‌دەدرێ. قاچاغچی بوونی لایەنە سەربازی و ئەمنیەتییەکان شتێک نییە ئیدی بۆ کەس شاراوە بێ. لەگەڵ ئەوەی کە مەجلیسی شوڕای ئیسلامیی ئێران بەپێی کۆمەڵێک یاسا سزای بۆ هەناردە و هاوردەی کاڵا لە ڕێگەی قاچاخەوە پەسەند کردوە، بەڵام هەر لە ژێر سێبەری ئەم یاسایە و لە ڕێگەی پاسەوانانی یاساکە ساڵانە بە میلیارد دۆلار کاڵا دێتە نێوخۆی ئێران و لە بازاڕەکاندا قاڵ دەکرێتەوە. لەم حەوتوویەشدا و لە کۆبوونەوەیەکی مەجلیسی شورای ئیسلامییدا ئەو باسە هاتەوە گۆڕێ کە سەتا ٩٥ی کاڵای قاچاخ لە ڕێگە ڕەسمییەکان، واتە دەروازە سنوورییەکان، شوێنە ڕەسمییەکانی وەک فرۆکەخانە و بەندەر و ئێسکەلەکانەوە دێتە نێوخۆی وڵاتەوە. کارناسانی ئەم بوارە باس لەوە دەکەن ئەم کاڵایەی کە بە قاچاخ دێتە نێو ئێران لەژێر چاودێریی بەرپرسانی گومرگ و بە ئیمزای ئەوان لە سنوورەکان دەرباز دەبێ و بڕیاری دەربازبوونی پێوەندیی هەیە بە قسەی خاوەن کاڵاکە _کە نیزیک بە تەواویان سەر بە مافیان دەسەڵاتن_ بڵێ چ جۆر کاڵایەکی بار کردوە و بەرپرسانی پێوەندیدار بە سەیرکردنێکی سەرەتایی کانتینێرەکان ڕێگە دەدەن کە کەلوپەلەکە بێتە نێو ئێران و لە زۆر حاڵەتدا بۆ ئەوەی کە گومرگی کەمتر بدەن ناوی کاڵا هەرزانەکان دەدەنە ئیدارەی گومرگ و زۆر بە سانایی ڕەت دەبن. دیارە بەشێک لەو کەلوپەلە کە هاوردە دەکرێ بە سازان لە گەڵ بازرگانانی دەرەوەی وڵات بە نووسینی فاکتۆرێک کە ئەو کاڵایە لە ڕێگەی ئێرانەوە دەچێتە وڵاتی سێهەم، تەنیا بە پلۆمپ کردنێک قەناعەت دەکەن و لەنێوخۆی وڵات بەکردنەوەی پلۆمپەکە کاڵاکە دادەگرن و کاڵایەکی سادە و هەرزانبایی لە سنوورەکانی ئێرانەوە بەڕێی وڵاتی سێهەم دەکەن. ئەمە بەشێکە لەو کاڵایە کە لەژێر چاودێری کاربەدەستانی گومرگدا ڕەت دەبێ و بە سازان و گەندەڵی و بەرتیل وەرگرتن بێ هیچ گرفتێک دەرباز دەبێ. بەشی دووهەمی کاڵای قاچاخ ئەو کانتینێرانەن کە بێ هیچ لێپرسینەوەیەک ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی مافیای سپای پاسدارانەوە هاوردە و هەناردە دەکرێن. مافیای سپای پاسداران ئەمڕۆکە دەسەڵاتی یەکەمی وڵاتە و مەجلیس و یاسا ناناسێ و، لەژێر لوولەی چەکەکانیاندا بە کەیفی خۆیان لە سنوورەکانی ئێران تەڕاتێن دەکەن و بێ هیچ گومرگ و لێپرسینەوەیەک خەریکی بازرگانین بە سامانی گەل و دەستگرتن بەسەر ئابووریی ئێراندا. بازرگانیکردن بە مادە هۆشبەرەکانەوە ساڵانێک بوو کە باسکردنی بڤە بوو و سپای پاسداران لەو ڕێگەیەوە توانی سەروەت و سامانێکی زۆر سەر یەک بنێ و، بە سەدان هەزار گەنج و لاوی ئێرانیش بخاتە چارەنووسێکی مەترسیدارەوە؛ هەروەها لە ڕیگەی گواستنەوەی مادە هۆشبەرەکانەوە بۆ وڵاتانی تر ببێتە هێزێکی مافیای چەکداری کە