کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زانستی شەڕ لە پێشەوەی چەکی پێشکەوتوو

05:46 - 1 جۆزەردان 2720

لەم ڕۆژانەدا بەهۆی تەقەی مووشەکیی پاپۆری نیزامیی جەماران لە بەلەمێکی نیزامیی ئەرتەشی ئێران بە ناوی “کنارک”، ١٩ کەس کوژران و ١٥ کەسی دیکەش بریندار بوون. ئەوە لە حاڵێکدا ڕووی داوە کە جیهان سەرقاڵی بەربەرەکانی لەگەڵ ڤیرووسی کرۆنایە، کە کاریگەریی لەسەر هەموو جومگە سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی ئەم ڕۆژانەی جیهان داناوە و، لەم کاتەدا تاقیکردنەوەی مووشەک زۆر ناپێویست دەنوێنی؛ مەگەر ئەوەی شتی وا هەر لە کۆماری ئیسلامی چاوەڕوان بکرێ. ئەم ڕووداوە سەرەڕای ئەوەی کە خەساری ماڵی و گیانیی زۆری هەبوو، بەڵام بەهۆی ئاڵۆزیی لە ڕادە بەدەری دۆخی جیهان و بە تایبەت ناوچە و، ئاسایی‌بوونی ڕوودانی ئەم هەڵە نیزامییانە و ئەگەری دووپات بوونەوەشیان، ڕەنگە تەنیا وەک هەواڵێک گرینگیی پێ بدرێ. بەڵام لە ڕوانگەیەکی دیکەوە ئەم بابەتە گرینگیی تایبەتی هەیە و وەبیرهێنەوەی بەردانەوەی فرۆکەی ئوکراینییە کە ئەویش هەر بەهۆی مووشەکەکانی سپای پاسدارانەوە بوو. پرسیار ئەمەیە بۆچی هێزی سپای پاسداران لە ماوەی تەنیا چوار مانگدا دوو کارەساتی لەم چەشنەی خولقاند؟ ئایا ناکارامەیی پێرسێنێلی نیزامییە یا سیستمی ڕێکخستنی ئەو هێزانە کەموکورتیی تێ‌دایە؟ بۆ ڕوونکردنەوەی وڵامی ئەو پرسیارانە و گەلێک پرسیاری دیکە پێویستە سووکە ئاوڕێک لە کارنامەی ئەم هێزانە بدەینەوە کە لە سەرەتای دامەزرانیانەوە بە دەیان کارەساتی وایان خولقاندوە و، زۆر جار خەساری مرۆیی و مادیی ئەو ڕووداوانە -بە پێی سەرچاوەکانی سەردەمی شەڕی هەشت ساڵە- زۆر زیاتر لە بەرەی شەڕ لەگەڵ دوژمنیان بووە. لێرەدا ئاماژە بە چەند نموونەیەک دەکەین، کە پێمان‌وایە ئەم تەقە لەخۆ کردنانە لە ئاستی هەڵە و نەزانین تێثەڕیوە و تەنانەت دەکرێ مەبەستی کوشتن و لابردنی جیابیرانی تێدا بێ. ئەگەر چاو بە مێژووی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامییدا بخشێنین پڕە لە کارەساتی سەیر وسەمەرەی لەم چەشنە، بۆ نموونە لە ٢٧ـی ڕەزبەری ١٣٥٩ی هەتاوی فڕۆکەیەکی جۆری فانتۆمی ئێران لە ئاوەکانی کەنداوی فارس، تەقە لە کەشتی بچووکی شەڕکەری ئێرانی بە ناوی “مهران” دەکا کە لە ئاکامدا نوقم دەبێ و ٣١ کەس لە پێرسێنێلەکەی دەکوژرێن. هەر لەو کاتەدا کەشتییەکی شەڕکەری دیکەی ئێرانی بە ناوی “تیران” دەیهەوێ یارمەتیی کەشتیی “مهران” بدا کە ئەویش دەکەوێتە بەر هێرشی مووشەکیی فڕۆکەیەکی دیکە و لە ئاکامدا لەکار دەکەوێ. لە ١٥ی گەلاوێژی ٦٦ـیشدا فڕۆکەیەکی ئێف ٥ لە حاڵێکدا لە عەمەلیاتی شناسایی لە قووڵایی خاکی عێراقەوە دەگەڕێتەوە، دەکەوێتە بەر ئاوری دژە ئاسمانیی سپای ئێران و لە ناوچەی سەردەشت بەردەبێتەوە و فڕۆکەوانەکەشی بە ناوی عەباس بابایی دەکوژرێ. حاڵەتێکی دیکە بەربوونەوەی فرۆکەی سی_١٣٠ کە هەڵگری فەرماندە پلەبەرزە نیزامییەکان بوو کە لە ٧ـی ڕەزبەری ١٣٦٠ـدا بە