کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"پاراستنی چیا، تەنیا دۆستی کوردەکان"

04:14 - 11 پووشپەڕ 2720

وتەیەکی ئاشنا بۆ تاکی کورد هێندە ئاشنا کە لە مێژووی کورددا بووە بە کولتوور، واتە "تەنیا چیاکان دۆستی کوردەکانن" ئەم وتەیە کە ئێستا بووە بە کولتوور و لە ئەدەبیاتی سیاسی و شۆڕشگێڕانەی بزاڤی کوردستان، هۆکار و بەگراوەندی مێژوویی تایبەت بەخۆی هەیە. لەو کاتەوە تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت کە وڵاتانی داگیرکەر لەنێو بردنی کوردیان کردوە بە سیاسەتی فەرمیی خۆیان، ئەوە چیا و دارستانەکانی کوردستانن کە مان و مەوجوودیەتی کوردیان پاراستوە. ئەگەر داگیرکەران بەشێکی بەرچاو لە داهاتی وڵاتیان بۆ سڕینەوەی بزووتنەوەی کورد خەرجی هێزی سەربازیی پۆشتە کردوە، ئەوە چیا و دارستانەکانی کوردستانیش هێزی پێشمەرگە و نیشتمان‌پەروەرییان پەروەردە کردوە. ئێستاش و لەم قوناغە لە سیاسەتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە هەمبەر نیشتمانی کورد هەر سیاسەتەکەی جارانە، واتە بە هەموو شێوەیەک هەوڵی لە نێوبردنی چەمکی کوردایەتی دەدەن. لەنێوبردنی چەمکی کوردایەتی لە لایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە تەنیا بە شەڕ لەگەڵ حیزبەکانی ڕۆژهەڵات سنووردار نەکراوە، بەڵکوو هەر تاکێکی کورد کە دڵسۆزی بۆ خەڵک و خاکی کوردستان بکا لە ڕوانگەی ڕێژیمەوە تاوانبارە و تەنیا کاتی سزادانی جیاوازە! کاتێک کورد لە ئێران وەها دوژمنێکی هەیە بێ‌گومان پێویست دەکا چالاکانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەشێوەی خۆڕسک و خۆبەڕێوەبەر لەگەڵ قەیرانەکان بەرەوڕوو ببنەوە. ئەو خۆبەڕێوەبەرییە چۆن و بۆچی پێک‌ هاتوە؟ لە دنیای ئازاد و دێموکراتیک، گرینگترین ئەرکی وڵاتان و حکوومەتەکان گرینگی دان بە ژیانی خەڵك و پاراستنیی نیشتمانەکەیانە، چونکە ڕێز لە خەڵک و خاک لای ئەو حکوومەتانە وەک بەها و مۆراڵ وایە. بەڵام لە ڕێژیمێکی ستەمکاری وەک کۆماری ئیسلامیی ئێران پێچەوانەی عورف و عادەتی دنیای ئازادە. لەو وتارە هەوڵ دەدرێ ئاماژە بەچەند ڕووداوی سروشتی بکرێ، وەک بوومەلەرزەی کرماشان، هاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا و پاراستنی ژینگەی کوردستان، هەرچەند ئاگرتێبەردانی ژینگەی کوردستان بەردەوام گومانی ئەوەی لەسەر بووە کە دەستی سپای پاسدارانی تێدا بێت. بوومەلەرزەی چەند ساڵ لەمەو پێشی کرماشان و ئامادە نەبوونی  حکوومەت لەو ناوچەیە بۆ یارمەتی دانی خەڵکی لێقەوماو کە زەرەر و زیانی گیانییان بەرکەوتبوو، نیشانەی نابەرپرسایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە. لە وەها حاڵەتێکدا سروشتییە ئەو ناوچەیەی تووشی بەڵای سروشتی بووە بڕیار بۆ ئاسایی کردنەوەی دۆخەکە بدا یان بە واتایەکی دیکە دوو هزر لە بەرامبەر یەک ڕاوەستن. ١- کۆماری ئیسلامی و هەڵوێستی نابەرپرسانە ٢- بەرپرسایەتیی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵات بە تایبەت چالاکانی مەدەنی خامنەیی لە سەردانی بۆ ناوچەی بوومەلەرزە لێدراوی سەرپێڵی زەهاو زۆر بە ڕاشکاوانە ڕایگەیاند کە خەڵک نابێ چاوەڕوانی یارمەتی  و هاوکاری دەوڵەت بن کەچی هەر خامنەیی و بەرپرسانی دیکەی ڕێژیم بەشانازییەوە باسی خزمەتگوزاریی کۆماری ئیسلامی بۆ سووریە و لوبنان دەکەن. ئەوە تەنیا وەک وتەیەکی ئاسایی و ڕۆژانەی خامنەیی نابێ ڕاڤە بکرێ، بەڵکوو سیاسەتی فەرمیی ڕێژیمە و لە لایەن کەسی یەکەمی ئەو حکوومەتە ئەو وتە نابەرپرسانە کوتراوە، واتە هەڵوێستی فەرمیی ڕێژیم.   