کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاکامی سەبر و زەبری ئەمجارەیان؟

06:08 - 1 پووشپەڕ 2720

بڕیارنامەی نوێی شوڕای بڕياردەرانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتومی لەدژی ئێران وەرزێکی نوێ لە پێوەندییەکانی ئێران و ئاژانس، هەروەها ئێران و شوڕای ئەمنییەتدا دەکاتەوە، هاوکات دەتوانێ وردە وردە چارەنووسی بەرجامی بێ‌ئەنجامیش بە لایەکی‌تردا بخا. ئەم بڕیارنامەیە لەم ڕووەوە گرینگە کە یەکەم بڕیارنامەی ئاژانس لەدژی ئێرانە کە دوای 8 ساڵ پێوندیی ئارام و بێ‌قڕەی ئێران و ئاژانس، بەنیگەرانییەوە لە چالاکییە ئەتومییە شاراوەکانی ئێران دەڕوانێ و تانەی ئەوە لە ئێران دەدا کە بێتوو هاوکاریی هەمەلایەنەی ئاژانس نەکا؛ پەروەندەی ئێران دەچێتە سەر مێزی شوڕای ئەمنییەت. سەفەری جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی بۆ ڕووسیە و تورکیە و هەوڵە دیپڵۆماسییەکانی دیکەشی نەیتوانی پێش بە ئەم ڕووداوە بگرێ. ئەم ڕاپۆرتەی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانس کە خراوەتە بەردەستی ئەندامانی ئاژانس، تێیدا هاتوە ئێران زیاتر لە ٤ مانگە ڕێگەی بە پشکنینی دوو بنکەی گومانلێکراوی ئەتومیی نەداوە و ماوەی ساڵێکێشە خۆی لە هەر چەشنە وتووێژێک لەبارەی بەرنامە ئەتومیی لانیکەم ٢٠ ساڵ شاراوەکەی دەدزێتەوە. هەروەها پاشکەوتی ئۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران گەیوەتە ٥ هیندەی بڕی ڕێگەپێدراو لە بەرجامدا. بەمجۆرە ئەو بڕیارنامەیەی شوڕای بڕیاردەران پێوەندییەکانی ئێران و ئاژانسی چەند هەنگاوێک بۆ پێش کاتی بەرجام نیزیک کردەوە. لە ئێستادا ئێران کەمتر لە سێ مانگی کات هەیە هەموو داواکانی بەڕێوەبەری گشتی و شوڕای بڕیاردەرانی ئاژانس جێبەجێ بکا. لە ئەگەری مل‌بادانی ئێران، ئەم بابەتە دێتە نێو ڕاپۆرتی مانگی خەرمانانی “ڕافائێل گروسی” و یان شوڕای بڕیاردەران ناچار بە بڕیارنامەیەکی دی لە دژی ئێران دەکا؛ یان لە ئەگەری پەرەسەندنی گرژییەکاندا پەروەندەی ئێران دەدرێتە شوڕای ئەمنییەت. بێتوو ئەو پەروەندەیەش بچێتە شوڕای ئەمنییەت، بێ سێ‌ودوو هەموو سزاکانی پێشووی شوڕای ئەمنییەت لەدژی ئێران دێنەوە جێی خۆیان. گەڕی نوێی گوشارەکان دژی ئێران هەر ئەوەندە نین. لە حاڵێکدا کەمتر لە چوار مانگ کات بۆ کۆتایی‌هاتنی سزاکانی شوڕای ئەمنیەت لە پێوەندی لەگەڵ مامەڵەی چەکوچۆڵ لەدژی مامەڵەی چەکوچۆڵ لەدژی ئێران بەردەستە، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای دەکا ئێران بڕیارنامەی ٢٢٣١ی شوڕای ئەمنیەتی پێشێل کردوە. هەروەها ئەو مووشەک و کەرەستە سەربازییانەی لە پەلامارەکانی ئەمساڵ و ساڵانی پێشوودا فڕۆکەخانە و بنکە نەوتی و نیزامییەکانی عەڕبستانی کردوەتە ئامانج، ئاخێزگەیان ئێران بووە. ئەوانەش لە جێی خۆیدا ڕێگا بۆ هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ درێژکردنەوەی ئەو سزاگەلەی لە سێزدەساڵی ڕابردوودا لەسەر ئێران بووە، خۆش دەکا.  