کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆچی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست زیاتر لە هەموو شوێنێکی دیکە شەڕی لێیە؟

14:28 - 4 پووشپەڕ 2720

بۆچی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست زیاتر لە هەموو شوێنێکی دیکە شەڕی لێیە؟

ئورشەلیم پۆست – سێت جەی فراتنتزمەن

وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە: کەماڵ حەسەن‌پوور

شەوی ڕابردوو، هێرشی ئاسمانیی تورکیە خەریکی وێران کردنی باکووری عێراق بوو. چەند کاتژمێر پێش هێرشە ئاسمانییەکە، وڵاتە یەکگرتووەکان هێرشێکی نهێنی بە موشەکی "نینجا" کردە سەر ئوتۆمبێلێک لە باکووری خۆرئاوای سووریە کرد و ئەندامێکی گرووپێکی کوشت کە دەڵێن پێوەندیی بە ئەلقاعیدەوە هەیە. دواتر، نزیکەی هەمان کات کە تورکیە هێرشی ئاسمانیی دەست پێکرد، پشکێنەرانی عێراقی لۆرییەکیان دیتەوە کە کاتیوشای لەسەر دابەسترابوون و بۆ هێرش بۆ سەر شوێنێکی حاوانەوەی سەربازانی وڵاتە یەکگرتووەکان لە نزیک بەغدا کەڵکی لێ وەرگیرابوو. هەروەها ڕۆژی یەک شەممە ٢٥ی جۆزەردان، هەواڵی هێرشی ئاسمانیی ڕووسیە لە ئیدلیب بڵاو بۆوە. ڕێژەی زۆری هێرشی ئاسمانیی و شەڕ لە خۆرهەڵاتی ناڤین ئەوێی کردۆتە یەکێک لە شەڕلێدراوترین ناوچەکانی دنیا، بە زۆرترین ڕێژەی وڵاتان و زلهێزانی دنیا کە لە ناکۆکییەکان تێوەگلاون. ئەوە کورتکراوەیەکی خێرای ئەو شەڕانەیە کە لە خۆرهەڵاتی ناڤین لە ئارادا:   میلیشیاکانی ئێران دژی وڵاتە یەکگرتووەکان میلیشیاکانی ئێران لە عێراق دەرزەنێک جار هێرشیان کردۆتە سەر بنکەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان لە عێراق. چوار ئەندامی هاوپەیمانیی بە ڕێبەرایەتی وڵاتە یەکگرتووەکان کوشتووە، لە ناویاندا قۆنتەراتچییەک. وڵاتە یەکگرتووەکان دوو جار هێرشی ئاسمانیی کردۆتە سەر کەتائیب حیزبوڵڵا، لە دێسامبری ٢٠١٩ و مارسی ٢٠٢٠. وڵاتە یەکگرتووەکان بە هەمان شێوە سەرۆکی سپای قودس، قاسم سولەیمانی و ڕێبەری کەتائیب حیزبوڵڵا، ئەبو مەهدی موهەندیسی لە مانگی ژانویە کوشت. لە جوابدا، ئێران موشەکی بالیستیکی بە بنکەکانی وڵاتە یەکگرتووەکانەوە ناوە. واشینگتۆن سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ناردووە. وڵاتە یەکگرتووەکان هەروەها لە گەڵ ئێران لە کەنداوی فارس کێشەی هەیە، شوێنێک کە کۆماری ئیسلامی مینی بۆ پاپۆڕان داناوە و پاپۆڕە ئەمریکاییەکانی جاڕز کردووە. لە سووریەش گرژیی هەیە و ئێران هەڕەشە لە هێزە ئەمریکاییەکان دەکا. هێزی بەکرێگیراوی ڕووسی کە کار بۆ میلیشیا هاوپەیمانەکانی ئەسەد دەکەن لە مانگی فێورییەی ٢٠١٨ هێرشیان کردە سەر هێزەکانی سووریەی دێموکڕات کە وڵاتە یەکگرتووەکان پشتگیرییان دەکا.   