چ تشتێک دەبێتە مژاری سەرەکیی دادپەروەری؟ بە پێی ئەم ڕوانینە، زۆرێک لە کاروبارەکان لەوانە دامەزراوە و پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و ئابووری، یاساکان، تاکەکان، تایبەتمەندییەکانی تاک، کردەوەکان، بڕیاردان و هەڵسەنگاندن بە دادپەروەری و یان نادادپەروەری شی دەکرێنەوە، بەڵام گرنگترین بابەتی دادپەروەری پێکهاتەی سەرەکی و بنەمایی کۆمەڵگە و دامەزراوەکانیەتی.
ئەم دامەزراوە و پێکهاتانە بریتین لە دامەزراوەگەلی گرنگی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی کە پشتیوانیی یاسایی لە ماف و ئازادییە سەرەکییەکان، بازاڕی کێبرکێ، خاوەنداریەتیی کەسی لەسەر کەرەسەی بەرهەمهێنان و بنەماڵەی تاق هاوسەری و چۆنیەتیی دەستوێڕاگێشتن بە دەرفەتەکان مینانێک لەو باسانە دەکا. کۆی گشتیی ئەم دامەزراوانە ماف و ئەرکەکانی تاک دیاری دەکەن و کاریگەرییەکی قووڵ لەسەر ژیان و ڕادەی چاوەڕوانیی ئەوان لەسەر ژیان دیاری دەکا. دەزانین ڕادەی چاوەڕوانی و هیوای تاکەکان بە ژیان جۆربەجۆرە. بەشێکی زۆر لەو جیاوازییانە، بۆ چۆنیەتیی ڕەوشی سیستم و دۆخی ئابووری، کۆمەڵایەتی و مێژوویی دەگەڕێتەوە کە دەبێتە هۆی دابەشکاریی نابەرانبەری دەرفەتەکان و لە ئاکامدا دەبێتە هۆی نابەرانبەری و ناهاوسەنگیی یەکجار زۆری نێوان مرۆڤەکان. هەر بۆیە مژاری سەرەکی و بنەمایی دادپەروەری کۆمەڵایەتی، دامەزراوە و پێکهاتەکانی کۆمەڵگەیە.
– پرەنسیپەکانی دادپەروەری
لە ڕاستیدا بە ڕوونکردنەوەی پرەنسیپەکانی دادپەروەری، دەتوانین بەرسڤی ئەم پرسیارانە بدەینەوە کە دادپەروەری چییە؟
«جان ڕاڵز» ڕای وایە کە، لە «ڕەوشی یەکەمین» کە دواتر زیاتر باسی دەکەین، مرۆڤەکان لە هەمبەر پێناسە و ناساندنی پێداگری، ڕێکەوتن لەسەر دوو پرەنسیپی سەرەکی دەکەن. ئەم دوو بنەمایە کەرەستەی مانایی کاریگەریان بۆ هەڵسەنگاندن و ڕەخنەی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی، نیزامی سیاسی، ئابووری، یاساکان، ئاکاری تاکەکان و گرووپەکان و … خۆیا دەکا. ئەم دوو بنواشەیە لەسەر ئەم باوەڕەیە کە مرۆڤەکان بە شێوەی سروشتی دەگەڵ یەکتر بەرانبەرن، هەر بۆیە بەم دوو بنواشانە لە کەرەسەکانی دادپەروەری ئەمەیە کە لە هەبوونی مافی بەرانبەری هەموو تاکێک بۆ هەبوونی ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکان، دەستوێڕاگەیشتن بە دەرفەتەکان پشتیوانی لە هەبوونی ژیانێکی باش بکا. ناوبراو ئەو وێنە و ئایدییایەی خۆی لە هەمبەر دادپەرەری لە چوارچێوەی دوو بنەمای بەرەوە ئاوابەندی دەکا:
بنەمای یەکەم: هەمووکەسێک بە شێوەی بەرانبەر و وەک یەک مافی ئازادییە سەرەکییەکانی لە زۆرترین ئاست کە دەگەڵ هاوشێوەی ئازادییەکانی ئیتران هاوتەریب بێ، هەیە.
بنەمای دووهەم: نابەرانبەرییەکانی کۆمەڵایەتی و ئابووری بە جۆرێک دابڕێژرێن کە: ئا: سوود و قازانجی بەشخوراوترین و بێبەهرەمەندترین کەسەکانی کۆمەڵگە بگاتە ئاستی لانیزۆر و دابینی بکا. بێ: هەر جۆرە قازانج و بەرژەوەندییەک بۆ جێگە و پێگەکان بگەڕێتەوە کە گەیشتن پێیان لە ڕەوشێکی بەرانبەر و بێلایەنانەوە و بە ئینسافەوە بێ، واتە دەست وێڕاگەیشتن بە دەرفەتەکان بەڕووی هەموو کەس ئاوەڵا بکرێتەوە بە بێ جیاوازی.
