کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەوەی کۆماری ئیسلامی دەیخوازێ و ئەوەی ڕۆژئاوا خۆ لە دیتنی دەپارێزێ

20:33 - 16 جۆزەردان 2720

ڕێبەرانی دنیا بە دڵفراوانییەکی زۆرەوە سیاسەتێکیان بەرامبەر ئێران ڕەچاو کردوە کە بێ‌ئاکامە. کاتی خۆی ئامانجە سەرەکییەکانی شۆڕشی ئیسلامیی ١٩٧٩ بە ڕوونی لە لایەن ئایەتوڵڵا خومەینی باسیان کرا، واتە لە نێو بردنی دێموکراسی، شێوەی ژیانی ڕۆژئاوایی و سەپاندنی ئیسلامی شێعە بەسەر دنیادا. لێکۆڵینەوە لە سیاسەتی ٤١ ساڵەی کۆماری ئیسلامی ڕاستییەکی بەهێز ئاشکرا دەکا، ئەویش ئەوەیە کە ئەو ڕێژیمە هیچکات ئەو ئامانجانەی وەلا نەناون و ئەوان هێشتا پرەنسیپی سەرەکی بۆ هاندانی ڕێژیمن. ئەوە ڕاستییەکە کە ڕۆژئاوا خۆ لە دانپێدانانی دەبوێرێ. خومەینی نووسی: "ئێمە دەبێ شەڕ بکەین، تا گشت گەندەڵی و ملهوڕییەک دژی یاسای ئیسلامی لە نێو دەچێ." سەرەڕای پەتای جیهانیی ڤیرووسی کۆرۆنا و کاریگەرییەکەی لەسەر ئێران، تەنانەت بە گوێرەی ڕاپۆرتی خۆیشیان کاریگەرییەکی خراپی هەبووە، بەڵام لەوانەیە لە ڕاستییدا لەوەش خراپتر بووبێ، لایەنە توندئاژۆکانی نێو ڕێژیم، هاوتەریب لەگەڵ ئامانجە ڕاستەقینەکەیان، زەختی خۆیان پاراستوە. لە ١٤ی ئاوریل، پیاوانی چەکدار بۆ ماوەیەکی کورت لە گەرووی هۆرموز دەستیان بەسەر پاپۆڕێکدا گرت کە ئاڵای هۆنگ کۆنگی هەڵدابوو و ستافەکەی چینی بوون. ڕۆژی دواتر، ١١ بەلەمی سەر بە هێزی دەریاوانیی سپای پاسداران لە پاپۆڕی سەربازیی وڵاتە یەکگرتووەکان نزیک بوونەوە کە لە ئاوە نێونەتەوەییەکاندا خەریکی ڕاهێنان لەگەڵ هێلیکۆپتەری سەربازی بوون. پاپۆڕەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان چەند جار لە ڕێگەی ڕادیۆییەوە هۆشدارییان پێ دان، هۆرنیان بۆ لێ‌دان و بە ئامێری هەرانانەوە، دەنگەدەنگیان ساز کرد. بەلەمە ئێرانییەکان پاش نزیکەی کاتژمێرێک شوێنەکەیان جێ هێشت. لە ١٩٧٩ بەم لاوە دنیا بەرەوڕووی گیروگرفتی سەرچاوە گرتوو لە ڕێژیمی ئێران بوونەوە. لە ٤١ ساڵی ڕابردوودا ئێران بەردەوام یا بۆخۆی ڕاستەوخۆ، یا بەدەستی میلیشیا بەکرێگیراوەکانی وەک حیزبوڵڵا و حوسی، تاقمێک بۆمب دانان، هێرشی مووشەکی، مرۆڤکوژی و ئاکاری تێرۆریستییان لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست و لە سەرانسەری دنیا بەڕیوە بردوون. دەیان ساڵە، ئێران بەهەمان شێوە هەوڵی لێبڕاوانەی داوە کە وزەی ئەتۆمی بەرهەم بێنێ، بەو ئامانجە، ئەگەرچی بە ئاشکرا ددانی پێدا نەناوە، کە بتوانێ چەکی ئەتۆمی دروست بکات. وێناچێ ڕێژیمی ئێستا ئەو ئامانجەی وەلا نابێ. لە ٢٠١٥، لە هەوڵێکدا بۆ لە پەلوپۆ خستنی بەرمانە ئەتۆمییەکەی، ئەندامانی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ ئاڵمان ڕێککەوتنێکیان لەگەڵ ئێران واژۆ کرد. بێ‌گومان هەموو بەشدارەکان، لە نێویاندا سەرۆک کۆماری وڵاتە یەکگرتووەکان، باراک ئۆباما، باشترین مەبەستیان هەبوو. بەو ڕێککەوتنە، کە بووە هۆی دەسکەوتێکی مەزنی ئابووری بۆ ئێران، ئەوان پێیان وابوو خولیا ئەتۆمییەکانی ڕێژیمیان بۆ لانی‌کەم ١٥ ساڵ وەستاندوە و دنیایان کردۆتە شوێنێکی ئەمینتر. جگە لەوە ئەوان لەو بڕوایەدا بوون کە هەنگاوێکی گرینگیان بەرەو ئاسایی کردنەوەی پێوەندییەکان و گەڕاندنەوەی ئێران بۆ نێو کۆڕی وڵاتان هەڵگرتوە. ئەوان هەڵە بوون. با لە زمانی سەرۆک کۆماری وڵاتە یەکگرتووەکان، کە لە ٨ـی ژانویەی ٢٠٢٠ قسەی دەکرد، بگێڕمەوە: "دوای ڕێککەوتنە گەمژانەکەی کە لە ٢٠١٥ واژۆ کرا، و ١٥٠ میلیارد دۆلاریان پێ درا، باسی ئەوەش ناکەم کە ١.٨ میلیارد پارەی نەغد بوو، ئێران دوژمنایەتیی زیاتر بوو. لە جیاتی ئەوەی بە وڵاتە یەکگرتووەکان بڵێن "سپاس"، ئەوان هاواریان کرد "بمرێ ئەمریکا". لە ڕاستییدا ئەوان ئەو ڕۆژەی کە ڕێککەوتنەکە واژۆ کرا هاواریان کرد "بمرێ ئەمریکا". دوایە ئێران دەستی کرد بە تەڕاتێنی تێرۆر، بە پشتیوانیی داراییەک کە لە ڕێککەوتنەکە گیری کەوتبوو، لە یەمەن، سووریە، لوبنان، ئەفغانستان و عێراق جەهەننەمیان دروست کرد. ئەو مووشەکانەی شەوی ڕابردوو بە ئێمە و هاوپەیمانەکانمانییەوە نان، بەو داراییانە کڕابوون کە بەڕێوەبەرایەتیی پێشوو پێیانی گەیاند." دنیای شارستانی لە کوێ هەڵەی کرد. هەڵەکە هەمان هەڵە بوو کە دنیا بەرامبەر بە ئادۆلف هیتلێر کردی. کاتێک کە، بۆ یەکەم جار لە ١٩٢٥ کتێبی ماین کەمف چاپ کرا، هیچ کەس نەیخوێندەوە، ئەگەر خوێندیشیانەوە، کەس لەو بڕوایەدا نەبوو کە ئەو شتانەی گوتوونی بە مەبەستەوە بوون. بەڵام ئەو فەلسەفەی کە بیری سیاسیی هیتلەر لەسەریان دامەزرابوو لەوێدا باسیان کرابوو، بە عالەم ئاشکرا، چەند ساڵ پێش ئەوەی کە بگاتە پلەیەک تا جێبەجێیان بکا. ئەگەر سیاسەتوانان، یا دروستکەرانی بیروڕا، بە جیدییان وەرگرتبا، نەیان‌دەهێشت هیتلێر بگاتە ئەوپەڕی دەسەڵات. ئەو هەرگیز نەی‌دەتوانی ببێتە سەرۆکی ئاڵمان. ئەو هەڕەشەیەی ئێران لە دنیای خاوەن شارستانیی دەکا بە تەواوی لەگەڵ ڕێژیمی شۆڕشی ئیسلامی دێتەوە کە خەڵکەکەی لە ١٩٧٩ خوازیاری بوون. ئایەتوڵڵا خومەینی، کەسایەتیی سەرەکی بۆ ئاراستەی نوێی ئێران، لە دێسامبری ١٩٧٩ بوو بە ڕێبەری گەورە. فەلسەفەی ناوبراو، کە نەی‌دەشاردەوە و ٤٠ ساڵ لەمەو پێش لە بارەیدا نووسیبووی، دەیخواست کە یاسای شەریعەت دەستبەجێ لە نێوخۆدا بەڕێوە بچێ و سیاسەتێکی دەرەوە بەڕێوە بچێ کە ئامانجەکەی بڵاو کردنەوەی ئیسلامی شێعە لە سەرانسەری دنیا، بە هەر شێوەیەک کە بکرێ، بوو. ئەو ڕای گەیاند: "ئێمە شۆڕشی خۆمان هەناردەی سەرانسەری دنیا دەکەین. تا هاواری 'لا الە الا اللە' لە هەموو دنیا بڵاو نەبێتەوە، خەبات درێژەی