کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەند بیرەوەرییەک لە سەر شەهید عەبدولڕەحمان زەبیحی

21:47 - 8 پووشپەڕ 2720

عەبدولڕەحمان زەبیحی "عولەما" تێکۆشەر و شۆڕشگێڕ و سیاسەت‌مەدار و ڕۆشنبیر و نووسەر و زمانەوانێکی زۆر بە توانا بوو. دڵسۆز و نیشتمان‌پەروەرێکی کەم‌وێنە بوو، شۆڕەسوارێکی ماندوویی‌نەناس و بە ورە  بوو. هەموو ژیانی و هەموو کاتێکی بۆ خزمەتی گەلی کورد و نیشتمانەکەی تەرخان کردبوو. عەبدولڕەحمانی سۆفیی مینەی کڵاودروو لە ساڵی ١٩٢٠ لە شاری مەهاباد، لەدایک بووە. خوێندنی سەرەتایی لە شاری مەهاباد تەواو کردوە. لە ساڵی ١٩٣٥ـدا، لە شاری ورمێ بڕوانامەی خوێندنی ناوەندیی وەرگرتوە. بە منداڵی لە لای مامۆستا مه‌لا قادری موده‌ڕسی پەرتووکی "گوڵستان"ـی سەعدی و وانەی جه‌بری خوێندوە. مامۆستا مەلا قادر مودەڕسی هەستی کوردایەتیی لە هـزر و هۆش و دەروونی زەبیحییدا ڕواند. عەبدولڕەحمان زەبیحی منداڵێکی زیرەک و بلیمەت بوو. لەم بارەوە، شاعیری ناسراو هه‌ژار موكریانی ١٩٢١ـ-١٩٩١ لە پەرتووکی "چێشتی مجێور"دا، لەژێر ناوی "بەڵای گیانم"ـدا دەڵێ: "ڕۆژێک وەک بەڵای ناگەهانی منداڵێکیان هێنا حوجرەکە، بە تەمەن لە من باوخۆشتر و بە باڵا لە من کورتە باڵاتر بوو. یەکێکی سووری چاوزیت، لێم بوو بە عـیزڕائیل، دەبوایە ئەویش گوڵستان بخوێنێ. هەتیو ئەوەندە زیرەک بوو کە نەبێتەوە. من بە هەزار گێرە و نێرە دوو خەتم ڕەوان دەکرد، ئەو پەڕە و دوو پەڕەی تێ‌دەپەڕاند. وەک ئاگری قودرەتی وابوو. جا وەرە زللـە و چەپۆک بخۆ؛ کە بۆ ئەو هێندە و هێندەی ڕەوان کردوە و تۆ هەر منجە منجت دێ؟! هەر لەبەر خۆمەوە لە خوا دەپاڕامەوە ئەو بەدفەڕە بمرێ و لە کۆڵ دنیا بێتەوە. ناوی ئەویش عەبدولڕەحمانی کوڕی سۆفیی مینە بوو. کە لە دواڕۆژدا بە ناوی (زه‌بیحی) ناسرا. زەبیحی وەک من فەقێی دایمی و ڕەسمی نەبوو؛ دەرسی دەخوێند و دەگەڕایەوە ماڵە خۆی. وردە وردە پێکەوە بووینە ئاشنا و لە دەرسی گوڵستان یاریدەی دەدام و ئەو ئاشناییە پتر لە پەنجا ساڵ دەوامی کرد." عەبدولڕەحمان زەبیحی بێجگە لە زمانی کوردی، بە باشیش زمانی: فارسی و تورکی و عەرەبی و ئینگـلیسی و فەڕانسەیی و ئەرمەنیی، دەزانی. عەبدولڕەحمان زەبیحی هەر بە گەنجی تێکەڵاوی بزووتنەوەی کوردایەتی بوو. یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی "ژ.ک". تا هەڵوەشاندنەوەی ئەم کۆمەڵەیە زەبیحی سکرتێری بوو. زەبیحی دامەزرێنەری گۆڤاری "نیشتمان"ـیش بوو، کە بڵاوکراوەیەکی نهێنیی "ژ.