کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بایەخی مەعنەویی میراتی کولتووری لەسەر شوناس و نەتەوەخوازی

06:05 - 1 پووشپەڕ 2720

هێمن مەروانی: بۆ کورد بایەخی مەعنەوی و سیاسی و مێژوویی میراتی کولتووری پتر لە بایەخە ماددییەکەیەتی
هێمن مەروانی: میراتی فەرهەنگی و کولتووری کە گرینگییەکی مێژوویی و شوناسخوازنەی بۆ هەر میللەتێک هەیە، بۆ نەتەوەی کوردیش پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە. بەتاڵانبردنی میراتی کولتووریی کورد و سڕینەوەی شوناسی کورد لە لایەن نەیارانی کوردەوە بووەتە بابەتێکی جێی سەرنج  و، شارەزایانی بواری میراتە فەرهەنگی و ئاسەوارە مێژووییەکان پێیان وایە دەبێ بە گرینگیی زیاترەوە لەو پرسە بڕوانین. لە نێو بردنی ئەو میراتە کولتوورییانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و کەسانی بەرژوەندیخوازەوە ئەمڕۆکە بووەتە مەترسییەکی گەورە لەسەر مێژوو و ناسنامەی کوردستان. بۆ زیاتر باس لەسەر ئەم پرسە "کوردستان"، وتووێژێکی لەگەڵ "هێمن مەڕوانی"، کارناسی باڵای "ئاسەواری کەونارا" پێک هێناوە.
ئایا ڕوانگه یان بڵێین پێناسەیەکی گشتداگیر بۆ میراتی کولتووری هەیە؟ شوێنەواری نەتەوەیی، ئاسەواری نەتەوەیی یان میراتی نەتەوەیی یانی چی؟ میراتی کولتووری بە کۆی ئەو ئاسەوارە بەجێ‌ماوانە لە ڕابردوو دەوترێ کە خاوەنی بەهای کولتووری بن. ئەمانە دەکرێ بریتی بن لە ئاسەواری بەرهەست و بەرچاو وەک بیناگەلی کەونارا یان ئاسەواری نادیار وەک داب و نەریت و بۆنەکان، کە بۆ پاراستنی ئەمانە بۆ بەرەی داهاتوو هەوڵ دەدرێ. میراتی کولتووری، تایبەت و بێ‌هاوتا و بێ‌جێگرەوەن و لە هەمان کاتدا ڕێز و نرخی خۆیان هەیە لەلای پشتە جیاجیاکانی مرۆڤدا. شتگەلی بچووکتری وەک کەرەسە و ئامێری هونەری و شاکارە کولتوورییەکان لە مۆزەخانەکان و گالێرییە هونەرییەکان کۆ دەکرێنەوە و دەپارێزرێن، لە کاتێکدا هەندێ ئاسەواری وەک بیناگەلی کەونارا بە گشتی وەک میراتی کولتووری پێناسەیان بۆ دەکرێ. که باس له میراتی کولتووری و شوێنەوارە مێژووییەکان دەکەین، چۆن باس له میراتی کولتووریی کورد دەکەین؟ میراته کولتوورییەکانی ئێمەی کورد چین و کامانەن؟ کە باس لە میراتی کولتووریی گەلی کورد دەکرێ، زوو بیرمان دەچێتەوە بۆ لای “ماد”ەکان و پاشایەتیی ئەوان. لە ڕاستییدا ئەو مادەکان بوون کە بۆ یەکەم جار لە بانوو (فلات)ـی ئێران یەکەمین دەوڵەتی گشتگیر و سەرانسەرییان پێک هێنا، بەڵام ئەمڕۆکە بە هۆکارگەلی سیاسی، کوردەکان پشتگوێ و پەراوێز خراون. گەر بمانەوێ ئاماژە بە میراتی ئەمڕۆکەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەین دەتوانم ناوی “فەقرەقا” وەک گرینگترین و دیارترین جۆری بینای مێدییەکان بێنمەوە، کە گڵکۆی پاشایانی مێدی بە ناوەکانی “دیاکۆ” و “فرەوەرتیش”ـە. گڵکۆ بەردینە مێدییەکانی تر لە پارێزگای کرماشان هەڵکەوتوون. گۆڕە بەردینەکانی وەک سەکاوەند، دووکان داوود، ڕەوانسەر، بەردی ئاشقان و دەخمەی سەرپێڵی زەهاو گشتیان سەر بە شارستانییەتی ماد و مێدیان. ئەمانە هەموویان میراتی کولتووری و بەرهەست و نەگوێزەرەوەی کوردن و بێگومان زۆر شوێن و بینا و ئاسەوار و شوێنەواری گرینگیی دیکەش هەن. لە مەڕ میراتی نابەرهەست و غەیرەماددی و نەگوێزەرەوەی کوردستان ئەشێ ئاماژە بە داب و نەریت و زمان و سوننەت و بەجێ‌ماوە مەعنەوییەکانی ئەم شارستانییەتە بکەم کە لە جێدا لە بواری کولتووری و مەعنەوی و لە ڕاستییدا کۆڵەکەی سەرەکی و قایم و پتەوی دەواری فەرهەنگ و ڕەسەنایەتیی ئێمەی کوردن. گرینگی و کاریگەریی میراتی کولتووریی نەتەوەیەکی شوناسخواز له پرۆسەی بەنەتەوە بوون و بەدەوڵەت بووندا چییه؟  گرینگی و کاریگەریی میراتی کولتووری بۆ نەتەوەیەکی شوناسخواز و خەباتکار، لە ڕاستییدا گرینگییەکی گەورە و پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە. هەروەک دەزانین ئەمڕۆ زانستی باستانناسی هەم بە جۆرێک لە خزمەتی ڕەسەنایەتیی کولتووریی شارستانییەتەکانی ڕابردوودایە و هەمژی دەوڵەتانیش کەلکی سیاسیی لێ وەردەگرن. جیا لەمە، نەتەوەی کورد بە درێژایی خەباتی خۆی و بە ئاگابوون لە ڕابردووی پڕبەرهەم و ڕەسەنی خۆی، بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدا بووە لانی‌کەم هەر نەبێ بەشێک لەو شارستانییەتە ببووژێنێتەوە و نەهێڵێ تۆز و خۆڵی لەبیرچوونەوەی بەسەردا بنیشێ. هەنووکە هەبوونی وەها کولتوور و میراتێکی کەون و پڕبایەخ بە واتای یەک لە هۆکارە کاریگەرەکان لە ڕەوتی سەلماندنی ڕەوایی داخوازییەکانی کورد بە هەژمار دێ. ئایا میراته کولتوورییەکان هەر تەنیا بایەخی مەعنەوییان هەیه، یان دەکرێ له گۆشەنیگای ئابووری و ماددییشەوه سەیریان بکرێ؟ میراتی کولتووری هەم خاوەنی بەها و بایەخی مەعنەوییە و هەمیش بایەخ و قورسایی ماددییشی هەیە. کۆمەڵە کەرەسە و شتگەلی دۆزرواە لە گۆڕ، گرد، قەڵا و شوێنە باستانییەکان جیا لە بایەخی مەعنەوی، خاوەنی بایەخی دراوییشن. لە ڕاستیدا لە ڕۆژگاری ئێمەدا و بۆ ئێستای کورد، بایەخی مەعنەوی و سیاسی و مێژوویی ئەم میراتە کەونەی مرۆڤایەتی، پتر لە بایەخە ماددییەکەیەتی. مامەڵەی داگیرکەرانی کوردستان لەگەڵ شوێنەوار و میراتی کولتووریی نەتەوەی کورد چۆن بووە؟ ئاکاری دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان لە تەواوی بەشەکانیدا، تەنیا ڕوانینێکی ئەمنی و پڕ لە هەڵاواردنە. لە کوردستانی بندەستی ئێران، نەک هەر هیچ بایەخێک نادرێتە میراتی باو و باپیرانیان و هیچ بوودجەیەک بۆ پاراستن و هەڵکەندنی زانستیی زەوی تەرخان ناکرێ، تەنانەت ئەو میراتە کولتوورییە لە لایەن بەرپرسان و کاربەدەستانی حکوومەتییەوە تاڵان دەکرێن و لە نێو دەبردرێ. زۆرینەی خەڵک دەزانن کە یاسر ڕەفسەنجانی کوڕی سەرکۆماری پێشوو وەک سەرکردەی تاقمی مافیایی لە دزین و بە تاڵان بردن و تێکدانی ئاسەواری باستانی چ ڕۆڵێکی تێکدەرانەی لە کوردستان و ئێراندا هەبووە. گردە شوێنەوارییەکانی کوردستان لە باشترین حاڵەتدا دەکرێنە مۆڵگە و پێگەی سپای تێرۆریستیی پاسداران کە لەم بارەشدا دەکەونە بەر هێرشی تیکدەرانە و تاڵانچییانە. هەر لەم پێوەندییەدا قه‌ڵای سه‌رداری بۆکان که‌ یه‌کێک له‌ ئاسه‌واره‌کانی سه‌رده‌می قاجار له‌ کوردستان بوو، به‌ جێی نۆژه‌نکردنه‌وه‌ کرا به‌ بنکه‌ی سپای پاسداران و له‌ ماوه‌ی چه‌ند ساڵدا تێک و پێک درا و، دوایه‌ش به‌ بیانوی‌ دروستكردنی‌ تاریكه‌ بازاری‌ “قه‌ڵای‌ سه‌ردار” وه‌ک پڕۆژه‌یه‌کی بیزنس_خزمه‌تگوزاری! ئه‌و قه‌ڵایه‌یان هڵۆڵ کرد و چی‌ ئاسه‌واری مێژوویی و عه‌نتیکه‌ی تێدا بوو به‌ تاڵانیان برد. یان لە حاڵەتێکی تردا، زێدی مامۆستا “هێمن” شاعیری خۆشەویستی گەل لە گوندی “لاچین”ـی مەهاباد کەوتە بەر هێرشی تێکدەرانە و تاڵانی گرووپ‌گەلی مافیایی. لەم بارەوە بەداخەوە نموونە زۆرە، وەک به‌تاڵان بردنی‌ كه‌لوپه‌ل وئاسه‌واره‌ مێژوویه‌كانی‌ “قه‌ڵایچی‌“ له‌ گوندی‌  قه‌ڵایچیی بۆكان، قه‌ڵای‌ “زێویه‌“ی‌ شاری‌ سه‌قز، قه‌ڵای‌ ماران له ‌شه‌ره‌فكه‌ندونیسكاوا، و ئه‌ژدیهای‌ داشی‌ له‌ ته‌ره‌غەی بۆکان و ..‌ له‌نێو چوونی‌ یه‌كجاره‌كیی‌ ئاسه‌واری‌ مێژووی‌ قه‌ره‌كه‌ند له‌ شاری‌ بۆكان و رووخاندنی‌ قه‌ڵای‌ كۆشكه‌له‌ له‌ شاری‌ سه‌قز به‌ بیانوی‌ دروستكردنی‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌ك پێمان دەڵێن كه‌ به‌رپرسانی‌ رێژیمی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ سه‌ڕه‌ڕای‌ به‌ ئاگاهاتنه‌وه‌ی‌ رۆڵه‌كانی‌ كورد و هه‌ول و تێكۆشانیان بۆ پارێزگاری‌ له‌ میراتی‌ كه‌له‌پووریان هه‌ر وا درێژه‌ به‌ سیاسه‌تی‌ له‌ نێو بردن و فه‌وتاندنی‌ شوێنه‌واره‌ مێژووییه‌كانی‌ گه‌لی‌ كورد ده‌ده‌ن. ئەدی پێتان‌وانییە کە کورد خۆیشی هێشتا بەباشی لە بایەخی شوێنەوار و میراتە کولتوورییەکانی نەگەیشتوە؟ بەڵێ، بە دڵنیاییەوە. بەداخەوە وریایی و ڕوونکردنەوە لە مەڕ گرینگیی میراتی کولتووری هێشتا نەگەیشتووەتە ڕادەی ئاکارێکی دژەبایەخ لە ئاستی کۆمەڵگەی کوردستاندا. تا دوێنێ باسی ڕاوی باڵندە و ئاژەڵانی دەگمەن وەکوو بایەخێک سەیر دەکرا و ڕاوچییان بە شانازییەوە باسیان لێ دەکرد، بەڵام بەختەوەرانە ئەمڕۆ ئەمە بووەتە کردەیەکی دژەبایەخ. تا گەیشتن بە وەها ڕۆژیک لەسەر ئاسەواری باستانی ڕێگەیەکی چەتوون و درێژمان لەبەرە.  بەداخەوە جۆرە ڕوانینێکی تەسک و ناڕاست لە نێو خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا باوە کە دەڵێ مادام حکوومەت و بەرپرسان میراتی کولتووریی ئێمە تاڵان دەکەن، ئەی بۆ بۆخۆمان ئەو کارە نەکەین! بە ڕای من ئەگە کاناڵی تلەویزیۆنیی حیزبە کوردییەکان، بۆ ماوەی یەک خولەک هەموو شەوێ لەسەر ئەم بابەتە کار بکەن و ڕێکلامی ئاگا یی بەخشین بەرەوڕووی خەڵکی خۆیان بڵاو بکەنەوە، قازانج و کاریگەیی زۆر باشی دەبێ. مەخابن وا دیارە ئۆپۆزیسیۆنی کوردی وەک پێویست هێشتا لە گرینگیی و بایەخی ئەم بابەتە هەستیارە تێنەگەیشتوون و وەک بابەتێکی ڕۆژەڤ و سەرەکی سەیری ناکەن! دیسانەوە بە ڕای من بە سەرنجدان بە بایەخ و گرینگیی سیاسی و مێژوویی و کولتووریی ئەم گوتارە هەستیارە، ئەشێ تێکدەران و تاوانکارانی میراتی کولتووری و کەونارای کوردستان وەک خائین بە نیشتمان سەیر بکرێن و سزا بدرێن با پێش بەم دیاردە خائینانە بگیردرێ. ئەرکی پاراستنی میراتی کولتووری و شوێنەوار و ئاسەواره مێژووییەکانمان که بەشێک له شوناس و پێناسەمانن، له ئەستۆی کێیە؟ بە پلەی یەکەم ئەوە ئەرکی سەرەکیی بەرپرسان و کاربەدەستانی دەوڵەتە کە خاوەنی هێز و دەسەڵاتی یاسایی و یاسادانان. لە پاشان و لە قۆناغی دواتردا ئەم ئەرکە دەگەڕێتەوە سەر ئەستۆی تاک بە تاکی کۆمەڵگەی کوردستان کە دەبێ بە وریایی و هەستی بەرپرسیارییەتی لەگەڵ ئەم دیاردەیە بەرەوڕوو ببنەوە و بایەخ و بەهای میراتی کولتووری و مەعنەویی باو و باپیرانیان بزانن و ڕێزی لێ بگرن. مەخابن لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا سەرهەڵدان و هەڵتۆقانی کارگ‌ ئاسای تاقم و گرووپ‌گەلی حەفاریی نایاسایی گەیشتوەتە ئاستی تەقینەوە. لەم بارەوە حکوومەت زۆر کەمتەرخەمە و بایەخێکی ئەوتۆیان پێ نادا و تەنانەت بگرە زۆر جار بۆخۆیان لەو کارانە دەگێلن، هەروەها لە مەڕ یاسای کرین و فرۆشتنی کەلوپەلی کۆن و حەفاریی نایاسایی، بۆشاییەکی یاسایی زۆر هەیە و حکوومەت سزای زۆر سووک بۆ ئەم جۆرە تاوانانە دادەنێ. سپاس بۆوەی بەشداری ئەم دیمانەیە بوون. سپاس بۆ ئێوە.