کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکخراوی "گورگە بۆرەکان"ـی توورانی، "بارش جاکان"ـی کوردیان کوشت

21:14 - 26 جۆزەردان 2720

  لە نێو جەرگەی شاری ئانکارای پێتەختی دەوڵەتی تورکیەی ڕەگەزپەرست و تێرۆریستدا، بە شێوەیەکی دڕندانە و نامرۆڤانە، تورکە ڕەگەزپەرست و توندڕەوەکان، نازییە تازەکانی تورکیە، لاوێکی کوردیان تێرۆر کرد. حەوتووی ڕابردوو ئەردۆغانی کوردکوژ، تاوانی کوشتنی "جـۆرج فلۆیـد"ی ئەمریکایی مەحکووم کرد و گوتی ئەمریکا ڕەگەزپەرست و فاشیستە. ئێمە داکۆکی لە ئەمریکا ناکەین، بەڵام وا دیارە کە ئەردۆغان سەد ڕوو، کورد گوتەنی "دەرزی لە نێو چاوی خەڵکیدا دەبینێ، بەڵام شووژن لە نێو چاوی خۆیدا نابینێ"؛ دەوڵەتی تورک نەک هەر گۆرانیی کوردی، بەڵکوو کوردبوونیشمان بە تاوان دەزانێ. لە کاتژمێری دە و نیوی ئێوارەی ڕۆژی یەک‌شەممە، لە شاری ئەنقەرە لە گەڕەکی "ئەلیسانکات"، لاوێکی کورد بە ناوی "بارش جاكان"، ته‌مه‌ن٢٠ ساڵ، کە لە شاری "ئاگری" لە باکووری کوردستان لەدایک بووە، باریان کردوە بۆ ئەنقەرە. بارش جاکان لەگەڵ ئامۆزایەکی و چەند هاوڕێیەکیدا، لە نێو پارکێکی نزیکی ماڵی خۆیان، بە موبایلەکەی گوێ لە گۆرانی کوردی دەگرێت. سێ توورانیی ڕەگەزپەرست و توندڕەو کە گوێیان لە گۆرانی کوردی دەبێ، بە هەستێکی ڕەگەزپەرستییەوە بە چەقۆوە پەلاماری بارش جاکانیان دا و چەقۆیەکیان لەسەر دڵی دا، هەر لەو شوێنەدا بارش گیانی لەدەست دا. سێ بکوژەکەش کە خەڵکی "یوزگات و کیرکەڵا و تۆکات"ـن لە لایەن پۆلیسەوە گیران. ئامۆزایەکی بارش کە لەگەڵی بوو بە هەواڵنێریی "میزۆپۆتامیا"ی ڕاگەیاند و گوتی: "لە کاتی گوێگرتن لە گۆرانیی کوردی، سێ کەس بە چەقۆوە هێرشیان کردە سەر ئامۆزاکەم لەسەر دڵیان دا." جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە کە ڕەگەزپەرستی پاڵی پێوە ناون کە ئەم تاوانە بکەن، بەڵام ئەوان بە تاوانی نازانن. هەر لەو لێدوانە ڕۆژنامەییەدا، گوتیشی: "ئەمە یەکەمین جار نییە بەهۆی گوێگرتن لە گۆرانیی کوردی لە لایەن توندڕەوانی تورکەوە ڕووبەڕووی هێرش دەبینەوە." بەڵام لە دوای وەرگرتنەوەی تەرمەکەی بارش جاکان لە نەخۆشخانە پۆلیس و میتی تورکیە هەڕەشەیان لە ئامۆزاکەی و باوکی کرد، کە نابێ بڵێن بە هۆی گوێگرتن لە گۆرانیی کوردی ئەو سێ کەسە بارشیان کوشت، بەڵکوو بڵێن بانگ دەدرا و ئەویش دەنگی گۆرانییەکەی بەرز بوو، بۆیە کوشتیان. هەڕەشەکەی پۆلیس دەقی هەمان سێناريۆیە کە دوێنێ والیی ئەنقەرە بەیاننامەیەکی لەسەر ئەم ڕووداوە دەرکرد و تێیدا گوتوویەتی: "کوشتنی بارش بە هۆی ئەوەوە نەبووە کە گوێی لە گۆرانیی کوردی گرتوە، بەڵکوو لەبەر ئەوەی لە کاتی بانگ داندا دەنگی گۆرانییەکەی بەرز بووە بۆیە کوشتوویانە." منداڵێکی نێو لانکیش پێکەنینی بەم درۆ و سێناریۆ بێ‌مانایە دێت، چونکە