خەبات بۆ ڕزگاری شێوازگەلی جیاجیا لە خۆ دەگرێ، هەر تاکێک بە پێی توانا و لێزانیی خۆی ئەرکێک وەئەستۆ دەگرێ و لەو ڕێگەیەوە هەوڵی دەستەبەر کردنی مافەکانی نەتەوەکەی دەدا، ئاشکرایە کە لە ڕووبەڕوو بوونەوەی داگیرکەراندا چینی بژاردە و خوێندەواری کۆمەڵگە دەوری کاریگەر و سەرەکی دەگێڕن، بە چەشنێک کە دەتوانین بە ئاسانی بڵێین پێشەنگ و مێشکی هەر کۆمەڵگەیەک لە بژاردەی ئەو کۆمەڵگەیە پێک دێ، بەڵام ئەوانیش بەسەر سێ بەشی سەرەکییدا دابەش دەبن، بەشێکیان لە پاڵ دوژمنەوە و پشت لە بەرژەوەندیی نەتەوە و نیشتمانەکەیان دەکەن، بەشێکیان بێدەنگی هەڵدەبژێرن و بێلایەنن و بە بڕوای ئێمە ئەوانیش بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ یارمەتیدەر و هاوبەشی دەسەڵاتن بۆ سەرکوتی کۆمەڵگەکەیان؛ بەڵام بەشێکیان کە قازانج و بەرژەوەندیی نەتەوە و نیشتمانیان لە سەرووی هەموو شتێکەوە دادەنێن و ئامادەن گیانی خۆیشیان لە ڕێگەی گەیشتن بە ڕزگاری و سەربەستییدا بەخت بکەن و، لە ڕاستییدا ئەمانەن کە پیلانەکانی دوژمن تێک دەشکێنن و پەروەردەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی گەلەکەیان لە ئەستۆیانە و بە گشتی پارێزەری مان و بوونی نەتەوە و نیشتمانن.
گەلی کورد بەردەوام ڕووبەڕووی داگیرکەران بووەتەوە و هەوڵی دەستەبەرکردنی مافەکانی داوە و بە پێی قۆناغ و بارودۆخ شێوازگەلی جۆراوجۆری خەباتی تاقیکردوەتەوە و، بەو جۆرەی کە توانیبێتی تێ کۆشاوە و نرخیشی بۆ داوە و بەردەوامیش سەرەڕای ڕەوا بوونی هەر چەشنە تێکۆشانێک بۆ دەرکردنی داگیرکەران لەسەر خاکەکەی زیاتر لە شێوەی ئاشتیخوازانە کەلکی وەرگرتوە -هەرچەند ڕەنگە ئەمەش خەسارێکی گەورە بێ و یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی نەگەیشتن بە ئامانجەکانی بێ کە وەبەر خۆی و خەباتەکەی کەوتبێ-، لە حاڵێکدا دوژمنە داگیرکەرەکانمان کەمترین نەرمییان نەنواندوە و بە دڕندانەترین و نامرۆڤانەترین شێوە، هەر هەوڵێکی ئێمەیان بۆ پاراستنی ئاشتی و تەبایی و گەیشتن بە مافە ڕەواکانمان بە تێرۆر و سەرکوت و کوشتاری بە کۆمەڵ و زیندان و ئەشکەنجە و ئەنفال و؛ لەم دواییانەش بە تێکدانی ژینگەی کوردستان و دزینی سەرچاوە سروشتییەکان و سووتاندنی دارستان و لێڕەوارەکانی ئەم نیشتمانە پیلانەکانیان نوێ کردوەتەوە.
بە دڵنیاییەوە هەر پیلانێکی دوژمنانیش لە لایەن گەلەکەمانەوە هەستی پێکراوە و شێوازی ڕووبەڕوو بوونەوەی تایبەتی بۆ دۆزراوەتەوە و ماوەیەک دوای کاڵبوونەوەی شەڕی چەکداری، شێوازێکی نوێ لە خەبات و خۆڕاگری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا سەری هەڵدا و، بە تایبەت حیزبی دێموکراتی کوردستان هەوڵی داوە کە ئەو خەباتە بە هەموو شێوەکان ببووژێنێتەوە و، بە مەدەنییانەترین شێوە خەڵکی کوردستان لە نێوخۆی وڵات پارێزگاری لە خاک و نیشتمان و کولتوور و زمان و فەرهەنگ و کۆمەڵگەی کوردی و ناسنامەی خۆیان بکەن و، بە تێچوویەکی کەمترەوە بتوانین بگەین بە ئامانجەکانمان؛ بەڵام لە بەرامبەردا دوژمنی دژیگەلیی کۆماری ئیسلامیی ئێران مەدەنییانەترین خەباتی ئێمەی بە گولـلە و خوێن وڵام داوەتەوە و هیچ پێوانەیەکی ئەخلاقی و مرۆیی بۆ سەرکوتی خەڵکی کورد ڕەچاو نەکردوە و نایکا.
