کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسەڵاتی بێ‌سنووری وەلی فەقیه

20:51 - 16 جۆزەردان 2720

رێژیمی سیاسیی ئێران لەنێوان ئۆتۆریتاریزم‌ و تۆتالیتاریزم‌دا (دەسەڵاتی بێ‌سنووری وەلی فەقیهـ) (٢٢_٥) لە ژێر پڕەنسیپی ویلایەتی فەقیهـ‌دا، دەسەڵاتەکانی وەلی فەقیهـ یان ڕێبەری کۆماری ئیسلامی بێسنوورن. پۆستی ڕێبەری پۆستێکی هەتاهەتایی‌یە و یەکجار کە ڕێبەر لە لایەن کۆڕی شارەزایانەوە دەستنیشان دەکرێ، تا کۆتایی تەمەنی لە پۆستەکەیدا دەمێنێتەوە. ڕێبەر لە ٣٢ مادەی قانوونیدا باسی کراوە، بەڵام دەسەڵاتە سەرەکییەکانی لە وەرزی هەشتەمدا، لە مادەکانی ١٠٧ هەتا ١١٢دا ئاماژەیان پێکراوە.   مادەی ١١٠: دەسەڵاتەکان ‌و ئەرکەکانی رێبەری کۆماری ئیسلامی ١) دیاریکردنی سیاسەتە گشتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، دوای ڕاوێژ لەگەڵ کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی نیزام. ٢) چاودێریی باش جێبەجێ‌بوونی سیاسەتە گشتییەکانی نیزام. ٣) فەرمانی ڕێفراندۆم. ٤) فەرماندەیی تەواوی هێزە چەکدارەکان. ٥) ڕاگەیاندنی شەڕ ‌و ئاشتی ‌و تەیارکردنی هێزەکان. ٦) دەستنیشانکردن ‌و لە کار لادان‌ و پەسندکردنی دەست لە کار کیشانەوەی: ئـ. فەقیهەکانی شوڕای نیگابان. بـ. بەرزترین کاربەدەستی دەسەڵاتی دادوەری. جـ. بەرپرسی دەنگ ‌و رەنگی کۆماری ئیسلامیی ئێران. د. سەرۆکی ناوەندی فەرماندەیی هاوبەش. هـ. فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران. و. فەرماندە باڵاکانی هێزە نیزامییەکان‌ و ئینتزامییەکان. ٧) چارەسەری کێشەکان ‌و ڕێکخستنی پەیوەندی هەر سێ دەسەڵات. ٨) چارەسەری کێشەکانی نیزام کە بە شێوەی ئاسایی چارەسەر نابن، لە ڕێگەی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی نیزام. ٩) واژۆکردنی حوکمی سەرۆکایەتیی کۆمار دوای هەڵبژاردنی لە لایەن خەڵکەوە. شیاوی کاندیدەکانی سەرکۆماری، بەپێی ئەو مەرجانەی کە لەو یاسایەدا ئاماژەی پێ دەکرێ، دەبێ بەر لە هەڵبژاردنیان لە لایەن شوڕای نیگابانەوە پەسند بکرێ ‌و لە گەڕی یەکەمدا لە لایەن ڕێبەرەوە پەسند بکرێ. ١٠) لە کار لادانی سەرکۆمار بە لە بەرچاوگرتنی بەرژەوەندییەکانی وڵات دوای حوکمی دادگای باڵای وڵات بەهۆی سەرپێچی‌کردن لە ئەرکە یاسایییەکانی، یان دەنگدانی مەجلیس بە نالێهاتوویی ئەو لەسەر بنەمای مادەی هەشتا و نۆیەم. ١١) لێبوردن یان کەمکردنەوەی سزای حوکمدراوان لە چوارچێوەی پێوەرە ئیسلامییەکاندا دوای پێشنیاری سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری. ڕێبەر دەتوانێ بەشێک لە ئەرک ‌و دەسەڵاتەکانی ڕادەستی کەسێکی‌تر بکا.   