کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕادیۆی دەنگی کوردستان، چل ساڵ هەق وێژی و نەوەستان

16:59 - 27 جۆزەردان 2720

ئەمڕۆ ٢٧ی جۆزەردان، چل ساڵ بەسەر دەسبەکاربوونی ڕادیۆی دەنگی کوردستان دەنگی گەلێکی بندەست و مافخوازدا تێدەپەڕێ. چل ساڵ بەر لە ئێستا لە کاتێکدا کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەیەویست دەنگی ئازادی و ئازادیخوازن کپ بکا، لەو کات و سەردەمەدا ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموكرات بە هەست کردن بەو زەروورەتە کە پێویستە دەنگی کورد بە گوێی ئازادیخوازانی ئێرانی بگا و هەواڵی ڕووداوەکان و بەرەکانی جەنگ بگاتە هەموو ماڵێکی کورد و، بۆ وشیارکردنەوەی خەڵک و باس‌کردنی ڕاستییەکان و بۆ لەقاودانی جینایەتەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە ئیمکاناتێکی کەمەوە بەڵام بە ئیرادەیەکی بەهێز و پتەو ڕادیۆی دەنگی کوردستانی دامەزراند. ڕادیۆ دەنگی کوردستان، بە شمشاڵەکەی قالەمەڕە دەستی پێ‌کرد و بە شریخەی چەکی پێشمەرگە دەنگی دایەوە، بە ڕاستوێژی بوو بە جێی سەرنجی دۆست و دژمن و بە خۆشەویستی سەری بە هەموو ماڵێکی کورددا کرد و بوو بە میوانی هەمیشەیی خەڵکی کوردستان. ڕادیۆی دەنگی کوردستان لە واشینگتۆن و لەندەن بەرنامەکانی بڵاو نەدەکردەوە، ڕادیۆ لەنێو جەرگەی شەڕ و لە دۆڵ و چیاکانی کوردستان، لە ژێر ڕەهێڵەی تۆپ و بۆمبا، لەسەر دەستی چەند کەسێکی خۆبەخش و ماندوویی نەناس، بە قەڵەمی چەند ڕووناکبیر و سیاسەتوانی کورد و بە هیممەتی دوکتۆرەکان و هاوڕێکانیان، بە پشتیوانی پێشمەرگە و بە پشت بەستن بەهێزی گەلەکەی دەستی بەکار کرد. ڕادیۆی دەنگی کوردستان، لە ماوەیەکی کورتدا بوو بە خۆشەویستی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و جێی باوەڕ و متمانە و ڕۆژانە میوانی ماڵەکانیان بوو. ڕادیۆ دەنگ زوڵاڵە هەقوێژ و ڕاستوێژەکەی کوردستان، ڕۆژانە هەواڵی بەرەکانی جەنگ و بەربەرەکانی ڕۆڵەکانی گەلی کوردی بە ئەمانەتەوە دەگەیاندە هەموو ماڵێک، وتارە سیاسییەکان و لێکدانەوەی ڕووداو و پێشهاتەکان، هەواڵی سەرکەوتنەکان، ئاگادار کردنەوەی خەڵک لە پیلان و سیاسەتی دژمنانەی کۆماری ئیسلامی، قەتڵوعامی خەڵکی گوندەکان، لەسێدارەدانی لاوانی کورد، هەواڵە دڵتەزێنەکانی شەهیدبوونی ڕێبەران و فەرماندە و کادر و پێشمەرگەکان، سووتانی ڕەز و باخ و دارستانەکانی کوردستان، ناڵەی بریندارەکان و هاواری دایکی شەهیدانی بەگوێی خەڵکی ئێران و کوردستان دەگەیاند. دوکتۆر قاسملووی شەهید لەو پێوەندییەدا فەرمووی: "جێگای شانازییە لە کاتێکدا ڕۆژنامەی "کوردستان" لەبەر هەلومەرجی تایبەتیی خەباتی حیزبەکەمان بە ڕێکوپێکی دەرناچێ، "ڕادیۆی دەنگی کوردستانی ئێران"، ئەو