کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاریگەریی شوناس و زمان لەسەر نەتەوە

05:47 - 1 پووشپەڕ 2720

زمان و شوناس دوو بەشی لێک جیانەکراوەن لە دروست‌بوونی ژێرساختی گۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لە بەستێنی پێوەندیی نێوان تاکەکان و جڤاکدا. مۆدێرنیزم کە سنوورە زمانی و شوناسییەکانی بڕیوە، بە شێوەیەکی بەربڵاو لەسەر پێویستیی پڕژانە سەر پرسی زمان و شوناس کاریگەریی داناوە و زمان بەردەوام ڕۆلی گرینگی لە دروست‌کردن و ناساندنی شوناسدا هەبووە . لە سەردەمی مۆدێرنیزم بە لەنێو چوونی هێندێک هێمای شوناس وەک بنەچە، ئەم ڕۆڵە زیاتر گرینگ و شوێندانەر بووە. لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا ئابووریی نێودەوڵەتی و نێونەتەوەیی و یەکدەستیی میدیاکان، ئاڵوگۆڕی گرینگیان لە سەرتاسەری جیهان دروست کردوە، ئەم ئاڵوگۆڕانە ڕەوتی سەروەت و سامان، هێز، میدیاکان و شوناس لەخـۆ دەگرێ و دەبێتە هۆکاری لێک هەڵوەشانەوەی هێندێک شوناس و دروست‌بوونی شوناسی نوێتر. “کاستێلز” لەسەر ئەم پرسە تەرکیزی کردوە و بڕوای وایە شوناس، بە تایبەت شوناسی دین/مەزهەب یا نژاد لە سەرەتای دامەزرانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتییەوە بوونی هەبووە. سەرەڕای ئەوەی‌کە ڕۆڵی ئەسڵیی زمان دروست کردنی پێوەندییە، بەڵام دروستکردنی پێوەندی لە تاکدا و دەسنیشان‌کردنی وەفاداریی تاکەکانیش وەبیر دێنێتەوە. شوناس هەڵگری بەشەکانی ڕەچەڵەک، زمان، دین و کولتوورە. پرسی شوناس و زمان و چۆنیەتیی هەڵسوکەوتی ئەم دووانە وەک دوو بەش لە ژێرساختی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی تا ئەو ئاستە گرینگە کە هێندێک لە کۆمەڵناسان و شرۆڤەکارانی زانستی کۆمەڵایەتی بڕوایان وایە نەتەوە بەرهەمی سەردەمی نوێ نییە، بۆیە دەبێ نەتەوەکان بە بەرهەمی بونیاتنانەوەی شوناسەکانی نیشتمان و زێدی ڕابردوویان بزانین کە لە نەریتەکان، مێژوو، زمان، دین، هۆکاری ژینگەیی و جوغرافی و بە تایبەت ئوستوورەکان کاریگەری وەردەگرن . خاوەن ڕایان لە پێناسەی شوناس، پڕژاونەتە سەر لایەنی جۆراوجۆر و لە چەمکەکانی ڕیشەی زانستی کۆمەڵایەتی بە تایبەت کۆمەڵناسیی کولتووری. لەم بەستێنەشدا وەکوو سەرجەم چەمکەکانی زانستی کۆمەڵایەتی لەسەر پێناسەکەی ڕا و بۆچوونی جیاواز هەیە . بەگشتی ئەم وشەیە (شوناس) بە وڵامێک بە مانای چەندایەتی و چونیەتی دەزانن و ئاستی جۆراوجۆر بۆ شوناس دەخەنە بەرباس. بۆ نموونە دەروونناسانی وەک (پیاژە و فرۆید) ڕیشەی دروست‌بوونی شوناسی مرۆڤ لە قۆناغی جۆراوجۆری گەشەی مرۆڤدا دەبینن و دەزانن. کۆمەڵناسان شوناس بە جۆرێک لە هەست دەزانن کە تاک لە نێو کۆمەڵگە بە دەستی دێنێ و پاشان بە پێداگری لەسەر لێکچوونەکان و جیاوازییەکان لەگەڵ گرووپەکانی تر، بە هەستی شوناسی سەربەخۆ دەگا. شوناس پرۆسێسی وڵامدانەوەی شارەزایانەی تاک بە کۆمەڵێک پرسیارە لە بارەی خۆیەوە. بۆ نموونە: کێیـە؟ لەکوێ بـووە؟ چ بــووە؟ سەر بە چ هۆز و نەتەوەیەکـه؟ و زۆر پرسیاری دیکەش. “بــوزان” شوناس بە ڕۆحی کۆمەڵگە دەزانێ کە لەم سەردەمەدا دیفاع لەم ڕۆحە چووەتە زبڵدانی مێژووەوە و ئێستا بە سەرنجدان بە کۆچکردنە بەربڵاوەکان و شەڕە نەتەوەییەکان پێویستە بایەخ و سەرنجی پێ بدرێتەوە. لە ئورووپای سەدەی بیستەمدا پێوەندیی بەهێز لەنێو زمان و شوناسدا دەبینرا و زمان، وەک هۆکارێکی گرینگی لەدایک‌بوونی وڵاتانی سەربەخۆ دەهاتە ئەژمار. ئەو وڵاتانە جێگرەوەی زنجیرەی پاشایەتی و ئیمپراتۆری دەبن و ناوەکانیان لەگەڵ زمان لێک دەدرایەوە. (یانی زمان دەبووە پێناسەی ناوی وڵات). بەڕای “کابینز و هۆلت” ئەم شێوازە بۆ ڕەوایی بەخشین بە هێزی سیاسیی وڵات پێویستییەکی گرینگ و حەتمییە .هەستی بوونی شوناس گرینگە و پرسیاری ئەسڵی بۆ دۆزینەوەی شوناس لە قۆناغی لاوەتییەوە دروست دەبێ. ئەگەر ئەم هەستە بەهێزە دەستەبەر نەبێ لە ڕۆڵی تاک، تێکەڵ بوون دێتە ئاراوە و هەستی بێ‌شوناسی، بێ‌ئامانجی و هەڵسوکەوتی دژە باوی کۆمەڵایەتی لە تاکدا دەردەکەوێ. بە هۆی بوونی هەستی بەهێزی شوناس دیتنەوە لە مرۆڤدا، ناسینەوەی هۆکاری کاریگەری دروست‌کردن لەسەر شوناس بە تایبەت زمان پێویستە.   زمانی نەتەوەیی و شوناسی نەتەوەیی لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا نەخشەکێشانی دروست بۆ داهاتووی زمان و کاریگەرییەکەی لە پتەوکردنی شوناسی نەتەوەیی بە بەراورد لەگەڵ ڕابردووی زۆر گرینگە، بۆیە هەڵسەنگاندنی دروست و زانستییانەی کاریگەریی زمان لەسەر شوناسی نەتەوەکان لە داهاتوودا پێویستییەکی نەتەوەییە. بە پێی ئەم شرۆڤەیە “دیکشیت” سەرچاوەی شوناسی نەتەوەیی و ڕۆحی نەتەوەیی هەر وڵاتێک بە هۆکارگەلی مەعنەوی و مانایی دەزانێ، بە بۆچوونی “دیکشیت” ڕۆحی نەتەوەیی هەر نەتەوەیەک هۆکاری خولقاندنی یەکگرتوویی نەتەوەیی دەبێ. هەندێک لە خاوەن ڕایان “ئیدئۆلۆژی” بە هۆکاری دروست‌بوونی شوناسەکان، بە تایبەت شوناسی نەتەوەیی و زمانی دەزانن و بڕوایان وایە کە هەموو ئیدئۆلۆژییەکان خاڵی جیاوازیی نێوان خۆیان و ئەوانی‌ دیکەن، لە بەستێنی خەڵک‌سالارییدا بە شێوەیەکی تەواوتر لەگەڵ یەکتر تێکەڵی دروست دەکەن. وەدیهاتنی تەواوەتی شوناسی نەتەوەیی تەنیا لەژێر کارتێکەریی زماندا نییە و فاکتەری جوغرافیا و دینیش تێیدا ڕۆڵ دەگێڕن. لەم ڕووەوە دوو نیشانەی نیشتمان و مەزهەب لە تەنیشت زمان ڕۆڵی بەرچاویان لە پرۆسەی شوناس‌سازییدا هەیە.   