کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

با درۆ و دەلەسە سۆشیال میدیا جوانەمەرگ نەکات، ڕادیۆ دەنگی کوردستانمان لەبیر بێت

03:12 - 31 جۆزەردان 2720

بە بۆنەی چل ساڵ خەباتی ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران زیاترئەو کەسانەی تەمەنیان لە چاو ژیانی سنوورداری مرۆڤێک چووەتەبان، وەک نۆستالیژی یان بەکوردی بڵێین پێوەندیی سۆزدارانە شتی ڕابردوو بیرخۆیان دەهێننەوە. ڕەنگە منیش وابم، بەڵام هەوڵ دەدەم لەم بابەتە کورتەدا لەمجۆرە سۆزدارییە دوور بکەومەوە. ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران چل ساڵ لەمەوبەر، هاوکات لەگەڵ لەدایک‌بوونی ئاڵوگۆڕێکی نوێی سیاسیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دامەزرا و دەستی بە کاری ڕاگەیاندن کرد. دیارە وەک ئاماژەم بۆ کرد، ئێستا ئەم ڕادیۆیەش بۆ زۆرکەس بووەتە نۆستالێژی و سۆزدارانە بە دەربڕین یان لە دەروونی خۆیاندا یادی دەکەنەوە. منیش ئەو لایەنە سۆزدارییەم لەیاد ناچێت. ئەو کاتەی کەناڵی ئاسمانیی تەلەفزیۆن و ئینترنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نەبوون، لە کاتی دیاریکراودا لەدەوری ڕادیۆیەک کۆدەبووینەوە و گوێمان بۆ دەنگی کوردستان شل دەکرد. ڕادیۆ دەنگی کوردستان سەرەتاکانی دەست‌بەکاربوونی بە بڵاوکردنەوەی قاسپە قاسپی کەو دەستی پێدەکرد و دوای ماوەیەکی کورت شمشاڵەکەی قالەمەڕە دەگەڵ راستگۆییەکانی ئەم ڕادیۆیە ئاوێتە کرا و هەمیشە بەر لە سەرەتای کاتژمێری دەستپێکردنی بەرنامەکان دەنگی شمشاڵی قالە مەڕە، ماڵ و کۆڵانەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتی دەتەنییەوە. تەنانەت ئەو"تەشویش" (پارازیت)ـەی ئەوکات قوڕگی دەنگی کوردستانی ڕێکدەگوشی، ئەویش بۆمان بووە نۆستالێژی و ڕەنگە زۆر کەس پێیان لە دەنگ و کەلامی هێندێک گۆرانی‌بێژی ئەم سەردەمە خۆشتر بێت. پێچەوانەی قسەی خۆم نۆستالێژی تەنگی بە منیش هەڵچنی و ئەوەی سەرەوە ڕەنگە بیرەوەرییەکی سۆزدارانە بێت. بەڵام لەم چەند دێڕەی خوارەوە پێمخۆشە بەکورتی و بێ‌لایەنانە و دوور لە هەستی سۆزداری دەروەست‌بوونی "ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران" و بێ دەروەستیی سۆشیال درۆی سەردەم لەبەریەک ڕابگرم. تایبەتمەندیی دیاری ڕادیۆ دەنگی کوردستان: لە کاتێکدا "ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران" نزیکەی ٤٠ ساڵ دوای دامەزرانی ڕادیۆ لە ئێران دامەزرا (ڕادیۆ بۆ یەکەم‌ جار لە ئێران لە ٤ی بانەمەڕی ١٣١٩ی هەتاوی ڕۆژانە بۆماوەی ٨ کاتژمێر لەتارانەوە دەستی بە وەشانی بەرنامەکانی کرد.)