ئیسڕائیل دژی ئێران و حیزبوڵڵا بە گوێرەی فەرماندەی گشتیی خانەنشینکراوی هێزە سەربازییەکانی ئیسڕائیل، گادی ئایزەنکۆت، لە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە ٢٠١٩،  ئیسڕائیل پتر لە ١٠٠٠ هێرشی ئاسمانیی لە سووریە دژی ئامانجە ئێرانییەکان بەڕیوە بردووە. گرژییەکانی نێوان ئیسڕائیل و ئێران لەبەر خۆ مۆڵدانی ئێرانییەکان لە سووریە لە ئاستێکی بەرز دایە. لەوانەیە ئێران ئێستا خەریکی گواستنەوەی هێزەکانی بێ. ئاگوستی ڕابردوو، ئیسڕائیل تیمێکی "فڕۆکەی کوشندەی بێ فڕۆکەوانی" حیزبوڵڵای لە نزیک گوڵان ئاشکرا کرد. جگە لەوە، ئەندامانی بەناوبانگی حیزبووڵا لە سووریە کوژراون و یەکێک لە ئوتۆمبێلەکانیان لە هێرشێکی فڕۆکەی بێ فڕۆکەواندا تێکشکاوە کە ئیسڕائیل وەک بکەر تاوانبار کراوە. پاییزی ڕابردوو، لە ١ی سێپتامبری ٢٠١٩، حیزبوڵڵا بە مووشەکی دژە تانک هێرشی کردە سەر ئیسڕائیل. لە فێورییەی ٢٠١٨ ئێران لە سووریە ڕا فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ناردە سەر ئیسڕائیل. ئیسڕائیل کەڵکی لە هێزی بەرگریی ئاسمانیی خۆی بۆ خستنە خوارەوەی مووشەک و ڕاکێت، کە لە سووریەڕا، پێوەی نراون وەرگرتووە. لە مانگی مای ٢٠١٨ هێرشێک ئاراستەی ئیسڕائیل کرا. لە ئاپریلی ٢٠٢٠، حیزبوڵڵا پەرژینی ئەمنییەتی لە باکووری ئیسڕائیل هەڵدڕی.   لیبیایی پشتگیریکراو لە لایەن تورکیە دژی لیبیایی پشتگیریکراو لە لایەن میسرەوە     تورکیە لە نۆڤامبری ٢٠١٩ دەستێوەردانی لە شەڕی ناوخۆیی نۆ ساڵەی لیبی دا کرد. ئێستا فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی تورکیە چالاکن و فڕۆکە و پاپۆڕەکانی تورکیە لە کەنارەکانی لیبی دەرکەوتوون. تورکیە پشتگیریی لە دەوڵەتی ئاشتی نەتەوەیی لە تریپولی دژی سوپای نەتەوەیی لیبی بە ڕێبەرایەتی خەلیفە حەفتەر  دەکا. حەفتەر لە لایەن میسر، ئیماڕاتی یەکگرتووی عەڕەبی، فەڕانسە، ڕووسیە و لایەنی دیکەوە پشتیوانی دەکرێ. سوپای نەتەوەیی لیبی ساڵی ڕابردوو هەوڵی دا تریپۆلی بگرێ بەڵام تورکیە یارمەتی کرد تا هێرشەکە پاشەکشەی پێ بکرێ. ئێستا ئانکاڕا خوازیاری کردنەوەی بنکەی سەربازیی لە لیبییە. میسر خوازیاری ئاگربڕە. فەڕانسە لە تورکیە تووڕەیە چونکە هەوڵ دەدا دەست بە سەر سەرچاوەی وزە لە مەدیتەرانە دابگرێ و چەکوچۆڵ بۆ لیبی بنێرێ. تورکیە داوای کردووە وڵاتە یەکگرتووەکان پشتگیریی لە لیبی  بکا. ڕووسیە فڕۆکەی شەڕکەری ناردوونە لیبی تا دوای نسکۆیەکانی مانگی مای، یارمەتی بووژانەوەی حەفتەر بکا.   