کوژرانی بێبەزەییانەی “جۆرج فلۆید” سەرچاوەگرتوو لە مێژوویەکی پڕاوپڕ لە ڕق و قین و هەڵاواردنە؛ ئەوەی ئەو سپییە بە دژی ئەو ڕەشە کردی کارەساتێکی گەورەی مرۆییە و تەنیا و کۆتا کارەساتیش نییە بە دڵنیاییەوە. لێرەدا کولتوورێک، کۆمەڵگەیەک، ڕەگەزێک قوربانی و لە بەرامبەریشدا کولتوور و کۆمەڵگە و ڕەگەز و مرۆڤگەلێکیش بکوژن. ئەم ئاکارە دژەمرۆییانە هیچ پاساوێک هەڵناگرن. لە هەر جێگایەک لەم دنیایە ستەملێکراوێک زوڵمی زاڵمی چێشت؛ ئێمە دەبێ دەنگی دڵی ناڕازیمان دەرببڕین لە هەمبەریدا.
بێزبزوێنترین بەشی ئەم ڕووداوە تاڵە، شەپۆلسواریی هەندێک مرۆڤی درۆزن و بێئەخلاقە لەم بارەوە. کەسانی فاشیست و خوێنمژ بە ئاسانی هەناسەی “جۆرج فلۆید” هەڵدەمژن و ئەمڕۆشیان بە ئەمنیەتەوە بەرەو سبەینێ بەڕێ دەکەن لەژێر سێبەری ئەمنی ئەم ڕووداوە دڵتەزێنەدا. تاڵترین تەنزەکانی مێژوو ئەوەیە کە خامنەیی و ئەردۆغان دڵیان بۆ ڕەشەکانی ئەمریکا بە سوێیە! لێرەدایە دیسان هەناسە و خوێنی مرۆڤەکان دەبێتە دەسرەی سەرچۆپییەک و بە دەم بای ئیدئۆلۆژی و سیاسەتی بۆگەنیوی سیاسەتوانانەوە هەڵدەسووڕێ.
لە سیستمی ئەو دوو وڵاتەی کە لەژێر بەرنامە و سیاسەتەکانی ئەم دوو جەنابەدا بەڕێوە دەچێ، هیچ هەواڵنێرییەک فریا ناکەوێ ڕووماڵی هەواڵی هەڵاواردنە جۆراوجۆرەکانیان بکا. بە ڕاگرتنی ئەو زەختەی کە بە حەق لەسەر سیستمی پۆلیسی ئەمریکا و لێدوانە ڕەگەزپەرستییەکانی ترامپە، ئێمە نابێ ئەوەمان لە بیر بچێتەوە کە لە سایەی دێموکراسی و ئازادیی ئەم وڵاتەدایە کە ناڕەزایەتییەکان دەردەبڕدرێ و ڕاگەیاندنەکان بە ئازادییەوە ڕووماڵی دەکەن و ئێمەش لەم سەری دنیاوە دەکەنە شایەدی ڕووداوەکان –بۆ خودی ئەم دەسکەوتە گەورەیەش خەڵکانێکی زۆر گیانبازییان لە خۆیان نواندوە-؛ ئەو ڕاگەیاندنە ئازادەی کە لە ناوچە و وڵاتی ئێمەدا دەرمانی چاوە.
لە ئێرانی کۆماری ئیسلامییدا بێجگە لە پێشێلکرانی مافی نەتەوەکانی نێو ئەم جوغرافیایە، پەنابەرانی ئەفغانییش لە بارودۆخێکی ئەوپەڕی زەخت و فشار و هەڵاواردن و سووکایەتی پێکردندا دەژین. لە ئێرانی خاوەنی نزیک بە سێ هەزار ساڵ شارستانییەت و ئیسلامی نابی محەممەدی، ئەم نەتەوەیە سەمبولی پیس و چەپەڵی، دەسدرێژکەری، دز و گوماناوی، بێمافی، نامرۆڤی و دڕندەیین و وەک زۆربەی گەلانی تری ئەم وڵاتە ئەفغانییەکانیش وێنەی بەردەستی زۆرێک لە جۆکەکانی فارسەکان و مایەی بزەی لێوی شەکرشکێنی ئەوانن.
لەگەڵ داگیرکاریی یەکیەتیی سۆڤیەت، ئەفغانییە هەڵاتووەکان لە شەڕی چەپ و ڕاست بە هەزار هیوا و ئومێدەوە پەنایان بردە بەر وڵاتی دراوسێ و هاوزمان و هاوئایینیان، بەڵام زوو چاوی ڕەشیان کاڵ بۆوە و ئەگەر شەڕ و ماڵوێرانییەکان بەردەوام نەدەبوون؛ لەبەر میوانداریی دڵاوەڵانەی ئێرانییەکان و حکوومەتی عەدڵی عەلی! بێگومان ئەوانەی لە ئێران دەمانەوە ژماریان بە سەد قات لەوەی کە ئێستا هەیە کەمتر دەبوو.
هەر لە سەرەتاوە و هەتا ئێستاش بەشێکی هەرە زۆریان سەرەڕای چل ساڵ ژیان لەو وڵاتە و هەوڵی چالاکانی مەدەنی و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان، خاوەنی ناسنامەی ئێرانی نین، مناڵانانیان لە چوونە قوتابخانە بێبەشن، زۆربەیان بە قاچاخی لەوێن و بۆ نانی زگی کرێکاری دەکەن و کاتی پێدانی مووچە هەڕەشەی پۆلیسیان لێ دەکرێ و لەو پووڵ و مافەش، خۆش دەبن هەر وەک لە ژیانیان گوزەراون.
کوژران و دەستدرێژیکردنە سەر ستایشی ٦ ساڵ تەمەن و ئەشکەنجە و کوژران و خنکاندنی ژمارەیەک لە پەنابەرانی ئەفغانی لە ڕووباری “هەریروود” لەم دواییانەدا و ... لە نێوان بێدەنگیی سینگدڕاوانی جۆرج فلۆیددا؛ دەبێ زیاتر لە هەموو کاتێک وەبیرمان بێنێتەوە فاشیزم لە دەماری گەردن نزیکترە.