کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەشەی گەندەڵی، لە نەبوونی دەسەڵاتی بەرپرسیاردا

15:30 - 20 جۆزەردان 2720

بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی و پەیدابوونی ژیانی کۆمەڵایەتی و بەرەوپێشچوون و گەشەسەندنی تا بەئەمڕۆ، هەمیشە مرۆڤ هەوڵی داوە هەموو شتێکی کۆمەڵگەکەی بە یاسا و دەسەڵاتی بەڕێوەبەرییشەوە، لە پێناو خزمەت بە گەشەی ئابووری و بەرژەوەندییە تاکەکەسییەکانی خۆی بەکار بێنێ. ئەم نەزم و ڕەوتە لە ئارەزوو و ویستی کەسانی زێدەخواز، لەگەڵ بەرەوپێشچوونەکان و گۆڕانکارییەکان لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی و گەشەی خێرای ڕەوتی دێموکراسی‌خوازی و، بەدامەزراوەیی کردنی ڕێکخراو و ناوندەکانی دەسەڵاتداری لەژێر چەتری دێموکراسییەکی گشتگیر و یەکسان‌خواز، وای کرد جێگە بەو تاقمە کەسانە لێژ بێ کە هەموو کات هەوڵیان ئەوە بووە لە لایەک کۆمەڵگە بە هەموو لق و پۆکانیەوە و، لە لایەکی دیکەش دەسەڵاتی سیاسیی وڵات بە تەواوی دامەزراوەکانیەوە، بخەنە خزمەت بەرژەوەندییەکانیان و تەنانەت پێناسەیەک لە خۆیان وێنا بکەن کە ئەوان لە سەرووی حکوومەت و دامەزراوەکانی وڵاتن. ڕەنگە بەرچاوترین بەرهەمی دەسەڵاتێکی دێموکراتیک ئەوە بێ کە ڕێگە نادا بە هیچ کەس یان گرووپێک، کە بیانهەوێ خۆیان لە سەرووی یاساوە ببینن و دەرفەتیان بۆ بخولقێ لە ڕێگەی نایاسایی و دەوردانەوەی یاساکانی وڵات، ئابووریی تاکەکەسیی خۆیان بەرفراوان بکەن. ئەم تێگەیشتنە ئەگەرچی لە دۆخی ئێستادا لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی یان بە تەواوی لە نێو چووە یانیش خراوەتە پەراوێز و دەسەڵاتی سیاسییش پشتەستوور بە یاسا بە هێزەوە بەرامبەری دەوێستێتەوە. بەڵام لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوین ئەو تێگەیشتن و بەکار هێنانە لە جۆری دەسەڵاتداری لەمەڕ بەرژەوەندییەکانی تاک، گرووپ و مافیا تا ئەمڕۆش بە شێوەیەکی بەهێز بوونی هەیە. ئێستا کەسانێک هەن کە لە پێناو گەشەی ئابووریی خۆیان، بەرژەوەندییە گشتییەکانی کۆمەڵگە ژێر پێ دەنێن، حکوومەت بە تەواوی دامەزراوەکانییەوە لە خزمەت بەرژەوەندییەکانی ئەو تاکەدایە و، بگرە زۆر لە خاڵە یاساییەکانی وڵاتیش لە سایەی هێزی ئەودا لاواز دەبن و هیچ کاریگەریەکیان نامێنێ. گەورەبوونەوەی ئابووریی ئەو کەسانە کە لەڕێگای تەواو نایاساییەوە شکڵ دەگرێ، دەبێتە سەرەتایەک بۆ گەشەی مافیا و نفووز و هێژمۆنییان بەسەر ناوندەکانی دەسەڵات. کاتێک ئابووریی ئەو کەسانە گەورە دەبێ، پووڵی ڕەش دەکەوێتە بازنەی دامەزراوە دەوڵەتییەکان، کەسانی بەرپرسیار لە دەوڵەت لە بازنەی گەڕانی ئەو پووڵە ڕەشانەدا هەڵدەسووڕێن، ئیختلاس، دزی، بەفیڕۆ دانی سامانی گشتی، دەیان جۆر بازرگانیی نایاسایی وەک،: مادەهۆشبەرەکان، چەکوچۆڵ، سپی کردنەوەی پووڵ، داگیرکردنی مڵک و ماڵی گشتی، بازرگانی و فرۆشی لەشی مرۆڤ و ... دەبێتە بەرهەمی ساتوسەودای پووڵی ڕەش لەگەڵ دەسەڵاتداران. مافیا کاتێک لە پێش چاوی حکوومەت و بە هاوکاریی حکوومەت بەهێز دەبێ، شەقامەکان دەخاتە ژێر چەتری هێژمۆنیی خۆی کە سەرەتایەکە بۆ سەرهەڵدانی دەیان دیاردەی مەترسیدار. کاتێک حکوومەت ئەرکی خۆی لە بەرامبەر دەستێوەردانی کەسانی هەلپەرست بەجێ ناهێنێ، ئۆرگانیزمی دەوڵەتی دەبێتە