ڕووسیە و ئێران لە سووریە دژی تورکیە و چەکدارانی سوورییەیی لە سووریە ئێران لە ٢٠١٢ چووە ناو سووریە تا یارمەتی ڕێژیمی ئەسەد دژی بەرهەڵستکارانی سوورییەیی بکا و ڕووسیە لە ٢٠١٥ دەستیوەردانی کرد. بە یارمەتی ئەوان، ئەسەد لە ٢٠١٦ دەستی بەسەر حەڵەب و لە ٢٠١٨ بەسەر باشووری  سووریەدا گرتەوە. پاشان ڕووسیە پشتگیریی لە هێرشی ڕێژیمی ئەسەد بۆ سەر ئیدلیب کرد، لە سێپتامبری ٢٠١٨ ڕێککەوتنێکی لەگەڵ تورکیە واژۆ کرد و ئاگربڕێکی دیکەی لە مانگی مارسدا ڕاگەیاند. هەروەها ڕووسیە و ڕێژیمی ئەسەد دەستیان بەسەر ئەو ناوچانە داگرت کە دوای داگیرکاریی تورکیە لە ئۆکتۆبری ٢٠١٩، وڵاتە یەکگرتووەکان چۆلی کردن. تورکیە لە ٢٠١٦ بەولاوە دەوری خۆی لە سووریە بەهێز کردووە و ناوچەکانی دەوروبەری جەڕابلۆس و پاشان لە ٢٠١٨ عەفرین و دوایە تەل ئەبیەدی لە ئاپریلی ٢٠١٩ داگیر کرد. ئێستا هەزاران سەرباز و تانکی ناردۆتە ئیدلیب. ڕووسیە و تورکیە گەشتی هاوبەش لە جادەی سەرەکیی M4 بەڕێوە دەبەن، بەڵام ڕووسیە درێژەی بە بۆمباران کردنی بەرهەڵستکارانی سوورییەیی داوە.   وڵاتە یەکگرتووەکان دژی ڕووسیە و ئێران لە سووریە وڵاتە یەکگرتووەکان دەڵێ دەیهەوێ سووریە بۆ ڕووسیە بکاتە "زەلکاو". بەڕێوەبەرایەتی ترامپ دوو جار هێرشی ئاسمانیی کردۆتە سەر ڕیژیمی سووریە. لە هەمانکاتدا، ڕووسیە و وڵاتە یەکگرتووەکان لە خۆرهەڵاتی سووریە  لە دەوروبەری دێرک و قامیشلی، شوێنێک کە گەشتەکانیان پەیتا پەیتا هەوڵ دەدەن یەکتر لەسەر جادە لاڕی بکەن،  کێشەیانە. دۆخەکە شڵەژاوە. ڕووسیە ئەمریکای بە بکەری تاوانی جۆراجۆر لە سووریە تاوانبار کردووە، و بە زانیاریی ساختە هەوڵ دەدا دەوری وڵاتە یەکگرتوەکان لەوێ لاواز بکا. لە هەمانکاتدا، واشینگتۆن دەڵێ دەیهەوێ ئێران سووریە جێ بهێڵێ و دەوری مۆسکۆی لەو وڵاتەدا شەرمەزار کردووە.   عەڕەبستانی سعودی، ئیماڕاتی یەکگرتووی عەڕەبی و ئیدیکە دژی ئێران لە یەمەن لە ٢٠١٥ بەرهەڵستکارە حوسییەکانی یەمەن دەچوون عەدەن بگرن و کۆنتڕۆڵی گەرووی بابەلمەندەب بەدەستەوە بگرن. عەڕەبستانی سعودی لەگەڵ هاوپەیمانییەکی کەنداو دەستێوەردانیان کرد. لەگەڵ ئیماڕاتی یەکگرتووی عەڕەبی، شەڕکەری بەکرێگیراو و هی دیکە، پاشەکشەیان بە بەرهەڵستکارانی حوسی کرد. ئێران فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و موشەکی بالیستیکیان بردنە ئەوێندەرێ تا یارمەتی حوسییەکان بکەن و دەستیان کرد بە موشەکبارانی قووڵایی خاکی سعودی. دواتر لە سێپتامبری ٢٠١٩ هێرشێکی بەربڵاوی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و موشەکی کروزی کردە سەر دامەزراوەکانی سعودی. هاوپەیمانە حوسییەکانی ئێرانیش دەرزەنێک هێرشی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانیان کردوۆتە سەر عەڕەبستان.   