دەسەڵاتەکانی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، ڕاستەوخۆ، یان ناڕاستەوخۆ لە ڕێگەی هەندێک یاسا و ڕێساوە، هەموو دامەزراوەکانی وڵات دەگرێتەوە. هەر جۆرە دامەزراوەیەکی فەرمی ‌و نافەرمی لە خوارووی ڕێبەرەوەیە. بەپێی قانوونی بنەڕەتی، دامەزراوە هەڵبژێردراوەکانی ‌وەکوو سەرکۆماری ‌و مەجلیس، لەژێر چاودێری دامەزراوە هەڵنەبژێردراوەکانی ‌وەکوو شوڕای نیگابان ‌و کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی نیزام ‌و ڕێبەری کۆماری ئیسلامی‌ دان. ڕەنگە باسکردن لە هەموو دەسەڵاتەکانی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لەو نووسینەدا نەگونجێ، بەڵام هەوڵ دەدرێ جێ پێ ‌و ڕۆڵی سەرەکیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ‌وەکوو کەسی یەکەم، لەنێو تەواوی دەزگا و دامەزراوە دەوڵەتی‌ و نادەوڵەتییەکاندا بهێنرێتە بەر باس ‌و لێکۆڵینەوە، چونکە دەسەڵاتەکانی ڕێبەر لە تەواوەتیی سیستەمدا ڕیشەی داکوتاوە. لێرەدا ئاماژە بە چەند ئۆرگانێک دەکەین کە لەژێر کۆنتڕۆڵی ڕاستەوخۆی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی دان:   کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی نیزام/ سەرۆک ‌و ٤٠ ئەندامەکەی ئەو دامەزراوە بەهێزە بۆ ماوەی ٥ ساڵان لە لایەن ڕێبەری کۆماری ئیسلامییەوە دەستنیشان دەکرێن. گرنگترین ئەرکی ئەو دامەزراوەیە چارەسەرکردنی کێشەی نێوان مەجلیس ‌و شوڕای نیگابانە، چونکە هەر یاسایەک کە لە مەجلیس دەنگی پێ‌دەدرێ، بەر لەوەی بخرێتە بواری جێبەجێ‌کردنەوە، پێویستی بە ڕەزامەندیی شوڕای نیگابانە. ئامادەکردن ‌و پێشنیارکردنی سیاسەتە گشتییەکانی کۆماری ئیسلامی ‌و ڕاوێژکردن لەگەڵ ڕێبەر، لە ئەرکەکانی دیکەی ئەو دامەزراوە ئایینییەن. سەرۆکی هەر سێ دەسەڵات (یاسادانان، جێبەجێکردن ‌و دادوەری) ‌و ئەندامانی شوڕای نیگابان، ئەندامی هەمیشەیی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی نیزامن(1). هەوڵی دامەزراوەکە ئەوەیە ئەو کەسایەتییانە کۆ بکاتەوە کە زۆرترین کاریگەرییان هەیە و ئەزموونێکی زۆریان لە دەسەڵاتدا هەبووە. دامەزراوەیەکی دیکەی هاوتەریب هەیە بە ناوی شوڕای باڵا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان ‌و ڕێکخستنی پێوەندییەکانی نێوان هەر سێ دەسەڵات، کە ئەویش لە ژێر کۆنتڕۆڵی ڕێبەر دایە ‌و سەرۆکەکەی ڕاستەوخۆ لە لایەن ڕێبەرەوە دەستنیشان دەکرێ. لە هەندێک حاڵەتدا، کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی نیزام، مافی ئەوەی پێ‌دراوە کە ‌وەکوو دەزگایەکی یاسادانان کار بکا‌ و یاسا دابنێ.   شوڕای نیگابان/ شوڕای نیگابان ئۆرگانێکی گرنگی کۆماری ئیسلامییە کە لە ١٢ فەقیهـ پێک‌هاتوە، شەشیان ڕاستەوخۆ لە لایەن ڕێبەرەوە دەستنیشان دەکرێن ‌و شەشەکەی دیکەش لە لایەن سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەرییەوە _سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری خۆی لە لایەن ڕێبەرەوە دەستنیشان دەکرێ_. شوڕای نیگابان دامەزراوەیەکی ناوەندیی وڵاتە کە هەموو چالاکییەکانی دەسەڵاتی یاسادانان‌ و پرۆسەکانی هەڵبژاردن ڕێک دەخا ‌و چوارچێوەیان بۆ دیاری دەکا. بەربژێری هەموو هەڵبژاردنەکان، تەنانەت شورای خیبرەگانی