کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێمە هەموو «عەلی باڵدار»ین

03:53 - 1 پووشپەڕ 2720

لە هەگبەی ئەم جارەدا سەردانی فەیزوڵڵابەگی، سەرشیو، خوڕخورە، تیلەکۆ و گەورگایەتیی سەقزی دڵ‌خوێن دەکەین؛ ئاوڕ لە قارەمانەتیی لاوێکی دیکەی دێموکرات، بە ناوی شەهید قادر خەڵیفەزادە ناسراو بە «عەلی‌ باڵدار» دەدەینەوە. قادر خەڵیفەزادە لە بنەماڵەیەکی هەژار لە یەکێک لە ئاواییەکانی دەوروبەری سەقز لە ساڵی ١٣٣٥ لەدایک بوو. قادر لە ٦ ساڵییدا چووە قوتابخانە و هاوکات باوکی ئازیزی لەدەست دا و، ئەم ڕووداوەش زەبرێکی کاریگەر بوو لە ژیان و دەروونی قادر درا. هەر بۆیە بە ناچاری ماڵاوایی لە قوتابخانە‌ کرد و، بۆ بەڕێوەچوونی ژیانی بنەماڵەکەی منداڵیی خۆی سپارد بە سەختیی کار و تێکۆشان. لەگەڵ دەسپێکی دەستدرێژیی کۆماری ئیسلامی بۆ کوردستان، قادر بە دەم هاواری نەتەوە ستەم‌لێ‌کراوەکەیەوە چوو. لە زستانی ١٣٥٨ چەکی پڕ لە شانازی، بۆ ڕزگاریی نەتەوەکەی لە شان کرد و چووە بۆکان و لە هێزی بەیاندا سازمان درا. زۆری نەخایاند وریایی‌ و قارەمانەتیی خۆی نیشان دا، ڕاستیی ئەو شۆڕشگێڕە، دەستوبردی‌ و نەبەزیی لە شەڕ دژی بەکرێگیراواندا، قادری کردە خۆشەویستی خەڵك‌ و لە نێو هاوڕێیانیدا بە هۆی قارەمانەتی ‌و لێوەشاوەیی بە «عەلی باڵدار» ناوبانگی دەرکرد. عەلی باڵداری توندوتۆڵ و بە دیسیپلین بوێرییەکی زۆری لە خۆی نواند و بە هۆی ئەوەوە وەک سەرپەل دیاری کرا. بە کردەوە سەلماندی کە شیاوی ئەو پلە و بەرپرسایەتییەیە، بۆیە پاش ماوەیەکی کەم بە فەرماندەری لک دیاری کرا، بە وەرگرتنی ئەم بەرپرسایەتییە لە ناوچەی بۆکان ئاوری لەسەر پشتی دوژمن هەڵ‌کرد. لە گرتنی چەندین مۆڵگەی دوژمندا فەرماندەریی عەمەلیاتی کرد، چەند جار بریندار بوو، هەموو جارێ پاش ساڕێژبوونەوەی برینەکەی بە ورەیەکی قایمتر دەگەڕایەوە سەنگەری خەبات، بەم کردەوە جوامێرانەی دەرسی خۆڕاگری ‌و نەترسیی‌ بە هاوسەنگەرانی دا. عەلی باڵدار بڕیاری دا بگەڕێتەوە ناوچەی سەقز و بە هاورێیانی گوت: «شانازییەکی گەورەیە بۆ من لە هەر جێگایەکی ئەم کوردستانە گیانی خۆم پێشکەشی نەتەوەکەم کەم، بەڵام پێم‌خۆشە بچمەوە زێدی لەدایک بوونم و لەو دەڤەرەشدا بە هێزی دوژمن بڵێم عەلی ‌باڵدارێک بە دەیان قارەمانی دیکە زیاد بوو.» عەلی باڵدار لە زستانی ١٣٦١ ماڵاوایی لە هاوسەنگەرانی لە هێزی بەیان کرد و لە هێزی عەزیزی یووسفی دەستی بە تێکۆشان کرد. بۆ دەرکەوتن و بەدەست‌هێنانی متمانەی هاوڕێیانی تەنیا پێویستی بە دوو مانگ بوو و، لە لکی شەهید ئەسەد سولەیمانپووردا بەفەرماندەری لک دیاری کرا. هەواڵی چوونی عەلی باڵدار بۆ ناوچەی سەقز، هێزی دوژمن بە تایبەت جاشەکانی «میرەدێ»ـی تۆقاندبوو. چالاکییە یەک لە دوای یەکەکانی عەلی ‌باڵدار ترس‌ و لەرزی زیاتری خستە نێو دڵی دوژمنەوە. لە زۆربەی عەمەلیاتەکانی ناوچەی سەقز بەشداریی چالاکانەی کرد، لە شەڕی نێو شاری سەقز ڕۆڵی سەرەکیی گێڕا و وەک فەرماندەیەکی بە توانا سەرکەشیی هەموو شەقامەکانی دەکرد، لە تێک‌شکاندنی ستوونی دوژمن لە ئاوایی «ئارەبەلەنگ» لە سەرشیوی سەقز دەستێکی باڵای لە فەرماندەهییدا هەبوو، لە کەمینەکانی جادەی سەقز_سنە، سەقز_مەریوان و سەقز_بۆکان؛ حەماسەی لەبیر نەکراوی خولقاند. لە هەموو عەمەلیاتەکاندا شوێنی سەخت و سەنگەری پێشەوەی بۆ خۆی هەڵ‌دەبژارد. ئەو قارەمانە نەبەزەی کورد گەڵاڵە داڕێژێکی کارامەی نیزامی بوو، بۆ پێشمه‌رگه‌کان هاوڕێیه‌کی باش‌ بوو، زۆر جاران له‌ حه‌قی خۆی خۆش ده‌بوو بۆ هاوسه‌نگه‌رانی. له‌ هه‌موو جێگایه‌ک حازر به‌ خزمه‌ت ‌و له‌خۆ بوردوویی بوو، خۆی به‌ پێشمه‌رگه‌ی هه‌موو کوردستان ده‌زانی. یەکی پووشپەڕی ساڵی ١٣٦٢ هێزی دوژمن پاش شەڕێکی داسەپاو گوندی «کەس‌نەزان»ـی گرتەوە، دوژمن کە تەنانەت ترسیان لە شەهیدەکانیش بوو دەستیان بەوێران‌کردنی گۆڕستانی دێ کرد، کە تەرمی ٢٣ شەهیدی حیزبی تێدا نێژرابوو. ئەو کردەوە دژەمرۆییەی ڕێژیم، لەگەڵ هەڵوێستی شۆڕشگێڕانەی خەڵك ڕووبەڕوو بۆوە. عەلی باڵدار ئەم بڕیارەی ڕێژیمی بە بێ‌ڕێزیی بە پیرۆزییەکانی نەتەوەکەی زانی و بەڵێنی دا تۆڵەی ئەو شەهیدانەیان لێ بکاتەوە. وێڕای هاوسەنگەرانی مۆڵگەی دوژمنی بەر هێرش‌ و زەبری خۆی‌ دا، بە چەشنێک کە دوژمن ئاراوقارای لێ هەڵ‌گیرابوو. شەوی هەڵمەت بۆسەر هێزی دوژمن، پێشمەرگەکان سەنگەریان گرتبوو، چاوەڕوانی بڕیاری عەلی باڵدار بوون، دیسان لەپڕ دوژمنیان بە ئاوری چەکەکانیان تاساند و جاڕز کرد. عەلی باڵدار فەرماندەی قارەمان لە سەنگەر هەستایە سەرپێ بزانێ ئاسەوارێک لە مۆڵگەی دوژمن ماوە، کە لەپڕ گوللەی خائینێکی نیشتمان‌فرۆش قەڵافەتی پیاوانەی فەرماندەری بوێر و ئازای خستە سەر عەرز ‌و خوێنی سووری سەنگەری دلێری ‌و قارەمانەتیی ڕەنگین کرد. پاش شەهید بوونی عەلی باڵدار، هاوسەنگەرانی مۆڵگەی دوژمنیان خاپوور کرد و، تەرمی مامۆستای بە جەرگ ‌‌و پارتیزانیان لەسەر شان دانا و بردیان بینێژن و فیداکاری ‌و کۆڵنەدەری، ڕاستی ‌و سەداقەتەکەی بکەنە تێشووی ڕێگای خەباتیان. هەواڵی شەهید بوونی ڕۆڵەی کوێرەوەری چێشتوو، فەرماندەی قارەمان، خۆشەویستی زەحمەتکێشانی سەقز، عەلی باڵداری قارەمان دڵی هەزاران کەسی خەمبار کرد و ئەژنۆی خەمی پێ لە باوەش گرتن. بەڵام زۆری پێ نەچوو نەعرەتەی شێرانەی کوڕەکانی عەزیزی یووسفی لە ڕێگای سەقز_مەریوان ‌و لە «خوڕخوڕە»ی سەقز دەنگی دایەوە‌ و بە هێرشی شێرانەیان، بە خۆڕاگریی قارەمانانەیان هاواریان کرد: «ئێمە هەموومان عەلی باڵدارین، چونکی مامۆستاکەمان، فێری کردووین چۆن سەربەرزانە بفڕین و بەردەوام بین لە خەباتمان.»