هەموو لایەک دژی داعش هەموو دنیا بە ڕێبەریی وڵاتە یەکگرتووەکان هاوپەیمانییەکیان دژی داعش پێکهێنا، ئەو هاوپەیمانییە ٨٢ ئەندامی هەن. هێزەکە لە وڵاتە یەکگرتووەکان، فەڕانسە، بریتانیا و ئەوانی دیکەی ناتۆ پێکهاتووە. ئێران، ڕووسیە و تورکیەش بانگەشەی شەڕی داعش دەکەن. ئەگەرچی هەموو دژی داعش دەجەنگێن، ئەو هێشتا لە عێراق هێندێک چالاکیی دەکا. هێزەکانی سووریەی دێموکڕات کە وڵاتە یەکگرتووەکان پشتگیریی دەکا، ١٠٠٠٠ زیندانیی داعشی لەبەر دەستدایە و شەڕی خانە نوستووەکانی داعش دەکا. هاوپەیمانییەکە ڕاهێنانی بە پتر لە ٢٠٠٠٠٠ سەربازی عێراقی و ٨٠٠٠٠ ئەندامی هێزەکانی سووریەی دێموکڕات کردووە. بەڵام وێدەچێ ئەو ڕێژە زەبەلاحە بەس نەبێ: داعش هێشتا شەڕ دەکا.   وڵاتە یەکگرتووەکان دژی ئەلقاعیدە وڵاتە یەکگرتووەکان هێشتا شەڕی ئەلقاعیدە دەکا. لە سووریە، لیبی و یەمەن، هێرشی ئاسمانیی جار لە دوای جار ئەندامانی ئەو گروپە دەکوژێ. بۆمبێکی "شمشێری نینجا" کە لە فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی وڵاتە یەکگرتووەکانەوە هاویژرابوو، لەو ساڵانەی دواییدا لە ئیدلیب چەند ئەندامی ئەقاعیدەی لەت بە لەت کردبوو. ئەو تووندئاژۆیانە لە نزیکی سنووری تورکیە جموجۆڵیانە. وڵاتە یەکگرتووەکان لەوبەر ئەوبەری سنوور چالاکیی دەکا تا ڕاویان بکا. ئیسڕائیل دژی جیهادی ئیسلامیی و حەماس لە دوو ساڵی ڕابردوودا گرژییەکانی نێوان ئیسڕائیل و جیهادی ئیسلامیی فەلەستین پەرەیان ئەستاندووە. حەماسیش لە ٢٠١٨ دەستی بە "مارشی گەڕانەوە" کرد، بۆ ماوەی ساڵێک ناڕەزایەتی بەڕێوە بردن. لە نۆڤامبر و دێسامبری ٢٠١٩، ئیسڕائیل و جیهادی ئیسلامیی پێکیان دادا. ڕێبەرانی جیهادی ئیسلامیی و هەروەها شەڕکەرەکانیان کوژراون. ئەوان سەدان هێرشی مووشەکییان کردۆتە سەر ئیسڕائیل؛ حەماس خۆی لە بەشداریکردن لە هێندێک لەو شەڕانەدا بواردووە.   تورکیە دژی پەکەکە تورکیە تا ٢٠١٥ لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان ئاگڕ بڕی هەبوو. کاتێک ئەو ئاگربڕە کۆتایی هات، تورکیە شەڕێکی سەختی دژی شارە کوردەکان بەڕێوە برد. ئانکارا بە هێرش بۆ سەر باکووری عێراق و داگیر کردنی بەشێک لە سووریە  شەڕەکەی بەربڵاو  کردەوە و بانگەشەی شەڕ دژی لایەنگرانی پەکەکەی کردووە. ئەو لە ژانویەی ٢٠١٨ عەفرینی داگیر کرد و ئۆپەراسیۆنێکی بەربڵاوی لە باکووری عێراق بەڕێوە برد. لە ١٤ی ژوئەن، تورکیە ئۆپەراسیۆنێکی نوێی دژی شاری ئیزەدیی