ئەوەی لە ساڵانی ڕابردوودا بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی و سپای پاسداران بە نیسبەت خەڵکی کورد و بە تایبەت ژینگەی کوردستان کردوویانە و بەردەوامن، سەرنجێکی تایبەتی دەوێ.
سووتاندنی دارستان و لێڕەوارەکانی کوردستان، دزینی کانگە و سەرچاوە سروشتییەکان -بە تایبەت ئاوی کوردستان-، تێکدانی مێژوو و سڕینەوەی ناسنامەی ئەم گەلە، لە نێو بردنی ڕۆڵە دڵسۆزەکانی ئەم نیشتمانە؛ بەشێکن لەم هەوڵانە و، دەرخەری ئەم ڕاستییەن بە هەموو توانایانەوە دژی خەڵکی کوردستان و نیشتمانەکەی وەستاونەتەوە و کوردستان و کورد دڕکێکن لە چاوی پیسیاندا.
لە هیچ وڵاتێکی دنیا نەبووە و نییە کەسانێک کە بە دەستی بەتاڵەوە بۆ پاراستنی ژینگە گیانی خۆیان بخەنە مەترسییەوە و، لە بەرامبەر مەرگدا بوەستنەوە بە دەستی دەسەڵاتداران گیانیان لێ بستێندرێ.
پاراستنی ژینگە ئەرکی حکوومەت و دەسەڵاتە، ئەوە حکوومەتە کە دەبێ خاوەنداریی وڵات بکا، جا ئەگەر ئەوە لە کوردستاندا ناکرێ و خەڵکی کوردستان خۆبەخشانە کاری حکوومەتیش جێبەجێ دەکەن هۆکارێکی ڕوون و ئاشکرای هەیە، ئەویش ئەوەیە حکوومەت باش دەزانێ کە داگیرکەرە و بۆ هەمیشە ناتوانێ بەسەر ئەم نیشتمانەدا زاڵ بێ، بۆیە بەردەوام هەوڵی نەهێشتن و فەوتاندنی خاک و سامانەکەی دەدا و هەرچی زیاتر هەست بە داڕمانی خۆی بکا خێراتر بۆ تێک دانی کوردستانیش تێ دەکۆشێ و ئەوەی کە ڕێگری لە فەوتانی نیشتمان بکا دەکەوێتە بەر ڕق و قینییەوە و وەکوو شەهیدانی مەریوان، لوڕستان، پاوە و نەوسوود لە پیلانێکدا شەهیدیان دەکا. لە لایەکی تریشەوە گەلی کورد باش دەزانن کە تەنیا خۆیان خاوەن و بەرپرسیاری ئەم نیشتمان و سروشتەن و تەنیا خۆیان دڵیان بۆ مانەوە و پاراستنی نیشتمان لە هەر مەترسییەک لێ دەدا، هەر بۆیە بە هەموو شێوەیەک و تەنانەت بە پێشکەشکردنی گیانی خۆیشیان پارێزگاری لە ناسنامە و نەتەوە و نیشتمانەکەیان دەکەن و هیچ پیلان و هەڕەشەیەکی داگیرکەرانیش بە چۆکیاندا ناهێنێ و شەریف، ئومێد، موختار، یاسین و بیلالئاسا بۆ هەمیشە لە دڵ و مێشک و مێژووی نەتەوە و نیشتمانەکەیاندا بە سەربەرزی دەمێننەوە.
بەڵام ئێمەی کورد بە هەموومانەوە دەبێ پەیامێک بە داگیرکەر و ئەوانەی دەستیان بە خوێنی کوردێکی دڵسۆز و شۆڕشگێڕ سوورە بدەین، ئەویش ئەوەیە کە نەهێڵین خوێنی ڕۆڵەکانمان بە هەرزان بۆ دوژمن تەواو بێ و نرخ و تێچووی خوێنی شۆڕشگێڕێک ئەوەندە ببەینە سەرەوە، کە نەوێرن بە ئاسانی و بەبێ دڵەڕاوکێ دەست بۆ هەر جینایەتێک درێژ بکەنەوە و هەنگاوی شێلگیرتر و بوێرانەتری بۆ دەستخستنی چارەنووسی گەلەکەمان هەڵبێنینەوە و؛ کۆتایی بە قڕکردنی گەل و نیشتمان لە لایەن داگیرکەرانەوە بێنین.