کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆچی حیزبی دێموکرات دەکرێتە ئامانج؟

05:54 - 1 جۆزەردان 2720

تەمەنی کامڵی مرۆڤێک، یان تەمەنی چەند جیلی نەتەوەیەک، تەمەنی حیزبێکە کە هەر لە سەرەتای دامەزرانیەوە لەگەڵ زۆرترین و گەورەترین دوژمنکارییەکان بەرەوروو بووەتەوە. ئەم دوژمنکارییانە لە دوای دروستبوونی ئەم حیزبەوە نەک بۆ بەرگرتن لە گەشەکردنی، بەڵکوو ڕاست بە مەبەستی کپکردنی دەنگی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەیەک بووە کە داهاتوو و وەدیهێنانی ئامانجەکانی لە بوون و بەرەوپێش چوونی ئەم حیزبەدا دیتۆتەوە. حیزبی دێموکراتی کوردستان کە ئەم ساڵ بەرەو تێپەڕکردنی ٧٥ ساڵەی تەمەنی هەنگاو دەنێ، هەر بە دوای دەرکەوتنی لە سیاسەتی ئاشکرای نەتەوەی کورد لە ناوچەدا، دامەزرانی کۆماری کوردستانی کردە دیارییەکی مێژوویی بۆ نەتەوەی کورد. دیارییەک کە تەمەن کورتی و تێکشکان و لە دەستچوونی وەدیهێنەران و ڕێبەرانی نەتەنیا بە فەرامۆشییان نەسپارد، بەڵکوو بووەتە مایەی شانازی‌پێکردنی ئەم نەتەوە بندەستە لە نێو گەلان و کۆڕوکۆمەڵی دوور و نزیکدا. شتێک کە لە نێو گەلانی بێدەوڵەتدا کەم بینراوە و یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەم لە دایکبوونە سیاسییە بوو، ڕێکخستنی پێوەندییەکی نەتەوەیی لە نێو هەموو پێکهاتەکانی ئەو بەشە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بوو کە کەوتە ژێر نفووز و کاریگەریی فکری و ئیداریی ئەم حیزبەوە. ئەم پێکهاتانە بە دوور لە جیاوازیی ئایینی، کۆمەڵایەتی، کولتووری و بیروباوەڕەوە لە یەک ڕیزدا ئەویش ریزی خەبات بۆ گەیشتن بە ئامانجە نەتەوەییەکانیان بۆ بەرگری لە مافە نەتەوەییەکانیان شانیان وە شانی یەک دا. لەو دەمەوە دروستبوونی بیری هاوخەباتی وەک باوەڕێک بووەتە هەوێنی بیر و سیاسەتی حیزبی دێموکرات و هەتا ئێستاش ئەم باوەڕە سەرەڕای هەموو دوژمنکارییەک و بەربەست دروستکردنێک یارمەتیدەر بووە بۆ هەوڵی پاراستنی یەکڕیزی نەتەوەیی کە ئاواتی هەموو تێکۆشەرێکی کوردە. لەم ٧٥ ساڵەدا ئەوەی دوژمنی قەستەسەری کورد چ دەسەڵاتە پاشایەتییەکەی و چ کۆماری لە چەشنی ئیسلامییەکەشی لە ئێران لە دەستیان هات بە حیزبی دێموکراتیان کرد. لەو چەند دەیەدا بە لە سێدارەدان و تێرۆری ڕێبەرانی بگرە هەتا گرتن و ئێعدامی بە کۆمەڵ و شەهیدکردن و نیشاندانی تەرمی شەهیدەکان و شەڕفرۆشتن لە ئاستێکی گشتیدا، سیاسەتی بەکردەیی دەسەڵاتخوازانی پاوانخوازی ئێران بووە کە بەداخەوە زۆرجار بەشێک لە چەپ و کومۆنیستەکانیش جا چ کەوتبێتنە بەرەی دەسەڵات یا لە دژی بووبن، لەگەڵ ئەم سیاسەتە هاوئاهەنگ بوون. کەم نەبوون ئەوانەی کە لەنێوبردنی حیزبی دێموکراتیان وەک قۆناغی سەرەتا بۆ ڕووخانی کۆماری ئیسلامی دادەنا و خەباتی نەتەوەییان بە بیری کۆنەپەرەستانە و بەرهەڵست