هەروەها لێکەوتەی دیکەشی بۆ ئێران دەبێ. یەکەم ئەوەی ئەمە یەکەمجارە سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕەسمی ڕادەگەیەنێ چەکوچۆڵی بەکارهاتوو لە دژی عەرەبستان پێوەندییان بە ئێرانەوە هەیە و بێتوو عەڕەبستان لەو بارەوە داوخوازی هەبێ _کە دیارە دەیبێ_ ئێران دەبێ وەڵامدەر بێ و تێچووی سیاسی و ماددیی ئەم کردەوەیەی بدا. هەروەها سبوت‌بوونی ناردنی چەکوچۆڵ بۆ حوسییەکانی یەمەنیش لەسەر ئێران بە مانای پێشێلکردنی بڕیارنامەی ٢١٤٠ی شوڕای ئەمنییەت دێ کە ئەویش ئێران بەرەوڕووی سزا دەکاتەوە. گرینگییەکی دیکەی ئەم ڕاپۆرتە لاوازکردنی هەڵوێستی ڕووسیە و چینە کە هەتا بە ئێستاش دژی درێژکردنەوەی سزاکانی سەر ئێرانن. ڕۆڵی ئورووپاش لەم نێوەدا ئاڵقەی جۆشی هەڵوێستە لێك‌دوورەکانی ئەمریکا لەلایەک و ڕووسیە و چینە لەلایەکی دی. بەو مانایە لەلایەک ئەمریکا قایل بەوە بکا کە سزاکان هەمیشەیی نەبن و چین و ڕووسیەش کە خوازیاری فڕۆشتنی چەکوچۆڵ بە ئێرانن، بڕیارنامەکە لە شوڕای ئەمنییەتدا ڤێتۆ نەکەن. ئەمەش بەو لەنگەرگرتنەی لە گەڵاڵە نوێیەکەدا هاتوە و دەتوانێ بەرژەوەندی و ئامانجەکانی هەموو لایەنەکان _ئێرانی لێ بترازێ_ دابین بکا. لەو نێوەدا تاکەهیوای کاربەدەستانی ئێران دۆڕاندنی دۆناڵد تڕامپ لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک‌کۆماریی ئەمریکا لە پاییزی ئەمساڵ‌دایە. جۆ بایدەن، جێگری باراک ئۆباما، سەرۆک‌کۆماری پێشووی ئەمریکا کە ڕکەبەری تڕامپ لە هەڵبژاردنەکانە، وادەی ئەوەی داوە لەئەگەری سەرکەوتنی بەسەر تڕامپ‌دا؛ بێتوو ئێران بەرعۆدەی دەروەستییەکانی پێشووی بێ، بە هیندێک تێبینییەوە دێتەوە نێو بەرجام. بەڵام بارودۆخ لە وڵاتانی عێڕاق، لوبنان و سووریەش وەک حەسارخەڵوتەکانی سیاسەتی دەروەی ئێران چ بەدڵی ئەم وڵاتە ناچێتە پێشێ. سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتییەکان لە لوبنان، پاشەکشەی بەناچاری کۆماری ئیسلامی لە ستاتووی پێشووی لە عێڕاق و، خرانە بواری جێبەجێکردنی سزاکانی ئەمریکا لەدژی سووریە؛ پێگەی ئێرانی تا ڕادیەکی زۆر لە ناوچەدا لاواز کردوە. کۆماری ئیسلامی لە نێوخۆی وڵاتیشدا بەهۆی کەڵەکەبوونی قەیرانە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان و ناکارامەیی ڕێژیم لە چارەسەرکردنیان لەگەڵ پەل‌هاویشتنی بزووتنەوە ئێعترازییەکان بەرەوڕوویە کە لە ئێستادا بە کەلکی خراپ وەرگرتن لە پەتای کرۆنا توانیویەتی تاڕادەیەک پێشیان پێ بگرێ. بەڵام لێی سوور و عەیانە بزووتنەوە سیاسی، مەدەنی، شوناس‌خوازی و ئێعترازییەکانی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران کە لە چوار دەیەی ڕابردوودا و، سەرەڕای سیاسەتی زەبروزەنگ و کوشتار و تێچووی گیانی و ماڵیی زۆری بۆ خەڵک نەوەستاوە؛ بەوەندە ناوەستێ و خەباتی گەلانی ئێران تا گەیشتن بە گۆڕانکارییە بنەڕەتییەکان درێژەی دەبێ. ئەم بزووتنەوانە ئەگەرچی بەهۆی توندوتیژیی ڕەهای دەسەڵات و نەبوونی ستراتیژی و هاوهەنگاویی و پێکەوەیی بەکردەوەی بزاوتە جۆراوجۆرەکان هەتا ئێستا ئاکامی یەکلاکەرەوەی لێ وەرنەگیراوە؛ بەڵام بەپێوەن و کۆڵیان نەداوە. بۆیە بارودۆخی لەرزۆکی کۆماری ئیسلامی لە هاوکێشە ناوچەیی و جیهانییەکان و ناکارامەیی لە قەیرانە گەورە و بنەڕەتییەکانی کۆمەڵگەدا زەروورەتێکی مێژوویی بۆ ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی دروست دەکا، کە ئەویش ڕێککەوتن و ساغبوونەوە لەسەر هەندێ بنەڕەتی هاوکاری و هاوپەیمانییە. پێش هەموو شتێکیش دەکرێ تێپەڕین لە تەواوەتیی کۆماری ئیسلامی، سازان لەسەر فۆڕمی ئیدارەی وڵات لە قۆناغی تێپەڕین و داڕشتنەوەی پێکهاتە و جۆری نیزامی سیاسیی داهاتووی وڵات بنەڕەتی ئەو ئەرکانە بێ.