ڕێبەرییش دەبێ لە لایەن شوڕای نیگابانەوە پەسند بکرێن. بەپێی مادەکانی ٩١ هەتا ٩٩ی قانوونی بنەڕەتی، شوڕای نیگابان ئەو ئەرکانەی خوارەوەی پێ سپێردراوە:   چاودێریی گونجانیان لەگەڵ پڕەنسیپەکانی ئیسلام/ بەپێی مادەی ٤ی قانوونی بنەڕەتی، هەموو یاسا و ڕێساکان وەکوو یاسا مەدەنییەکان، سزادان، دارایی، ئابووری، بەڕێوەبەری، کولتووری، نیزامی‌ و سیاسی دەبێ لەسەر بنەمای پڕەنسیپەکانی ئیسلام دابندرێن. ئەو پڕەنسیپانە لەسەر پڕەنسیپە گشتییەکان‌ و هەموو یاسا و ڕێساکانی دیکەش جێبەجێ دەکرێن. ئەرکی شوڕای نیگابان، ناسین ‌و دیاریکردنی پڕەنسیپە ئیسلامییەکانە لەنێو یاسا و ڕێساکاندا.   تەفسیر‌ و لێکدانەوەی قانوونی بنەڕەتی/ شوڕای نیگابان بە مانا کردنەوە ‌و تەفسیری مادەکانی قانوونی بنەڕەتی،  یاساکان دەخاتە نێو چوارچێوەیەکەوە. واتە یاساکان دەبێ بەپێی ئەو چوارچێوەیە دابندرێن کە شوڕای نیگابان دیاریی کردوە. هەروەها، ئەندامانی شوڕای نیگابان لە هەمان کاتدا ئەندامی شوڕای پێداچوونەوەی قانوونی بنەڕەتیشن.   کۆنتڕۆڵکردنی هەڵبژاردنەکان/ چاودێری، کۆنتڕۆڵ، پەسندکردن‌ و هەروەها لابردنی بەربژێرەکان‌ و هەموو قوناغەکانی دیکەی پرۆسەکانی هەڵبژاردن لەژێر دەسەڵاتی شوڕای نیگابان‌دایە. هیچ بەربژێرێک بەبێ ڕەزامەندیی شوڕای نیگابان ناتوانێ بچێتە مەجلیس یان ناتوانێ ببێتە سەرکۆمار، تەنانەت بەربژێرەکانی مەجلیسی خیبرەگانی ڕێبەریش دەبێ شوڕای نیگابان پەسندیان بکا. هەروەها، هیچ یاسایەکی مەجلیسیش بەبێ رەزامەندیی شوڕای نیگابان پەسند ناکرێ‌ و ناخرێتە بواری جێبەجێ‌کردنەوە. شوڕای نیگابان بە قورگی دێمۆکراسی لە ئێران دادەنرێ کە لەنێو دەستەکانی ڕێبەردایە. بەرگری لە بنەماکانی ئیسلام‌ و قانوونی بنەڕەتی، لە ئەرکە گرینگەکانی ئەو دامەزراوەیەن.   شووڕای بەرزی ئەمنییەتی نەتەوەیی/ ئەو ئۆرگانە لە ساڵی ١٣٦٨دا بە مەبەستی بەرگری لە بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان‌و  پاراستنی شۆڕشی ئیسلامی، یەکپارچەیی خاکی ئێران‌ و سەروەریی نەتەوەیی ئێران لە چوارچێوەی ئەو سیاسەتە گشتییانەی لەلایەن وەلی فەقیهەوە دادەڕێژرێن، دامەزراوە. پێناسەکردنی سیاسەتە ئەمنیەتییەکان، ئامادەکاری لە بەرامبەر هەڕەشە نێوخۆیی‌ و دەرەکییەکان ‌و پێناسەکردن ‌و دیاریکردنی هێڵە سەرەکییەکانی سیاسەتی ئەتۆمی، سێ لە ئەرکە گرینگەکانی شوڕای باڵای ئەمنیەتی نەتەوەیین. بە پێی مادەی ١٧٦ی قانوونی بنەڕەتی، سەرۆکی شوڕا لەلایەن سەرکۆمارەوە دەستنیشان دەکرێ، بەڵام جێگری سەرۆک ‌و ئەندامانی دیکە، لەلایەن ڕێبەرەوە دەستنیشان دەکرێن. ڕاگەیەندراو‌ و بڕیار ‌و بەیاننامەکانی شوڕا، تەنیا دوای ڕەزامەندی‌ و پەسندکردنیان لەلایەن ڕێبەرەوە بایەخیان هەیە.   ناوەندی سەرەکیی هێزە چەکدارەکان/ ناوەندی سەرەکیی هێزە چەکدارەکان ناوەندی هاوکاریی هەموو هێزە چەکدارەکانە. بەپێی قانوونی بنەڕەتی، ڕێبەر فەرماندەی گشتیی هەموو هێزە چەکدارەکانە. گۆڕینی بەرپرس ‌و فەرماندە نیزامییەکان ‌و هەروەها هەر چەشنە گۆڕانکارییەک لە ئاستەکانی سەرەوەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی، لە لایەن ڕێبەرەوە ئەنجام دەدرێ.   