زمانی قەومی و شوناسی نەتەوەیی بە درێژەی مێژوو قەومی جۆراوجۆر بە زمانی جیاواز لە تەنیشت یەکتر لە چوارچێوەی یەک نەتەوە ژیانی ئاشتیخوازانەیان هەبووە و بە تێپەڕبوونی کات، بەستراوەبوونی هەر زمانێک بە قەومێکی تایبەت بەرچاوتر بووە و هێدی هێدی بووەتە ژێرخانی ناسیاوی و شوناسی ئەو قەومە. ناودێر کردنی نەتەوە جۆربەجۆرەکانی بە ناو زمانی ئەوان لەم ڕاستایەدا سەری هەڵداوە. تاک لە یەک کاتدا هەڵگری شوناسی کۆمەڵایەتی لەسەر ئەساسی چین، نژاد، زمان، دین و قەوم دەبێ و لە ڕێگای ئەم لایەن‌گەلە شوناسییەوە خۆی بە خەڵکانی تر دەناسێنێ. حکوومەتەکان بۆ پێکهێنانی یەکگرتوویی نەتەوەیی بە پێداگری لەسەر ئەندێشە سیاسییەکان دەبێ بتوانن وەکوو یەک دامەزراوەی بەرزتر، زۆرترین ئاستی هۆگریی قەومەکان لە پانتایی یەک وڵات جێگیر و سەقامگیر بکەن (فێدرالیزم یا کۆنفێدرالیزم). هەموو دەوڵەتەکان بە هۆکاری جۆراوجۆر لە بابەت پەڕش‌وبڵاویی دانیشتووان، شوناسی کولتووری و سیاسی و... دوورکەوتنەوە و لێک‌هەڵوەشانەوەیان ئەزموون کردوە. بۆیە پێوەندیی قەومەکان و زمانی ناوچەیی لە جۆری لێکدژ؛ کەمایەتییەکان بەدوای بەهێزکردنی زمانی قەومی‌ و لە ئاکامدا پاراستنی شوناسی قەومیی خۆیانەوەن. لە بەرامبەردا هەر وڵاتێک کە بۆ کەمکردنەوە و سەرکوتی زمانە قەومییەکان لە بەرامبەر زمانی نەتەوەیی/فەرمی پەرچەکردار نیشان دەدا و بەربەرەکانی دەکا و، پێویستیشیان بە زمانی نەتەوەیی وەکوو کەرەسەی تێگەیشتنی یەیڤی میللەت-دەوڵەت و بینینەوەی شوناسێکی بەربڵاوتر هەیە کە هۆگریی ئەوان بە یەک قەوم یا تایفە نەبێ بەڵکوو بە یەک نەتەوە نیشان بدا. لەو وڵاتانەی کە خاوەن جۆراوجۆریی نەتەوە و زمانەکانن، دەوڵەتەکان گرفتاری ئەم دژوازی و ناتەبایانەن و، شکانەوەی هەر کام لە جەمسەرەکانی قەومی/نەتەوەیی و یا دوور بوونەوەیانی لێ دەکەوێتەوە. شوناس دروست‌کردن لەژێر خوێندنەوەی ئەم بۆ چوونانە کە لەخۆگرتنی شوناسەکانی قەومی، نەتەوەیی و زمانی چڕ بوونەوەی بەخۆوە گرتوە، دروست‌بوونی هەر شوناسێک لە هەمان کاتدا بە مانای دروستکردنی سنووری زەینییە. بۆیە شوناسێک کە یەک نەتەوە لەخۆ دەگرێ، بە شوناسی نەتەوەیی ناودێر دەکرێ. شوناسی نەتەوەیی باڵاترین ئاستی شوناسی مرۆییە کە لە سەدەی بیستەم و پاش بەدیهاتنی سیستمی نێودەوڵەتی دروست بووە. شوناسی نەتەوەیی و زمانی نەتەوەیی کاریگەرییان لەسەر یەکتر هەیە و زمانی نەتەوەیی لەژێر کاریگەریی شوناسی نەتەوەیی‌دایە . ڕوانینی نوێی زمانناسان ئەوەیە کە زمان بە تەنیا لە پەیدابوونی ڕاستییەکان و ناسینی دەوروبەر پەسیڤ نییە و بەڵکوو لە دروست‌کردنی ڕاستییەکان کاریگەری دروست دەکا و چەمکەکان و هەڵسوکەوتی مرۆڤەکان لە جیهاندا دووبارە دەکاتەوە. “بێنجامین لی وۆرف” یەکەمین کەس بوو کە پێوەندیی نێوان زمان و شوناسی