دەوڵەتێک بە یاسا پشتیوانی لێدەکا. سپای پاسداران کە حیساب و کتابی لای دەوڵەت دیار نییە و خۆی دەوڵەتێکە لەنێو دەوڵەتدا و نەک هەر باج ناداتە دەوڵەت و پارەکەی ناگەڕێتەوە خەزێنەی دەوڵەت، بەڵکوو هەر بەم پارەیە لە ڕێگەی پێکهێنانی هێز و میلیشیای چەکدار و تێرۆریست باج لە وڵاتانیش دەستێنێ. پێکهێنانی هێز و گرووپی تێرۆریستی لەسەر خوێن و ژیانی گەلانی ئێران یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی سپای پاسدارانە و بە پشتیوانیی شەخسی عەلی خامنەیی ساڵانیکە بۆتە بەڵای سەری گەلانی ناوچەکە و هۆی هەڵایسانی شەڕی براکوژی و نێوخۆیی لە وڵاتانی هاوسێ و هاوسنووری ئێران و وڵاتانی تردا. لەگەڵ ئەوەی کە مەجلیسی ئێران باس لە هاوردەکردنی سەتا ٩٥ی کاڵای قاچاغ لە ڕێگە یاساییەکانی وڵات و  لەسەر پشتی پاپۆرە زەبەللحەکان دەکا، بەڵام ڕۆژانە بەبەرچاوی هەموو جیهانەوە لە سنوورەکانی کوردستان کۆڵبەری کورد مەرگ لەکۆڵ لە بزنە ڕێگە و شاخە ئاستەمەکاندا لەژێر سێرەی لوولەی چەکەکانی تێرۆریستە ئینسانکوژەکانی سپای پاسداران و پاسەوانانی عەدڵی عەلیدا! بەدوای پاروە نانێکدا دەگەڕێ. کوردستان لە حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکاندا بەهۆی مافخوازی و داوا ڕەوا و ئینسانییەکانی گەلی کوردەوە بەردەوام کەوتۆتە بەر ڕق و قینی دژمنان و لە ماوەی ئەم ٤١ ساڵەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییشدا کەم ڕۆژ هەبووە خوێنی کەسێک یا کەسانێک لەسەر داوایەکی ئینسانی یا لەسەر پەیدا کردنی پاروە نانێ بەدەست جەللادەکانی بەندیخانە لە سێدارە نەدرێ، لە چیا و پێدەشتەکانی نیشتمانی باب و باپیرانی  نەکوژرێ یا بریندار نەبێ، لەترسی چەتە و ڕیگرەکانی کۆماری ئیسلامی لەژێر بەفر و ڕنوودا ڕەق هەڵنەیی یا لە شاخە ئەستەمەکان نەکەوێتە خوار و گیان لەدەست نەدا. هەنگاونانی کۆڵبەرانی کورد لە سەر گوریسی مەرگ و ژیان بۆ پارووە نانێکی سفرەی بەتاڵیان لە حاڵێکدایە کە تەنیا لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا 767 کەس لەوان بوونەتە قوربانیی سیاسەتی دوژمنکارانە ڕێژیم. لەو 767 کەسە، 387 کەسیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم کوژراون و 380 کەسیشیان بریندار بوون. هەر لە ماوەی دوو مانگی بەهاری ئەمساڵیشدا 23 کۆڵبەر و کاسبکاری ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بەتۆمەتی پێبوونی باری قاچاغ! _ بڕی کۆڵی کۆڵبەرێک لەو بە میلیۆن تۆنەی ڕۆژانە لە ڕێگەی دەروازە سنوورییەکان، بەندەر و فڕۆکەخانە ڕەسمییەکانەوە بە ئازادی! هاوردە دەکرێن_ دراونەتە بەر گوللە.