کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خشپەی مەترسییە شاراوەکان

20:16 - 16 جۆزەردان 2720

هەر گەل و نەتەوەیەک لەم سەردەمەدا کە جوغرافیایەکی تایبەت و دیاری بۆ خۆی نەبێ و خاوەن دەسەڵات و هێز نەبێ و، بە گشتی بێ‌بەش لە سەروەریی سیاسی بێ لە هیچ بازنەیەکی سیاسیی ئەوتۆدا کە مافەکانی دیاری بکرێ جێگای نابێتەوە و، ئەگەریش جاروبار ئاوڕێکی لێ بدرێتەوە  ئەوە بێ‌گومان بە واتای بەزەیی دەسەڵاتی سەرەوەترە نەک گەیشتن بە مافێکی سیاسی. ئێمەی کورد خەڵکی وڵاتێکین بە ناوی کوردستان، بە جوغرافیا، فەرهەنگ و مێژوو و زمان و کولتوورێکی هاوبەش و تایبەت بە خۆمان هەیە، کە بەداخەوە لە لایەن داگیرکەرانەوە لەگەڵ ئەوەی کە دابەش کراوین مافی دەسەڵات و سەروەرییشمان لێ ستێندراوە و، سروشتییە کە ئێمەش بە شێوازگەلێکی جیاوازا ڕووبەڕووی ئەم داگیرکارییانە بووینەتەوە و؛ لەم پێناوەشدا دەسکەوتمان هەبووە و زۆر شتیشمان لە کیس چووە.   جیا لە خەباتی چەکداری کە بەشە دیار و بەرچاوەکەی شەڕە، جۆرە شەڕێکی سارد و نادیار و شاراوەش لە نێوان دوو بەرەی شەڕدا دێتە ئاراوە و، تێگەیشتن لە مەبەستە شارەوەکانیشی پێویستیی بە وشیارییەکی زۆر هەیە بۆ ئەوەی بکرێ بەرپەرچی بدرێتەوە.   زۆر ناگەڕێینە دواوە و لە کۆماری ئیسلامییەوە دەگێڕینەوە و بە تایبەت دوای قۆناغی شەڕی چەکداریی چڕوپڕ، دابڕانی هێزی پێشمەرگە لە خەڵک و خاکەکەی، دەستی دوژمنی بۆ داڕشتنی پیلانەکانی ئاوەڵاتر کرد. سەرەڕای ڕاگرتنی چالاکیی پێشمەرگانە لە لایەن هێزە کوردییەکانەوە، ڕق و قینی دەسەڵاتدارانی تاران بە نیسبەت کورد و کوردستان زۆر لەوە زیاتر بوو کە دەستبەرداری پیلانی دوژمنکارانەیان بن. بۆیە لە ڕێگەی نەرم و بە خشپەوە بەرنامەیان بۆ داڕمانی کۆمەڵگەی کوردستان و تاکی کورد داڕشت و هەموو ئەو دەسەڵاتەیان بۆ لێ‌دانی بیر و هزر و جەستەی کۆمەڵگەی کوردستان و تەنانەت ژینگەی کوردستان بەکار هێناوە.   لە پەرەپێدان و هێنانی مادەی هۆشبەر بۆ کوردستان و بنبڕکردنی توانایی و وزەی لاوانی کوردەوە بگرە، تا هەوڵی تواندنەوەی زمان و فەرهەنگ و کەلەپوورمان، تا دزینی ئاسەوارە کۆن و مێژووییەکانی ئەم گەلە و، تێکدانی ژینگە و ئاگرتێبەردانی دارستان و لەوەڕگەکانی کوردستان و، لێکەوتەی ڕۆچوونی زەوی و زۆربوونی لافاو و خەسارەکانی و، لێ‌دانی دەیان بەنداو و وشککردنی ڕووبار و چۆمەکان (کە کاریگەریی یەکجار خراپی لەسەر ژیانی خەڵک و ژینگەی کوردستان داناوە). هەروەها دزینی سەرمایەی ئاوی کوردستان و گواستنەوەی بۆ شارەکانی دیکە و، بێجگە لە بە تاڵان بردنی سەرچاوە سروشتی و کانزا بایەخمەندکانی تری کوردستان بە مەبەستی مانەوەی خۆیان و لە نێو بردنی ئەم نەتەوە، کۆمەڵێک لەو پیلانانەن وا بەڕێوە دەچن.   