بە شێوەیەکی کردەیی و جیدی تاوتوێ کرد. پرۆسەی دۆزینەوەی شوناس و بێ‌شوناسیی کاتمەندە و زمان وەکوو هۆکاری لێکگرێدراویی نەتەوە کار دەکا و هۆکاری ئەسڵی پێوەندی و ڕەوتی جێگیری کولتوورە، بۆیە شوناسی کولتووری لەگەڵ زمانی نەتەوەیی لیکگرێدراویی نەپچڕاویان هەیە. سەلماندنی ئەم بۆچوونە لە بڕوای “هابز باون” بەدیار دەکەوێ و دەڵێ وڵاتە داگیرکراوەکان کە پاش شەڕی دووهەمی جیهانی سەربەخۆ بوون، بە شێوەیەکی خۆڕسک لە هزری یەک زمانی نەتەوەیی سەرچاوە گرتوو لە ناخی نەتەوەیەک بوون، تاکوو بە ناوی ئەساسی بەرهێنان وکولتووری نەتەوەیی کار بکا . لە بنەڕەتەوە سیستمی یەک زمان بۆ هەر وڵاتێک ئەوەیە کە بە یەک دەوڵەت_نەتەوە بگۆڕدرێ و پاراستنی شوناسی نەتەوەیی پێویستیی بە یەکگرتوویی کولتووری و زمانییە. زاڵبوون لەسەر مانی نەتەوەیی وەکوو پێوانەی شارۆمەندی ماوەیەکی کورتە کە وەک کەرەسەیەکی سیاسیی هەندێک دەوڵەتەکانی لێ‌هاتوە. “هابز باون” ئەم تیۆرییە کە شوناسی نەتەوەیی و زمان کاریگەرییان بەسەر یەکترەوە هەیە جەختی لەسەر کردوەتەوە و بڕوای وایە زمانی نەتەوەیی لە ئاکامی چوونە سەری ئاستی زانست و بەشداریی سیاسیی بەربڵاو دەرکەوتوون، چون خەڵک پێویستیان بووە. پێش دەیەی ١٩٨٠ی زایینی لە سیستمی پەروەردەییدا، سەرنجی کەم دەدرا  بە کولتوور و کەمایەتییە جۆراوجۆرەکان و بە بۆچوونی “نێلسۆن” هەوڵێک بۆ گونجاندنی مێژوو یا ڕوانگەی ئەوان نەدەدرا . نێلسۆن بڕوای وایە کە حکوومەتەکان بۆ بەردەوامیی هێز و پێشگرتن لە شۆڕشی کەمایەتییەکان ڕێبازێکی شیاویان لەژێر ناوی (هاوسەنگی) بینیوەتەوە. حکوومەتەکان لە لایەک بە جۆرێک پێویستیان بە پلان‌داڕێژی و سیاسەتی زمانی هەبوو، کە لەسەر پێکەوە کارکردنی کەمایەتییەکان بە مەبەستی دامەزراندنی حکوومەتێکی یەکانگیری یەکگرتوو بێ و لەلایەکی تر ئەگەر ئەم سیاسەتە لە ڕادە بەدەر سنووردار بێ دەتوانێ بە سڕینەوە و ناڕەزایەتیی کەمایەتییەکانی لێ‌بکەوێتەوە و گرفتی کۆمەڵایەتی بخولقێنێ. زمانی تایبەت بە یەک قەوم یا نەتەوە لە لایەک پێوەندییەکانیان لە بابەتی هاوبەشدا بۆ ئاسان دەکا و لە لایەکی تر هەستی یەکگرتوویی نەتەوەیی یا قەومییان بەهێزتر دەکا، کە دەتوانین بە ئیدئۆلۆژیی زمانی پێناسەی بکەین و بگەینە ئەم ئەنجامە کە زمانەکان و نەتەوەکان بەرابەرن و بە هێمای ئەسڵیی شوناسی نەتەوەیی بە ئەژمار دێن . زانستی زمانە تایبەتەکان، هێمای هۆگری بە قەوم یا نەتەوە تایبەتەکانە و لەسەر شوێنی زمانی تایبەت لە یەک کۆمەڵگە ڕێنوێنی دەدا . ئیدئۆلۆژیی زمانی لەسەر ئەم بابەتە دەڵێ کە زمان چۆن دەبێ بەکار بهێنرێ و زمانەکان چۆن دەبێ پەروەردە بکرێن. باوترین ئیدئۆلۆژییە زمانییەکان دەتوانین بە تێڕامان لەم خەڵکەی بەو زمانە ئاخاوتن