بۆ خەباتی چینایەتی ناودەبرد، با ئێستاش بە خشکە بایاندابێتەوە. بەڵام حیزبی دێموکرات بە پشتبەستن بە ئیرادەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان ئەو خەڵکەی کە لە هەلومەرجی سەختی خەبات بۆ ڕزگاری تەنیا پشت و پەنای حیزب و پێشمەرگەکانی بوون و بە تەحەمولی بەرپرسانەی و بۆ پێداگری لەسەر پەیامەکەی دامەزرێنەری حیزب بۆ پاراستنی یەکڕیزی و هاوخەباتی لە نێوان هەموو چین و توێژەکان و بیروباوەڕە جیاوازەکانی کۆمەڵگە ئەم قۆناغانەی تێپەڕ کرد. بەڵام بۆ هەر جارناجارە حیزبی دێموکرات دەکرێتە ئامانجی هێرش و تیروتوانجی کەسانێک کە خۆیشیان بە هەر بیروبۆچوونێکەوە وەک کورد بەشێکن لەو جەستەی کە دوژمن دەیەوێ ئاگری تێبەردا، جێگەی هەڵوێستە کردنە. ئەوەی دەبیندرێ لە دوای زیاتر لە ٧ دەیە خەبات، ئەم حیزبە کە خەڵکی کوردستان بە حیزبی قازی، قاسملوو، شەرەفکەندی دەناسن بووەتە خاوەنی پێگەیەک کە لەگەڵ هەر کەموکورتییەک کە هەیبێ بووەتە جێکەی متمانەی خەڵک. خەڵکی کوردستان ئیستا دامەزرێنەری ئەم حیزبە پێشەوای نەمر قازی محەممەد، وەک ڕەمزی نەتەوەیی خۆیان دەناسن و دوکتور قاسملوو بە ڕێبەری سیاسی و بیر و بۆچوونەکانی بە ڕێنیشاندەری ڕێی خەبات بۆ ئازادی دەزانن. ئیستا ئیتر ئەو سەردەمە نەماوە کە کەف و کوڵی هەستی هێندێک گەنجی ساویلکە هەڵخرێندرێ و بە تۆمەتی کۆنەپەرستیی حیزبی قازی و، سازشکاری و تەسلیم‌تەڵەبیی! قاسملوو بتوانرێ بە تیغ لێدان لە ڕەگی داکوتاوی ئەم حیزبە زیانێک بە بزووتنەوەی کورد بگەیەنرێ. ئەوەی بۆ حیزبی دێموکرات گرینگە بەرەوپێش بردنی خەبات لەسەر ڕێچکەی ڕێبازی ئەم دوو پیاوە مەزنەی کوردە کە هەتا ئیستا توانیویەتی دڵخۆشی لای خەڵک بهێڵێتەوە و هومێدێکیان بە داهاتوو بمێنێ. بۆیە هیچکات و لە هیچ سەردەمێکدا ناساندنی ڕێبەرانی ئەم حیزبە بە کۆنەپەرست و سازشکار و ئیسلاحتەڵەب و خۆبەدەستەوەدەر کە هەمووی بە مەبەستی لێدانی حیزبی دێموکرات بووە، نەیتوانیوە کار بکاتە سەر ڕەوتی خەباتی سیاسی و پێداگری ئەم حیزبە لە سەر مافە نەتەوەیی و کۆمەڵایەتییەکانی خەڵکی کوردستان و هۆکاری زیاتربوونی خۆشەویستی و متمانەی خەڵک بۆ حیزبی دێموکراتیش دەگەڕێتەوە بۆ متمانەبەخۆبوونی تێکۆشەرانی ئەم حیزبە. لەکۆتاییدا ئەوەی بیر و بەرنامەی حیزبی دێموکرات بە ئێمە دەڵی ئەوەیە کە، خەبات لە پێناو ئازادیی نەتەوەیەکدا پێویستی بە یەکریزی نەتەوەیی و خۆشکردنی ڕێگەی هاوخەباتی هەموو خەڵکی کوردستانە بە هەموو بیروباوەرێکی جیاوازاوە ئەوەش بە دڵگەورەیی دێموکراتانە دەکرێ. دابەشکردنی نەتەوەی کورد بەسەر من و ئەودا نە تەنیا قازانجی بۆ کورد نەبووە، بەڵکوو دەتوانێ زیانی گەورەتریش بە ڕەوتی خەبات و داهاتوومان بگەیەنێ. چاوخشاندنەوە بە مێژوودا بۆ ئەوەندە باشە کە ئەو دەرسەی لێوەربگرین کە تووشی هەڵەکانی ڕابردوو نەبینەوە.