دەنگ‌وڕەنگی کۆماری ئیسلامیی ئێران/ ئەم ڕایەڵە میدیاییە دەستی بە سەر تەواوی ڕادیۆ‌ و تەلەڤیزیۆنە دەوڵەتییەکانی ئێراندا گرتوە. ئەو دامەزراوە مێدیاییە کە دەیان کاناڵی نێوخۆیی‌ و دەرەکیی ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆنی لەخۆ گرتوە، ئەرکی پڕوپاگەندای بۆ کۆماری ئیسلامی لە ئەستۆیە ‌و ناوەندی سەرەکیی بانگەشە بۆ ئایدۆلۆژیای ویلایەتی فەقیهە. بەپێی مادەی ١٧٥ی قانوونی بنەڕەتیی ئێران، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی تەنیا کەسێکە کە سەرۆکی ئەو دامەزراوەیە دەستنیشان دەکا، یان لە سەر کاری لا دەبا.   دامەزراوەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی ڕێبەر/ کۆمەڵێکی زۆر دامەزراوەی ناحکوومی لە ئێران هەن کە دوای ساڵی ١٣٥٨ دروست کراون‌ و ڕاستەوخۆ لەژێر کۆنتڕۆڵی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی‌ دان، یان ناڕاستەوخۆ گرێدراوی ئەون؛ وەکوو دامەزراوە بەناو خێرخوازییەکان، دامەزراوە ئایینیەکان، دامەزراوە کولتوورییەکان، میدیا و ڕاگەیاندن، زانکۆ‌ و دامەزراوە پەروەردەییەکان ‌و هەروەها نوێنەرایەتیی ڕێبەر لە شار ‌و شارۆچکەکان (ئیمام ‌و پێشنوێژەکانی هەینی لە شار‌ و شارۆچکەکان کە دەسەڵاتیان لە بەرپرسانی حکوومەتی وەکوو پارێزگار‌ و فەرماندار زیاترە). دامەزراوە ناحکوومییەکانی گرێدراوی ڕێبەر، کە لەژێر ناو‌ و ئەرکی جیاوازەوە خەریکی کاری سیاسی ‌و بازرگانین ‌و سەرچاویەکی سەرەکیی داهاتن، لە هەر جۆرە ماڵیاتدان بە حکوومەت بەخشراون یان خۆ دەدزنەوە.   بەیتی ڕێبەری: تێکهەڵکێشێکە لە ماڵی مەزهەبی ‌و  بۆرۆکراسیی مۆدێڕن. دامەزراوەیەکی سیاسییە کە کۆمەڵێکی زۆر ڕاوێژکاری لە بوارە جیاوازەکاندا لەخۆ گرتوە. ناوەندی بەڕێوەبردنی هەموو ئۆرگانە دەوڵەتییەکان، نیزامییەکان، دامەزراوە بەهرەدەر‌ و بەهرەنەدەرەکان ‌و هەروەها دامەزراوەی دیکەی گرێدراوی ڕێبەرە. لە سەردەمی خومەینیدا، تەنیا ماڵێکی ئاسایی‌ و مەزهەبی بوو، بەڵام دوای مردنی خومەینی لە ساڵی ١٣٦٨دا، لە لایەن خامەنەییەوە بە دامەزراوەیی کرا. بەیتی ڕێبەری، ئێستا دامەزراوەیەکی زۆر گرنگە کە تەواویەتی سیستەمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەڕێوە دەبا. لەو دامەزراوەیەدا، تەواوی دامودەزگاکانی کۆماری ئیسلامی کۆ کراونەتەوە و لە لایەن وەلی فەقیهەوە ئاراستە دەکرێن. هەروەها بەیتی ڕێبەری لەنێو تەواوی دامودەزگاکاندا، لە وەزارەخانەکانەوە تا خوێندنگاکان، تەنانەت لە دەرەوەی وڵاتیش نوێنەری هەیە. هیچ جۆرە مادەیەکی قانوونی و یاسا و ڕێسای تایبەت بە سیستەمی ئیداری ‌و دارایی بەیتی ڕێبەری بوونی نییە بن‌نووس: ١) مادەکانی ١١٠، ١١١، ١١٢‌و ١٧٧ی دەستووری کۆماری ئیسلامی