، بەڵام لەگەڵ هەموو تەنگ و چەڵەمەکانیدا توانیی وەک ئامێرێکی ڕاگەیاندنی جێگەی بڕوا و متمانەی گوێگرانی هەراوی، قورسایی خۆی بسەلمێنێت. ڕاستگۆیی یان گێڕانەوەی "بێ درۆ" تایبەتمەندیی سەرەکیی ئەم ڕادیۆیە بوو. بە شایەتیی ئەو خەڵکە زۆرەی کە بە خۆشییەوە ئێستا زیندوون و ژیانی چل ساڵەی ڕادیۆ دەنگی کوردستانیان باش لەبیرە، دەنگ‌وباس و هەواڵەکانی ئەم ڕادیۆیە سەرچاوەی بڕواپێکراوی دۆستان و دوژمنانی ڕادیۆکە بوو. هەرچەند ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران ، ئۆرگان و دەنگی حیزبی دیموکرات بوو، بەڵام من دەمهەوێ حەز و خۆشەویستی یان دژایەتی‌کردنی حزبی دیموکرات بەلاوە بنێم و دەنگی کوردستان تەنیا وەک ئامێرێکی ڕگەیاندن چاو لێ‌بکەم. ئەوانەی هەرنەبێ بۆ ماوەیەکی کەمیش بەردەوام بیسەری ڕادیۆ دەنگی کوردستان بووینە، زۆرجار لەم ڕادیۆیەمان بیستووە هەواڵێکی هەڵەی خۆی لە بەرنامەی ڕۆژانی دواتردا ڕاست کردووەتەوە. تەنانەت لە ژمارەی کوژراوانی هێزەکانی بەرانبەریشدا زۆر جار بۆ بەرنامەی داهاتوو ژمارەی دەستکەوتەکانی کەم کردووەتەوە و چاوی خەڵکی نەبەستوە. کاتێک گرنگیی ئەم ڕاستگۆییە دەردەکەوێت کە بزانین کاتی لە لووتکە دابوونی ڕادیۆکە، خۆی تەنیا مەیدانداری ئەم بوارە بوو و بەرهەڵستی وا نەبوو پێش بە چەواشەکاری بگرێت. جودا لەم تایبەتمەندییە دیارەی دەنگی کوردستان، ئەم ڕادیۆیە بە ئاشکرا دەنگی حیزبێکی سیاسیی ناسراو بوو. ڕادیۆکە بەرنامەکانی لە دووبەش پێکهاتبوو. بەشی هەواڵ و بەشەکانی دیکەی وەک "وتاری سیاسی"، "لێکدانەوەی سیاسی"، "کاروانی شەهیدان"، "وڵامی نامەی گوێگران" و " بەرنامەی دیکەی ئەدەبی. (خۆم زۆر حەزم لە بەرنامەی کۆلکە‌زێڕینە بوو). دیارە خاوەنی ڕادیۆکە لە هەموو هەڵوێستەکانی دیکەی ڕادیۆکە بەرپرسیار بوو. بەپێی ئەو ناسنامەیە لە بەشەکانی وەک بۆچوونی سیاسی و لێکدانەوەی بارودۆخەکەدا حیزبی دێموکرات وڵامدەر بوو. من لێرەدا دەمهەوێت بڵێم کە ئەم ڕادیۆیە وەک ئامێری ڕاگەیاندن، ئەخلاقی مرۆڤانەی دەزگایەکی ڕاگەیاندنی بە تەواوی ڕەچاو کردبوو و دەیپاراست. تایبەتمەندییەکانی سۆشیاڵ میدیا: سۆشیاڵ میدیا بەو دەرفەت و کەرەستانەی سەر ئینترنێت دەگوترێت کە لە چەندین تۆڕی جودا و بەیەکەوە لکاوی کۆمەڵاتیی وەک پێگەکانی ئینترنێت، تۆڕەکانی فەیسبووک، تویتەر، واتساپ، ئینستاگرام و... پێک‌هاتوون. ئەم تۆڕە هەراو و بەرینە دەرفەتی بۆ مرۆڤ ڕەخساندوە تەنیا بە هۆی ئامێرێکی موبایلەوە دەستی بە هەموو زانیارییەکانی نێو ڕایەڵەکە ڕابگات و خۆیشی ببێتە سەرچاوەی هەواڵ و زانیاری یان گواستنەوە و بڵاوکردنەوەی زیاتری هەواڵ و زانیاری. مرۆڤ دەتوانێت بە بەشداریکردنی لەم تۆڕەدا لە هەموو بوارەکانی ژیان لە سیاسەتەوە بگرە هەتا ئەدەبیات و بازرگانی و پێوەندیی سۆزدارانە و پڕۆپاگەندا و سیخوڕی و.... چالاک بێت. بەشێک لە پێوەندییەکانی نێو تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینترنێت وەک پێوەندیی ئەندامانی گروپە داخراوەکان یان هی دەزگاکانی هەواڵگری و تەنانەت پێوەندییە دوولایەنەکانی خۆشەویستان و پێوەندییەکانی دڵداری هەرچەند لەم تۆڕە کۆمەڵایەتییانەدان، بەڵام دەگەڵ سۆشیال