ک" بوو. زەبیحی نووسینەکانی کە لە ڕۆژنامەی "کوردستان" (ئۆرگانی حیزبی دێموکراتی کوردستان) و لە گۆڤاری "نیشـتمان"ـدا، بە ناوی نهێنیی (بیـژه‌ن)ـەوە بڵاو کردوونەتەوە. ڕەنگە کەم کەس ئەوە بزانێ، عەبدوڕەحمان زەبیحی یەکەم کەس بوو کە ناوی مانگەکانی ساڵی بە کوردی دانا. زەبیحی بەشداریی لە کارەکانی "كوماری كوردستان"ـدا کردوە. لە دوای ڕووخاندنی ئەم کۆمارە، هاتۆتە باشووری کوردستان. دواییش ڕووی لە ڕۆژئاوای کوردستان کردوە، ڕۆڵێکی گەورەی هەبووە لە هاندانی دامەزراندنی "پارتی دێموكراتی كورد" له‌ ڕۆژئاوای کوردستان لە ساڵی ١٩٥٧ـدا. عەبدولڕەحمان زەبیحی لە ٣٠ـی دێسامبری ١٩٥٧ـدا، چووە بۆ وڵاتی میسر بۆ ئەوەی لەگەڵ "یه‌كیەتیی خوێندكارانی كورد" نووسراوەیەک لە سەر مافخوراویی نەتەوەی کورد بدەن بە کۆنگرەی نێونەتەوەیی "گه‌لانی ئاسیا و ئه‌فریقا" کە لە قاهیرەدا بۆ نەتەوە ژێردەستەکانی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست بەسترا، کە خاوەنی قەوارەی سیاسی نەبوو. بەداخەوە عێراق و سووریە دوو دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی داگیرکەری کوردستان، ڕێگر بوون لە بەشداریی نەتەوەی کورد. ناوەندی کۆنگرەكەش هەر لە قاهیرەدا بوو. بە ناچاری نووسراوەکەیان بە زمانی عەرەبی و ئینگلیسی و فەڕانسەیی چاپ کرد و  لە نێو کۆنگرەکەدا دایان بە ئەندامانی کۆنگرەکە؛ دواییش لە ڕێی پۆستەوە ناردیان بۆ بەشێکی زۆر لە سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانی دەوڵەتان. زەبیحی لە دوای ساڵی ١٩٧٩گەڕاوە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان؛ بەڵام جارێکی دیکە گەڕاوەتەوە بۆ باشووری کوردستان. لە دوای ئاشبەتاڵییەکەی شۆڕشی ئەیلوول، زەبیحی چووە بۆ بەغـدا، سەرقاڵی دوو پڕۆژەی گەورەی نووسین بوو. یەکەمیان "کۆمەڵەی ژێ‌کاف" و دووەمیان "قامووسی زمانی كوردی" کە ٢٨ بەرگ بوو، بەڵام بەداخەوە تەنیا دوو بەرگی لێ چاپ کرا. لە ساڵی ١٩٨٠دا و لە کاتی گەڕانەوەی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سنووری ئەم دوو بەشە لە کوردستان لە هەلومەرجێکی ئاڵۆز و ناڕووندا، دوژمنانی کورد بێ‌سەر و شوێنیان کرد و تا ئەمڕۆش گۆڕونە. عەبدولڕەحمان زەبیحی، بێ‌جیاوازی لە هەر شوێنێکی کوردستاندا، دەرفەتی بۆ هەڵ‌کەوتبێ درێژەی بە خەبات و بە کوردایەتی داوە. "عه‌لی كه‌ریمی"ـی نووسەر دەڵێ: "فەرقی بەوە نەدەکرد کە ئەندامی کام حیزب و کام بەشی کوردستانە، سەردەمێک لە ڕیزی پێشەوەی کۆمەڵەی "ژ.ک" و سەردەمێک لە نێو پارتی دێموکراتی کوردستان لە باشووری کوردستان، سەردەمێکیش لە پارتی دێموکراتی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستاندا خزمەتی بزووتنەوە و دۆزی کوردی کردوە. ئەو هەتا مردیش یەک ڕۆژی ژیانی خۆی سەرفی ژن و مناڵ، کەسوکار، پارە و ماڵی دنیا نەکرد و هەمووی بۆ کوردایەتی تەرخان کرد. ئەو بە هەمووانی سەلماند کە کوردستان بە هەر چوار قوژبنییەوە موڵکی ئەو کوردەیە کە خەباتی بۆ دەکات و بەس." لە ساڵی ١٩٦٣ من لە پۆلی سێی ناوەندی لە کەرکووک و، ئەندامی ناوچەی لقی کەرکووکی یەکیەتیی قوتابییانی کوردستان و ئەندامی ناوچەی کەرکووکی یەکیەتیی لاوانی کوردستان بووم. هێرشێکی بەربڵاوی سپای دڕندەی عێراق و گاردی نەتەوەیی "الحرس القومي" و جاشە تاڵانکەرەکانی عەرەب، کە سەر بە ڕێژیمی بەعس بوون، لەژێر دروشمی "سەر بۆ ئێمە و ماڵ بۆ ئێوە"دا، پەلاماری شار و شارۆچکەکانی باشووری کوردستانیان دەست پێ‌کرد. ڕەشبگیری بوو، تا ئێستاش کورد بە ساڵی "بەعسییەکان" ناوی دەبا. ناچار هەموو ئەندامانی ناوچەی قوتابییان و لاوان و پارتی دێموکراتی کوردستان، کەرکووکمان بەجێ هێشت و خۆمان گەیاندە بنکەکانی پێشمەرگە لە ناوچەی شوان و جەباری و قەرەحەسەن. ئەندامانی کەرکووکیی هەرسێ ناوچەکە ڕوومان لە بنکەی دێیەکانی "خاڵەبازیانی" لە قەرەحەسەن و "چنگنی" و "شێرده‌ره‌" لە جەباری کرد؛ دوایی کار و بەرپرساریەتییان بە هەر یەکەمان سپارد. من لە بنکەی چنگنی کرام بە بەرپرسی ئازووقەی ناوچەی قەرەحەسەن، کە دێ بە دێ دەگەڕام و لە جووتیارەکانم دەپرسی: "ئەمساڵ چەند تەغار گەنم و چەند تەغار جۆتان بەرهەم هاتوە"؟ لە هەر ١٠ قزناغدا، قزناغێکی بۆ پێشمەرگە بوو، دەیان گەیاندە کۆگا کۆکراوەکانی دێی "خاڵە بازیانی" و دێی "شێخ جـیری" لە ناوچەی قەرەحەسەن. ئەندامانی لقی سێی کەرکووکی پارتی دێموکراتی کوردستان لە بنکەی "شێردەرە" بوون. هاوڕێی خۆشەویستم، کۆچکردوو کاک "محەممەد موکری" (١٩٤٥- ٢٠١٢) کە ئەندامی یەکیەتیی قوتابییانی کوردستان بوو، من هێشتا نەببوومە حەڤـدە ساڵ، محەممەد موکری ساڵێک لە من گەورەتر بوو، ئەو لە بنکەی شێردەرە بوو، ڕۆژێک چووم بۆ لای. بینیم لە تەنیشتی پیاوێکی ئەسمەری کورتەباڵای خڕەوە، کە ڕانک و چۆغەیەکی خۆڵەمێشیی لە بەردا بوو دانیشتوە. هەر دووکیان دەفتەر و پێنووسیان بەدەستەوە بوو. لە موکرییم پرسی: "ئەو پیاوە کێیە؟" موکری وتی: "ئەوە مامۆستا (عولەما)یە بەرپرسی لقی کەرکووکی پارتی دێموکراتی کوردستانە." من پێشتر ناوی عولەمام بیست‌بوو کە بەرپرسی لقی کەرکووکە، بەڵام تا ئەو کاتە نەمبینی‌بوو. موکری بردمی و منی پێ ناساند. لەو ڕۆژەوە مامۆستا عولەمام ناسی، کە هەندێ جاریش بە "عیسا زه‌بیحی" ناویان دەبرد. ڕۆڵی محەممەد موکری لەگەڵ زەبیحییدا ئەوە بوو، زۆر جار زه‌بیحی بە زار بابەتێکی ڕستە بە ڕستە دەوت و موکرییش قسەکانی بە نووسین دەنووسینەوە. ڕۆژێک کە چوومەوە بۆ لای محەممەد موکری، پێشمەرگەیەکی پاسەوانیی بنکەی شێردەرە داوای لێ کردم کە نامەیەکی داواکاری بۆ مامۆستا عولەمای بەرپرسی لقی کەرکووک بۆ بنووسم. منیش نامەیەکی جوانم بۆ ڕازاندەوە. کە داواکەی برد و دایە دەستی، مامۆستا عولەما لە پێشمەرگەکەی پرسی: "ئەمە کێ بۆی نووسیوی؟" پێشمەرگەکە ئاماژەی بە من دا. مامۆستا عولەما بانگی کردم و وتی: "شێوازی نووسینەکەت و دەستخەتەکەشت زۆر جوانن، لەوانەیە دەفتەرێکت بدەمێ و بەم جوانییە بۆم بنووسیەوە." منیش وتم : "بەسەر چاوم، گەر ئێستا لە لاتە بمدەرێ دەیبەم و هەفتەکەی تر بۆ دێنمەوە." وتی: "بە تەمام کەمێک دەستکاریی بابەتەکانی بکەم، کەی تەوام کرد دەتدەمێ." دوایی من گوێزرامەوە بۆ بنکەی قەرەداغ کە لە خانووە گەشتییارییەکانی "قۆپی قەرداغ"ـدا بوو. ئیتر نە محەممەد موکری و نە مامۆستا عولەمام نەبینییەوە. بەڵام لە ساڵی ١٩٧١ تا ساڵی ١٩٧٣ چەنـد جارێک لە کەرکووک موکـرییم بینی، لە دواییدا محەممەد موکری بوو بە کەڵە چیرۆک‌نووس و ڕۆمان‌نووس و وەرگێڕێکی ناسراوی گەلەکەمان. لە ڕۆمانە شاکارەکانی موکری دەتوانین ئاماژە بە "سه‌گوه‌ڕ"، "هه‌ره‌س"، "ئه‌ژدیها"، "تۆڵە"، "نێچـیر" بکەین. مەبەست لە هێنانەوەی ئەم بیرەوەرییە، کاریگەریی هزر و قەڵەمی مامۆستا عولەما بەسەر محەممەد موکری بوو. وشەی "به‌روار"یش لە جیاتی "ڕێكه‌وت" بۆ یەکەمین جار مامۆستا زەبیحی بە هەڵە بە کاری هێناوە، دانی بەو هەڵەیەدا ناوە و چیرۆکەکەی دەگێڕێتەوە کە چۆن بە هەڵە بە کاری هێناوە، دوایی هەڵەکەی ڕاست کردۆتەوە و داوای لێبوردنی کردوە. "بەرواری" ناوی ناوچەیەکە لە پارێزگای دهۆک. کە مامۆستا زەبیحی ناوی شارۆچکەکەی هێنابوو و وەیان‌زانیبوو مەبەست لە ڕێکەوتە کە لە کۆتایی نامەکەدا هاتبوو. لە ڕۆژی ٢ی یۆلیۆی ٢٠١٧دا، لە شاری هەولێر پەردە لەسەر پەرتووکی "ڕه‌تدانه‌وه‌ی کۆسمۆپۆلیتیزم" لە نووسینی مامۆستای نەمر "عەبدولڕەحمان زەبیحی" لا درا. کە لە ساڵی ١٩٥٧ـدا نووسیویەتی؛ بابەتی ئەم پەرتووکە وڵام دانەوەیەکە بەو کەس و لایەنانەی کە کورد بە نەتەوە نازانن و وەک عەشیرەت و خێڵ پێناسەی بۆ دەکەن. پێم خۆشە هەر بۆ خۆشیی خوێنەران دوو نوکتەی نێوان شەهید مه‌لا "جەمیل ڕۆژبەیانی" (١٩١٣-٢٠٠١) و مامۆستا زەبیحییتان بۆ بگێڕمەوە. مەلا جەمیل لە ساڵی ١٩٦٣ـدا، وەکوو کادرێکی نزیک –سەربەخۆ بوو- لە پارتی دێموکراتی کوردستان، بە سواری مایینێک گوندە ئازادکراوکانی ناوچەی کەرکووک دەگەڕا و قسەی بۆ جووتیارەکان دەکرد و هۆشیاری دەکردنەوە. ڕۆژێک دەچێ بۆ دێیەک، کوڕێکی لاو بە پیرییەوە دەچێ و دەڵێ: "مامۆستا عولەما بەخێر بێی." مەلا جەمیل بە زەردەخەنەیەکەوە وڵامی دەداتەوە و دەڵێ: "کوڕە مـن عولەمـا نیـم مـن عولەنێـرم." ڕۆژێکی دیکەش، مەلا جەمیل ڕۆژبەیانی و عەبدولڕەحمان زەبیحی بەرانبەر یەکتری دانیشتبوون و قسەیان دەکرد. لەو کاتەدا "مێشـەکەرانە"یەکی گەورە بە دەوری مەلا جەمیلدا دەسووڕێتەوە، مەلا جەمـیلیش بە زەردەخەنەیەکەوە بە مێشەکەرانـەکە دەڵێ: "لـێـت تێک نەچێ ئـەوەی بەرانبـەرمـە." بەداخەوە کە تا ئەمڕۆش وەکوو پێویست، ئاوڕێکی ئەوتۆ لە ژیانی ئەم پیاوە گەورانە نەدراوەتەوە و، ئەوەی کە بۆیان کردوون زۆر کەمترن لە ئاستی خزمەتی ئەم کەسە بلیمەت و تێکۆشەرانەی گەلەکەماندا.