قەوارەیەکی بێکەلک و بێسوود بۆ کۆمەڵگە کە باری گوزەران و ژیانی هاووڵاتیانیشیان دشوارتر دەبێ. حکوومەتێک کە دامەزراوەکانی دەکەوێتە خزمەت بەهێزبوونی مافیا و ئاسانکاری دەکا تا کارە نایاساییەکان ڕواڵەتێکی یاسایی بەخۆیانەوە بگرن، بە واتای بڵاوبوونەوەی ژەهرە لە نێو جومگەکانی دەسەڵات و لەوێشەوە کاریگەرییەکانی دەگوازرێتەوە بۆ ژیانی ڕۆژانەی خەڵک. کەسانی هەلپەرست بە سازکردنی باند و گرووپی جۆراوجۆر هەوڵ دەدەن خۆیان وەک شێوە حکوومەتێک لە قاڵبێکی بچووکدا وێنا بکەن و، پێگەی خۆیان و مەیدانی چالاکییەکانیشیان بە سنووربەندییەکی ڕوون و ئاشکرا لەگەڵ حکوومەت دیاری بکەن، بەجۆرێک کە یاساکانی ئەو باند و گرووپانە کاراتر دەبن. زۆرن ئەو وڵاتانەی کە پێڕەوی لە مافیا و کەسانی دەسڕۆیشتوو تێیدا بۆتە نەریت، کە بەرچاوترینیان دەکرێ بڵێین ئێرانە. لەم ساڵانەی دواییدا بە ڕوونی، بە زڕانی ناوی دەیان بەرپرسی گەندەڵ لە ئاستی سەرەوەدا، ئەو ڕاستییە دەرکەوت کە ئەوەندەی کەسانی هەلپەرست و مافیاکانی پشت یپەردە بەهێزن، هێندە حکوومەت و ئۆرگانە ڕەسمییەکانی بەهێز نین. ڕەنگە بڵێین هۆکارەکەی بۆچی دەگەڕێتەوە؟ سەرەکیترین هۆکار، بوونی دامەزراوەیەکی زەبەلاحە لەژێر ناوی" بەیتی ڕێبەری"، کە لە لایەن خامنەییەوە بەڕێوە دەچێ. دەوڵەتێکی بەهێزی شاراوە لە نێو جەستەی دەوڵەتێکی دیکەدا. ئەم ئۆرگانە ڕێبەرییە کە سەرچڵی دەیان و سەدان لقوپۆی باندەکانی قۆرغکردنی بازاڕی دراو، ماشین و زەوی، دامەزراوەی جۆراجۆر، بانک، ناوەندی خێرخوازی، شیرکەتە بەرهەمهێنەکانی دەوا و دەرمان، بواری سەنعەت هەر لە کارخانەی ماشینسازیی سایپاوە بگرە تا سازکردنی دامودەزگای کشاوەرزی و پیشەیی، بەنداوەکان، بازاڕی خانووبەرە، میدیاکان و بەدوای ئەوانیش بە دەستەوەبوونی دەیان ناوەندی نیزامی کە لە عەرزی واقعدا هیچ ناونیشانێکی یاساییان نییە و بەشێکیش نین لە ئۆرگانە فەرمییەکانی دەوڵەت، باسکی بەهێزی پارێزگاری کردن لەو دەیان و سەدان باند و گرووپە مافیاییانەی کە چ لە بەستێنی ئابووری و چ لە بەستێنی سیاسییدا، هەموو شتێکیان لەژێر ڕکێفی دەسەڵاتداریی خۆیاندا قۆرغ کردوە. کارزاری مافیاگەری و پووڵی ڕەش بە شێوەیەکی ئاشکرا خزاوەتە نێو هەڵبژاردنەکانی مەجلیس، سەرۆککۆماری، شۆڕاکان و بگرە لە زۆربەی کاتەکانیش بۆ دەسنیشانکردنی مودیر و بەرپرسانی ئیدارەیەک لە شارێک، کەسانی دەسڕۆیشتوو یان هەمان مافیا دەوریان هەیە. لەم ساڵانەی دواییدا بەپێی ئامار و پەروەندەکانی خودی "قوەی قضاییە"، هەر لەجێگری سەرۆککۆمارەوە بگرە تا وەزیر، برای سەرۆککۆمار، مودیرە پلە بەرزەکانی زۆر وەزارەت و ئیدارە، ڕەئیسی بانک و فەرماندە باڵاکانی هێزە چەکدارەکان و، نوێترین نموونەش جێگری "قوەی قضاییە" بە هۆی تێوەگلان و هیدایەتکردنی تیمێکی گەورە لە گەندەڵکاران کە نفووزیان لە نێو دادگاکاندا هەبووە، بۆ نمایشێکی تلەویزیۆنی دادگایی کران. ئەم نموونانە نیشان دەدەن کە ئەوەی لە ئێران حکوومەت دەکا، مافیاکانی پشتی پەردەیە کە سەرچڵەکەیان "بەیتی ڕێبەری"ـیە، نەک ئەو کەسانەی کە لە هەڵبژاردنێکی نمایشی و بە سندووقی دەنگدانێکی ناڕوون دیاری دەکرێن، ئەو بەربژێرانەی لەهەڵبژاردنەکان دەردەچن، لە جێی خۆیاندا تەنیا بەشێکن لە تەواوکردنی ئەو پازڵەی کە مافیا بۆ ڕووە یاساییەکەی خۆی پێویستی پێیەتی.