کاتی کوشتنی بارش کاتی بانگ دان نەبوو و، لەوەش گرینگتر ئەوەی‌کە تورکیە یەکێک لە وڵاتانی ناوچەیە کە ئازادییەکی بەرچاو لە شوێنە گشتی و گەشتیارییەکانیدا هەیە؛ هەوڵ دەدەن لەژێر ناوی ئاییندا درێژە بە کردەوە تیرۆریستییەکانی خۆیان بدەن. بۆیە لەژێر هەڕەشە و ترسدا، بنەماڵەکەی قسەکانیان بۆ ڕۆژنامەکانی تورکیە گۆڕی. ئامۆزاکەی گوتی: "نازانم من لەوێ نەبووم." باوکیشی گوتی: "کوشتنی کوڕەکەم پێوەندیی بە گۆرانیی کوردییەوە نییە." هەر بە پێی داوای ڕۆژنامەکانی تورکیە و بە ئامادەبوونی پۆلیس، وەکوو لە سایتی "میدیا سكوپ"ـی تورکییدا و هەروەها میدیا حکوومەتییەکانی تریش بڵاویان کردۆتەوە، باوکی بارش گوتی: "هێرش‌بەران کوڕەکەمیان ئاگادار کردەوە کە بە دەنگی بەرز لە کاتی بانگدا گوێ لە گۆرانی نەگرێ، بۆیە دوای مشتومڕێک کوشتیان." ئەم تاوانە ڕەگەزپەرستییەی تورکیە لە تاوانی کوژرانی "جۆرج فلۆید"ی ئەمریکایی کەمتر نییە کە خەڵک عەرشی دۆناڵد ترامپیان هێناوەتە لەرزین و تا ئەمڕۆش نەی‌توانیوە کە ئاگری تووڕەیی و ناڕەزایەتیی ئاگرەکە دابمرکێنێ. گەر کورد لە تورکیەدا خۆپیشاندانی لەم چەشنە بەڕێوە بەرێ، بێ‌گومان تورکیە بە گوللـەباران و کوشتن وڵامیان دەداتەوە. ڕۆژی چەند جۆرج فلۆیدی کورد تێرۆر دەکەن، کەچی یەک دەوڵەتیش نییە کە تورکیە شەرمەزار بکات. پارتی دێموکراتی گەلان لە تورکیە، لە بەیاننامەیەکدا، تێرۆری بارشیان مەحکووم کرد و جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە  بارش جاکان، بە هۆی باوەڕە ڕەگەزپەرستییەکانەوە کوژراوە. ئەوەشیان گوت: "ئەو ئەقڵییەتەی بارشی کوشت، هەر هەمان ئەقلییەتە کە خوێندنگە کوردییەکانی داخست و نووسراوە هەڵواسراوە کوردییەکانی داگرت." کوشتنی بارشی بێ‌تاوان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لە لایەن پەرلەمانتارانی "هه‌ده‌په" ‌و چەندین نووسەر و ڕۆژنامەنووس و کەسایەتییەوە، تووڕەیی و ناڕەزایی لێ‌کەوتەوە و بە توندی شەرمەزار کرا. پەرلەمانتاری ئەرمەنی، "گارۆ بایلان"، سەر بە پارتی دێموکراتی گەلان، تورکیەی لە  کوشتنی بارش بە بەرپرسیار زانی. بایلان لە تویتێکدا، نووسی: "کەشوهەوای دوژمنایەتی، گیانی یەکێکی تری ستاند" و گوتیشی: "حکوومەت بەرپرسە لە هاندانی سیاسەتی ڕق‌ لـێ‌بوون." سەرۆکی بلۆکی پەرلەمانی "هه‌ده‌په‌"، خاتوو "میرال دانیش بێشتاش"، لەم بارەوە گوتی: "ئەوانەی کە ئەم هێرشەیان کرد ناسراون و تۆی ڕق و دوژمنایەتی دەخەنە نێوان خەڵکەوە و ڕێگرییش لە وتاری ئاشتی دەکەن." نووسەر و ڕۆژنامەنووسی کورد،"بەکر شوانی"، لە فەیسبووکەکەیدا، نووسیویەتی: "بارش جاکان بە هۆی گوێگرتن لە گۆرانیی "موراد دەمیر" و "ئەردەم ئاڵتنێس" کوژراوە، هەروەها نووسیویەتی: "بارش جاکان! کام گۆرانی تۆی کوشت؟ بڵێ، با هەموومان گوێی لێ‌بگرین." هەروەها پەرلەمانتاری کورد، خاتوو "ڕەمزیە تۆسۆن"، لە پارتی "هەدەپە"، لە تویتێکدا ڕوو بە ئەردۆغان، گوتی: "هێندێک کەس دژی هەموو شتێکی کوردن، ئەم دوژمنایەتییە کۆتایی بە تۆی فاشیست دێنێ." ئەو سێ کەسەی کە بارش جاکانی کوردیان کوشت، سەر بە ڕێکخراوی"گورگە بۆرەکان"ـن. کێن ڕێکخراوی"گورگە بۆرەکان"؟ ڕێکخراوێکی توورانیی ڕەگەزپەرستی توندڕەون، بە ڕێکخراوی"ئوجاکلاری"ـیش ناو دەبرێ، باڵی چەکداریی نافەرمیی پارتی "بزووتنەوەی نەتەوەیی"ـی ڕاست‌ڕەون، کە پارتێکی ڕەگەزپەرستە و سەرۆکەکەی "دەوڵەت باخچەلی"ـیە، کە تا سەر ئێسقان ڕقی لە کوردە و دوژمنایەتیی کورد دەکا و لەگەڵ پارتەکەی ئەردۆغان ڕێک‌کەوت کە بە هەموو شێوەیەک دژی کورد بوەستنەوە بیانکوژن. ڕێکخراوی گورگە بۆرەکان، کە لە شەستەکاندا دامەزراوە، کۆمەڵێک توورانیی ڕەگەزپەرست و توندڕە و مافیان، کە نەتەوەی تورک بە باڵاترین نەتەوەکانی جیهان دەزانن. دوژمنایەتیی ئەوانە دەکەن کە لە تورکیە دەژین، وەکوو: کورد، یۆنانی و ئەرمەنی، بە تایبەتیش سەرسەختانە دوژمنایەتیی کورد دەکەن. ئەم ڕێکخراوە ڕەگەزپەرستە تا ئێستا بە دەیان تاوانی کۆمەڵکوژی، تێرۆری کەسایەتیی کورد و، تەقینەوەیان لە کۆبوونەوەکانیاندا کردوە. ئەم ڕێکخراوە کوشتاری ساڵی ١٩٧٧ـیان لە سەنتەری ته‌قسیم له‌ ئەستەمبوڵ ئەنجام دا کە ١٢٦ کەس بوونە قوربانی و ژمارەیەک کوردیان تێدابوو. لە ساڵی ١٩٧٨ـیش، لە شاری مه‌رعشی باکووری کوردستاندا ١٠٠ کوردی عەلەوییان کوشت و ڕێبەرە ئایینییەکان ئەو فەتوایەشیان دەرکرد"ئەوەی کوردێکی عەلەوی بکوژێت، وەکوو ئەوە وایە کە پێنج حەجی کردبێت"، هەر ئەم ڕێکخراوە لە پاریس لە ساڵی ٢٠١٣ سێ ژنە سیاسەتوانی کوردیان بە ناوەکانی، "سەکینە جانسز"، "ڤیدان دۆغان"، "لەیلا شایلەمز" تێرۆر کرد. ڕێکخراوی گورگە بۆرەکان، لە نێو سپا و پۆلیس و میتی تورکیەدا ڕەگیان داکوتاوە و، بە هاوکاری لەگەڵ ئەوان بە دەیان کار و کردەوەی تێرۆریستییان لە شارەکانی کوردستان بەڕێوە بردوە. تورکیە تەنیا لە باکووری کوردستان دژایەتیی ڕۆشنبیری و زمان و هونەری کوردی ناکا، بەڵکوو لە هەر وڵات و شوێنێک بۆیان بکرێ، دژایەتیی دەکەن. لە زانکۆیەکی ژاپۆندا کە کۆرسێکی فێربوونی زمانی کوردی کرایەوە و پێشوازیی بەرچاوی لێ‌کرا و دەنگدانەوەی باشی هەبوو. هەر ئەمەش بووە هۆی دژ کردەوەی بەرپرسانی ڕەگەزپەرستی دەوڵەتی تورکیە و لە ڕێگەی وەزیری دەرەوەیان داوایان لە دەوڵەتی ژاپۆن کرد پێش بە بەردەوامیی ئەو کۆرسە بهێنن، بەڵام ئەو زانکۆیە بەم زووانە کۆرسی دووەمی خۆی دەکاتەوە. لە کۆتاییدا دەبێ بڵێین ئەم هەوڵ و کردەوانە بە شێوەیەکی سیستماتیک بەڕێوە دەچێ و پشتیوانیی دەوڵەتی تورکیەی لە پشتە، هەر بۆیە پێویستە لە لایەن دەوڵەتان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە بە توندی شەرمەزار بکرێ.