بەتاڵایییەی پڕ کردۆتەوە کە کەمبوونی چاپەمەنی پێکی هێناوە. ڕادیۆی دەنگی کوردستان لەڕاستیدا ڕۆژنامەیەکی وێژەر (گویا)یە کە هەموو ڕۆژێ لە سەدان هەزار نوسخەدا دەردەچێ و دەگاتە هەموو شارێک، هەموو دێیەک و سەر بە هەموو ماڵێکدا دەکا. لەوەش گرینگتر، خوێندەوار و نەخوێندەوارەکان کەلکی لێ ‌وەردەگرن و کرێکار لە کارگە و، جووتیار لە کێڵگە و، شوان لە چیا و لەوەڕگە گۆیی بۆ دەگڕن و لێی حاڵی دەبن... ... ئێمە بە چاوی مامۆستایەک و کەرەسەیەکی فێرکردن سەیری ڕادیۆ دەکەین و هیوادارین ڕۆژێک بێ کە موهەندیس و کرێکار و نووسەر و وەرگێڕ و وێژەر و پارێزەرانی ڕادیۆ کوردستان بە هەموو خەڵکی کوردستان بناسێنن، تا کۆمەڵانی بەئەمەگ و هەقناسی کورد، بەگەرمی ئەو ڕۆڵە بەنرخ و دڵسۆزانەیان گوڵباران بکەن"... ڕادیۆی دەنگی کوردستان بابەتەکانی بە قەڵەمی بوێر و بەپێزی ڕێبەران و نووسەرانی وەک  دوکتۆر قاسملوو، دوکتۆر سادقی شەرەفکەندی، مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادە، فەتاح کاویان، کەریمی حیسامی، بابا عەلی مێهرپەروەر، حەسەن شەڕەفی، عوسمان ڕەحیمی، مستەفا شڵماشی و برایم لاجانی  لەژێر ئەشکەوت و خێمە و تاشەبەردەکانی کوردستان دوور لە هەموو ئیمکاناتێک تەنیا بە پێنووسێکی هەقوێژ و ڕاستوێژ دەکەوتە سەرپەڕی کاغەز و، بە دەنگی زوڵاڵی تەها و ئەحمەد و خەجێ و بێهروزی کوردئەحمەدی، لە دۆڵ و چیاکانی کوردستان دەنگی دەدایەوە و خەڵک لە ماڵەکانیان کپ و بێدەنگ بەگوێی دڵ  گوێیان لە باس و بابەتەکان دەگرت. شێربەگی شریخەی چەک و دەنگی دلێری پێشمەرگەی بە "سەرنج بدەن"، هێز و ورەی دەدایە خەڵک و، خەجێ بە سۆزی دەنگە ناخ هەژێنەکەی هەواڵی گیانبەختکردنی تێکۆشەرانی کوردی ماڵ بە ماڵ بڵاو دەکردەوە و، بێهروز باس و بابەتە سیاسیەکانی ڕۆژی پێشکەش دەکرد و  و کاک تەهاش بە ئارامی سوکنایی دەدایە دڵی خەڵکی زوڵم‌ لێکراوی کوردستان و بە وتەکانی بزەی دەخستە سەر لێوی خەڵک و لە ڕێگەی ڕادیۆوە لەگەڵ خەڵک لە پێوەندیدا بوو و، وڵامی نامەکانی دەدانەوە. مەکۆ و نەورۆز بە زاراوەی کورمانجی و لە بەشی فارسیشدا کەسانی وەک بێهروز و سیامەکی قەویپەنجە، ماندوونەناسانە ئەو ئەرکەیان بەڕێوە بردو. لە کاروانی پڕ لە سەروەری شەهیداندا کاک ئەحمەد قادری، ڕێزی لە خەبات و فیداکاریی ڕۆڵە شەهیدەکانی گەلەکەمان گرتوە. تێکۆشەرانی ماندوویی نەناسی بەشەکانی دیکەی ڕادیۆش هەموو بیر و فکریان لای بەهێز کردنی دەنگی ڕادیۆ و ئارشیو و بەرەوپێشچوونی کارەکانی ڕادیۆ بوو. لەنێو هەموو ئەوانەشدا موهەندیس خەیاتی ئەندازیار و دامەزرێنەری بەشی فەننی پێویستە یادی بکرێتەوە و، ڕێز لەو ئازەری زمانە بگیرێ کە هەوڵ و زەحمەتەکانی دەنگی کورد و دەنگی کوردستان لە هەموو شوێنیک دەنگی دایەوە.