دەبێ." یا دیسان: "دامەزراندنی دەوڵەتێکی ئیسلامی لە سەرانسەری دنیا مەزنترین ئامانجی شۆڕشە." هەوڵدان بۆ ئەو ئامانجە بنەڕەتییەی شۆڕشی ئیسلامی، دەوڵەتی سەرقاڵ کردوە یا ڕاستەوخۆ یا بە دەستی میلیشیا بەکرێگیراوەکانی، کە هەلی بۆ ڕەخساندوە تا خۆی لە وەئەستۆ گرتنی بەرپرسایەتی بدزێتەوە، لە زنجیرەی ئاکاری تێرۆریستی، وێرانی و مرۆڤکوژیی کە نە تەنیا بەرەوڕووی ئامانجی ڕۆژئاوایی کراونەوە، بەڵکوو دژی موسوڵمانانی غەیرە شێعەش بۆتەوە. خومەینی ڕای گەیاند: "کوشتنی کافران، یەکێک لە نایابترین ئەرکەکانە کە خودا بۆ مرۆڤانی تەرخان کردوە." ئەو لەبارەی ئامانجی سەرەکیی ڕێژیم زۆر بە ڕوونی دەدوا: "ئێمە ئامانجی خۆمان دیاری کردوە کە بڵاو کردنەوەی دەسەڵاتی ئیسلام و سەرکوتی فەرمانڕەوایی داگیرکەرانی دنیایە." ئەوە دوژمنایەتیی لێبڕاوانەی ئێران دژی عەرەبستانی سعوودی سوننی شی دەکاتەوە. پاشایەتیی عەرەبستان کە دوو لە پیرۆزترین شارەکانی ئیسلام، مەککە و مەدینە، لە نێو سنوورەکانیدا هەڵکەوتوون، خۆی بە ڕێبەری دنیای ئیسلام دەزانێ، ئیدیعایەک کە بە توندی لە لایەن ئێران خستراوەتە ژێر پرسیار. ڕێژیم، عەرەبستانی سعوودی وەک ڕکابەری مەزن لە ڕوانگەی سیاسی و، هەروەها دینی و هێژمۆنیی ناوچە سەیر دەکا. لە ١٩٨٧، ئایەتوڵڵا خومەینی ڕای گەیاند کە مەککە لەدەست "تاقمێک بێ‌دین"دایە. عەرەبستانی سعوودی بە هەمان شێوە وڵام دەداتەوە. لە ٢٠١٨، شازادەی جێگرەوەی سعوودی، محەممەد بین سەلمان، ڕای گەیاند کە ڕێبەری گەورەی ئێران، ئایەتوڵڵا خامنەیی "ڕووی هیتلێری سپی کردۆتەوە [...] هیتلێر هەوڵی دا ئورووپا داگیر بکا. ڕێبەری گەورە هەوڵ دەدا دنیا داگیر بکا." ترامپ پەیتا پەیتا حاشای کردوە کە مەبەستی گۆڕینی ڕێژیم بێ، ئەو دەڵێ دەیهەوێ تەنیا پاشەکشە بە چالاکییە تێرۆریستییەکانی ئێران بکا و وتووێژی نوێ لە بارەی ڕێککەوتنێکی نوێی ئەتۆمی ئامانجیەتی. ئەگەر ئەوە لە کۆتاییدا بە ئابلۆقەی چڕ لە لایەن وڵاتە یەکگرتووەکان بێتە ئاراوە، زۆر شتێکی باش دەبێ. بەڵام سەیر کردنی ڕاستییەکان بە چاوی ئاوەڵا دەری دەخا کە ژیانی ڕاستەقینە لەگەڵ ئەو ڕێژیمە شتێکی مومکین نییە. ڕێبەرانی دنیا دەیانهەوێ باوەڕی پێ بکەن بەڵام ناتوانن، یا نایانهەوێ بیبینن کە ئەوە حاشا کردن لە ئامانجی سەرەکیی ڕیژیمی شۆڕشگێڕی ئێرانە، واتە هۆی سەرەکیی بوونی ئەو ڕێژیمە. ئەوانە وشەی دامەزرێنەری ڕێژیمن، یەکەم ڕێبەری گەورە، ئایەتوڵڵا خومەینی: "ئێمە دەخوازین ببینە هۆی وشکبوونی ڕیشەی زایۆنیزم، کاپیتالیزم و کۆمۆنیزم لە سەرانسەر دنیا. ئێمە دەمانهەوێ ئەو کارە بکەین کە خودای پڕتوانا دەخوازێ، ئەویش تێك‌شکاندنی ئەو سیستمانەیە کە لەسەر ئەو سێ بنەمایە دامەزراون و، بڕەو بە حکوومەتی ئیسلامیی پێغەمبەر بدەین." ئورشەلیم پۆست – نەویل تێلێر