میدیا لێک جودان. ئەوان هەواڵ زانیاری بڵاو ناکەنەوە. سۆشیال میدیا بەهۆی خێرایی و ئەو دەرفەتەی بە بڵاوکردنەوەی دەقی نووسراو و دەنگ و وێنە خستوویەتە بەردەستی مرۆڤ، ئەگەر بە باشی کەڵکی لێوەربگیرێت، دەتوانێ خزمەتێکی باشی پێوەندییەکان و ئاڵوگۆڕی زانیاری و بڵاوکردنەوەی زانست بکات. بەڵام وەک زانستی"نێووکی" (ئەتومی) دەکرێت ببێتە هۆی سڕینەوەی کولتووری سیاسی، زانستی، نەتەوەیی، هونەری و .... سۆشیال درۆ لە کوردستان: لە کوردستان، سۆشیال میدیا وەک ئەو ناو و پێناسەیەی پێیەوە دەناسرێتەوە، ئەرکی خۆی جێبەجێ نەکردوە. بەڵکوو خێرا ئاوێتەی درۆ کراوە و خەریکە بە ڕێژەیەکی زۆر به کۆنکرێتی دەبێت بە سۆشیال درۆ. ئەمەی من دەڵێم جیا لەو درۆ و دەلەسانەیە لە پێگە (ماڵپەڕ)ـه خاوەن ناسنامەکانەوە بڵاو دەکرێنەوە. ئەوان "سۆشیال درۆ" نین و سۆشیال میدیای "درۆزن" و "چەواشەکار"ن. بەشێکی دیار و سنوورداری سۆشیال میدیای خاوەن ناسنامە ئێستاش سەرچاوەی رڕاستگۆیی و تایبەتمەندییە باشەکانن. بەڵام سۆشیال درۆ ئەو لاپەڕە و ئەکاونتانە  لە خۆ دەگرێت  کە  ناو و ناسنامەشیان درۆ و خوازراوە. کەس نازانێ هی کێن و هەموو زانیارییەکانیشیان لەسەر بنەمای درۆ بڵاو دەکرێتەوە. باسکردن لە سۆشیال میدیا و رڕاگەیاندنی ئێستا بە بەشە کەمە باشەکەی بەشە زۆر و هەراوە خراپەکەی، هەویرێکە دەریایەک ئاوی دەوێت. ئەم کورتە باس‌کردنەش تەنیا بەمەبەستی بیرهێنانەوەی ڕاستگۆیی "ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران" پێویست بوو."( ئەگەر لەدەستم بێت، لەدەرفەتێکی دیکەدا بەوردی باس لە جودایی نێوان سۆشیال میدیا و شێواندنی دەکەم.) درێژە پێدانی سیاسەتی ڕاستگۆیی ڕادیۆ دەنگی کوردستان وەک هەناسەدان پێویستە لە کاتێکدا سۆشیال میدیا خەریکە بەهۆی بوونی بە "سۆشیال‌میدیا درۆزن" و "سۆشیال‌درۆ"،  کۆمەڵگە و ڕەنگە خۆیشی لەبەریەک هەڵدەوشێنێت، درێژە پێدان بە سیاسەتی ساڵانی ڕابردووی "ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران" و کردنی بە نموونە بۆ تەلەفزیۆن و "پێگەی ئینترنێتی" (بۆیە ناڵێم "ماڵپەڕ"، چوونکە "ماڵپەڕ" ڕێک بەمانای "Homepage"ی ئینگلیزی و"خانە‌"ی فارسییە بە مانای "لاپەڕەی سەرەکییە". )، وەک هەناسەهەڵکێشان پێویستە. ئەگەر وا نەکرێت، پەتای پشووسواری و خنکان هەموو ڕاگەیاندنی کوردی دەگرێتەوە. لە سەردەمی کەم‌بوونەوەی لایەنگرانی ڕادیۆ و زیادبوونی ئەو کەسانەی لەگەڵ سۆشیال میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تێکەڵن، بە ڕەچاوکردنی ڕاستگۆیی ڕادیۆ دەنگی کوردستان، دەتوانن سۆشیال میدیاش بکەنە سەرچاوەی ڕاستگۆیی. بە خۆشییەوە بەهۆی گواستنەوەی فریکۆنسی ڕادیۆ بۆ سەر شەپۆلەکانی FM  و دەرفەتی بیستنی لە ئامێرەکانی مۆبایل و لە نێو ئۆتۆمبێلدا ئەم‌ ئامێرە  پێچەوانەی زۆر ئامێری دیکەی ڕاگەیاندن کە زوو خۆری بەختیان ئاوابوو، هەروا بەردەوامە.