دەکا، بناسین. ئەم ئیدئۆلۆژییانە نیشان دەدەن کە لەکوێ زمانەکان نیشانەی قەوم یا نەتەوەکانن . بە جۆرێک کە زانینی زمانی پاراو و دیاریکراو، نیشانەی هۆگریی نیشتیمانپەروەری و خۆماڵی بوونە . ئیدئۆلۆژیی زمانی دەتوانێ بە کەرەسەی ئیدئۆلۆژیی سیاسی بگۆڕدرێ و ناوەندی شەڕە سیاسییەکان بێ . بە کەلکوەرگرتن لە کەرەسەگەلی بانگەشە، بە تایبەت میدیا و ڕۆژنامەکان ستراتێژێکی تر بۆ کەلکوەرگرتن لە زمانە و زۆرتر لە شەڕەکان بەدیار دەکەوێ . زمان کەرەسەی ڕاگەیاندنەکانە و بە کەلکوەرگرتن لێی، لایەنە جۆراوجۆرەکان پێی پشتیوانی یا سەرکۆنە دەکرێن . بەڵام “پــریـس” دووپاتی دەکاتەوە کە زمان بە تەنیا خۆی دەتوانێ مەبەست بێ و میدیاکان دەتوانن زمان بکەنە مەبەستێک کە بانگەشەی بۆ بکەن یا هێرش بکەنە سەری. یەکێکی تر لە نیشانەکانی شوناسی هەر نەتەوەیەک ڕاگەیاندن و بەرهەمی چاپکراویانە، کە لە ڕێگای زمانی نووسینەوە بەدیار دەکەوێ. لە ئەساسدا هێرشی زمان و کولتوور تا کاتێک درێژەی هەیە کە کۆمەڵگەیەکی داگیرکراو، لە بەستێنی زمان و کولتوور بەرهەمهێنەر نەبێ. لە سەردەمی ئێستادا زمان بە هۆکاری شوناس‌سازیی گرینگ گۆڕدراوە و ئینتێرنێت ڕۆڵی زمانی بەرچاوتر کردوە . “ژوو” بڕوای وایە لە کۆمەڵگەیەک زمان تەنیا بە شێوازی زارەکی بەکار دێ، شوناسی نەتەوەیی یا قەومی لاوازتر بەرهەم دێ. گرینگیی زمان لە ناسینی کولتوور بە ڕادیەکە کە وتوویانە زمانی یەک نەتەوە کلیلێکە کە بە بەکار هێنانی دەتوانین کولتووری ئەو نەتەوەیەی پێ بناسین .   ناسینی کولتوور ڕێگایەک بۆ دۆزینەوەی شوناسی نەتەوەیی کولتوور لە ڕێگەی زمان و هێماکانی تر دەگوازرێتەوە. کاتێک کە زمان سەرەڕای شێوازی ئاخاوتن، فۆرمی نووسین وەردەگرێ و پێداویستیی نوێ بۆ کۆکردنەوەی کولتوور پێک دێنێ و گەشەی کولتووری خێراتر دەکا. هەواڵنێری و میدیاکان ڕۆڵی گرینگ دەگێڕن و کۆمەڵانی خەڵک ئامادە دەکەن تاکوو ئەندێشە و هزرە نوێیەکان وەرگرن . ئەمڕۆکە پێوەندییە گشتییەکان و میدیاکان و بە تایبەت ڕاگەیاندن پێکەوە گرێ دراون . پێوەندییەکان هەوێنی سەرەکی و ئەسڵی ژیانی سیاسییە و بێ‌کەلک وەرگرتن لە کەرەسەی پێوەندی و میدیاکان بە گشتی کە هەموویان لەسەر بنەمای زمان ڕاوەستاون، سیستمی سیاسی ناتوانێ نەزم و دیسیپلین بەسەر کۆمەڵگە و بەشداریی خەڵک ببەخشێ.   دەرەنجام زۆربەی خاوەن ڕایان لەسەر کاریگەریی شوناس لەسەر زمانی نەتەوەیی یا قەومی پێداگری دەکەن و زمانی نەتەوەیی بە هۆکار و هەڵگری شوناس و دیفاع و پاراستن لە شوناسی نەتەوەییە و، پێویستیی بە یەکگرتوویی کولتووری و زمانییە . زمانی نەتەوەیی وەک پەتێکی بەهێزە کە بەهێزکردن و پاراستنی یارمەتی بە گەشەسەندن، پێشکەوتنی و یەکگرتوویی شوناسی نەتەوەیی دەدا. ***