بنەمای یەکەم، لەسەر بەرانبەری تاکەکان و ئەوەی کە هەموولایەک لە مافی یەکسان و ئازادییە سەرەکییەکان بەرخوردارن، تەکزی دەکا. ئەم بنەمایە هیچ ڕادەیەک بۆ ئازادی جگە لە ئازادییەکانی تر دانانێ. واتە تەنیا تشتێک کە ئازادییەکانی من سنووردار دەکا، ماف و ئازادییەکانی ئەوانی ترە، من ناتوانم ئازادییەکانی خەڵکانی تر سنووردار بکەم.
بنەمای دووهەم، وێنا کردنی جۆرێک جیاوازی لە ڕەوتی کێبڕکێی ژیان پارێز هەڵنەگر و ناچارەکی دادەنێ، هەر بۆیە ئەم بنەمایە وەک بنەمای جیاوازی پێناسە دەکرێ. لێ، لەم بنواشەیەدا، یەکەم لەسەر بەڕێوەبەری جیاواز و کۆنترۆڵی ئەو بە قازانجی بێبەهرەمەندترین تاکەکان پێدادەگرێ، واتە تەوفیری سەرچاوە گرتوو لە نوێکاری و داهێنەری و هەوڵ و کار، بەڕێکردنی ئازادیی سامان بە فەرمی دەناسرێ، چونکە ئەم جۆرە لە جیاوازییەکان بەرهەمهێنانی کار، سامان و دەرفەتی باشتر بۆ ژیان دەستەبەر دەکا و هەرچەندە دەرفەتی کار و بەرهەم زیاتر بێ، خەڵکانی بێبەهرەمەند هاسانتر قازانجی لێدەکەن، دووهەم، ئەم بنواشەیە جارێکی تر بۆ دەستوێڕاگەیشتنی ئازاد، بەرانبەر و دادگەرانەی هەموو لایەک بەو هەڵکەوتانەی کە ڕادەی قازانج و بەرژەوەندیی تاکەکان جیاوازی دەخولقێنێ، پێداگری دەکا، سێهەم، بە پێی ئەم بنواشەیە، دابەشکاریی سەر لە نوێی سامان بە شێوەی وەرگرتنی باج و خەراج و ماڵیات و خەرجکردنی لە ڕێگای دابینکردنی ژیانێکی مناسب بۆ خەڵکانی بێبەهرەمەند و دابینکردنی دەستوێڕاگەیشتنی گشتی بە پەروەردە و ساخلەمی و شتی لەم چەشنەیە، ئاراستە دەکرێ. چونکە لەم بنواشەیەدا تەکز کراویتە سەر ڕێکخستنی نابەرانبەرییەکان بە قازانجی خەڵکانی بێبەهرەمەند.
– ڕەوشی یەکەمین و بەڵگەمەندی بۆ بنەمای دادپەروەری
ڕەوشی یەکەمین چییە؟ ئەو گرێبەستەی لە نێوان تاکەکانی کۆمەڵگە دەبەسترێ چ جۆرە ڕێکەوتنێکە؟ چۆن دەکرێ بەم شێوازە پێناسەیەکی تایبەت لە چەمکی دادپەروەری بکرێ؟ ڕەوشی یەکەمین کە گرێبەستی یەکەم تێیدا ڕوو دەدا ڕەوشێکی گریمانەییە. با ئاوای دابنێین کە هەموومان لە سەرەتای ژیانداین و دەمانهەوێ بنەمای هاوکاریی کۆمەڵایەتیی خۆمان لەو کۆمەڵگەیەی کە لە دوا ڕۆژا دەمانهەوێ سازی بکەین، دابنێین و ئەم بنەمایانە بکەینە پێوانەی حاکم بەسەر ئەو گرێبەستەکانە کە دواتر لە هاوکاریی کۆمەڵایەتی خۆمان پێویستیمان پێ دەبێ. بەڵام تایبەتمەندیی گرنگی ئەم ڕەوشە لەوەدایە کە گشت لایەکمان ئاگاداری قازانج و بەرژەوەندی هەروەها جێگە و پێگەی خۆمان نین کە وا بڕیارە بچینە نێوی، واتە لە پشتەوەی پەردەی نەزانیداین، ئەم تایبەتمەندییە بە پەردەی نەزانی پێناسە دەکرێ، جا لەم بنەمایەدا و بە یارمەتیی ئەم تایبەتمەندییە بەرسڤی ئەو پرسیارە دەدرێتەوە کە چۆنیەتیی ڕێکەوتنی لەم ڕەوشەدا دەتوانێ بەڵگەمەند و بڕوا پێکراو بێ.