هۆی مووشەکی دژە ئاسمانیی هێزەکانی ئێران بەربووەوە کە هەڵگری کەسانێک لە پلەی وەزیر و فەرماندەهیی ئەرشەدی سپای پاسداران بوو، هەرچەند ئەو کات دەزگای ڕاگەیاندنی کۆماری ئیسلامی بەربوونەوەی ئەو فڕۆکەی هێنا بەسەر هێزە عێراقییەکاندا، بەڵام هێندێک لە فەرماندە نیزامییەکانی ئێران لەسەر ئەو باوەڕە بوون کە ئەو فڕۆکەیە بە هۆی تەقەی هێزە خۆییەکان بووە و لە ساڵانی دواییدا ئەو ڕاستییە ئاشکرا بوو، بەڵام کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی دەنگیان لێوە نەهێنا. هەروەها فڕۆکەیەکی شەڕکەری ئێف ١٤ کە بە قسەی فەرماندە نیزامییەکانی ئێران لەو کاتدا یەکێک لە باشترین فڕۆکەکان بوو، بۆ بەڕێوەبردنی عەمەلیاتی نیزامی لە ڕێکەوتی ١٢ی گەلاوێژی ١٣٦٦ بە هۆی مووشەکی دژە فڕۆکە لە لایەن هێزەکانی ئێرانەوە خرایە خوارەوە. خالە سەرنجڕاکێشەکە ئەوەیە لە مێژووی نووسراوی شەڕی ئێران و عێراقدا زۆر کەم بەر چاو دەکەوێ باسێک لە هەڵە و کەموکورتی کرابێ.  ئەم ڕاستییانە زیاتر لە بیرەوەریی فەرماندەکان و کەسانێک کەوا شایەدی ئەو ڕووداوانە بوون بەرچاو دەکەوێ. ئەمەش خۆی سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە دەسەڵاتدارانی نیزامیی کۆماری ئیسلامی کەسانی بەرپرس و وڵامدەر نین و هەموو کات بە شاردنەوەی ڕاستییەکان هەوڵیان داوە، خۆیان لە بەرپرسیارەتی بدزنەوە بۆ ئەوەی ئامانجی سەرەکییان کە پاراستنی نیزامە خەوش هەڵنەگرێ. ئەگەر بمانهەوێ باس لە هەموو ئەو ڕووداوانە بکەین کە بە هۆی تەقەی هێزە خۆییەکان لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا ڕووی داوە، دەبێ پێرستێکی دوور و درێژ ئامادە بکرێ کە لە توانای ئەم نووسینەدا نییە، بەڵام لە هەمان کاتدا ئەگەر وا دابنێین چەند نموونەی دوایی کە باس کرا لە کاتی شەڕدا بووە و، ئەگەری ڕوودانی ڕووداوی لەم چەشنە زۆرە؛ کە ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ ڕادەی زانیاریی فەرماندەیانی نیزامی لە زانستی شەڕ و بە ئاگاییان لە شێوەی بەکارهێنانی چەک و تەقەمەنی لە کاتی خۆی و شوێنی خۆیدا. بەڵام دوایین نموونەکان خۆ لە کاتی شەڕدا نییە و پاساوێک هەڵناگرێ بێجگە لە ئاستی نزمی زانیاریی نیزامیی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی. ئەم ڕووداوانە ڕەنگە لە هەر شوێنێکی دنیا ڕوو بدەن و کەسانی سڤیلیش ببنە قوربانیی شەڕ، بەڵام ئەوەی لێرەدا گرینگە دوو بابەتە: یەکەم چۆن بتوانرێ ئەم ڕووداوانە بگاتە کەمترین ڕادە و دووهەم لێکۆڵینەوەی ڕوون و ئاشکرا بکرێ لەسەر چۆنیەتیی ڕوو دانەکەی. چونکە کەسوکاری کوژراوەکان لە هۆکارەکان دەپرسن و کەمترین خواستی ئەوان زانینی چۆنیەتیی پێشهاتەکەیە. ئایا هەر تەنیا هەڵەیەک بووە و یا دەستی ئەنقەستی تێدا بووە؟ ئەگەر هەڵە بووە دەسەڵاتداران چ ڕێکارێک دەگرنە بەر بۆ ڕێگری لە دووپات بوونەوەی ئەو جۆرە ڕووداوانە. بەڵام دەبینین لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بە تەنیشت ئەو ڕووداوانەدا تێ‌پەڕیون و هیچ ڕوونکردنەوەیەکی ئاشکرایان نەبووە و هەوڵیان داوە بە جۆرێک لە جۆرەکان ئەو ڕووداوانە پەردەپۆش بکەن، لە حاڵێکدا کە هەم تەلەفاتی گیانی هەم زیانی ماڵییان هەبووە و تەنانەت کەسانی ئاگادار ئەگەر بێ‌دەنگ نەبوون بە جۆرێک لە جۆرەکان بێ‌دەنگیان کردوون. بۆ نموونە دەتوانین باس لە پەروەندەی بەربوونەوەی فڕۆکەی ئوکراینی بکەین کە هەتا ئێستا کۆماری ئیسلامی هیچ ڕوونکردنەوەیەکی مەحکەمە پەسەندی ڕوو بە بیروڕای گشتی نەداوە و؛ تەنانەت هەتا ئێستا لە دانی سەندووقی ڕەش بە وڵاتانی حەقدار لەو پەروەندەیەدا خۆی بواردوە. دەوڵەت و دەسەڵاتداریی بەرپرس لە ڕوودانی ڕووداوی لەم چەشنەدا یەکەم کارێک کە دەیکەن ئەوەیە کە چۆنیەتیی ڕووداوەکان بە شێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا لەگەڵ کۆمەڵگەی خۆیان باس دەکەن بۆ ئەوەی متمانە لەدەست نەدەن و، لە هەمان کاتدا هەوڵ دەدەن لە هۆکاری خولقانی ڕووداوەکە بکۆڵنەوە و بیکەن بە تەجروبە بۆ ئەوە پێشگیری بکەن لە دووپات بوونەوەی. وێدەچێ دەسەڵاتی تاران ڕووداوی ئەم جارەش پەردەپۆش بکا، بەڵام دەبێ گەلانی ئێران ئەو ڕاستییە بزانن کە ئەگەر ئەم ڕووداوە بە ئاقارێکی دیکەدا ڕۆیشتبایە ڕەنگە کارەساتی گەورەی بۆ گەلانی ئێران بە دواوە بوایە، چونکە بە هۆی سیاسەتە هەڵە و توندئاژۆکانی دەسەڵاتدارانی ئەم وڵاتە، ئەو ناوچەیە بۆتە ناوچەیەکی بە تەواوی نیزامی و ئاوەکانی دەریای عەمان و کەنداوی فارس پڕە لە کەشتیی گەورەی نیزامیی دەوڵەتی ئەمریکا و هاوپەیمانانی و، هەر وەکی پێشتر باسمان کرد ئەگەر ئەو مووشەک پێوەنانە بە هەڵەش بووبێ ڕووی لە یەكێک لەو کەشتییانە کردبایە، دەیتوانی ببێتە هۆکار و پڕیشکی ئاوری شەڕێکی ماڵویرانکەرکە لەو نێوەدا هەر خەڵکی ئێرانن زەرەرمەندی ڕاستەقینە دەبن. چەک و تێکنۆلۆژیی نیزامی بەو ڕادەیە کە لە مەیدانی شەڕ بەدژی دوژمن یارمەتیدەرن بۆ سەرکەوتن، بەو ڕادەیەش پێویستیان بە لێزانی و شێوازی کەلک لێ‌وەرگرتن هەیە، بەڵام مێژووی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێ کە ئەندامانی ئەو هێزانە بە تایبەتی لە چەکە پێشکەوتووەکاندا هیچ شارەزاییەکیان نییە و، لە کاتی پێویستدا ناتوانن لە نێوان هێزەکانیان لە کاتی مانۆڕ یا مەیدانی شەڕدا ئەو هەماهەنگییە پێک بێنن و، بەو ڕابردووەی هێزە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامی هەیانە دەتوانین بڵێین لە هەر هەڵەیەکیاندا کارەساتێکی ئینسانی دەخولقێ. بۆیە دنیا لەسەری کۆکە کە کۆماری ئیسلامی دەستی بە چەکی ناوکی ڕانەگا، چونکە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی مانەوەی دەسەڵاتی خۆیان لە شێواندنی ناوچە و دنیادا دەبینن، هەناردە کردنی شۆڕش و دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکە تەواوکەری پێناسەی شەڕەنگێزی ئەو نیزامەیە و لەو حاڵەتەدا ئەگەر ئەو جۆرە چەکانە لە دەستی کەسانی بەرپرس و ئەرکوەخۆگردا نەبێ هەڕەشەیەکی گەورە دەبێ بۆ سەر ئاسایشی جیهان و دەوڵەتان.