هەوڵە خێرا و بە بەرنامەکانی کۆماری ئیسلامی و بێ‌دەنگی و ناچالاکیی بزووتنەوەی کورد، ڕەنگە لێکەوتەی وای بە دوادا بێ کە ئیتر خاکێک بە ناوی کوردستان نەمێنێ کە ئێمە شەڕ بۆ سەروەریی خەڵکەکەی بکەین. دەگێڕنەوە دزێک خەریکی بڕینەوەی قوفڵی دووکانێک دەبێ و ڕێبوارێک لێی دەپرسێ: "مامە گیان خەریکی چیت؟" کابرای دز لە وڵامدا دەڵێ: "خەریکی لێ‌دانی سازم." ئەویش دەڵێ: "بۆ بێ‌دەنگە؟"، دز دەڵێ: "سبەی دەنگی دەردێ پەلە مەکە." وێ‌دەچێ ئێمەش نامانەوێ پەلەی لێ‌بکەین و چاوەڕوانی دەنگی بێ‌دەنگیی داڕمانی ژینگە و ژیانی کوردستان و دەروونی خەڵکەکەمانین و کاتێک وەخۆ دەکەوین کە ڕەنگە دێر بێ.   لە ڕاستییدا بۆ شیکردنەوەی هەر کام لەم خەسارگەلە سەدان کتێب پێویستە بنووسرێ تا بزانین چ مەترسیگەلێکی شاراوە بەرۆکی پێ‌گرتووین و، ئێمەی کوردیش هەر بە پێوانەکەی جاران دەیپێوین و زۆر جار دەڵێن شەڕ ماڵوێرانی دێنێ، گەلۆ ئاخۆ شەڕەکە ماڵوێرانکەرترە یان بێ‌دەنگییەکە؟!   ئەگەر بمانەوێ هەڵوێستەیەک لەسەر ژینگە بکەین دەبێ بزانین، پرسی ژینگە تەنیا زبڵ کۆکردنەوە و چاندنی نەمام نییە، سیاسەتە ئامانجدارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ تێکدانی ژێرخانی ژینگەیی کوردستان زۆر بە خشپە و بەردەوام بەرەو پێش دەچێ. ساڵانێکە کۆماری ئیسلامی بە بیانووی جیاجیاوە دەستی داوەتە تێکدانی ژینگەی کوردستان و هەم قازانجی ئابووریی لێ‌دەکا و، هەمیش بە گشتی ئێکۆسیستمی ئەم ناوچەیە بەرەو ئاقارێکی مەترسیدار دەبا، کە دەبێ بزووتنەوەی کورد سەرنجێکی تایبەت و خێرا بەم بوارە بدا و سیاسەتی خۆی بۆ بەرگری لە ژینگەی کوردستان وردتر دابڕێژێ و لە هەمووی گرینگتر بۆ ڕاگرتنی کوردستانێکی ئاوەدان بۆ ئێستا و دواڕۆژ هەنگاوی کردەیی پێویستە.   درگای کۆماری ئیسلامی لە پێوەندی لەگەڵ کوردستان لەسەر یەک پاژنە دەسووڕێ، کوردستان شوێنێکی ئەمنیەتییە و بە چاوێکی ئەمنیەتییشەوە دەڕواننە کێشە و پرسەکانی. هەر بۆیە تەنیا مەبەستیان لە هەر چالاکییەکیان لە کوردستان تەنیا زەربەلێدان لەم ناوچەیە. مافیای سپای پاسداران لەگەڵ دەسپێکی پرۆژەی بەنداو لێ‌دان لە ئێران، کوردستانیشی بەجێ نەهێشت. بە ڕاگواستنی ئاوی کوردستان بۆ شوێنەکانی تر بە واتایەکی دیکە وێران‌کردنی کوردستان بۆ ئاوەدان‌کردنەوەی ئێران کە تەنیا لە پرۆژەیەکدا بێجگە لەو  ژینگەیەی کە تێکی‌داوە ١٨٠ کیلۆمیتر تونێلی لێ‌داوە و، تەنیا ١٠٪ی ئاوی کوردستان بۆ خۆی دەبێ و ٩٠٪ی بۆ شوێنەکانی دیکەی ئێران دەگوازنەوە. ئەگەر وشیار نەبین کۆماری ئیسلامی لە داهاتوویەکی نزیکدا ژێرخانێکی بەتاڵ، ژینگەیەکی بێ‌کەلک و تەنانەت مەترسیدار و نەخۆش و پڕ لە قەیرانی ژینگەیی و مرۆییمان بۆ بەجێ دێڵێ.