* تڕاژیدییەکە لەوەدایە کە ڕەوایە بۆ مافیا و بازرگانەکان بۆ بەرزکردنەوەی کۆشک و تەلارەکانیان و پڕکردنی حیسابە بانکییەکانیان بە پاپۆر و فڕۆکە کاڵای قاچاخ هاوردەی نێوخۆی وڵات بکەن، بەڵام بۆ کوردێک کە لە ڕووی ناچاری و بۆ بژیویی ژیان بە کۆڵ، بە تاریکە شەو و بەفر و سەرما ڕێگەیەکی سەخت و ئەستەم ببڕی نەک ناڕەوا، بەڵکوو چەکدارێکی ڕێژیم دەتوانێ لەسنوور هەم دادگا بێ و هەم دادوەر، هەم پارێزەر بێ و هەم جەللاد و هەر لە سنوور و لەسەر خاکە داگیرکراوەکەی خۆی حوکمی مەرگی کوردیک دەدا و هیچ کەسیش لێپرسینەوەی لێ‌ ناکا و وەک بەرزەکی بانان بۆی دەردەچێ. لەوسەر پاپۆرەکانی سپای پاسداران بە بارەوە و بە پڕی دەگەنە مەنزڵ و لەم لاش لاشەیەکی بێ‌گیان، ڕادەستی بنەماڵە هەژار و ئاتاجەکەیکەی دەکرێتەوە. تڕاژیدییەکە لەوەدایە کە کۆڵبەر و کاروانچیی بێکار و بێ ئەنوای کورد لە کاتێکدا کەوکوژی دەدەرێتە بەر دەسترێژ و سیلە لە سینگ و مێشکی دەگیرێ و لە سەر کۆلەبارێکی چەند سەد هەزار تمەنی گیانی لێ دەستێندرێ، کە لە ساڵدا هەر بەپێی ئامارە ڕەسمییەکان و توێژینەوەکانی خودی مەجلیس پتر لە 36 میلیارد دۆلار کاڵای بە تەواو مانا قاچاغ  لە به‌نده‌ر و فڕۆکه‌خانه‌ و ئێسه‌که‌له‌ و ده‌روازه‌ سنوورییه‌ ڕه‌سمییه‌کانەوە دێتە نێوخۆی وڵاتەوە. تڕاژیدییەکە لەوەدایە کە لە کاتێکدا دەرکی دەروازە سنوورییە ڕەسمییەکان تەنانەت بۆ کاری تاقەت‌پڕووکێنی “کۆڵبەر”یش بۆ خەڵکی بێکاری ناوچە سنوورییەکان داخراوە، کە دەرکی هەموو دەروازە و شوێنە ئاوی و ویشکایی و ئاسمانییەکان بۆ ناوه‌نده‌ ئه‌منیه‌تی‌ و نیزامییه‌کانی کۆماری ئیسلامی کە گەورەترین کارتێلی قاچاغی کاڵا لە وڵاتن، ئاوەڵایە. ڕاستی ئەوەیە کە کۆڵبەری کورد قوربانیی سیاسەتی پەرەنەسەندنی ئابووریی کوردستان و بەئەمنیەتی‌کردنی ئەو بەشە لە وڵاتە. ئەو وڵاتەی لە سۆنگەی ڕوانگە ئەمنیەتییەکانی دەسەڵاتەوە کوردستان لە لایەک بە شێوەی سیستماتیک لە دواکەوتوویی‌دا ڕادەگیرێ و، لە لایەکی دی سەرچاوە سروشتی ‌و کانزاکانی بە تالان دەبرێ. ئەو نەهامەتییانەی ئەمڕۆکە بەسەر کۆڵبەرانی کورد دێ لە حاڵێکدایە کە بەهۆی هەلومەرجی داسەپاو بەسەر کوردستاندا بەشێکی بەرچاو لە ئابووریی کوردستان گرێدراوی بازرگانیی سەر سنوورەکان و کاری کۆڵبەرییە. لە حاڵێکدا کۆڵبەری کار نییە و ئەوە هەڵاواردن، نابەرانبەری، نەبووژانەوە و بێکاری و نەبوونی یەکە پیشەیییەکانە بوونە هۆکاری سەرهەڵدانی ئەم دیاردەیە. یان بە واتایەکی دی بەرهەمی زیاتر لە چل ساڵ هەژاری، بێکاری، هەڵاواردن و نایەکسانییە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بەسەر کوردستاندا سەپاندوویەتی. *** * ئامارەکان لە ڕاپۆرتی وەرزانەی ناوەندی مافی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەرگیراون.