کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژنان لە گۆڕەپانی چالاکیی مەدەنییدا

01:42 - 10 پووشپەڕ 2720

چالاکیی مەدەنی یەکێک لە ڕێگەکانی بەدوور لە توندوتیژییە بۆ گەیشتن بە ماف و داخوازییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان. کۆمەڵێک لە لایەن و کەسایەتییە سیاسییەکان هەن کە باس لە خەباتی مەدەنی دەکەن، ئەوان لە هزری سیاسیی خۆیاندا گرینگییەکی زۆرتر یا لانی‌کەم یەکسان بەم چەشنە لە خەبات هاوکات لەگەڵ شێوازەکانی دیکەی خەبات دەدەن و؛ لەگەڵ ئەوەدا زۆر لایەن و کەسایەتیی سیاسیی دیکەش هەن کە تەنیا پشت بەم شێوازە لە خەبات دەبەستن. بە ئاوڕدانەویەک لە ئێران، بە هۆی ئەوەی کە بە درێژایی مێژوو ئەو دەسەڵاتانەی کە هاتوونە سەر کار، کەش و هەوایەکی ئازادانە و دێموکراتیک و خەڵکییان نەبووە و، دەسەڵات هەر ناڕەزایەتییەکی ئاشتی‌خوازانە و مەدەنیی خەڵکی، بە توندترین شێوە وڵام داوەتەوە، بەڵام خەڵکی ماف‌خوازی ئێران هەوڵی ئەوەیان داوە بە درێژەدان بە چالاکیی مەدەنی، ناڕەزایەتیی خۆیان بەرامبەر بە دەسەڵات بنوێنن و بتوانن بە شێوەیەکی ئاشتی‌خوازانە و بە کەمترین تێچووی مادی و مەعنەوی، کاریگەریی زیاتر بخەنە سەر ناوەندی دەسەڵات و داواکارییەکانیان لەم ڕێگەیەوە دەرببڕن. ئه‌گه‌ر ده‌هه‌ی 70ی هه‌تاوی به‌ قۆناغێکی ده‌سپێک بزانین بۆ گه‌شه‌ی خه‌بات و چالاکیی مه‌ده‌نی له‌ ڕۆژهه‌لاتی کوردستان، به‌ ئاوڕدانه‌وه‌یه‌کی خێرا دێته‌ ده‌ستمان که‌ له‌ چوارچێوه‌ی ده‌سه‌ڵات و سیاسه‌تی کۆماری ئیسلامییدا، ئەوە نیشان له‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی وشیاریی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کورده‌. دوا به‌ داوی هاتنە سەر کاری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی له‌ ئیران، ڕێگه‌ی هه‌ر چه‌شنه‌ جموجۆڵی سیاسی و مه‌ده‌نی و فه‌رهه‌نگی داخرا. به‌ڵام له‌ سه‌رده‌می هاتنە سەر کاری ڕێفۆرمخوازەکان به‌ هاتنه‌ ئارای که‌شێکی کراوەتری ڕێژەیی، ‌کۆمەڵێک ڕێکخراوی ناحکوومی هاتنە گۆڕەپانی سیاسییەوە که‌ له‌ زۆر باره‌وه‌ کاریگه‌ری و شوێندانەرییان لە سه‌ر بیر و هزری کۆمه‌ڵگه‌ دانا و چالاکانی نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کورستان بە باشی لەم دەرفەتە کەلکیان وەرگرت. لەم پێوەندییەدا ئەنجومەنە ئەدەبی، فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی و ژینگە پارێزییەکان ڕۆڵێکی بەرچاویان لە کۆمەڵگەدا هەبوو. بێ‌گومان له‌م بزاڤه‌‌دا هاتنه‌ مه‌یدانی کچان و ژنان له‌‌وپه‌ڕی به‌ربه‌ستی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییدا ناکرێ لە بەرچاو نەگیرێ کە دەتوانین بڵێین بە بەشداریی بەرچاویان، بە باشی خۆیان دەرخست. لەگەڵ ئەوەی ژنان جگە لە کێشەی سیستماتیکی دەوڵەتی لەگەڵ چەندین کێشەی کولتووریی داخراوی کۆمەڵگە بەرەو ڕوون. بەڵام توانیان ئەوە بسەلمێنن کە گەیشتن بە ئاسۆیەکی ڕوون بەبێ بەشداری و هاوبەشیی ژنان بەدی نایەت. ئەمڕۆکە ڕۆلی بەرچاوی ژنان لە چالاکییە جەماوەری و مەدەنییەکانی ڕۆژهەلات، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە ژنانی کورد لە ئێراندا چیی‌تر بۆ گەیشتن بە مافەکانیان کەمتەرخەم نین و بە شێوەیەکی ئاکتیڤ لە مەیدان‌دان. دەکرێ بڵێین کوردستان پێشەنگی چالاکیی مەدەنییە کە بێ‌شک هیچ یەکێک لەم چالاکییانە بەبێ بەشداری و ڕۆڵی بەرچاوی ئەوان بەڕێوە نەچووە و ژنانی کوردستان بۆ بەدەست‌هێنانی مافەکانیان لەدژی یاساکانی کۆماری ئیسلامی وەستاونەتەوە. ژنان و کچانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بەشدارییان لە چالاکییە مەدەنییەکان و جموجۆڵی خوێندکاری و خەباتی سیاسیی نەتەوەیی لە ڕیزی هێزە سیاسییەکاندا دەرکەوتنی دیاریان هەیە. لەم پێوەندییەدا ئاماژە دان بە هاتنە مەیدانی کچان و ژنانی شاری مەریوان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا جێی دڵخۆشییە کە یەکگرتووانە و بە شێوازێکی مەدەنی و جەماوەری لە مەیداندا هەن. بۆ نموونە بەشداریی بەرچاویان لە هەوڵە ژینگە پارێزییەکان، شانۆی سەر شەقام و ڕاوەستان بەرانبەر یاساکانی کۆماری ئیسلامی وەک بە فتوایەکی پێشنوێژی ئەم شارە لەسەر دووچەرخەسواریی کچان و پێش‌گرتن بە بەڕێوەچوونی کەمپەینی "سێشەممەی بێ‌ماشێن" -کە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا هەوڵێکی چالاکانی ژینگەپارێزیی مەریوان بووە بۆ ڕێزگرتن لە ژینگە- و، بەشداریی بەرینیان و ناڕەزایەتیی کچانی دووچەرخەسواری ئەم ‌شارە دەسەڵاتدارانی تووڕە کرد، تا دوا جار هێزە ئینتزامییەکان بەرەنگاری ئەو هەنگاوە مەدەنییە بوونەوە و پێشیان بە بەشداریی ژنان لەو کەمپەینەدا گرت. لەسەر گرینگیی چالاکی و به‌شداریی ژنان له‌ ڕێکخراوه‌ مه‌ده‌نییه‌کان ده‌توانین بڵێین، هه‌ستانه‌وه‌ی ژنانه له‌سه‌ر ئیراده ‌و ویستی خۆیان و هەروەها نیشانەی چالاک‌بوون و لە مەیداندا بوونی ژنان بۆ گه‌شه‌ی فه‌رهه‌نگ و هونه‌ر و هه‌روه‌ها هێنانه‌ سه‌رشه‌قامی داواکارییه‌ ڕه‌واکان به‌ شێوه‌ی مه‌ده‌نییانه‌یە.