بەرپرسایەتیی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و " پارێزەرانی نیشتمان" کاتێک دەکوترێ خەبات و مافویستی بووە بە بەشێک لە کەسایەتیی تاکی کورد، ئەو تایبەتمەندییە زیاتر و باشتر لەکاتی نائاسایی تا ئێستاشی لەگەڵ  بێت خۆی نواندوە. خەڵکی بوومەلەرزە لێدراو بە گشتی لە هاوکاری و یارمەتیی ڕێژیم بێ‌هیوا بوون، بەڵام لەو قۆناغە هەستیان بە تەنیایی نەکرد چونکە لەهەموو شار و ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، چالاکانی مەدەنی یان "پارێزەرانی نیشتمان" بە هەوڵ و ماندوونەبوونی خۆیان بەردەوام هاوکاری و یارمەتیی خەڵکی لێ‌قەوماویان داوە. نموونەی دیکە دەکرێ ئاماژە بە هاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا بکەین کە چالاکانی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چ ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبوو لە ئاگاهی دان بە خەڵک لەسەر ئەو ڤایرۆسە و هەروەها پاراستنی هاووڵاتییان لە تووش نەبوون بەو ڤایرۆسە. پارێزەرانی نیشتمان و بەربەرەکانی لەگەڵ ئاگر بۆ ماوەی چەند ساڵ دەبێ کە دارستان و کوێستانەکانی کوردستان تووشی سووتان دەبن و تا ئێستا وەک خەساری ژینگە چەندین شوێنی سەر سەوزی نیشتمان خەساریان لێ‌کەوتوە، هەرچەند ئەویش بەردەوام وەک گومانێک لەسەر پیلانەکانی دیکەی سپای پاسداران لە کوردستان لە قەڵەم دەدرێ. لە کاتی ئاگر کەوتنەوە یان ئاگردانی ژینگەی کوردستان، نە تەنیا کۆماری ئیسلامی هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەی نەداوە بەڵکوو کەرەستەی پێویستیشی بە خەڵک و چالاکانی مەدەنی بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە نەداوە. لەوانەش گرینگتر، دام و دەزگا ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم کێشە و ئاستەنگیشیان بۆ چالاکانی مەدەنی کە بە  تێچووی خۆیان ویستوویانە پێش بە خەساری زیاتری ژینگەی کوردستان بگرن، دروست کردوە و وەک پرسێکی ئەمنییەتی هەڵسوکەوتی لەگەڵ ئەو چالاکانە کردوە. تەنانەت ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆش دەستی لە تێداچوونی چەند چالاکی ژینگەپارێزدا بووە. لە وەها حاڵەتێک کە ڕێژیم و ئۆرگانە پێوەندیدارەکانی، گۆڕەپانی خزمەت کردن بە جێ دەهێڵن، چالاکانی مەدەنی یان پارێزەرانی نیشتمان ئەرکی نەتەوەیی و ئەخلاقی خۆیان بەجێ دەگەیەنن، هەر بۆیە ڕەوایە کە بڵێین لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەبەرییەکی ڕانەگەیەندراو هەیە. ڕۆژی ٨ی پووشپەڕی ئەم مانگە، پارێزەرانی نیشتمان واتە چەند ژینگە پارێزێکی ئەنجومەنی "ژیوا"ی پاوە لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی "بووزین" و "مەرەخێڵ" بۆ پێش گرتن لە سووتانی زیاتری دارستانەکان بە ئاگری ئەو جارەی ژینگەی کوردستان جەستەی خۆیشیان لە ئاگردا سووتا. تا کاتی نووسینی ئەم وتارە، جۆری مردنی ئەو سێ ژینگەپارێزەش گومانی لەسەرە کە دەستی سپای پاسدارانی تێدا بێت. ئەگەر پێشمەرگە لە چیا و دارستانەکان بۆ پاراستنی کەرامەتی مرۆڤی کورد گیانی خۆی فیدا دەکا و خەڵکیش خاوەنداریەتی لێ‌دەکەن، ئەوە خەڵكی کوردپەروەری پاوە بە کوتنی " شەهید نامرێ" ڕێزیان لە شەهیدانی ڕێگەی پاراستنی ژینگەی کوردستان، گرت. پێشمەرگە بۆ پاراستنی خاک و خەڵکی کوردستان، چیا و دارستانەکان دەکاتە سەنگەر، پارێزەرانی نیشتمانیش بۆ پاراستنی پێشمەرگەی کوردستان، گیانی خۆیان فیدای پاراستنی ژینگەی نیشتمان دەکەن.